جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «شكور خه‌یات»
(بەبێ جیاوازی)
|
وەک پێداچوونەوەی ١٣:٢٢، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و مه‌قامزانی كورد شوكر خه‌یات ناوی ته‌واوی (شوكر محه‌مه‌د قادر) كەلای هەمووان بە(شوكر خەیات) ناسراوە. لەساڵی (1940) لەئاوایی (قەڵخانلو)ی ناوچەی داوێ سه‌ر به قه‌زای خورماتوو چاوی بەدونیا هەڵهێناوە و نازناوی خەیات لەپیشەكەیەوە وەرگرتووە، تا تەمەنی (12) ساڵی لەئاوایەكەی خۆیان ژیانێكی ساده ئەباتە سەر و پاشان ماڵیان ئەگۆازنەوە بۆ گەڕەكی شوریجەی شاری كه‌ركووك و لەوێ نیشتەجێ ئەبن.
هونه‌رمه‌ند تا شەشی سەرەتایی خوێندووە و دواتر ده‌ست به‌رداری خوێندن بووه و خه‌ریكی كاری خه‌یاتی بووه.
سەرەتای گۆرانی ووتن و دەنگ خۆشی شوكر خەیات ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاوایەكەی خۆیان و له‌وێه‌وه دەستی پێ ئەكات، چونكە باوكی (مام محه‌مه‌د) و برایەكی بەناوی (عەلی) مەقامزان و دەنگخۆشی دێكه‌ی خۆیان بوونه، بۆیە ئەمیش خۆی فێری مەقام و گۆرانی ئەكات.
لەساڵی(1955) دەست بەگۆرانی ووتن ئەكات وەك دەنگ خۆشێك له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه ئەناسرێت، لەساڵی (1963) لەگەڵ هونەرمەند خەیروڵڵا خەیات بۆ ئیش و كار ئەچن بۆ بەغدا لەوێ بڕیار ئەدەن بچن بۆ ئێزگەی كوردی، لەپرسگەی ئێزگە پێیان ئەڵێن بچن عەریزەیە پڕ بكەنەوە و پاشان وەرنەوە ئەوانیش ئەچنە دەرەوە چەند جێگەیە ئەكەن عەریزە نووسی لێ نیە بۆیه پاشگەز ئەبنەوە و ئەگەڕێنەوە بۆ كه‌ركووك.
لەساڵی(1967) ژیانی هاوسەری پێكەوە ناوه و خاوەنی(5)كچ و (3)كوڕە.
لەساڵی(1969) بۆ یەكەم جار بەلاسایی كردنەوەی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی بەگۆرانی (یار غەزاڵ و سەوزەسەوزە) لەگەڵ نای ژەنی بەتوانای ناوچەی داوێ (ئەحمەد داودە) گۆرانی و مەقام تۆمار ئەكات له‌سه‌ر كاسێت.
شوكر خەیات چونكە لەناو بنەماڵەیەكی دەنگخۆش و مەقامزاندا بووە و ماڵیان وەك قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی وه خۆشی هێندە خولیای مەقامات ئەبێت لەماوەیەكی زۆر كەمدا شارەزایی لەمەقامەكانی (ئەڵڵاوەیسی و قەتار و خاوكەر و خورشیدی و ئای ئای و سێگا و چوارگا و نەهاوەند و هەماوێن و عەجەم و بەیاتی شوور و بەیاتی كورد و حیجاز و ئەوشار و سەبا . . . هتد) پەیدا ئەکات.
هونەرمەند و دەنگخۆش شوكر خەیات بۆ ماوەی (25) ساڵ لەكوردستان دائەبڕێت لەئاوارهیی ئه‌ژێت، لەساڵی(1991) لەئێرانەوە ئەگەرێنەوە بۆ كوردستان.
لەساڵی(1997) مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ئەچێتە لای و داوای لێ ئەكات چەند گۆرانی و مەقامێك تۆمار بكەن دوای ڕێككەوتن (6) گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی گوڵان تۆمار ئەكات.
لەگەڵ هونەرمەندان حوسێن عەلی و سەڵاح داودە و خەیروڵڵا خەیات و چەندین گۆرانی بێژی دیكەدا گۆرانی وتووه و خاوەنی زیاد لە(100) گۆرانیە.
هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات، شەوی 18-08-2023 لەتەمەنی (83) ساڵیدا له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی ده‌كات و هه‌ر له هه‌ولێر ده‌نێژرێت.
ئاماده‌كردنی: دلێر ڕەفیق