جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «بەغدا نیوەی رێت بێ»
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: ستران عەبدوڵڵا خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ! پیاوکوژ، تاو...»ەوە) |
(بەبێ جیاوازی)
|
وەک پێداچوونەوەی ١٩:٤٤، ١٥ی ئابی ٢٠٢١
نووسینی: ستران عەبدوڵڵا
خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ!
پیاوکوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناکەس، ملهوڕ، دیکتاتۆڕ!
خەڵکی ئێران بەدەس تۆ کرابوون زیندەبەگۆڕ
ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، هەی گۆڕ
دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی رێت بێ
ئەمە ئەو شیعرە ئاگرینە بوو کە ھێمنی موکریانی بۆ ڕاکردنی یەکەمی محەمەد رەزا شا نووسی کە ساڵی ١٩٥٤ لە دەست حکومەتی میللیی دکتۆر محەمەد موسەدەق ڕایکرد و بە رێی بەغدای زەمانی مەلەکییەوە چووە رۆما.
شا گەیشتە بەغدا و ھێمن لە شاری مەھابادەوە ئەم شیعرە جنێۆ ئامێزەی بۆ ھەنارد کە نەمبیستووە گەیشتبێتە دەستی شا . فەقەت لە دیوانی« تاریک و روون» قەید کراوە. جگە لەوەش لە کوردستانا وا دەنگی دایەوە کە بووە بەشێکی دیاری ئەدەبیاتی سیاسییمان. «سەردێری بەغدا نیوەی رێت بێ » وەک ئیدێۆمێک لە دەست ھێمنیش دەرچوو، بووە بەشێک لە فلکلۆری میللییمان . ھاوشێوەی ئیدێۆمی قەدیم «خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە».
وەلحاسڵ شا پاش ماوەیەك لە رۆما، بە تەگبیری ئیستعماری کۆن و نوێ ، ئینگلیز و ئەمەریکا ، گەرایەوە سەرتەختی پایتەخت. ئەمجارە بەغدای لەنیوەی رێی سەفەری کەنسڵ کرد و راستەوخۆ گەڕایەوە تاران. وەکو جاران دەستی بە کوشتوبڕی بێ رەحمانە کردەوە. دکتۆر موسەدەقی نەفی کرد بۆ ئەحمەدئاباد و دکتۆر فاتمی وەزیری دەرەوەی کوشت ، چونکە بۆ یەکەم جار وەک مونەوەرێکی چەپ داوای سیستمی کۆماری میللی کردبوو.
ئینجا خانم سوریای ھاوسەفەری مەنفای بەغدا- رۆمای تەڵاق دا ، گوایە بەبیانووی ئەوەی خەبەرێک لە شازادەیەکی میراتگر نەبوو. شای دیکتاتۆری ئێران ، وەک رۆژھەڵاتی ئێژن «عیدەیەکی زۆر» حوکمی کردەوە. لە جێی پەشیوانی و ھەڵسەنگاندنی حوكمڕانی رابردووی ، سەرلەنوێ دەستی بە بێنامووسی کردەوە.
بەسەرھاتەکان لە تەونی خەباتی نھێنی تودەوە بۆ ناڕەزایی مەدرەسەی فەیزییە تا نەفی کردنی ئیمام خومینی بۆ راپەڕینی ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ درێژەیان کێشا ، ئەمجا جارێکی تر شای «خوێری» بەوەسفی دیوانی تاریك و روونی ھێمن و ئەعلا حەزرەت بە وەسفی دیوانی پەھلەوی بەزیو و ھەڵاتەوە، ئەمجارەیان ھەڵاتنی یەکجارەکی بوو .
ئەمجارەیان مەنفا لە پەنەماوە بۆ میسر و بۆ ئەمەریکا ، نەک نیوەی رێ ، بەڵکو تەواوی رێی کۆتایی بوو ، نە شابانۆ فەرەح ، ژنی سێیەم کە بە شازادەی میراتگر و چەند منداڵێکەوە جێی خانم سوریای پڕ کردبۆوە، جوبران خاتری کرد و دادی دا و نە پشتیوانی زۆر و زەوەندی ئەمەریکا فایدەی ھەبوو.
شای کوڕ، ھەتیمەکەی رەزاشا بە وەسفی مەرحوم دکتۆر کەمال فوئادی خۆمان ، ھەر وەک باوکی لە مەنفا فەوتی کرد . ئاخر باوکیشی ، کە دامەزرێنەری سەڵتەنەتی پەھلەوی بوو ، ئەویش بە گەلەکۆمەی شەرق و غەرب ، روس و ئینگلیز ، نەفی و تەبعید چارەنووسی بوو.
ئیتر ئەمە دونیایە، شا دێ و شا دەڕوا و ئێمەی گەدا و شاعیر ھەر چاودێری دەکەین. دیارە ڕاکردنی دووەمی شا شیعری بەدواوە نەبوو ، چونکە ھێمنی مەزن خۆی لە بەغدای زەمانی جەمھوری لێی قەومابوو بوو. خەمی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئازاد خولیا و خەیاڵی داگیر کردبوو ، ھەڵبەت ئاوارەیی ناچاری شاعیرانە فەرقی ھەیە لە ھەڵاتنی حیزەڵانە، وەک فەرقی نێوان ئاسمان و رێسمانە.
ئاوارەیی شاعیرانەی ھێمن وەک دوورخراوەیەکی سیاسیی، ھەم تۆمارێکی شەرافەتمەندانە و ھەمیش بۆنە بوو بۆ لەدایکبوونی دەیان دەقی ناوازەی «غەریبایەتی» ئەوتۆ کە لە شیعری حەماسی «بەغدا نیوەی رێت بێ »باڵاتر و جوانتر بوو .
شا رەفت و شاعیری «ئاوارە و پەڕاگەندە» ، بە وەسفی وردی خۆی ، بە مەھابادی مەفتەن شاد وشوکر بۆوە و باقی ماجەراکە مەعلومی ھەموو خوێنەرێکی ژیرە.
بەھانەی ئەم گێڕانەوەیە ھەڵاتنی ئەمرۆی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەڤگانستانە کە ترسنۆکانە و نابەرپرسانە وڵاتی بۆ تاڵیبان و چارەنووسی نادیار بە جێ ھێشت. ئەشرەف غەنی لە بەغداوە ڕاینەکرد، بەڵکو رەنگە دووشەنبە نیوەی رێی بێت . دووشەنبە پایتەختی وڵاتێکی تری فارسی زمانە، تاجیکستان، کە دوای کەوتنی کۆمارە سۆڤێتییەکان خەریکە ناو و ناوبانگ پەیدا دەکات .
بەغدای ئەمجارە خۆی بە قەدەر کابول قەرەباڵەغە و پڕە لە میلیشیا، بۆیە میوانداری کەسی پێ ناکرێت.
باسی تاڵیبان و چارەنووسی نادیار لە شرڤە و شیعر دەرچووە و بۆتە فاڵگرتنەوەی کۆمێنت نووسەکانی ئەھلی تەقەڵ . بۆیە بۆ نووسینی شێنەیی تری ھەڵدەگرم .
خوای گەورە لەگەڵ ھەموو کۆچکردوانی ھاوتەمەنی ئەو بەسەرھاتانەی سەڵتەنەت و پادشایی، بە نیەتی ئەفعال و ئەعمالی خۆیان لەگەڵدا بکات ، ناوی ھێمنەکەی تەپڵی سەری ئێمەش لە ئاسمانی جاویدانیدا بپارێزێ و وەک دەڵێن: ئەمرۆی لە ھەموو رۆژێکی تری خۆشتر بێت .