جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «يادی (90) ساڵه‌ی کردنەوەی یەکەم خوێندنگە له كه‌لار»
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) |
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) |
||
ھێڵی ٢٠: | ھێڵی ٢٠: | ||
[[پەڕگە:Rasmm11.jpg|وێنۆک|چەپ]] | [[پەڕگە:Rasmm11.jpg|وێنۆک|چەپ]] | ||
به‌پێی ژماره (1)ی تۆماری گشتی (قيد عام) خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تايی، له (29ی ئه‌يلولی 1931)دا ناوی يه‌كه‌مين خوێندکاری به‌ناوی (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د فه‌تاح) تۆمار كراوه، به‌م شێوه‌يه له ساڵی خوێندنی (1931-1932)دا (33) خوێندکار ده‌ستيان به خوێندن كردووه. | به‌پێی ژماره (1)ی تۆماری گشتی (قيد عام) خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تايی، له (29ی ئه‌يلولی 1931)دا ناوی يه‌كه‌مين خوێندکاری به‌ناوی (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د فه‌تاح) تۆمار كراوه، به‌م شێوه‌يه له ساڵی خوێندنی (1931-1932)دا (33) خوێندکار ده‌ستيان به خوێندن كردووه. | ||
[[پەڕگە:54Rasm.jpg|وێنۆک|ڕاست]] | |||
له ساڵی يه‌كه‌می خوێندندا (29) كوڕ و (4) كچ خوێندويانه، لێره‌دا هه‌ندێك زانياری له‌سه‌ر ناوی يه‌كه‌مين ده‌سته‌ی خوێندکاران، به‌پێی تۆماری گشتی خوێندنگەی كه‌لار ده‌خه‌ينه‌ڕوو: (قيد عام، 1931، رقم 1). بڕوانە خشتەی ژمارە (١) | له ساڵی يه‌كه‌می خوێندندا (29) كوڕ و (4) كچ خوێندويانه، لێره‌دا هه‌ندێك زانياری له‌سه‌ر ناوی يه‌كه‌مين ده‌سته‌ی خوێندکاران، به‌پێی تۆماری گشتی خوێندنگەی كه‌لار ده‌خه‌ينه‌ڕوو: (قيد عام، 1931، رقم 1). بڕوانە خشتەی ژمارە (١) | ||
وەک پێداچوونەوەی ١٨:٤٩، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
نووسینی: سەباح عەلی جاف
ئه‌مساڵ، 90 ساڵ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای يه‌كه‌مين خوێندنگەی رەسمی له كه‌لاردا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌ويش پاش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی (1931) به هه‌وڵی حه‌مه به‌گی جاف (1904 – 1934) خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تای به ڕووی منداڵانی كه‌لار و گه‌رمياندا كرايه‌وه، له (1ی تشرينی يه‌كه‌می 1931) منداڵانی سنوره‌كه له‌و خوێندنگەيه ده‌ستيان به خوێندن كردووه، ئه‌م خوێندنگەيه تا ساڵی (1971) تاكه خوێندنگەی كه‌لار بووه، پاش 90 ساڵ له كردنه‌وه‌ی ده‌رگای يه‌كه‌مين خوێندنگە له كه‌لاردا له‌م توێژينه‌وه‌يه‌دا ئاشنای چه‌ند لايه‌نێكی خويندنی رەسمی ده‌بين تا ساڵی (1975)، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له پاش ئه‌وه‌ی كه‌لار له (28ی شوباتی 1970) كرايه قه‌زا، كه‌رتی خوێندنی رەسمی به خێرای گه‌شه‌ی كردووه و له ئێستادا سه‌رباری سه‌دان خوێندنگە له قوناغه جياجياكاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌يشدا له كه‌لاری ناوه‌ندی ئيداره‌ی گه‌رميان ، زانكۆی گه‌رميان و كۆلێژی ته‌كنيكی كه‌لار و چه‌ندين پهيمانگای حكومی و ئه‌هلی بوونيان هه‌يه و كاروانی خوێندنی رەسمی له گه‌شه‌كردنی خێرادايه.
له كه‌لار به‌و پێيه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خه‌ڵكی خوێنده‌وار و رۆشنبيری تێدا بووه، به تايبه‌تی بوونی كهسايهتييهكانی بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده‌ی جاف، له‌سه‌ر ده‌ستی كهسايهتييهكی وه‌ك سلێمان به‌گی حه‌سه‌ن به‌گی جاف، مزگه‌وتی تێدا كراوه‌ته‌وه و خه‌ڵك لێوه‌ی فێری خوێندن و خوێنده‌واری بوون، له‌پاش قه‌زای كفری له‌م سنووره‌دا مزگه‌وت و حوجره و ته‌كيه ته‌نها له كه‌لار (شێروانه) و شاكهلدا هه‌بووه، ئه‌مانه‌ش وايكردووه خواست له‌سه‌ر فراوانكردن و به‌ده‌ستهێنانی زياتری زانست و زانياری، به تايبه‌تی خوێندنی رەسمی بدرێت.
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پاشايه‌تی عیراقدا، له كه‌لار به هه‌وڵی حه‌مه به‌گی جاف كه له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا بۆته پەرلەمانتار(نائب)، له ساڵی خوێندنی (1931 -1932)دا يه‌كه‌مين خوێندنگە كراوه‌ته‌وه، حه‌مه به‌گ خاوه‌ن پێشينهيهكی رۆشنبيری و سياسی بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوڕێی مه‌لا و رۆشنبيران بوو، كاتێك سه‌ردانی كفری كردووه، چۆته لای فه‌قێی مزگه‌وت و مه‌لاكان.
له بيستهكانی سەدەی رابردوودا له ناوچه‌ی كفری و كه‌لاردا رێكخراوێكی سياسیی نهێنی هه‌بووه به‌ناوی (ئازادیی كوردستان)، تێيدا ئه‌ندام بووه (نه‌ريمان، 1994، ل18)، ئه‌زمونی كاری په‌رله‌مانتاری كاريگه‌ریی زياتری له‌سه‌ر لايه‌نی هۆشياری هه‌بوو، به‌م شێوه‌يه ئه‌م باكگراونده رۆشنبيری و سياسييه‌ی وای له حه‌مه به‌گ كردووه، به هه‌وڵی كه‌ريم به‌گی برای ئه‌م خوێندنگەیە بكه‌نه‌وه.
له گۆڤاری گه‌لاوێژدا سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی كه‌ريم به‌گ بۆ خوێندنگەی كه‌لار هاتووه «زۆر كۆشش كرد له رێگه‌ی ئه‌و خوێندنگەيهدا، ايشيكی وايكرد كورر و كچ پيكهوه تيدا بخوينن و له ئاوايی يهكانی تره‌وه به زۆر منال بهينری بۆ خويندن تيايا» (گه‌لاوێژ، 1949، ل58؛ جاف، 2016، ل47).
له‌ژێر كاريگه‌ریی ده‌رهاويشته‌ی رووداوه سياسييهكانی عیراقدا، به تايبه‌تی هه‌وڵی ئه‌ندامه كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له ساڵانی (1929-1930)دا كه ته‌وه‌رێكی خۆی له كردنه‌وه‌ی بهڕێوهبهرايهتييهكی مه‌عاريفی گشتی بۆ ناوچه كوردييه‌كاندا بينيوه‌ته‌وه، هاوكات له (ئاياری 1931)دا ياسای زمانه خۆجێيه‌كان ده‌ركراوه، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی له چه‌ندين ناوچه‌ی كوردستان گرنگی به زمانی كوردی بدرێت.
به‌پێی ماده‌ی شه‌شه‌می ئه‌م ياسايه له ناوچه‌ی كه‌ركوك و كفريدا به هه‌ردوو زمانی توركمانی و كوردی منداڵان ده‌يانتوانی بخوێنن، ئه‌مه‌ش وايكردووه حه‌مه به‌گی جاف بير له كردنه‌وه‌ی خوێندنگە له كه‌لاردا بكاته‌وه، بۆ هه‌مان مه‌به‌ست حه‌مه به‌گ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی مه‌عاريفی كه‌ركوكی كردووه، له‌وێدا تاوتوێی ئهوهيانكردووه خوێندنگەكه بكرێته‌وه و محه‌مه‌د تۆفيقيش ببێته مامۆستای (كاكه‌سور، 2003، 92؛ باوه‌ڕ، 2019، ل100-101).
به فه‌رمانی به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌عاريفی كه‌ركوك، محه‌مه‌د تۆفيق ئه‌فه‌ندی (1) سه‌ردانی كه‌لاری كردووه و له‌گه‌ڵ به‌گزاده‌كانی جاف، به تايبه‌تی (كه‌ريم به‌گ و حه‌مه به‌گ)دا كۆبۆته‌وه، پاشتر خانووه‌كه‌ی ماڵی (قاله داركێش) كه له سێ ژوور پێكهاتبوو بۆ خوێندنگەكه ئاماده كراوه، به جۆرێك ژوورێكی بۆ ماڵی مامۆستا، ژووره‌كه‌ی تريشيان بۆ كارگوزاری خوێندنگە عه‌بدوڵڵا رەمهزان رۆسته‌م زه‌نگه‌نه (1909-1995)، ژووره‌كه‌ی تريش كراوه‌ته پۆلی خوێندن، پاشتر محه‌مه‌د تۆفيق به مه‌به‌ستی ده‌ستخستنی پێداويستييهكانی وه‌ك (ته‌خته ره‌ش، كتێب، قرتاسيیهی پێويست) سه‌ردانی قه‌زای كفری كردووه، كه ئاماده‌كارييه‌كان ته‌واو بووه له (1ی تشرينی يه‌كه‌می 1931)دا خوێندن ده‌ستيپێكردووه (باوه‌ڕ، 2019، ل102).
به‌پێی ژماره (1)ی تۆماری گشتی (قيد عام) خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تايی، له (29ی ئه‌يلولی 1931)دا ناوی يه‌كه‌مين خوێندکاری به‌ناوی (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د فه‌تاح) تۆمار كراوه، به‌م شێوه‌يه له ساڵی خوێندنی (1931-1932)دا (33) خوێندکار ده‌ستيان به خوێندن كردووه.
له ساڵی يه‌كه‌می خوێندندا (29) كوڕ و (4) كچ خوێندويانه، لێره‌دا هه‌ندێك زانياری له‌سه‌ر ناوی يه‌كه‌مين ده‌سته‌ی خوێندکاران، به‌پێی تۆماری گشتی خوێندنگەی كه‌لار ده‌خه‌ينه‌ڕوو: (قيد عام، 1931، رقم 1). بڕوانە خشتەی ژمارە (١)
ئەگه‌ر سه‌رنجی زانيارييه‌كانی تۆماره‌كه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ين، روونده‌بێته‌وه بۆ ساڵی خوێندنی (1931-1932) له (1ی تشرينی يه‌كه‌م) ده‌ست به خوێندن كراوه، ته‌مه‌نی خوێندكار نه‌كراوه‌ته پێوه‌ر كه له شه‌ش ساڵی وه‌ربگيرێن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆماركراوه، منداڵانی ته‌مه‌ن (13) ساڵيش وه‌رگيراون، منداڵانی كه‌لار و ده‌وروبه‌ری له‌م خوێندنگەيهدا ناويان تۆماركراوه.
له ساڵی يه‌كه‌می خوێندندا دوو منداڵ له هه‌ردوو گوندی (سه‌رقه‌ڵا و دهككه)ه‌وه هاتوونه‌ته خوێندنگەكه، هه‌روه‌ها له‌پاش تۆماركردنی ناوی ئه‌خته‌ر محه‌مه‌د به‌گ (1926-1961) به‌دوايدا ناوی سێ كچی تريش تۆمار كراون، خوێندنگەكه به‌ته‌نها تايبه‌ت نه‌بووه به‌منداڵانی به‌گزاده، به‌ڵكو منداڵانی چين و توێژه‌كانی تری وه‌ك (جوتيار، كاسب، مه‌لا…هتد)ی كه‌لار و ده‌وروبه‌ری تێيدا ده‌ستيان به خوێندنی رەسمی كردووه (قيد عام، 1931، رقم 1؛ جاف، 2016، ل49-50).
له خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تاييدا، به زۆری ئه‌و بابه‌تانه (الدرس) نمره‌يان له‌سه‌ر بووه و خوێنراون، ئه‌وانيش وانه‌كانی (علم الدين، اللغة العربية، الحساب، الاشياء والصحية…)، زمانی رەسمی خوێندنيش عه‌ره‌بی بووه (قيد عام، 1931، رقم 1)، به‌ڵام مامۆستاكان به توركمانی و كوردييش وانه‌كانيان بۆ خوێندکاران شيكردۆتهوه، قادر ساڵح ڕه‌شيد (1925-2020) وه‌ك يه‌كێك له يه‌كه‌مين ده‌سته‌ی خوێندکاران باسی له‌وه كردووه، «ئه‌وه‌ڵ موعه‌ليم تۆفيقه فه‌نی بووه«، محه‌مه‌د تۆفيق لای قۆتابيانی كه‌لار به (تۆفيق ئه‌فه‌ندی) ناوی رۆيشتووه، هۆنراوه‌يه‌كی پێداون تا ساتی مردنی له بيريدا خوولاوه‌ته‌وه، هۆنراوهكهش به‌م شێوه‌يه ده‌ستيپێكردووه
«دڵه ده‌ردی وه‌ته‌ن،
دڵه ده‌ردی وه‌ته‌ن په‌ست و گيراوه…
وه‌ك كه‌وی ناو قه‌فه‌س ئه‌سير كراوه«
(جاف، 2016، ل51).
به بيرهوهریی خوێندکارێکی تری ده‌سته‌ی يه‌كه‌م، مه‌حمود وه‌ستا ره‌شيد ناسراو به خهليفه مه‌حمود (1923-2017)، ئه‌وا مامۆستاكانيان به عه‌ره‌بی وانه‌يان پێ وتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌زمانی كوردی به‌شێك له وانه‌كانيان روونكردۆته‌وه، باسی له‌وه‌ش كردووه، له وانه‌ی سروود (النشيد)دا مامۆستا ئه‌و سروودەی پێداون تا كۆچی دوايی كردووه له‌به‌ری بووه، سرووده‌كه‌ش به‌م شێوه‌يه بووه:
ئه‌ی مناڵينه بابچينهوه بۆ مه‌كته‌ب
بۆ وه‌رگرتنی ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب
ئه‌مڕۆ زه‌مانی عيلم و عيرفانه
بۆ ده‌ردی جاهيل مه‌كته‌ب ده‌رمانه…
(باوه‌ڕ، 2019، ل103).
به‌پێی زانيارييه‌كانی تۆماری گشتی، ژماره (1)ی خوێندنگەی كه‌لار، ده‌ركه‌وتووه له‌و خوێندنگەيهدا منداڵان تا پۆلی (چواره‌م)ی سه‌ره‌تايی خوێندوويانه، بهخێوكهرهكانيان، به تايبه‌ت به‌گزاده‌كانی جاف بۆ خوێندنی پۆلی (پێنجه‌م) منداڵه‌كانيان بۆ قه‌زای كفری ناردووه (قيد عام، 1931، رقم 1).
له ساڵی خوێندنی (1935-1936)دا ژماره‌يه‌ك خوێندکار بۆ درێژه‌دان به خوێندن چوونه‌ته (خوێندنگەی كفری سه‌ره‌تايی)، ئه‌و ده‌مه ره‌شيد عاكف هورمزی (1894-1973) به‌ڕێوه‌به‌ری بووه، ئه‌و خوێندکارانه‌ی له كه‌لاره‌وه چوونه‌ته كفری، بريتی بوون له (مسته‌فا كه‌ريم به‌گ، شوكت ئه‌حمه‌د به‌گ، خالد ره‌زا به‌گ، عه‌لی سه‌ليم به‌گ و ئه‌حمه‌دی برا حه‌مه) (نه‌ريمان، 1994، ل25).
هه‌ر به‌پێی تۆماری گشتی خوێندنگەی كه‌لار، ژماره‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌ی به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به خوێندن چوونه‌ته كفری زياترن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م خوێندکارانەش هه‌ر له‌پاش ته‌واوكردنی پۆلی چواره‌مدا چوونه‌ته ئه‌و قه‌زايه بۆ ته‌واوكردنی پۆله‌كانی تری خوێندن، ئه‌وانيش: محه‌مه‌د سه‌عيد به‌گ، كه‌ريم مه‌حمود قادر، مه‌حمود رەزا به‌گ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ردوو خوێندکار (محه‌مه‌د عه‌لی شێخ حه‌سه‌ن، عه‌لی شامه) له خوێندنگەی كه‌لاره‌وه گوازراونه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به شوێنه‌كه درابێت كه بۆی چوون (قيد عام، 1931، رقم 1)، بنه‌ماڵه‌ی به‌گزاده له قه‌زای كفريدا جێگه‌ی تايبه‌تيان بۆ منداڵه‌كانيان دابينكردووه، ئه‌ويش به‌كرێگرتنی خانوو بووه.
له ساڵی (1935)دا، كه‌ريم به‌گ خانووهيهكی به‌كرێ گرتووه و داواشی له مه‌لا جه‌ميل رۆژبهيانی كردووه ئه‌وده‌مه له‌لای مه‌لا محه‌مه‌د سه‌عيد ئه‌فه‌ندی سيوهيلی خوێندوێتی، بچێته لای منداڵه به‌گزاده‌كان و لای ئه‌وان بحه‌سێته‌وه (رۆژبهيانی، 1992، ل10).
له‌ساڵی (1936)دا له سنووری ليوای كه‌ركوكدا (29) خوێندنگە هه‌بووه، له سنووری كفريدا تا ئه‌و ده‌مه جگه له كفری كه خوێندنگەيه‌كی شه‌ش پۆلی هه‌بووه، له قه‌ره‌ته‌په‌ش خوێندنگەيه‌كی چوار پۆلی، له سنووری ناحيه‌ی شێروانه‌دا ته‌نها له كه‌لار خوێندنگەی چوار پۆلی هه‌بووه (دليل المملكة، 1936، ص 576 ؛ نه‌ريمان، 1994، ل25).
ته‌نها له سه‌نته‌ری ليواكانی (كه‌ركوك، هه‌ولێر، سلێمانی)يشدا قۆناغی ناوه‌ندی هه‌بوو، خوێندکارانی هه‌ر سێ ليواكهی سه‌ره‌وه بۆ درێژه‌دان به خوێندن له قۆناغی ئاماده‌یی هاتوونه‌ته كه‌ركوك، چونكه ته‌نها له کەرکوکدا ئاماده‌يی هه‌بووه (كاكه‌سوور، 2003، ل96، 99).
به‌گوێره‌ی زانيارييه‌كانی پشكنه‌ری كارگێڕی له (28ی كانونی يه‌كه‌می 1937)دا سه‌ردانی ناحيه‌ی شێروانه‌ی كردووه، له‌باسی لايه‌نی په‌روه‌رده (المعاريف)دا ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه خوێندنگەيه‌كی سه‌ره‌تايی چوار پۆلی له گوندی كه‌لاردا هه‌بووه، گونده‌كه‌ش له (150) ماڵ پێكهاتووه، هه‌ر له راپۆرتی پشكنهرهكهدا هاتووه: «مامۆستای يه‌كه‌م (المعلم الاول)- محه‌مه‌د تۆفيق كه مووچه‌كه‌ی (10) دينار بووه« (تفتيش الاداري، 1938، رقم التصنيف 6850/32050).
له پاش زۆربوونی ژماره‌ی خوێندکاران، له‌سه‌ر بڕياری به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی مه‌عاريفی كه‌ركوك بينايه‌كی گونجاو به خوێندنگەكه له دار و گڵ دروستكراوه (باوه‌ڕ، 2019، ل107).
بينای خوێندنگەكه كه‌وتبووه باكووری خۆرهه‌ڵاتی گونده‌كه‌وه، له خشتی كاڵ و قوڕ بهشێويهكی ئه‌ندازه‌ی دروستكرابوو، رووبه‌ری گشتی نزيكه‌ی (1000)مه‌تر دووجا بووه، بينای خوێندنگەكه له (گۆڕه‌پانێكی فراوان، ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستايان، هۆڵێكی گه‌وره، چوار ژووری پۆل) پێكهاتبوو، له‌سه‌ر ده‌رگای خوێندنگەكهش نووسرابوو «مدرسة كلار الابتدائية للبنين»، به‌ڵام ئه‌م خوێندنگەيه به‌ته‌نها تايبه‌ت نه‌بووه به كوڕان، به‌ڵكو كچانيش تێيدا خوێندويانه (شاكه‌لی، 2016، ل11-12).
له‌ساڵانی (1932-1941)دا له خوێندنگەی كه‌لاردا (110) خوێندکار وه‌رگيراون و درێژه‌يان به خوێندنداوه كه (92)يان له ره‌گه‌زی نێر، (18)شيان مێ بوون، له ساڵانی (1931-1958) شدا (46) خوێندکار كچ خوێندويانه، ئه‌خته‌ر محه‌مه‌د به‌گ وه‌ك يه‌كه‌مين كچ ناوی له تۆماری خوێندنگەكهدا هاتووه، به‌شی زۆری خوێندکارانی كچ نه‌يانتوانيووه قۆناغه‌كانی خوێندن ته‌واو بكه‌ن، ئه‌مه‌يش زياتر به‌هۆی بارودۆخی كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه بووه (باوه‌ڕ، 2019، ل112).
زيادبوونی ژماره‌ی خوێندکاران وايكردووه ژماره‌ی مامۆستايانیش بۆ وانه‌وتنه‌وه زياد بكات، ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفيق ئهفهنديدا ژماره‌يه‌ك مامۆستای تر هاتوونه‌ته خوێندنگەكه، له‌وانه مامۆستايان: عه‌باس حه‌سه‌ن ره‌زا (1916-1997)، ره‌ئووف به‌گی جه‌لالی (1892-1957)، محه‌مه‌د ئه‌مين عه‌سری (1900-1975)، محه‌مه‌د سادق حه‌سه‌ن عه‌ونی ئه‌فه‌ندی (1891-1967)، سه‌ليم به‌گی ده‌فته‌ری… (باوه‌ڕ، 2019، ل108؛ Terzibasi، ،p.144)، له ساڵی خوێندنی (1943-1944)دا مسته‌فا نه‌ريمان به بڕياری به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی مه‌عاريف، وه‌ك مامۆستا له خوێندنگەی كه‌لار دامه‌زراوه، له (18ی تشرينی يه‌كه‌می 1944)دا ده‌ستبه‌كار بووه، هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا هه‌ريه‌ك له زهينهڵ حسێن به‌ياتی-به‌ڕێوه‌به‌ر، عه‌زيز مه‌جيد به‌ياتی وه‌ك مامۆستا وانه‌يان به منداڵان وتۆته‌وه.
كه‌لار له ساڵی (1944)دا نزيكه‌ی (250) ماڵ بووه، ژماره‌ی خوێندکاران له شه‌ش پۆلدا بريتيبووه له (50-60) خوێندکار، له (به‌هاری 1946)دا نه‌خۆشی (ره‌شه گرانه‌تا) بڵاوبۆته‌وه، به هۆی ئه‌م نه‌خۆشييه‌وه بۆ ماوه‌ی (45) رۆژ خوێندنگە داخراوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاريگه‌ریی نه‌خۆشييه‌كه‌وه بووه کە له ئێرانه‌وه هاتووه (نه‌ريمان، 1994، ل75-77، 114).
له سه‌رژمێريی ساڵی (1947)دا ژماره‌ی دانيشتووانی كه‌لار (1086) كه‌س بووه، (385) نێر، (679) مێ بووه، له‌و ژماره‌يه‌يش (50) كه‌س خوێنده‌وار بوون، (47) نێر، (3) مێ (الاحصاء، 1947، الجز‌ء الثاني، ص142). وا دياره له‌و سه‌رژمێرييه‌دا ته‌نها ژماره‌ی خوێندکاران وه‌رگيراوه، چونكه به وته‌ی مسته‌فا نه‌ريمان له ساڵانی (1944-1946)دا، له‌گه‌ڵ دوو مامۆستای تردا وانه‌يان به منداڵان وتۆته‌وه، ئاماژەی به‌وه‌ش كردووه، ژماره‌ی خوێندکاران له نێوان (50-60) خوێندکاردا بووه، به‌ڵام له سهرژمێرييهكهدا ئه‌وه‌ی هاتووه ئه‌وه‌يه ته‌نها (50) كه‌س وه‌ك خوێنده‌وار ناويان تۆماركراوه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌و ده‌مه‌دا ژماره‌يه‌ك كه‌سی تر خوێنده‌وار بوون (نه‌ريمان، 1994، ل76).
داود به‌گی جاف- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ خۆی له كه‌لاردا دانيشتووه، رۆڵی به‌رچاوی هەبووە له گه‌شه‌پێدانی خوێندن له سنووری ليوای كه‌ركوكدا، بۆ نموونه له دانيشتنی گرێدراوی (15ی شوباتی 1953)دا ژماره‌يه‌ك داخوازيی دووپاتكرده‌وه، له شه‌ش ته‌وه‌ردا تۆماركراون، كه‌رتی په‌روه‌رده (مه‌عاريف) يه‌كێك بووه له داخوازييهكانی، هه‌ر له‌و دانيشته‌نه‌دا، داخوازیی گه‌شه‌پێدانی بواری په‌روه‌رده‌ی له قه‌زای كفريدا كردووه، ئه‌مه‌ش له رێگەی كردنه‌وه‌ی ژماره‌يه‌ك خوێندنگەی سه‌ره‌تايی له گونده‌كانی سنووری هه‌ردوو ناحيه‌ی شێروانه و پێبازدا، هاوكات داوای كردنه‌وه‌ی خوێندنگەيه‌كی ناوه‌ندی بۆ كچان له كفری كردووه، هه‌روه‌ها داوای خوێندنگەی گه‌ڕۆكی بۆ منداڵانی هۆزه‌كان دووپات كردۆته‌وه (الجلسة 4، 1953، ص55).
له ساڵانی پێش به‌رپابوونی شۆڕشی (14ی ته‌ممووزی 1958)دا له خوێندنگەی كه‌لاردا نزيكه‌ی (80) خوێندکار درێژه‌يان به خوێندن داوه، هه‌موو به‌يانييه‌ك به ريز خوێندکارەکان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا چه‌ند سروودێكيان وتۆته‌وه، له‌وانه: (خوايه وه‌ت ئاواكه‌ی، قه‌ڵای شێروانه)، مامۆستايان له شاره‌كانی (به‌غدا، کەرکوک، موسڵ، كفری…هتد) هاتوونه‌ته ئه‌م خوێندنگەيه و له نه‌ته‌وه و ئايينی جياواز بوون، وه‌ك: عه‌ره‌ب، توركمان، كورد و مه‌سيحی، ئه‌و ده‌مه مامۆستا به شێوه‌يه‌كی رێك‌وپێك و شيك جلوبه‌رگی رەسمی (چاكه‌ت و پانتۆڵ)يان پۆشیووه، يه‌كێك له كارگوزارانی خوێندنگەكهش ئه‌حمه‌د عه‌لی محه‌مه‌د ناسراو به (مام ئه‌حمه‌دی فه‌ڕاش) بووه، به زۆریيش ئه‌م مامۆستايانه وانه‌يان به منداڵان وتۆته‌وه: به‌هجه‌ت به‌دری حه‌سه‌ن به‌ياتی، محه‌مه‌د عه‌باس ئه‌لياس، خورشيد عه‌زيز عه‌بدولڕه‌حمان، زهينهڵ عابدين عه‌باس قه‌نبه‌ر و … هتد (شاكه‌لی، 2016، ل14-22؛ جاف، 2018، ل222-223).
پهيوهندیی نێوان مامۆستايان و به‌خێوكه‌ری خوێندکارەکان به تايبه‌تی به‌گزاده‌ی جاف، دۆستانه بووه، ساڵانه داود به‌گی جاف مامۆستايانی كه‌لار و كفری بانگێشت (ده‌عوه‌ت) كردووه، مامۆستايانی خوێندنگەی كفريش به‌خۆشحاڵييه‌وه هاتوونه‌ته كه‌لار و له‌كاتی پشووه‌كاندا تێيدا ماونه‌ته‌وه (اسنگر، قرداغي، 2019، الجز‌ء الاول، ص37).
له‌پاش شۆڕشی (14ی ته‌ممووزی 1958) خوێندن له خوێندنگەی كه‌لاردا له بينايه‌كی مۆدێرنی شارستانی، كه له (گه‌چ و بلۆك) و له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی ئاوهدانكردنهوهوە دروستكرابوو، درێژه‌ی هه‌بووه. «تا ئێستايش ئه‌م بينايه وه‌ك خوێندنگە به‌كار ده‌هێنرێت، خوێندنگەی كه‌لاری بنه‌ڕه‌تی تێدايه«، ئه‌م بينايه له (گۆڕه‌پانێكی فراون، ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستايان، هۆڵێكی گه‌وره، شه‌ش پۆلی خوێندن، موشته‌مه‌لات) پێكهاتبوو، ئه‌و ساڵه‌ش منداڵانی كه‌لار توانيوويانە سوود له بڕيارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيرانی ئەو سەردەمە وه‌ربگرن و هه‌موو خوێندکاران به ده‌رچوو دانراون، ئه‌و ساڵه‌ش به‌ساڵی (زحف) ناسراوه، له خوێندنگەی كه‌لاردا له تۆماری گشتیی خوێندنگەكهدا له به‌رامبه‌ر ناوی هه‌ردوو خوێندکار (نه‌جات عه‌زيز، سه‌بيحه محه‌مه‌د)، كه خوێندکاری خولی دووه‌م بوون، نووسراوه بۆ پۆلی دووه‌م به بڕياری ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران ده‌رچوون (باوه‌ڕ، 2019، ل120).
له‌كاتی شۆڕشی (14ی ته‌ممووز)دا مامۆستا (حسێن عه‌لی محه‌مه‌د به‌ياتی) تا (15ی ئه‌يلولی 1958) به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگەكه بووه، به‌ڵام له ماوه‌ی (16ی ئه‌يلولی 1958 – 1ی تشرينی يه‌كه‌می 1959) مامۆستا خورشيد عه‌زيز عه‌بدولڕه‌حمان (1928-2012) وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگەكه ماوه‌ته‌وه (كارگێڕی خوێندنگەی كه‌لار، 2021، سه‌ردان).
له (ئه‌يلولی 1961- ئاداری 1970)دا خوێندن له خوێندنگەی كه‌لار به چه‌ندين هه‌وراز و نشێودا گوزه‌ری كردووه، به‌هۆی ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئه‌يلول و بۆردومانی كه‌لار له‌لايه‌ن حكومه‌تی ئەوکاتی عیراقه‌وه، له ساڵی خوێندنی (1963-1964)دا ده‌رگای خوێندنگەکە به ڕووی منداڵاندا داخراوه، له‌په‌ڕه‌ی تۆماری خوێندکاراندا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به هۆكاره‌كه‌ی درا بێت، نمره‌ی ساڵی خوێندنی (1963-1964)ی خوێندکاران تۆمار نه‌كراوه، بۆ نموونه په‌ڕه‌ی تۆماری خوێندکاران: نه‌جات محه‌مه‌د خورشيد، نه‌سره‌دين حه‌سه‌ن شێخ مه‌عروف…هتد ههڵدهدهيتهوه نمره‌يان تۆمار نه‌كراوه (قيد عام، 1963، رقم 3).
له په‌نجاكانه‌وه له ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌مه‌وه هاتنی خه‌ڵكی بۆ خوێندن زياديكردووه، له گوندی گۆبان له ساڵی (1953)دا خوێندنگە كراوه‌ته‌وه، مامۆستا محه‌مه‌د ئيبراهيمی خه‌ڵكی كفری وه‌ك يه‌كه‌مين مامۆستا وانه‌ی وتۆته‌وه، ساڵی پاشتر عه‌بدولكه‌ريم شێخانی وه‌ك مامۆستا له‌و گونده‌دا دامه‌زراوه (شێخانی، 2020، چاوپێكه‌وتن)، له‌گوندی شێخ له‌نگه‌ر له‌ساڵی (1959)دا خوێندنگە كراوه‌ته‌وه، به‌پێی تۆماری گشتی ئه‌و خوێندنگەيه له ساڵی خوێندنی (1959-1960)دا منداڵان له‌و خوێندنگەيه وه‌رگيراون (قيد عام، 1959، رقم 1)، له گوندی سهيدهيش شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌ل به هاوكاری خه‌ڵكی گونده‌كه له ساڵی (1959)دا خوێندنگەيه‌كی تێدا كردۆته‌وه (قه‌ره‌داغی، 2018، ل47).
ئه‌و خوێندکارانەی له خوێندنگەی كه‌لاردا ده‌ستيان به خوێندن كردووه، پاش ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن وه‌ك مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ر له‌هه‌مان خوێندنگەدا ده‌ستبه‌كاربوون. له ساڵی (1966)دا (محه‌مه‌د شاكه‌لی) كه له ساڵی (1948)دا له‌م خوێندنگەيدا خراوه‌ته به‌ر خوێندن، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌ستبه‌كار بووه (شاكه‌لی، 2021، ل72).
له (20ی شوباتی 1967)دا حسێن كه‌لاری كه له ساڵی (1952)دا له‌م خوێندنگەيهدا خراوه‌ته به‌ر خوێندن، وه‌ك مامۆستا ده‌ستبه‌كار بووه، پاشتريش له (17ی ئه‌يلولی 1967-10ی تشرينی يه‌كه‌می 1970)دا كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ر، ژماره‌يه‌ك له‌و خوێندکارانه‌ی له په‌نجاكاندا له‌م خوێندنگەيهدا ده‌ستيان به خوێندن كردووه و پاشتر توانيان خوێندن ته‌واو بكه‌ن، له بواری جۆربه‌جۆردا خزمه‌تيان كردووه، محه‌مه‌د شاكه‌لی له‌م رووه ناوی (35)كه‌سی بردووه، له‌وانه: عوسمان مه‌لا مسته‌فا- مامۆستا، جه‌ميل ئه‌حمه‌د به‌گ -ئه‌فسه‌ر، قادر ره‌زا به‌گ- بايۆلۆجی…هتد، ته‌نانه‌ت كچان و ژنانيش توانيان به پله‌ی به‌رزی خوێندن بگه‌ن، كه له خوێندنگەی كه‌لاردا درێژه‌يان به خوێندنداوه، له‌وانه: په‌روين ره‌زا به‌گ- ئه‌ندازياری كشتوكاڵی، خورشيده داود به‌گ-بهكالۆريس له زانستی خۆراكدا (شاكه‌لی، 2012، ل159-161).
له ساڵی (1967)دا ئه‌م مامۆستايانه له خوێندنگەی كه‌لاردا وانه‌يان وتۆته‌وه، هه‌ريه‌ك له مامۆستايان: فه‌رهاد عه‌بدولقادر عه‌لی، كازم عه‌بد جاسم، تاهير عه‌بدوڵڵا له‌پاش شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگەكه، حه‌سه‌ن حسێن، عه‌بدولكه‌ريم مه‌جيد محه‌مه‌د، حه‌مه سابير حه‌مه عه‌لی (جاف، 2018، ل228).
مامۆستا محه‌مه‌د سابير له بيره‌وه‌رييه‌كانيدا ئه‌وه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستا فه‌رهاد عه‌بدولقادر دا بۆ خوێندنگەی كه‌لار گوازراونه‌ته‌وه و ئێوارهيهكی دره‌نگ گه‌يشتوونه‌ته ناو گۆڕه‌پانی گونده‌كه، ئه‌ويش پاش ئه‌وه‌ی به پاسێك له ئێوارهيهكی دره‌نگدا له جه‌له‌ولاوه هاتوونه‌ته كه‌لار و له (20ی شوباتی 1967)دا په‌يوه‌ندييان به خوێندنگەكهوه كردووه، له‌گه‌ڵ مامۆستا هاوڕێكانيدا وانه‌يان به خوێندکارانی كه‌لار وتۆته‌وه (مه‌لا عومەر، 2019، ل110).
له ساڵی خوێندنی (1968-1969)دا ژماره‌ی خوێندنگەكانی سنووری كفری بريتی بووه له (45) خوێندنگە، (30) خوێندنگەی كوڕان، (12) خوێندنگەی تێكه‌ڵ، (3) خوێندنگەی كچان بووه، ژماره‌ی مامۆستايانی سنووره‌كه بريتی بووه له (241) مامۆستا، (206) نێر، (35) مێ بوون، ژماره‌ی خوێندکاران بريتی بووه له (4167) خوێندکار، (3619) نێر، (548) مێ بوون، خوێندنگەی كه‌لار به‌پێی ئه‌و ئاماره وه‌ك خوێندنگەيه‌كی تێكه‌ڵ له سنووری كفريدا تۆماركراوه (الاحصاء التربوي، 1968-1969، ص36).
به‌پێی تۆماری ژماره (5 و 6)ی خوێندنگەی كه‌لار له‌ساڵانی (1961-1975)دا ناوی (512) خوێندکار تۆمار كراوه، ژماره‌ی مامۆستايانيش له‌و ده‌مه‌دا (7) مامۆستا بووه (قيد عام، 1961، رقم 5؛ قيد عام، 1966، رقم 6؛ جاف، 2016، ل57).
له پاش به قه‌زابوونی كه‌لار، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی بۆكرا، پاشكۆيهك بۆ پۆله‌كانی (1، 2)ی ناوه‌ندی كراوه‌ته‌وه، له‌م رووه‌وه عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن كه ئه‌و ده‌مه خوێندکاری قۆناغی سه‌ره‌تايی بووه، باسی له‌وه كردووه، به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی پاشكۆيهك، سه‌ردانی جه‌لال بيلال-ی قائيمقامی كه‌لار-يان كردووه (قادر، 2020، چاوپێكه‌وتن)، شكور محه‌مه‌د غه‌فوور، مامۆستای ئه‌وكاتی خوێندنگەی كه‌لار له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پاشكۆيهوه باسی له‌وه كردووه، ياداشتی (14) خوێندکاریان بۆ (ياريدهدهرێتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی په‌روه‌رده‌ی کەرکوک بۆ زمانی كوردی) به‌رز كردۆته‌وه، ئه‌وانيش بڕياری كردنه‌وه‌ی پاشكۆيهكيان له‌ناو خوێندنگەی كه‌لاری سه‌ره‌تاييدا داوه، له پۆلی يه‌كه‌می ناوه‌نديدا (21) خوێندکار، له پۆلی دووه‌م (8) خوێندکار درێژه‌يان به خوێندن داوه، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگەكهش (سه‌ره‌تايی ، پاشكۆ) له (11ی تشرينی دووه‌می 1970-21ی نيسانی 1971)دا مامۆستا (كه‌مال فارس عه‌زيز) بووه، دوو مامۆستای بهكالۆريۆسيش ئه‌و ساڵه هاتوونه‌ته به‌شی پاشكۆكه، ئه‌وانيش (نه‌وزاد محه‌مه‌د ساڵح- پسپۆڕی ماتماتيك، جه‌مال محه‌مه‌د عه‌لی -پسپۆڕی جوگرافيا) بوون (جاف، 2016، ل57-58).
له پاش يه‌ك ساڵ خوێندنی پۆله‌كانی (1، 2)ی ناوه‌ندی له به‌شی پاشكۆی خوێندنگەی كه‌لار، له ساڵی خوێندنی (1971-1972)دا يه‌كه‌مين ناوه‌ندی له كه‌لار كراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی خوێندکارانی پۆلی (2) چوونه‌ته پۆلی (3)ی ناوه‌ندی، ده‌بوو بۆ درێژه‌دان به خوێندن بچنه جێگه‌كانی تر، جارێكی تر ژماره‌يه‌ك خوێندکار به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی سه‌ردانی فاتيح محه‌مه‌د ئه‌مين به‌گ- ياريده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی په‌روه‌رده‌ی کەرکوک-به‌شی خوێندنی كوردييان كردووه و ياداشتێكيان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێداوه، ئه‌ويش بڕياری كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندیی كه‌لاری داوه و ئه‌و ساڵه خوێندکاران له ناوه‌ندیی كه‌لاردا درێژهييان به خوێندن داوه، له ساڵی (1972)دا پۆله‌كانی (1، 2 و3)ی ناوه‌ندی چوونه‌ته (ناوه‌ندی كه‌لار)، بينای ئه‌م ناوهندیيهش له سه‌رده‌می دووهمين قايمقامی كه‌لار- عه‌بدولستار تاهير-دا دروستكرابوو، يه‌كه‌مين به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كه‌لار (ئيسماعيل مه‌لا سه‌مه‌د) بووه، ئه‌و ساڵه‌ش نزيكه‌ی (70) خوێندکار درێژه‌يان به خوێندن داوه، ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د شاواز كه هاتۆته ناوهندييهكه، رۆڵی باشی گێڕاوه و به‌شی زۆری وانه زانستييهكانی وتۆته‌وه (جاف، 2016، ل58-59).
به‌پێی تۆماری گشتی، ژماره (1)ی ناوه‌نديی كه‌لار، له ساڵانی (1970-1975)دا له‌و خوێندنگەيه (170) خوێندکار خوێندوويانه كه به‌ناوی (محه‌مه‌د محه‌مه‌د ئه‌مين به‌رزنجی) ده‌ستيپێكردووه (قيد عام، 1970، رقم 1).
به‌م شيوهيه له ساڵانی (1970-1973)دا منداڵانی كه‌لار و ده‌وروبه‌ری له هه‌ردوو خوێندنگەی سه‌ره‌تايی و ناوه‌نديی كه‌لاردا درێژه‌يان به خوێندن داوه، له ساڵی (1973)دا خوێندنگەيه‌كی تر به‌ناوی خوێندنگەی (كلار الجديدة) كراوه‌ته‌وه، مامۆستا (پاكيزه حسێن حه‌سه‌ن) وه‌ك يه‌كه‌مين مامۆستای ژن له (1ی تشرينی دووه‌می 1973)دا له پاش دامه‌زراندنی، خوێندنگەی (كلار الجديدة)ی كردوه‌ته‌وه و خۆيشی بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری، له‌م خوێندنگەيهدا ژماره‌يه‌ك مامۆستا له سه‌ره‌تاوه وانه‌يان به (74) خوێندکار وتۆته‌وه، له‌و مامۆستايانه‌يش: گويلتان حه‌سه‌ن عه‌باس، باری ئستیفان یه‌ڵدا، نه‌جیبه حه‌مید (سه‌عيد، 2016، ده‌ستنووس)، كه‌رتی په‌روه‌رده له كه‌لاردا وای خواستووه له ساڵی (1975)دا باخچه‌ی ساوايان له گه‌ڕه‌كی بنگرددا بكرێته‌وه، يه‌كه‌مين به‌ڕێوه‌به‌ری مامۆستا (له‌يلا حامید شه‌وكه‌ت) بووه، له سه‌ره‌تاوه له‌م باخچه‌يه‌دا ته‌نها (5) ساوا وه‌رگيراون (باخچه‌ی ساوايانی كه‌لار، 2014، سه‌ردان).
ليستی سه‌رچاوه‌كان:
يه‌كه‌م- به‌ڵگه‌نامه
1 – بڵاونه‌كراوه:
-1(1931)، قيد عام، سنة الدراسية 1931-1932، رقم (1)، مدرسة كلار الابتدائية: كلار.
-2(1938)، دار الكتب والوثائق العراقية، سجل البلاط الملكي، وزارة الداخلية –ديوان، تقرير تفتيش ناحية شيروانة، رقم التصنيف 6850/32050 :بغداد.
-3(1938)، قيد عام، سنة الدراسية 1938-1939، رقم (1)، مدرسة كلار الابتدائية: كلار.
-4(1959)، قيد عام، سنة الدراسية 1959-1960، رقم (1)، مدرسة شيخ لنكر الابتدائية: شيخ لنكر.
-5(1961)، قيد عام، سنة الدراسية 1961-1966، رقم (2)، مدرسة كلار الابتدائية: كلار.
-6(1963)، قيد عام، سنة الدراسية 1962-1963، رقم (3)، مدرسة كلار الابتدائية: كلار.
-7(1963)، قيد عام، سنة الدراسية 1963-1964، رقم (3)، مدرسة كلار الابتدائيه: كلار.
-8(1966)، قيد عام، سنة الدراسية 1966-1976، رقم (4)، مدرسة كلار الابتدائية: كلار.
-9(1970)، قيد عام، سنة الدراسية 1970-1975، رقم (1)، الثانوية كلار: كلار.
دووه‌م- چاپكراو و بڵاوكراوه‌ی حكومی:
-1(1936)، دليل المملكة، الدليل الرسمي العراق لسنة 1936، صاحب الامتياز: الياهو دنكور، رئيس التحرير: محمود فهمي درويش، مكتبه الحضارات: بيروت.
-2(1954)، احصاء السكان لسنة 1947، الجز‌ء الثاني، لوا‌ء الموصل –لوا‌ء كركوك –لوا‌ء السليمانيه-لوا‌ء اربيل، المملكة العراقية، وزارة الشؤن الاجتماعية-مديريه النفوس العامة: بغداد.
-3(1954)، الاجتماع الاعتيادي لسنة 1952-1953، الجلسة (4)، فی 15 شوبات 1953، الدورة الانتخابية الثالثة عشرة، مجلس النواب: بغداد.
-4(1968-1969)، الجمهورية العراقية، وزاره التربية والتعليم، الاحصاء التربوي، التقرير السنوي: بغداد.
سێييهم – تێزی ئه‌كاديمی (دكتۆرا):
-1كاكه‌سور، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، (2003)، گه‌شه‌كردنی خوێندنی رەسمی له ليواكانی كوردستانی عیراق دا 1921-1953، ، تێزێكه پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی كۆلێژی ئه‌ده‌بياتی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددين كراوه وه‌ك به‌شێك له پێداويستسهكانی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی –دكتۆرا-له‌مێژووی نوێ‌دا: هه‌ولێر.
چواره‌م ده‌ستنووس:
-1عه‌لی، مسته‌فا سه‌عيد، (2016)، له‌كه‌لاره‌وه، په‌رتوكێكی تايبه‌ته به يه‌كه‌مين كه‌سه‌كانی قه‌زای كه‌لار له‌ماوی ساڵانی (1970 – 2010)، ئاماده‌يه بۆ چاپ: كه‌لار.
پێنجه‌م- په‌رتوكی يادداشت و بيرهوهری:
-2شاكه‌لی، محه‌مه‌د، (2016)، په‌روه‌رده و خوێندن لهگهرمياندا .. 1950-1960، له‌بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبيری و كۆمه‌ڵايه‌تی: کەرکوک.
-3شاكه‌لی، محه‌مه‌د، (2021)، هه‌وراز و نشێو، به‌رگی يه‌كه‌م، چاپی يه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و په‌خشی نارين: هه‌ولێر.
-4مه‌لا عمر، مامۆستا محه‌مه‌د سابير محه‌مه‌د عه‌لی، (2019)، بيرهوهريهكانی ژيانم، ڕۆشنبيری چه‌مچه‌ماڵ: بێ شوێنی چاپ.
-5نه‌ريمان، مصطفی، (1994)، بيرهوهری يهكانی ژيانم، ده‌زگای ڕۆشنبيری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی: به‌غدا.
شه‌شه‌م – كتێب
-1 به‌زمانی كوردی:
-1باوه‌ڕ، ئه‌حمه‌د، (2019)، گه‌رميان و ناوچه‌ی خانه‌قين له‌سايه‌ی ووڵاتانی گه‌وره و فهرمانڕهوايانی عیراقدا 1914-1975، چاپی يه‌كه‌م، زنجيره كتێبی گۆڤاری كۆچ: سلێمانی.
-2قه‌ره‌داغی، عه‌بدوڵڵا، (2018)، نه‌وه‌كانی سه‌يد ئيبراهيمی به‌رزنجی (شێخانی شاكه‌ل)، چاپی يه‌كه‌م، چاپخانه‌ی رؤی: کەرکوک.
2– به زمانی عه‌ره‌بی:
-1اسنگر و قرداغي، فائق خورشيد، مصطفی أحمد، (2019)، كفري تأريخ خواطر، الجز‌ء الاول، الطبعة الاولی: اربيل.
-2 به زمانی توركی (لاتينی):
1 – TERZIBASI ، ATA ،( bir yl olmadan ) ، Kerkuk Sairleri ، 3 kitab ، Otuken .
حه‌وته‌م – گۆڤار:
-1(1949)، توزی له سه‌ر گوزهشتی كريم به‌گ، گه‌لاوێژ، ساڵی ده‌يه‌م، ژماره (7).
-2جاف، سه‌باح عه‌لی، (2016)، شاری كه‌لار و سيمای خوێندن 1931-1981، شيكار، ژماره (14).
-3ڕۆژبهيانی، جميل، (1992)، مامۆستا مه‌لا محمد سعيد افندی مفتي كفری، به‌يان، ژماره (169).
-4نه‌ريمان، مصطفی، (1994)، هه‌ڵگری ئاڵای تێكۆشانی سياسی حه‌مه‌به‌گی جاف 1904-1934، ڕه‌نگين، ژماره (63).
هه‌شته‌م – چاوپێكه‌وتن:
-1 شێخانی، عه‌بدولكه‌ريم، (24/9/2020)، سلێمانی.
له ساڵی (1934) له دايكبووه، له‌ساڵی (1954)دا يه‌كه‌مين دامه‌زراندنی له گوندی گۆبانی سه‌رووی كه‌لاردا بووه، نوسه‌ر و ئه‌ديب و خاوه‌نی چه‌ندين به‌رهه‌مه.
-2 قادر، عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن، (3/11/2020)، كه‌لار.
له ساڵی (1954)له‌دايكبووه، خانه‌ی مامۆستايانی ته‌واو كردووه، ئه‌ندامی يه‌كێتی خوێندکاران بووه، يه‌كێكه له‌يه‌كه‌مين ده‌سته‌ی خوێندکارانی قۆناغی ناوه‌ندی له‌پاش به‌قه‌زابوونی كه‌لار، ئێستا سه‌رپه‌رشتياری خانه‌نشينه.
نۆيه‌م- سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه:
-1كارگێڕی باخچه‌ی ساوايانی كه‌لار، (24/12/2014)، سه‌ردان.
-2كارگێڕی خوێندنگەی كه‌لاری بنه‌ڕه‌تی، (16/1/2021)، سه‌ردان.
پەراوێزەکان:
– محه‌مه‌د تۆفيق ئه‌فه‌ندی (1886- 1947): له قه‌ره‌داغ له‌دايكبووه، له ده‌وروبه‌ری ساڵی (1930)دا هاتوونه‌ته ناوچه‌ی گه‌رميان و كفری، له‌و قه‌زايه‌دا قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه، پاشتر له خانه‌ی مامۆستايانی سه‌ره‌تای (دار المعلمين الابتدائية) له به‌غدا وه‌رگيراوه، له ساڵی (1911)دا خانه‌ی مامۆستايانی ته‌واو كردووه و بۆ يه‌كه‌مين جار له ناحيه‌ی (هب هب)ی سنووری فه‌زای خالس وه‌ك مامۆستای سه‌ره‌تايی دامه‌زراوه، له(1ی ئه‌يلولی 1931)دا راژه‌كه‌ی بۆ خوێندنگەی كه‌لار گواستۆته‌وه و تا ساڵی (1938) ماوه‌ته‌وه، بۆ يه‌ك ساڵ ماڵی چۆته كفری و گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و قه‌زايه، به‌ڵام له‌سه‌ر داواییدا كه‌ريم به‌گ جارێكی تر هاتۆته‌وه بۆ كه‌لار، تا ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ساڵی (1941)دا خانه‌نشين بووه تێيدا ماوه‌ته‌وه، پاشتر چۆته کەرکوک و هه‌ر له‌وێ له (حوزه‌يرانی 1947)دا كۆچی دوايكردووه. (باوه‌ڕ، 2019، ل91- 97).