جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «زەینەب خان – کچە کورد»

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
(پەڕەی دروست کرد بە «وێنۆک زەینەب خان کچی مەلا ڕەئووفەفەندی مەحموودەفەندی خادم سوجادە. ل...»ەوە)
(بەبێ جیاوازی)

وەک پێداچوونەوەی ‏٠٠:٢٢، ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١

398454.jpg

زەینەب خان کچی مەلا ڕەئووفەفەندی مەحموودەفەندی خادم سوجادە.

لە ساڵی ١٩٠٠ لە کۆیە لەدایك بووە و لە قەڵای هەولێر زۆربەی ژیانی بەسەربردووە و خێزانی کەسێکی ناوداری شاری هەولێر بووە؛ هەر لە هەولێریش لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کردووە.

خوشکی گەورە و بەخێوکەری شاعيری گەورەی گەلەکەمان "دڵدار"ە، کە ئەم لە ساڵی ١٩١٨ لەدایك بووە وخاوەنی دەقی سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب"ە.

بنەماڵەیەکی ئەوەندە ڕۆشنبيربوونە، باوکیان لە ساڵی ١٩٠٦ زەینەبی کچی بە تەمەنی (٦) ساڵییەوە ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ڕوشدییەی کچان بخوێنێت.

ئەم ئافرەتە ڕۆشنبيرە چەندین زمانی زانیوە، لە سەردەمێکدا کەم پیاو هەبووە خوێندەوار و زمانزان بووبێت.

زەینەب خان بۆتە قوتابخانەیەك بۆ دڵداری شاعير.

لە خوێندنەوەی ديوانی زەینەب خان – کچە کورد (١٩٠٠-١٩٦٣)، بۆمان دەردەکەوێت سەرچاوەی بيری دڵداری مەزن لە کوێوە هەڵقووڵاوە.

هەر دڵدار خۆی دەڵێت: "زرووفی ئەوساکەی عائیلەوی، مامۆستای هەرە گەورەم بووە، هەروەها سوڵتەی دایکم و خوشکی لە خۆ گەورەترم، مورشیدم بوون." دەڵێن "لە دوای هەر پياوێکی مەزن، ئافرەتێك هەیە"؛ دڵدار خێزانی پێكنەهێنابووو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا جوانەمەرگ بوو؛ پێمان واییە زەینەبی "کچە کورد" وخوشکە گەورەی لە پشتی بووە.

زەینەب خان لە ساڵی ١٩٤٠ شيعری بۆ "سەربەخۆییی کوردستان" نووسیوە.

بۆ کەرکوك لە ساڵی ١٩٥٠ هەڵبەستێکی نووسیوە؛ بۆ کۆچی شێخ مەحموودی حەفيد لە ساڵی ١٩٥٦ هۆزانێکی پڕ لە سۆزی نووسیوه‌؛ بۆگەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٥٨ بە جوانترین دەقی شيعری بەخێرهاتنەوەی دەکات.

لە ساڵی ١٩٣٢"بە فيدای نيشتمان بم"ی داڕشتووە و، بێ دوودڵی دەڵێت "کورد ميللەتێکی خاوەن عيزەتە - هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێ – خەياڵیان خاوە دوژمنانی کورد – کورد هەر دەمێنێ وقەت نابڕێتەوە- ئەگەر بمانکەن بە چەند پارچەی تر – وەدەرمان بنێن بۆ ديوی مۆسکۆ-پشتيوان بە خوا وبەهێزی ميللەت - ئەم کوردستانە یەك دەگرێتەوە."

ديوانی زەینەب خان – کچە کورد (١٩٠٠-١٩٦٣)

ديوانەکەی کە چاپکراوە، لە (١٩٠) پارچە شيعری کورت و درێژ و(٢٧) چوارين و (١٠) پارچەشيعری بۆ منداڵان پێکهاتووە.

زۆربەی زۆری شيعرەکان مۆرکێکی نيشتمانپەروەری و سياسیی پێوە ديارە و، هەندێکیان ئایينی و ڕۆحانین و هەندێكیان بۆ کۆچی کەسانی خۆشەویستی خۆی و ناسراو داڕێژراون.

کۆتاییی ئەم ديوانە، چەندین وێنە و یادگاریی مێژووی خانەوادەی "دڵدار" و "زەینەب خان" لەخۆ دەگرێت.

شيعرەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٦٣ بڵاو کراونەتەوە.

گومانی تێدا نییە کە چەندین دەقی شیعریی تری فەوتا بێت یان هێشتا نەدۆزرابێتەوە.

ئەم کتێبە لە (٣٣٦) لاپەڕە پێک هاتووە.

هەندێكی لە دەقە شيعرییەکانی

یەکەم نموونە: لە "زەنگی تێکوشان" لە ساڵی ١٩٤٧، سۆزێکی لەڕاددەبەدەر دەردەبڕێت بۆ پێشمەرگە و کوردستان. منداڵ و هاوسەرگيریی خۆی لەو پێناوەدا بە لاوە دەنێت و دەنووسێت:

کوڕ و کچی کوردەواری، گوڵشەنی مێرگی وڵاتن

لە خەبات و تێکۆشانا، خوایە بۆنیان هەردەم خۆش بێ

هەتا مردن، قەت نەبيستم، شکستی هێزی پێشمەرگە

نیشانەی شەهيدبوونیانە، ئەو بەرگەی بە خوێن سوورپۆش بێ

چ شەرەفێکی گەورەیە، مردن لە ڕێی ئازادییا

کەسێ نییە، حاڵی نەبێ، مەگە بێفام و بێهۆش بێ

هەردەبێ بيستێنینەوە، خاکی زەوت و داگيرکراو

سەربەخستی قەت نایەتەدی، بەو کەسەی، سەری لە کۆش بێ

"زەینەب" بڕۆ چەك هەڵگرە، شان بە شانی براکانت

منداڵ و شوو بە لاوە نێ، وڵات نابێ فەرامۆش بێ

دووەم نموونە: بە وشە جوان و کوردییەکەی، وێنەیەکی کوردایەتیی تێکۆشان دەکێشێت لە شيعری "سڵاو بێ سڵاو". ئەم شيعرە لە ساڵی ١٩٣٩، هەر دەڵێی لە ڕۆژێ ئەمڕۆ نووسراوە:

سڵاو بێ لەو لاوانەی کورد، خاوەن بيری ئينسانی بێ

دەستێکی کتێب و قەڵەم، دەستێکی چەکی شانی بێ

کوورەی ئاگر، نەیسووتێنێ و ئەبەد بە ئاگر نەڵێ ئۆف

بەرەو لووتکە، چيا ببڕی و بە هەورازی زریان و ئۆف

بۆ ڕزگاریی قەومی کوردان، پەنجەی لەسەر سێرەی تفەنگ

بە شەو و ڕۆژی بەپێوە بێ، بۆ هەر لەحزە، ئامادەی جەنگ

سڵاو بێ لە لاوانی کورد، لاوانی ئازا و کۆڵنەدەر

لاوانی مەرد و بەجەرگ و نيشانەشكێنی تێکۆشەر

ئەوانەی ڕۆحيان دەبەخشن، تا کوردستان سەربەرز بێ

وەکوو نەتەوەی ئاریایی، کورد نموونەی سەر ئەرز بێ

"زەینەب" ببە، بەو پێڵاوەی لە پێی دەکەن بۆ ڕێی خەبات

ئەوانە نووری چاوی تۆن، کوردستانت دەدەن نەجات

سێیەم نموونە: شاعيرێکی دانسقەیە، هەستی بە ئازارەکانی کورد کردووە. ئەوەتا لە پێناوی کوردایەتی و کوردەواریدا،سڵی نەکردۆتەوە وئينگليزی بە داگيرکەر شوبهاندووە؛ لە ساڵی ١٩٢٨ ناونیشانی هۆزانەکەی "ئينگليزی داگيرکەر"ە. لە ساڵی ١٩٤٣ شيعرێکی نووسییەوە لەسەر "دەمکوژێ خەمی کورد"؛ یان لە ساڵی (١٩٤٧) باسی خۆخۆری و پارچەپارچەیی کورد دەکات لە هەڵبەستی "ئازاین بەڵام...".چەند ڕۆژێك پێش مردنی بە شێرپەنجە لە ساڵی ١٩٦٣، بۆ "کوردی بێکەس" دەنووسێت. کەم کەس هەبووە لەو چەرخەدا بيری لە "کوردبوون" کردۆتەوە، کە هەڵبەستێکی تری شاعيرە لە ساڵی ١٩٤٦ نووسراوە. لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ "ئاڵای کوردستان" بەم شێوەی هۆنيوەتەوە:

ئەو کوردستانەی بە خوێنی کوردان

ناڵەی گەیشتە عەرشی يەزدان

قبووڵی ناکا ديلی و ژێردەستی

گيانی دەبەخشێ لە ڕێی سەربەستی

ڕەوڕەوەی مێژوو چەندە پێش کەوێ

ئەو کوردستانە ئازادیی دەوێ

خاکی بەپيت وبەرەکەت وجوان

نەوت کانزایە بۆ خۆشیی ژیان

کەچی کوردستان خۆی لێی بێبەشە

ئازادیی ئێمە زەوت کراوە

ئەو مافەی خودا بە ئێمەی داوە

لەوەتەی هەینە دەچەوسێینەوە

وەکوو ئەم مۆمەین قەت ناکوژێینەوە

باوەڕمان بە خودا وقودرەتی گەلە

دوژمن دەچێتە مێژووی مەزبەلە

ڕۆژێ دەبینین ئاڵای کوردستان

دەشەکێتەوە لە هەیبەت سوڵتان

چوارەم نموونە: هەڵبەستڤانێکی ئافرەت، هزرێکی ژنانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە، دەگمەنە لەو سەردەمەدا نموونەی وەکوو زەینەب خان بدۆزينەوە. بەرپرسانە و نەبەردانە باسی لە پرسی ئافرەت کردووە کە دەگمەنە ئافرەتێک بەو شێوەیە تێکۆشابێت نەك لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهان، لە سەردەمێکدا ژیاوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ديموکراسی ژنان مافی دەنگدانیشیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبووە. یەكێكە لەو ژنانەی کە سڵی نەکردۆتەوە کە شان بە شانی براکانی لە پێناوی وڵاتەکەی تێ بکۆشێت. چەندین شيعری بۆ کچ و ژنی کورد تەرخان کردووە. لە ساڵی ١٩٣٠ پەیامێك بۆ "ژنانی مەرد" دەنێرێت:

ئەگەر دەتەوێ، گوڵی عومرت بم

خەمی نیشتمان، بخە سەرشانت

جێژوانی، چيا و چۆڵم ئی تۆ بێ

تفەنگ هەڵبڕە بۆ کوردستانت

ئەو کوردستانەی لە هەر چوار پارچە

بە چەقۆی دوژمن، لەتلەت کراوە

خەون و ئازادی ومافی ژیانمان

بێ دەستی خۆمان لە گۆڕ نراوە

دەبێ مشورێ بۆ حاڵمان بخۆین

دەست لەناودەست ومردن بۆ ژیان

بە زەبری دوژمن، نابێ بڵێین ئۆف

چۆڕاوگەی خوێنمان بڕوا لە زيندان

چ گەمژەیەکە، دەڵێ بە تەنیا

هەر بەرخی نێرە بۆ سەربڕینە

ئەگەر مێ نەبێ، نێر لە کوێ دەبێ؟

ئەسڵی ئەم قسە، پڕ لە برينە

ژن شەوق و نووری، ئەم دونیایەیە

بەبێ ژن دونیا تاريك وچۆڵە

ئەوەی حورمەتی دایکی خۆی نەگرێ

یان خوشک و هاوسەر، بێگومان زۆڵە

ژن هەتاوێکە، ڕووناکی ئەدا

بە ئێرەو ئەوێ، بە هەموو زەمین

ئەگەر گەورەییی دڵی ژن نەبێ

بۆ مەرگی پیاوان، کێ دەگێڕێ شین

...

پێنجەم نموونە: "کچە کورد"ی شاعير خۆشەویستییەکی ڕاددەبەدەری بۆ سروشت و شار و گوندەکانی کوردستان هەبووە و، نموونەیەکی زۆر جوان لە پێکەوەژیانی ئایینی باس دەکات، لە "هەرمۆتە"ی گەڕەکی کريستیاننشینی کۆیە و لە ساڵی ١٩٣٠ دەنووسێت:

ئەگەر هەرمۆتە نەبێ، بەهار نایە لە کۆیە

بۆ کەنیسەی وێ دەڕۆین، هەم ئی من و ئی تۆیە

کچان بۆ بەزم و سەیران، دێن و دەسووڕێنەوە

هەموو بۆ بەختی خۆیان، لە خوا دەپاڕێنەوە

چەندە خۆشە هەرمۆتە، لە سەیران و بەهاری

هەموو یەك خانەوادەین، لە خاکی کوردەواری

سەرچاوە: عەبدوڵڵا زەنگەنە