جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «عەلی مەردان»
ھێڵی ٦٢: | ھێڵی ٦٢: | ||
[[پەڕگە:Ali Mardan0010.jpg|وێنۆک|چەپ|هونەرمەندان ناسری رەزازی، عەلی مەردان، سالار قەرەداغی.]] | |||
'''گۆرانییە بەناوبانگەکانی: - | '''گۆرانییە بەناوبانگەکانی: - |
وەک پێداچوونەوەی ١٥:٠٦، ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٢
عەلی مەردان ناوی تەواوی عەلی مەردان کوڕی عەلی عەبدولقادر کوڕی وەسمانی کوڕی حەمە گوڵە. دایکی ناوی شاناز بوو، لە 1904، لە گەڕەکی بە تەکیەی لە شاری کەرکووک لە دایک بووە.
چەند وێستگەیەکی ژیانی هونەری عەلی مەردان: -
عەلی مەردان خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لەلای (مامۆستا ساڵح) دەست پێکردووە، هەر لەوێشەوە لەلای مامۆستای دەنگخۆش (مەلا ڕەئووف) فێری تەجویدی قورئان و هەندێک مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە. پاش هەشت ساڵ شاری کەرکووکی بەجێهێشتووە و لەگەڵ خێزانەکەی چووە بۆ ناحیەی لەیلان.
لە ئەو ناحیەیەدا تەموورەژەنێکی بەتوانا بە ناوی (خدر بارام چاوەش) ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە بۆ مەقاماتی کوردی و یەکەم جار لەوەوە فێری مەقامی ئەڵڵاوەیسی بووە، بەڵام لە دواییدا کە چووە بۆ شاری بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێربووە و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی کردووەتەوە. دەربارەی ئەم ئەزموونە مامۆستا عەلی مەردان گوتوویەتی: «مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندە بۆ هونەری مۆسیقا و گۆرانی گەلانی ناوچەکە». مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەند ئامێری مۆسیقا بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. هەروەها شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە. هۆنراوەی زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و مەقاماتدا خوێندووەتەوە.
مامۆستا عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا چەندین گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمار کردووە، ئاوازی هەندێک لە گۆرانییەکانیشی ئەوەندە بەرزن، بە چەند زمانێکی تر گوتراوانەتەوە. شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە هونەری مەقامدا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بە مامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی هەستێکی پاکی کوردایەتی بوو.
عەلی مەردان.. یەکەم هونەرمەندی کورد بوو لە ڕادیۆی بەغدا گۆرانی گوت و قوتابخانەیەکی بۆ مەقاماتی کوردی دانا لەناو جەرگەی بەغداوە بە گەرووی کوردانەوە گۆرانی گوت و بناغەی مەقاماتی کوردی دانا. ئەگەرچی زۆرینەی ئەوانەی لەتەکیدا میوزیکیان بۆ لێ دەدا جولەکە و عەرەب بوون، کۆڵەکە و دامەزرێنەری ڕادیۆی کوردی بەغدا بوو، هاوکاری هونەرمەندان بوو لە ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای هونەرییان، بەشێک لە ئاوازەکانی لەلایەن هونەرمەندانی کورد و تورک و فارسەوە گوتراوەتەوە.
لە ساڵی 1936 عەلی مەردان، یەکەم قەوانی خۆی لە کۆمپانیای بەیزافۆنی کەسی ناوبراو تۆمار کردووە. ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1939 چووە ئێستگەی کوردی بەغدا، ڕادیۆی ئەو کاتە زۆر ساکار بوو، بەڵام تاکە ڕادیۆیەک بوو خەڵک بە تاسەوە گوێی لێ دەگرت. سەرەتا گۆرانییەکان تۆمار نەدەکران، بەڵکوو هەر بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆوە پەخش دەکرا. یەکەم جار مەقامی (ئای ئای) کە لقێکە لە مەقامی بەیات بەشێوەی باجەڵان گوتووە لەئێستگەی ڕادیۆی بەغدا. ئەو زەمەنە (عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و ڕەسووڵ گەردی و حەسەنی جزیری و باکووری و نەسرین شێروان و محەمەد عارف جەزراوی) پێشەنگی هونەرمەندانی کورد بوون کە لە بەشە کوردییەکی ڕادیۆی بەغدا هەموویان وەک خێزانێک کاریان دەکرد، ئاواتیان بەرز بوونەوەی هونەر و مۆسیقای کوردی بوو. مامۆستا عەلی مەردان سەرقافڵەی هەموویان بوو.
مامۆستا عەلی مەردان لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی گوتوویەتی: بۆ گوزەرانی ژیانم، بە پای پەتی و سەری کۆتەوە، جووتیاریی و شوانی و گاوانیم کردووە. لە شاری بەغدا بووم بە هاوڕێی مورتەزاخانی ئەسفەهانی و ئەسغەری هەمەدانی و محەمەد سەعیدی سابڵاغی و زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکمان گرت و زۆر هونەرمەندانە پێکەوە ژیاین.
عەلی مەردان لە ساڵی 1965دا چووەتە ئێران و لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمار کرد. مۆسیقاژەنانی ئەو ڕۆژانەی ڕادیۆی کوردی تاران، کە زۆربەیان لە ئۆرکێسترای ئێرانیشدا ژەنیار بوون، وەک هونەرمەند مەزهەری خالقی گوتوویەتی کە: «لە دیداری یەکەم ڕۆژی ستۆدیۆی ڕادیۆدا، ئوستادەکانی مۆسیقاژەن لە سەرەتادا ڕەفتارێکیان نواند، وەک بڵێیت مامۆستا عەلی مەردان بە هەند وەرنەگرن، بەڵام تەنیا لە پاش یەک و دوو سەعاتێک تێگەیشتن کە بەرامبەر بە کەڵە زانیارێکی مەقامات وەستاون. بۆیە ئیتر لە سەرتاپای ڕۆژانی تۆمارکردنەکاندا بە وشەی (ئوستاد) کەمتر لەگەڵ عەلی مەردان نەدەدوان».
لە کەرکووکەوە چوو بۆ بۆکان بۆ فێربوونی مەقامێک!
خۆی لە دیدارێکی ڕادیۆییدا، گوتوویەتی: (بیستم لە مزگەوتێکی شاری بۆکان مەلا عەبدوڵڵا ناوێک هەیە جۆرە قەتارێک دەڵێت کە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێمەی گەرمیانی. ملی ڕێگەم گرت و بۆی چووم. لە بۆکان بە سۆراخ کردن مزگەوتەکە و مەلاکەم دۆزییەوە، ماوە و پاش ماوەیەک مەبەستی هاتنم پێ ڕاگەیاند. سەرەتا ملی نەدا و بەڵام پاشان بە باشی فێری کردم و سوپاسم کرد و گەڕامەوە.
کوردێک لە کۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی لە قاهیرە
سەبارەت بە کۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی لە قاهیرە لە ساڵی 1932سازکراوە عەلی مەردان دەڵێت «مەسەلەی کوردبوونم و عەرەب نەبوونم کاری کردە سەر بەشداریکردنم لە کۆنگرەی یەکەمی عەرەبیدا، کە من وەک هونەرمەندێکی بواری گۆرانی و ئاواز لە ئەندامانی ئەو وەفدەی عێراق بووم و بەشداری کۆنگرەمان کرد. شانازی بوو بۆم کە لەو کۆنگرەیەدا بە زمانی کوردی ئاواز و مەقامی کورد جوان بە گوێی کەسانێکی هونەرمەند کە ئەسڵەن وشەی (کورد) یشیان نەبیستووە. من تەنیا کوردێک بووم لە ناو دەیان هونەرمەندی عەرەبیدا و کۆنگرەش بە قەدەر ئەوەی سیاسی بوو ئەوەندەش لە هونەرەوە دوور بوو و سەرپەرشتیارانی کۆنگرەکە دەیانویست پەراوێزم بخەن و زۆریشیان تەقەلادا مەقام و بەستەکانم بە عەرەبی بڵێم، بەڵام من ڕازی نەبووم و ئەوانیش ئەندام بوونی منیان بەتاڵ کردەوە».
شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە هونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بە مامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی هەستێکی پاکی کوردایەتی بوو. هەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، هەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد. مامۆستا عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا گەلێک گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمار کردووە، ئاوازی هەندێک لە گۆرانییەکانیشی هێندە بەرزن، بە چەند زمانێکی دی گوترانەتەوە. دوا گۆرانی عەلی مەردان بەستەیەک بووە کە لە ساڵی 1972دا لەئیستگەی کوردی بەغدا تۆماری کردووە.
گۆرانی کۆڵان بە کۆڵان بۆ قەدەغەکرا؟
گۆرانی کۆڵان بە کۆڵان... پێچەکەت لادە، لە سەرەتای دەرچوونی بۆ ماوەیەک قەدەغە کرا، لەبەر ئەوەی دیندارەکان دەیانگوت گوایە دژی حیجابە.
ئاوازی هەندێک لەگۆرانیەکانیشی چەند زمانێکی تر گوتراوانەتەوە و سوودیان لە ئاوازەکەی وەرگرتووە. لەوانە گۆرانی (مامە گیانی مامە) هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا (ئیبراهیم تاتڵیساس) کردوویەتی بە تورکی (قەرە زیندان). وە گۆرانی (ئەم پەرچەم و ئەگریجە) کە هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی (ئیرەج بەستامی) ئاوازی ئەم گۆرانیە بەناوبانگەی عەلی مەردانی گوتووەتەوە بە شیعری فارسی. هەروەها گۆرانی (ڕاستەی خیابان) کە هونەرمەند و قۆریاتبێژ (هابە) کردوویەتی بە تورکمانی.
عەلی مەردان شارەزای زۆربەی مەقامە کوردی و ڕۆژهەڵاتییەکان (شەرقیەکان) بووە. لەوانە (مەقامی ڕاست مەقامی بەیات، مەقامی سێگا، مەقامی حیجاز، مەقامی حوسێنی، مەقامی ئورفە، مەقامی مەنسووری، مەقامی صەبا). بەڵام ئەو توانی مەقامێکی نوێ دابنێت کە مەقامی «هیجران» بوو.
کۆچی دوایی: -
عەلی مەردان مەقام زان و داهێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێوچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ڕۆژی 24-07-1981 لە بەغدا کۆچی دوای کرد و لە گۆڕستانی شێخ محێدین هەر لە کەرکووک نێژرا.
گۆرانییە بەناوبانگەکانی: -
- شیرین کەلامە
- گیانە بەسییەتی
- یاریکە ڕاکە پێکەنە
- خۆم و عوودەکەم
- کەتان کەتانە
- مێوڵێ و دێلێژە
- ئەسمەر
- وەرە قوربان
- هۆ برای جووتیار
- لەیلێ
- ڕەنجی بێ وەرم
- هەوری لە قەدی ئاڵاوە
- بە دەنگی خۆش بمهێنە جۆش
- کە ئەو جوانە
- ئەڕۆی ئۆغر
- دایم دڵ تۆی ئەوێ
- مامە
- کەی دێتەوە
- لە خرنە خرنە
- هەتا مردن
- ئەڵوەن ناوت شیرینە
- ئای چەندم خۆش دەوێ
- هەر تۆم ئەوێ تۆ
- مینا گیان
- لە کەلە دەنگی ساز دێ
- شەو و ڕۆژ
- گۆڵە باخ
- کراس کودەری ئاوریشم
- سەد جار بەو مانگە
- هەستە با بچین بکەین تەماشا
- کۆڵان بە کۆڵان
- ئەم پەرچەم و ئەگریجە
- ئاخ چی بکەم نیمە چارە
- ئەو چاو جوانە
- هۆ کاکەی شوان
- فاتمە
- برای شیرینم
- خاڵۆ خاڵۆ
- شەو و ڕۆژ لە خەیاڵ و لە بەرچاوی
مەقامە بەناوبانگەکانی: -
- لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماهوور)
- چەند جارم وت (مەقامی هەمایۆن)
- با یادم کا فریادم کە (مەقامی هیجران)
- ڕەنجی بێ وەرم (مەقامی بەیاتی شور)
- ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)
- لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)
- لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)
- ئەی مانگ (مەقامی بەیات)
- چی بکەم (مەقامی نەوا)
- دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)
- مەمکوژە گیانە بە هیجران (مەقامی دەشت)
- بە داوی زوڵفت (مەقامی ڕاست)
- بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا هیجرانی)
- بە خەمزەی چاوی مەخمووری (مەقامی نەوا)
حەسەن زیرەک چۆن باسی عەلی مەردانی کردووە؟
هونەرمەند حەسەن زیرەک لە تۆمارێکی دەنگیدا باسی ئاشنایەتی خۆی هونەرمەندان دەگێڕێتەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت: «ساڵەهای ساڵ مامۆستا عەلی مەردان، کە سەورەبو (مەبەستی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958) دەهات سەری لێ دەدام لە ئێران، عەلی مەردان بەرزە، زۆر بەرزە، کورد قەدری نازانێت، ئەمن قۆندەرەکانی دەخەمە سەر چاوم».
ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق