جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی حەوتەم»
Jwan (لێدوان | بەشدارییەکان) |
Jwan (لێدوان | بەشدارییەکان) |
||
ھێڵی ٥١: | ھێڵی ٥١: | ||
[[پۆل: | [[پۆل:مێژوو]] |
دوایین پێداچوونەوەی ١١:٠١، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
نووسینی: عوسمانی ئەحمەدی
لە زنجیرە بیرەوەریەکانم دا بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە، ئێستە درێژەی پێ ئەدەم.
لەم بەشەدا ئەمەوێ سەبارەت بە چەشنی ژیان و خانووبەرە سازکردن و هەڵس و کەوتی خەڵکی، بەرابەر بە سروشت بدوێم. ئەم بیرەش بۆیە هات بە مێشکم دا، جیاوازی خانووبەرەکانی ناوچەی هەورامان و مەریوان بۆیان هێنامە پێشەوە. ئەوە بوو، لە یەکێ لەم بەشانەدا، دیاردەم کرد کە لە دێهاتی مەریواندا بە تەیمان ماڵ ئەکەنەوە و بۆم ڕون کردنەوە کە تەیمان چییە. بەڵام مەبەستی ئەمڕۆم سەبارەتە بە پیسی و پۆخڵی وەیا تەمیسی ئەو دوو جۆرە ماڵ کردنەوەیە.
خانووبەرەی دێهاتی هەورامان بە گوێرەی سروشت لە داوێنی چیاکان لە شوێنی بەربەڕۆژگە[1] ئەکرێنەوە و تایبەتمەندیەکی سرنجڕاکێشیان هەیە. دیواری ئەم خانووانە وشکە کەڵەکە، واتە لە نێوانی بەردەکاندا لە گەچ و چیمەنتو و ئاهەک و شتی وا کەڵک وەرناگرن. بۆ ئەوەی بەردەکان نەترازێن وە تەخت ڕاوەستاو بن لە پواز کە تاشە بەردی بچوک بچوکە وە جاروباریش لە دیمەک کە تەختەیەکی پانە، بە پانی دیوارەکە و بە درێژایی دوو مێتر کەڵک وەرئەگرن.
دیواری وا هەیە کە سەدان ساڵ تەمەنیە و خراو نەبووە. ئەم خانووبەرانە دوونهۆمن، کە نهۆمی خوارەوە تایبەت بە مەڕ و ماڵات و ئاژەڵ و کادان و جێگای مریشک و جوجکە، وە قاتی سەرەوە تایبەت بە خۆیانە کە تێیدا ئەژین. ئەوە ئەبێتە هۆی پوخت و تەمیسی خانووەکانیان. دیواری ناو ژوورەکانی جێ ژیانی خۆیان بە خاکەسوورە ئەناونەوە واتە سواق ئەدەن و بە باشی هێلەساوی[2] ئەکەن بە چەشنێ کە سەیری ئەکەی ساف وەکوو ئاوێنە دێتە بەر چاوت.
ئەم چەشنە خانوو بەرەیە بە پێجەوانەی زۆربەی خانووبەرەکانی دێ یەکانی مەریوان کە من چووم و لە نێزیکەوە دیتومە کە ژیانیان لەگەڵ ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتا تێکەڵوپێکەڵە جیاوازی هەیە.
داب و نەریتی ناوچەی هەورامان لە باری هەڵس و کەوت لەگەڵ ژنان دا لەتەک مەریوان و باقی ناوچەکانی کوردستان زۆر جیاوازە. ژنی هەورامان خۆی لە پیاو کەمتر نەزانیوە وە لە نێو دارستان و باخ و باخاتەکاندا، هاوتەقای پیاو بگرە زۆرتر، خەریکی ئیش و کار بووە. بەیانی زوو ئەچون بۆ ناو دارستانەکان بۆ کۆکردنەوەی داروچیلکە وکۆیان ئەکردەوە و لەسەریەک دایان ئەنا بە تەنافێ شەتەکیان ئەدان و ئەیان گرت بە کۆڵەوە. بەم دار و چیلکە شەتەک دراوەیان ئەوت “دەرزە هێزم”. ئەم دەرزە هێزمانە وەختی وا هەبوو لە بەر قورسی و بارسایی پشتیانی ئەچەماندەوە هاکا لوتیان گەیشتەزەوی. جا وەرە ئێستە ئەم کۆڵە بەم کێش و بارسایییەوە ڕایگوێزە بۆ ناوماڵ کە ها بەو ئاسمانەوە، لە لوتکەی کێو، لەوپەری ئاواییدا. هێشتا عاەرقی ماندوویەتی وشک نەبووبوەوە، خاوێن کردنەوەی گەوڕ دەهاتە پێشەوە و دواجار چێشت لێنان و کەل و پەل شوشتن و مناڵ بەخێو کردن و بە کونە ئاوهێنان لە چاوگەی خوار دێدا بۆ نێو ماڵ لەو حەوایەدا.
جا لەبەر ئەمە بوو کە ئەم ناسک و نازارانە وەکو شلکە نەمامی ساوا کە بە رێگا دەڕۆیشتن ئەلەرانەوە. ژنی هەورامان لەگەڵ ئەو هەموو ئەرک و مەینەتەدا تەڕپۆش و ئاڵ و واڵا جل بوون.
“گۆران”ی نەمر لە هۆنراوەی شاخی هەوراماندا ئەڵێ:
ژنی هەورامان سەرتاپای خشڵ سەرچاوەی بۆنی مێخەک و سمڵ
تا بڵێی تەڕپۆش، ئاڵ و واڵاجل بەژن و باڵا جوان، بەدەن نەرم و شل
داب و نەریتێکیتر کە لە هەورامان دا هەیە و جێ کەوتووە وە من پێم وایە لە ڕۆژگارانی کۆنەوە بە کەلەپور پێان گەیشتووە ئازادی ژنانە. ئەبینین کە لە ناو هەموو زنجیرە پادشایانی ئێرانی کۆن دا، بێجگە لە ساسانیەکان نەبێ، ژن نەگەیشتووە پلە و پایەی حوکمڕانی و پادشایی، کە ئەوەتا لە زنجیرە پادشایانی ساسانی دا (کە لە کوردەکانی شوانکارە بوون) ئازەرمیدۆخت و پوراندۆخت پادشایییان کردووە.
بۆ نمونە ڕۆژێ چووم بۆ ماڵی عەیزەت بەگ، کوڕی عەبدوڵاخان، لە ماڵەوە نەبوو گەڕامەوە. کتوپڕ نۆکەرەکەی هات بە شوێنما وتی خانم تۆی ئەوێ. گەڕامەوە، وتی عەیزەت بەگ لە ماڵەوە نیە ماڵەکەی هەیە، من هەم. کە چوومە ژوورەوە تەماشام کرد دیواخان پڕە لە میوانی ژن و پیاو. دانیشتین پاش ماوەیێ عەیزەت بەگ هاتەوە، خانمی بۆی گێڕایەوە، ڕووی تێم کرد وتی لە سنە گەورەبوویی داب و نەریتی هەورامانت لە بیرەوە چووە، ئێرە سنە نیە هەورامانە.
جا بەڕاستی زۆر داب و نەریتی هەورامان لەگەڵ باقی شوێنەکانی کوردستان بگرە هەموو ئێران جیاوازیان هەیە. بە گوێرەی بۆچوونێکی مێژوویی، ئەڵێن پاش هێرشی عەرەب زۆربەی کوردە پێتەخت نشینەکانی ساسانی ڕویان کردووەتە شوێنێ کە نێوی شاری بەهارە لە نێزیکی شاری هەمەدان. ئیتر لەوێ ژیاون تا کاتێ کە ئێران کەوتووەتە بەر شاڵاوی تورکەکان، ئەویشیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان کردووەتە هەورامان لە نێو ئەو شاخ و دۆڵەدا خۆیانیان شاردوەتەوە. بۆچوونەکەش تا ڕادەیێ لەگەڵ ڕاستەقینە دێتەوە. دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دیارە شاری بوون، زۆر داب و نەریتی شاری بوونیان تیا ئەبینرێ وەکو کوتاڵ بافی، جۆڵایی، جل و بەرگ دروست کردن وە بە تایبەت ئاسنگەری.
لە شەری جیهانیدا کە ئالمانیەکان هەڵاتن تەنیا گلەنگێدەنەکانی[3] تفەنگەکانیان لە گەڵ خۆ بردبوو. ئاسنگەرەکانی پاوە گلەنگێدەنیان بۆ ئەو تفەنگانە دروست کردبوو و کەڵکیان لێ وەرئەگرت.
لەباری ئایینی شەوە هەورامان پاش هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامەوە کە نەوەدونۆ پیری هەورامان و ئاتەشگاکانی ئەم ناوچەیە وەکوو ئاتەشگای پاوە کە تا ئەم دواییانەش مابوو بەڵگەیە بۆ ئەم بۆچوونە.
ئەم باسە درێژەی هەیە …
[1] بەربەڕۆژگە:بەشی روو بە خۆرەتاوە بە پێچەوانەی نسار کە پشتی لە خۆرەتاوە.
[2] هێلەساو: پارچە بەردێکی سافی بن ڕۆخانەیە
[3] گلەنگێدن وشەیەکی تورکی یە