جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «لە کتێبی (مێژووی پەخشانی کوردی مامۆستا سەجادی)یەوە.»
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «لە کتێبی (مێژووی پەخشانی کوردی مامۆستا سەجادی)یەوە... وێنۆک ('''عومەر مەعروف بەرزجی''') لەژێر ناوی (لێکۆڵینەوەو بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی ١٩٢٥-١٩٦٩) دا بەرھەمێکی پەخشانی ھێناوەتەوە ناوەوە کە لەساڵی ١٩٧٨دا دەستی چاپی گەیشتۆتێ. ئەمە...»ەوە) |
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) |
||
ھێڵی ١: | ھێڵی ١: | ||
لە کتێبی (مێژووی پەخشانی کوردی مامۆستا سەجادی)یەوە... | لە کتێبی (مێژووی پەخشانی کوردی مامۆستا سەجادی)یەوە... | ||
[[پەڕگە:10308191 .jpg|وێنۆک]] | [[پەڕگە:10308191 .jpg|وێنۆک]] | ||
'''[[عومەر مەعروف بەرزجی]]''' | |||
لەژێر ناوی (لێکۆڵینەوەو بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی ١٩٢٥-١٩٦٩) دا بەرھەمێکی پەخشانی ھێناوەتەوە ناوەوە کە لەساڵی ١٩٧٨دا دەستی چاپی گەیشتۆتێ. ئەمەی خوارەوە نموونەیەکە لەو پەخشانە: | |||
'''چووزەرەی چیرۆکی کوردی''' | '''چووزەرەی چیرۆکی کوردی''' |
وەک پێداچوونەوەی ٠٨:٣٩، ١٦ی ئابی ٢٠٢٢
لە کتێبی (مێژووی پەخشانی کوردی مامۆستا سەجادی)یەوە...
لەژێر ناوی (لێکۆڵینەوەو بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی ١٩٢٥-١٩٦٩) دا بەرھەمێکی پەخشانی ھێناوەتەوە ناوەوە کە لەساڵی ١٩٧٨دا دەستی چاپی گەیشتۆتێ. ئەمەی خوارەوە نموونەیەکە لەو پەخشانە:
چووزەرەی چیرۆکی کوردی
ھەموو دیاردەیەکی سروشت سەرەتایەکی تایبەتی ھەیە کە بەندە بە چەند یاسایەکی گۆڕان و گەشەکردنەوە . ئەمەیش بەڵگەنە ویستەو ھەوێنی فەلسەفەیێکی تاقیکراوەیە. ئەدەبیش بەھەموو بەشەکانیەوە سەرەتاو کاتێکی دیاریکراوی ھەیەو لە خۆیەوە ئەم پلەو دۆخەی ئێستای وەرنەگرتووە ، بەڵام گەر قەڵەمی لێکۆڵینەوەو وردکردنەوەیێکی زانستیانە بژەنینە لاپەڕەکانی ئەدەبی کوردی و تاوتووی بابەتەکانی بکەین و لەڕوانگەی ھەڵسەنگاندن و توێژینەوەی پڕاوپڕی زانستیانەوە بۆی بڕوانین دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەرھەمی ئەدەبیمان تاکۆتای جەنگی یەکەمی جیھانی تێکڕا برێتیبووە لە شیعر و بابەتەکانی و بە چەشنی کاڵایێک بەباڵایا بڕابوو، ئەم سیمایەش وەنەبێ تەنھا مۆرکێکی تایبەتی بێ و بەئەدەبی کوردییەوە لکابێ، بەڵکو ئەدەبی عەرەبیش لە عێراقدا ھەمان دیاردە رووی تێ کردبوو. لەم بارەیەشەوە((چیرۆک نووسی عەرەب زەنون ئەیوب لەوباوەڕەدایە کە چیرۆکی نووسراوی عەرەبی لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە دەرکەوت و بەجۆرێکی رەخساو لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەکان کەوتە روو چونکە چیرۆک بە پێچەوانەی بەشەکانی تری ئەدەبەوە زیاتر لەناو ئەوگەلانەدا بایەخی پێدراوە کە زووتر دۆستایەتییان پەیداکرد لەگەڵ رۆژنامەو گۆڤار و ھونەری چاپ و بڵاوکردنەوەدا، ھەرنەتەوەیەکیش چاپەمەنی لەناویا گەشەی نەکردبێ و مەودای رۆشنبیرێتی ڕێگایێکی نەبڕیبێ ئەوە شتێکی ئاشکرایە کە چیرۆک بە ساوایی لەناویدا ژیاوەو پێشکەوتنی بەدەست نەھێناوە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی ھونەرەکە خۆی، چونکە چیرۆکی ھونەری وەک شیعر لەبەر ناکرێ و خولیاو تاسەیێکی دەروونی پێ نادرکێنرێ و سەرتاپا پێویستی بە نووسین و بڵاوکردنەوە ھەیە، جائەو نەتەوانەی کە درەنگ رویان کردووەتە چاپەمەنی و بایەخ پێدانی، ھەر بەو ڕەوشتەش چیرۆک لەگەڵ کاروانی ئەدەبدا بەرێ کەوتوە.
نەتەوەی کوردیش لەم لایەنەوە مێژەەیێکی دوور و بەرچاو روونی نییە. لە کوردستانی عێراقدا(یەکەم بڵاوکراوەی کوردی گۆڤاری بانگی کورد بوە کەلە دەورو بەری جەنگی یەکەمدا لەلایەن جەمالەددین بابانەوە بڵاوکرایەوەو بەھۆی تین سەندنی ئاگری جەنگیشەوە دوای چەند ژمارەیەکی کەم پەکی کەوت)جا ئاگردانی نەتەوەیەک لەرووی خوێندەواری و چاپەمەنییەوە ھێندە بی َتین بێ و ماوەیەکی درێژی تێ نەپەراندبێ لەم مەیانەدا چۆن چیرۆک لە زەوییەکەیدا سەوزدەبێ و بە خەمڵاوی دێتەبەرچاو؟ ئەمە جگەلەوەی کە ئەم ھونەرە بیرێکی فراوانی گەرەکەو ئەدەبی ھەر میللەتێکیش پێویستە پلەیەکی پێگەیشتن ببڕێت و خوێندەوارەکانیان رۆشنبیرییەکی بەربڵاویان ھەبێت تاکو چیرۆک بنجی داکوتێ و بە نەرمە بایێک ھەڵنەکێشرێت، بەڵاو دوای جەنگی جیھانی و ھەرەس ھێنانی دەزگای عوسمانییەکان نووسەرانی کورد ئاشنایەتییەکی سادەیان دەستگیر بوو لەگەڵ نووسینی چیرۆدا ، ئەوەیش زیاتر زەمینەیێکی رەخساوی ئامادەکردو تا رادەیێکی سنوور کورتیش پەلی بھاوێژێت جگە لە چاپەمەنی ھەستی بەسۆزی رۆشنبیرانی ئەو سەردەمەبوو کە زۆربەیان لەدەرەوەی وڵاتەوە گەڕابوونەوە .
بەدڵیش دەیانویست کە خوێندەواران بناسێنن بەم ھونەرە بەرزەی رۆژئاوا ، لەلایەکی ترەوە ھەوێنێکی بێ گەرد لەکایەدا بوو بۆ مەیینی چیرۆک کە برێتی بوو لەو چیرۆکە فۆلکلۆری و پارچە پەخشان و نووسینە کورتانەی کەلەو سەردەمەدا بڵاودەکرانەوە و سۆز و جۆشێکی تایبەتییان گرتبۆ خۆ.. کە ئەمانە سەرجەم بەشکاندنی رێچکەیەکی لەباری دەزانم بۆ دەرکەوتنی چیرۆک، بەتایبەتی ئەوگرەوەی کە لە ساڵی (١٩٢٠) دا(مێجەر سۆن) لە ڕێگای رۆژنامەی (پێشکەوتن) ەوە سازی کرد کە لەئەنجامدا(چەند قەڵەمێکی دەرکەوتووی ئەو سەردەمە بەشدارییان تێداکرد و پاداشتی خۆیان وەرگرت) کە بەم پێیە پەخشانی ھونەری لە بۆتەی ئەدەبی کوردیدا مەیی و بەچەشنی سەرمەشقێک بوو بۆ ھەڵدانی نۆبەرەی چیرۆک ، ئەم ھونەرە تازەیە لە ئەدەبەکەماندا لەشێوەی بیرکردنەوەی کەسانی چیرۆکەکان و روخسار و شێوەی داڕشتنیدا مۆرکێکی نەتەوایەتی پێوەلکاوە ھەرچەند لە بنەڕەتدا بەگشتی ھونەرێکی بەرزی ئەوروپییە.
لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگای کوردەواری بەھۆی کارتێکردنی سیمای شارستانییەت و دیاردە ئاشکراکانی وەک کارەبا رادیۆو تەلەگراف بەرنامەی ژیانی بەرەو چڕی و ئاڵۆزی رۆیشت کە پێویستی بەھۆیێکی تر بوو تا دەردی دەروونی دەرببڕێ و لە گیر و گرفتەکانی بکۆڵێتەوە کە لەوزەی شیعردا نەبوو بە تایبەتی کارتێکردنی ئابووری و بەتینکردنی پەیوەندی بە بازاڕی رۆژئاواوە.ئەم ھۆیانە سەرجەم لە سەرھەڵدانی چیرۆکدا دەورێکی باڵایان بینیوە کەلە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە بەماوەی دەساڵێک لە زەوی ئەدەبدا سەری دەرھێناو لە باوەشی رۆژنامەو گۆڤارە کوردیەکاندا دەستی کرد بەدارە دارە و خەبەرەبوون، بەڵام وەک راستییەکی مێژووی پێویستە ئەوەیش لە یاد نەکەین کە ئەم ھونەرە لەپێش ئەو سەردەمەیشەوە سێبەری بوەو لە شێوەیەکی سادەی پەندو ئەفسانەو حیکایەتی گوێ ئاگردان و بابەتە فۆلکلۆرییەکاندا خۆی نواندوەو سەرەتایشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی مێژووی ئەم نەتەوەیەو بە چەشنی ئەدەب و کەلەپوورێکی نەنووسراو دەدرێنە قەڵەم و ھەموونەتەوەیێکی زیندووی جیھانیش بەچاوێکی سەنگینەوە سەیری دەکەن و لە ئەرشیفی تایبەتی دا پەنجەی بایەخی بۆ رادەکێشن و بە سەرچاوەی یەکەمی ئەدەبی دەزانن، لەم بارەیەشەوە مەکسیم گۆرگی دەڵێ(لە رووی بەرھەمەوە یەکەم فەیلەسووف و شاعیر میللەت خۆیەتی، ھەرئەویش بەرھەم ھێنەر و خوڵقێنەری ئەو ھەموو ھۆنراوو داستانەیە کە لە کەلەپچەری جیھاندا ھەیە) کە ئەم دەستگرتن بە داوێنی فۆلکلۆرەوە ئەوەندەی تر نەتەوەکانی خستۆتە سەر بیرکردنەوەیەکی قووڵ و ھۆشمەندانە بۆ کۆکردنەوەو لەسەرنووسین و سوود لێوەرگرتنیان بۆ بە پێز کردنی بەرھەمی ئەدەبی.
کورد خاوەنی سامانێکی بەپیتی فۆلکلۆرە. ھەرچەندە تا ئێستا نووسەران خۆیان بۆ تەرخان نەکردووە و دەستی کۆکردنەوەو بژار و ھەڵسەنگاندنی کەمتر گەیشتۆتێ ، بەڵام دەتوانرێ کە پەنجە بکێشرێ بۆ چەند چیرۆکێکی فۆلکلۆری کەلەسەر بنەڕەتی ئازایی و دەروون پاکی و رەوشت بەرزی و گەیشتن بە ئاواتەوە رێک خراون،وەک (بەختیار و بەدبەخت) و (بەرگرد و فەرگرد) و(کچی شای پەریان) و (مەمێ و ئایشێ) و چەندانی تر کە وەک کەلەپوورێکی نەتەوایەتی تۆمارکراون و خوێندەوارانیش بەو باوەرە گەیشتون کە ئەم بەرھەمانە ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەرەستەی تاقیکردنەوەیانە لەسەردەمە دێرینەکانەوە، ھەر ئەم گرنگی و بە پێرییەش بوە کە نووسەر و رۆژھەڵات ناسەکانی جیھان تاڕادەیێک قەڵەمی ساغ کردنەوەو لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەم سامانەی کورد درێژکردووە.
یەکێکی وەکوو مینۆرسکی دەڵێ کە(لای ئاسوورییەکانی چیا، گۆرانی وتن و چیرۆکی کوردی گێڕانەوە بۆتە عادەتێکی گشت لایی)). لەلایەکی ترەوە (نیکیتین) رای وایە کە (ئەدەبی کوردی لە پلەی یەکەمدا فۆلکلۆری کوردییە، لەو فۆلکلۆرەدا ھەر تەنیا پاشماوەو میراتی نەوەو پشتەکانی پێشوو نابینرێ، بەڵکوو ئەمڕۆیش ئەو فۆلکلۆرە بەڵگەیە بۆ بەتوانایی لە ژیانداو بۆ رەنگینی ھێزی بەرھەم ھێنان). جانووسەرانی کورد کە بیری نووسینی چیرۆکیان کردوە جگە لە ھۆیەکانی پێشوو، وەنەبێ ھیچ جۆرە بناخەو کەرەستەییەک لەناودا نەبووبێ، بەڵکوو سامانی نەتەوایەتیمان و سەرتاپا فۆلکلۆر بە ھەموو بەشەکانیەوە وەک سەرچاوەیەکی رۆشن یاریدەدەر بوون و سەرەتایێکی دیاریین بە نیسبەت چیرۆکی کوردییەوە، بەرەبەرەیش بەرەو پێشکەوتن و خەمڵاندن ھەنگاوی ناوە. لەماوەی سەر ھەڵدانیشیەوە (واتا یەکەم چیرۆکی ھونەری نووسراو) بەچەند قۆناغێکی سەرەکیدا تێپەڕیوە کە ھەرقۆناخەیش ئاوێنەی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و مەتریاڵی سەردەمەکەیەتی و سروشت و شێوەو ناوەرۆکی جیاوازیان ھەیەو لەرووی ھونەریشەوە بە نووکە قەڵەمێکی درشت دەتوانرێ لەیەکتر جیابکرێنەوەو رادەی پێشکەوتنیان دەستنیشان بکرێت، وەک لەلاپەڕەکانی دوایدا بەبەڵگەو نموونەی چیرۆکەکانەوە تیشکێکی رەخنەو لێکۆڵینەوەیان ئاراستەدەکەین.
وەکوو بیرو باوەڕ گۆڕانی بەسەرادێت، گوزارشتیش بەو چەشنە ئەو دیمەنە وەر ئەگرێت.
کە ساڵی ١٩٧٨ گزنگی دا بابەتی تر ھاتە پەیدابوون، پەیدابوون و لەدایک بوونی بابەتی نوێ ئەکاتە کارێ کە جۆرە گوزارشتی تر بێتە ناوەوە، کە ئەو گوزارشتە لە پێشووترا نەبووە، وەیا دەگمەن ھەبووە، نەوەک گوزارشت بەڵکوو (وشە) ش ئەو دەورە ھەر ئەبینێ. لە زمانێکی وەکوو زمانی کوردیدا – بەوێنە- وشەکە وشەی کوردی خۆماڵییە، بەڵام بابەتێکی وا نەبووە کە ئەو وشەیە بەوجۆرە تیایا بەکار بھێنرێت.. ناوەرۆکی کتێبی ناوبراو داستان و بەسەرھات و پەیدابوونی. ھەندێ لەو چیرۆکانە کە لەنێوانی ساڵانی ١٩٢٥-١٩٦٢ دا ھەبوون باس ئەکا لەگەڵ ئەو گۆڕانەدا بەسەریانا ھاتووە، دیارە گۆرانەکە لەوەوە رووی داوە کە گەلێ ناتەواوی کۆمەڵایەتی و تەنگوچەڵەمەی رۆژانە پەیدابووە و ئەو چیرۆکانە باسی ئەوانە ئەکاو خاوەن پەخشان خۆیشی شیکردنەوەیەکیان ئەکات.
زەویەک گەڵاڵە ئەکرێ بۆ ئەوە شتی تیایا بچێنرێ، لە گەڵاڵە کردنیەوە تا ھاتنە بەرھەمەکە ماوەیەکی ئەوێ، ئەگەر زەویەکە بەپیت بوو، وەخزمەتی باش کرا،بێ گومان بەرھەمەکە بەرھەمێکی تەواو ئەبێ، ئەگەر وانەبوو وانابێ، نووسینیش چەشنی سەمەرەی ھەیە.
گەڵاڵەیەک لە دڵا پەیدا ئەبێ بۆ بابەتێک و پەنگ ئەخواتەوە، لە ئەنجاما دێتە بەرھەم و بابەتەکە بە نووسین دێتە ناوەوە. ئەمێنێتەوە سەر بەھێزی و بێ ھێزی بابەتەکە، ئەگەر ئەو بەھێز بوو بەرھەمەکە-کە نووسینەکەیە- نموودێکی دیاری ئەبێ، ئەگەر وانەبوو ئەمیش وانابێ، ھەموو کەسێکیش کە دەست ئەدا بە شتێکەوە لەباوەڕی خۆیا ئەو شتەو بەرھەمە شتێکی زۆر بەجێیە چونکە کەس بە دۆی خۆی نالێ ترش، بەڵام مەرجی بناغەیی ئەوەیە: ئەگەر ئەو بابەتە چیرۆک بوو ئەبێ لەناوجەرگەی کۆمەڵەکەوە دەرچووبێ، ئەگەر مێژوو بوو لە راستی مێژووەوە دەرچوبێ، ئەگەر عیلمێکی تر بوو لە ناخی ئەو عیلمەوە دەرچووبێ. ئەمە قانوونێکە بۆ ھەموو شت.
ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ رەوڕەوەی زمان زۆر شتی ھێنایە پێشەوە کەببێت بە سەرچاوەی خورپە بۆ رۆشنبیرانی کورد. یەکێک لەوانە بەرھەمی ناوبراوبوو کە خاوەنەکەی ئەو خورپەیە بۆھات بۆ ئەوە ئەو بەرھەمەی دروست بکا.ئەم پەخشانەی سەرەوە نموونەیەک بوو لە جۆری پەخشانەکەی کە گوزارشت لەو خورپەیە ئەداتەوە، بەتایبەتی لەڕووی رووخسارەوە کە لە روخساری بەرھەمی یکێکی تر ناکا: ئەبێ لێ نەکا چونکە جگە لەوە کە بابەتی یەکێکی تر بابەتێکی ترە، چەشەکەی ئەمیش چەشەیەکی ترە، ئەم چەشەیەیە کە گوزارشت دروست ئەکاو رستە پێکەوە ئەبەستێ.
ئەم کتێبەنموونەی پەخشانەکانی کوردییە بەپێی بەروژوور بوونەوەی مێژوویان. لەمەوە ئەوە دەرئەکەوی: کە لە ڕۆژی لەدایک بوونی ئەو نموونەیە چ جۆرە شتێک باوی ھەبووە و ؟ چ جۆرە مەفکوورەیەک لە گۆڕێ دا ھەبووە؟ لە چ سەردەمێکا ئەو پەخشانە خەمڵیوەو لە چ رۆژێکیا سیس بووە؟ چی بووە بە ھۆی ئەوە کە ئەو پەخشانە چووزەرە بکێشێ؟ ئەمانەمان ھەموو بۆ ئەوەیە کە مێژووی سبەینێ بزانێ ئیمڕۆی کورد چۆن بووە؟: ئەو کوردە کە خاوەنی پەخشان و نموونەکەیەکێکە لەو.
وەکوو ئەمە ئەڵێم ئەوەش ھەر ئەڵێم، کە لە خولی ساڵێکا وەنەبێ ھەر ئەوەندە پەخشان لەناو کورددا بوبێت. بەڵکوو گەلێ زیاتر بووە، بەڵام ئەوەی من ھێناومن ئەبن بە نموونە بۆ ھەموو ساڵەکە، چونکە لەو ساڵە، وەیا لەو گێژەدا ھەر جۆرە شتی وا لەئارادا ھەبووە، ئەمەی ئێرە نموونەی ئەوانەیە، وەکوو ئەڵێ : (مستێ نموونەی خەروارێکە ). کەوا بوو ئەم نموونەیە نموونەیەکە بۆ جۆری بیر و باوەڕ و گوزارشتی ئەو ڕۆژە کە داستان و چیرۆکەکانی شی کردۆتەوە.
سەرچاوە: عەلائەدین سەجادی، مێژووی پەخشانی کوردی، ھەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٠،ل٤٢٥-٤٣٠