جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «دیدارێک لەگەڵ شوكریه حه‌مه‌د ئه‌مین ڕواندزى»
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) |
Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) |
||
ھێڵی ١: | ھێڵی ١: | ||
ئامادەکردنی: '''[[محەمەد گۆران]]''' | ئامادەکردنی: '''[[محەمەد حوسێن شەریف (محەمەد گۆران)]]''' | ||
[[پەڕگە:860878445610458 .jpg|وێنۆک]] | |||
به هاوار كردنه‌وه به (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)م وت: "الانتخابات مزوره مزوره" | به هاوار كردنه‌وه به (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)م وت: "الانتخابات مزوره مزوره" | ||
ھێڵی ٢٠: | ھێڵی ٢١: | ||
هه‌ر له زۆر زووه‌وه كه چه‌وساندنه‌وه ده‌ستیپێكردووه به چه‌وساندنه‌وه‌ى ئافره‌ت بووه | هه‌ر له زۆر زووه‌وه كه چه‌وساندنه‌وه ده‌ستیپێكردووه به چه‌وساندنه‌وه‌ى ئافره‌ت بووه | ||
'''[[محەمەد گۆران]]''' | '''[[محەمەد حوسێن شەریف (محەمەد گۆران)]]''' | ||
مامۆستا شوكریه حه‌مه‌د ئه‌مین '''[[ڕواندز]]'''ى، ساڵى 1937 له '''[[ڕواندز]]''' له‌دایكبووه، ئه‌و له‌خێزانێكى قه‌ره‌باڵغ به‌ڵام هه‌بوون له‌دایكبووه، وه‌ك مامۆستا ئاماژه‌ى پێده‌كا ئه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى باوكى، فكرى چه‌پ و ماركسى لهمێشكى چه‌سپیوه. | مامۆستا شوكریه حه‌مه‌د ئه‌مین '''[[ڕواندز]]'''ى، ساڵى 1937 له '''[[ڕواندز]]''' له‌دایكبووه، ئه‌و له‌خێزانێكى قه‌ره‌باڵغ به‌ڵام هه‌بوون له‌دایكبووه، وه‌ك مامۆستا ئاماژه‌ى پێده‌كا ئه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى باوكى، فكرى چه‌پ و ماركسى لهمێشكى چه‌سپیوه. |
وەک پێداچوونەوەی ٠٩:٢٥، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
ئامادەکردنی: محەمەد حوسێن شەریف (محەمەد گۆران)
به هاوار كردنه‌وه به (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)م وت: "الانتخابات مزوره مزوره"
ئێستا ڕواندز وه‌ك گوندێكى سه‌ر به سۆرانى لێهاتووه، بێ ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزارى جێهێلدراوه
له شەقلاوە و سۆران و مێرگه‌سۆر و ڕواندز و چۆمان، یه‌كه‌م كچ بووم كه بوومه مامۆستا
ناسینى من له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م، له ڕێى حزب بوو، ئه‌و به حزبى گوتبوو ده‌مه‌وێ ژیانى هاوسه‌رى پێكبهێنم
له بیسته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا (حوسێن حوزنى موكریانى) چاپخانه‌ى له‌شارى (حه‌له‌ب)ه‌وه هێناوه‌ته ڕواندز و ڕۆژنامه‌ى (زارى كرمانجى) ده‌رچووه و ڕۆژنامه‌ى (زه‌ورا)ش كه له به‌غدا ده‌رچووه هاتۆته ڕواندز و خوێندراوه‌ته‌وه ڕواندز ئه‌و باجه قورسه‌ى كه ده‌یدا هى دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆیه‌تى
چوار به‌ندیخانه‌م بینیوه و ماوه‌ى پێنج ساڵ نه‌فى كراوم و پێنج ساڵیش له پیشه‌ى مامۆستایه‌تى فه‌سل كراوم
یه‌كه‌م قوتابی كچ بوومه له ڕواندز، دواى ته‌واوكردنى قۆناغى سه‌ره‌تایى، په‌ره‌م به‌خوێندن داوه و چوومه‌ته ناوه‌ندى
هۆكارى ئاستزمى ته‌له‌به‌ى ئێستا، ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه كه زوو هاته ناو كۆمه‌ڵگاى ئێمه به بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئاماده‌كارى بۆ كرابێ
هه‌ر له زۆر زووه‌وه كه چه‌وساندنه‌وه ده‌ستیپێكردووه به چه‌وساندنه‌وه‌ى ئافره‌ت بووه
محەمەد حوسێن شەریف (محەمەد گۆران)
مامۆستا شوكریه حه‌مه‌د ئه‌مین ڕواندزى، ساڵى 1937 له ڕواندز له‌دایكبووه، ئه‌و له‌خێزانێكى قه‌ره‌باڵغ به‌ڵام هه‌بوون له‌دایكبووه، وه‌ك مامۆستا ئاماژه‌ى پێده‌كا ئه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى باوكى، فكرى چه‌پ و ماركسى لهمێشكى چه‌سپیوه.
ئه‌و كچه‌ى شاره‌كه‌ى پاشاى گه‌وره كه پێى وایه له‌ئێستادا ڕواندز به‌كۆمه‌ڵێ هۆكار خه‌ریكه لهمێژووهكهى خۆى دای دهبڕێنن و ده‌یكه‌ن بهگوندێك له سۆران! یه‌كه‌م كچ بووه له ڕواندز قۆناغى سه‌ره‌تایى ته‌واوكردووه و بۆ خوێندنى ناوه‌ندى هاتۆته هەولێر و له‌سه‌ر قه‌ڵا به‌رده‌وامى به‌خوێندن داوه، جاره‌كى دیكه‌ش كه ناوه‌ندى ته‌واو ده‌كات، دیسانه‌وه یه‌كه‌م كچى شاره‌كه بووه چووه‌ته به‌غدا و له‌خانه‌ى مامۆستایان به‌رده‌وامى به‌خوێندن داوه.
مامۆستا شوكریه ده‌ڵێت: "له‌هه‌موو ناوچه‌كانى سه‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر، له شه‌قڵاوه و سۆران و مێرگه‌سۆر و ڕواندز و چۆمان، یه‌كه‌م كچ بووم كه بوومه مامۆستا". مامۆستا شوكریه له‌ساڵى 1962 كه ئه‌و كاته كچێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵ بووه، له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ى مامۆستایان له‌شارى به‌غدا، دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌ڕووى "عه‌بدوڵكه‌ریم قاسم" یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمارى عێراقدا هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت: "هه‌ڵبژاردنه‌كه پڕ لهتهزوویر بووه".
بۆ ئه‌م دیمانه‌یه‌ى دیوان، دووجار له‌گه‌ڵ مامۆستا (ئومێد پالانى) چووینه‌ته خزمه‌تى، جگه له‌وه‌ى ڕاشكاوانه وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه، زۆریش دڵخۆشبوو بهگۆڤارى دیوان، كه "به‌دواى ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌گه‌ڕێن، ڕۆژانێك ڕه‌نجى زۆریان كێشاوه تا ئه‌و ئه‌زموونه‌ى ئێستاى لێ به‌رهه‌م هاتووه".
سه‌ره‌تا با لهڕواندزهوه ده‌سپێكه‌ین: له‌به‌رچى به به‌راورد بهدهوروبهرهكهى، ڕواندز و خه‌ڵكه‌كه‌ى، تایبه‌تمه‌ندییه‌كى خۆى هه‌یه؟ ئێوه چۆن وه‌سفى ئه‌و شاره دێرین و میژووییه ده‌كه‌ن؟
تایبه‌تمه‌ندییه‌كه له‌زۆر ڕووه‌وه‌یه، ڕواندز شارێكى دێرینه، محه‌مه‌د پاشاى ڕواندز زیاتر لهسێسهد ساڵ پێش ئێستا حوكمى گێڕاوه و شاره‌كه پایته‌ختى میرنشینى سۆران بووه و سنوورى قه‌ڵمڕه‌وى پادشا و میرنشینهكهى یه‌كجار فراوان بووه، له‌سه‌ت ساڵى ڕابردوو و دواى هاتنى ئینگلیز، دیسانه‌وه ڕواندز مێژووهكى پرشنگدارى هه‌بووه، ماوه‌ك (سه‌ید ته‌هاى نه‌هرى) له‌وێ قائیمقام بوو. هه‌موو ئه‌مانه وایكردووه خه‌ڵكه‌كه‌ى وشیاربن. له‌زۆر زووه‌وه‌ش و هه‌ر لهبیستهكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا (حوسێن حوزنى موكریانى) چاپخانه‌ى له‌شارى (حه‌له‌ب)ه‌وه هێناوه‌ته ڕواندز و له‌و شاره ڕۆژنامه‌ى (زارى كرمانجى) ده‌رچووه و ڕۆژنامه‌ى شوێنانى دیكه‌ش وه‌ك (زه‌ورا) كه له‌به‌غدا ده‌رچووه هاتۆته ڕواندز و خوێندراوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى چلهكانیشدا به‌دیاریكراوى له‌ساڵى (1943)ه‌وه (عه‌لى مه‌كته‌به) كتێبخانه‌یه‌كى له‌ڕواندز داناوه و خوێنهرهكى زۆرى له‌ده‌ور كۆبۆته‌وه و ڕۆڵێكى چاكى هه‌بووه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ى وشیارى له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌ى ئه‌و كاته‌دا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه خه‌ڵكى ڕواندز هه‌ر زوو تێكه‌ڵ به‌كارى سیاسی و ڕێكخراوه‌یی بووه. حزبى هیوا له‌زووه‌وه ڕێكخستنى له‌ڕواندز هه‌بووه، ئینجا دواتر ئهحزابهكانى دیكه‌ش هاتن. ڕواندز پێشتر لهكاولۆكان بوو له‌خوارێ، له‌دواى هاتنى ڕووسه‌كان له‌جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى، له 1916 شاره‌كه وێران بوو و تێكدرا، ئینجا كه سه‌رله‌نوێ دروستكرایه‌وه، خه‌ڵكه‌كه شاره‌كه‌یان له‌سه‌رێ بنیات نایه‌وه و ئه‌وێ بووه ڕواندز و خواره‌وه‌ش بووه كاولۆكان.
به‌ڕاستى نازانم به‌زمان وه‌سفى ئه‌و شاره جوان و دێرینه بكه‌م، به‌تایبه‌ت ساڵانى چل و په‌نجا و شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو كه من تێدا ژیاوم و به‌چاوى خۆم دیمه‌ن و ڕووداوهكانیم بینیوه. ده‌توانم بڵێم: ڕواندز ئه‌و كاتى له‌هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ى ساڵ سه‌یرانگاكانى جمه‌ى ده‌هات، خه‌ڵكى به‌هه‌ر لایه‌كیدا ده‌ڕۆیشتن سرووشتى جوان و سه‌یرانگا بوو، به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى به‌هاراندا خه‌ڵك ده‌چوونه بێرۆ، گه‌لى عه‌لى به‌گ، جوندیان، به‌رزێوه، بانهزۆك، مێگر، سه‌رشاخان و مهلاسوشیا. ئه‌و خه‌ڵكه كاتێ ده‌چوونه سه‌یران، گه‌ڕه‌ك به‌گه‌ڕه‌ك و ماڵ به‌ماڵ به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌یان داده‌نا چۆن و به‌چى بچنه سه‌یران، هه‌ریه‌كه چ جۆره چێشتهك لێنێ و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیهێنێ.
ڕواندز به‌هۆى سرووشت و هه‌ڵكه‌وته‌ى شاره‌كه كه كه‌وتۆته نێوان دوو دۆڵى قووڵ و گه‌وره كه ئه‌وه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى خه‌ره‌ند و ئه‌وه‌ى ڕۆژئاواش گه‌لى ڕواندز یان گه‌لى خارهڕهشى پێى ده‌گوترێت، هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وته جوگرافیاكه‌ى كه له‌باكووره‌وه زنجیر چیاى زۆزك و حه‌سه‌ن به‌گ و برادۆست، له‌باشووره‌وه چیاى كۆڕه‌ك و ئارمووشه و بێجانییه، له‌ڕۆژهه‌ڵات هندرێن و دۆڵى باڵه‌كایه‌تى و له‌ڕۆژئاواش گردینهى باپشتیان و گۆره‌ز و چیاى به‌نى باڵه‌كیانه، ئه‌مه واى كردووه هه‌میشه جوان و ڕازاوه بێ.
ئه‌مه وه‌ك ڕابردوو و بووه مێژوو، به‌ڵام له‌ئێستادا ڕواندز بووه‌ته گه‌ڕه‌ك یان گونده‌كى سۆران، له‌كاتێكدا پێشتر دیانا (سۆران) گونده‌ك بووه له‌ڕواندز، له‌لایه‌كى دیكه‌وه زۆربه‌ى قه‌زاكانى كوردستان ئه‌گه‌ر زانكۆیه‌كى لێ نه‌بێت به‌ڵام كۆلێژهكى لێیه، ڕواندز له‌مه‌ش هیچى نییه. ئه‌م پاشهكهشهى ڕواندز هۆكاره‌كه‌ى له‌كوێوه‌یه؟
ئه‌م پاشه‌كشه‌یه له‌سه‌رده‌مى به‌عس به‌چڕى ده‌ستیپێكرد و سه‌دام ڕواندزى وێران كرد، ڕواندزى كرده (ناحیه‌ى عومه‌ر)، جاران سۆران و چۆمان و مێرگه‌سۆر له‌ڕووى ئیدارییه‌وه هه‌موویان بهڕواندز به‌سترابوونه‌وه، به‌عس (دیانا - سۆران)ى كرده (قه‌زاى سه‌دیق)، دواجار گه‌یشته ئه‌وه‌ى كه ئێستا ڕواندز وه‌ك گوندێكى سه‌ر بهسۆرانى لێهاتووه، بێ ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزارى جێهێلدراوه، تاڤگه‌ى بێخاڵ چه‌ند له‌ڕواندز نزیكه؟ ئاوه‌كه‌ى ڕاكێشراوه بۆ سۆران و باڵه‌كیان و شوێنانى دیكه، ڕواندزیش بێ ئاوه!
ئه‌گه‌ر ڕواندزییه‌كان به‌راورد بهكۆییهكان بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌وان زۆر خه‌مخۆرى شاره‌كه‌ى خۆیانن، به‌ڵام من ئه‌و خه‌مخۆرییه لهڕواندزییهكانهوه بۆ شاره‌كه‌یان نابینم. له‌ڕابردوو چه‌ند كه‌سانێكى وه‌ك مامۆستا زرار مسته‌فا هه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وانیش ڕۆیشتن و كه‌س نه‌هاته‌وه شوێنیان؟
كۆیه هه‌تا مهلاكانیشیان هێنده توندیان نه‌كرد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ى، كه‌سانى وه‌ك مه‌لاى گه‌وره دیاره كه چی‌یان بۆ شاره‌كه‌ى خۆیان كردووه، به‌ڵام له ڕواندز دوو بنه‌ماڵه‌ى شاره‌كه شه‌ڕیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كامیان ببنه گه‌وره و ئاغاى ڕواندزییان، به‌هۆى ئه‌مه‌وه ڕواندز زۆر بهپاشكهوت. پیاوهكى دیار و به‌ناوبانگى وه‌ك (ئیسماعیل به‌گ) كه لهبیستهكانهوه له‌په‌رله‌مانى به‌غدا نوێنه‌ر ڕواندز و هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بوو، به‌ڵام ئه‌وان كوشتیان.
دواى كۆتاهاتنى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى و هاتنى ئینگلیز بۆ ناوچه‌كه، ڕواندز تاكو ساڵانێك ده‌سه‌ڵاتى ئینگلیزى نه‌سه‌لماند و توورك له‌هه‌موو عێراق بهدهرنرابوون ته‌نها له‌ڕواندز نوێنه‌ره‌كه‌یان (ئۆزده‌میر) مابۆوه! پێتانوانییه كه باجى ئه‌و كاتانه‌یه ڕواندز بیداته‌وه؟!
ڕواندز له‌دواى سییه‌كان و چله‌كانى سه‌ده‌ى ڕابڕدووه‌وه بووه گۆڕه‌پانى حزبه‌كان كه به‌حزبى هیوا ده‌ستپێكرد، پاشان حزبى شیوعى و ئینجا پارتى، ئه‌مه بووه هۆى وشیاریى زیاترى خه‌ڵك، به‌ڵام ڕواندز ئه‌و باجه قورسه‌ى كه ده‌یدا هى دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆیه‌تى، له‌دواى هاتنى به‌عس دیسانه‌وه باجێكى دیكه‌ى دا. دواجار ڕواندز ئێستا بووه‌ته گوندێك به‌هه‌مووى بیست سیى ماڵى ڕه‌سه‌نى ڕواندزى لێ نه‌ماوه‌ته‌وه.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر خوێندن و مه‌كته‌ب. ئێوه یه‌كه‌م قوتابى كچ بوونه له‌ڕواندز كه پۆلى شه‌شى سه‌ره‌تایتان ته‌واو كردووه و هاتوونه‌ته هه‌ولێر، هاوكات هه‌ر یه‌كه‌م كچیش بوونه جاره‌كى دیكه لهڕواندزهوه چوونه‌ته به‌غدا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا،بۆ كچێك زۆر زه‌حمه‌ت بووه ڕواندز جێبێڵێ و به‌ته‌نها بچته هه‌ولێر و به‌غدا، له‌م سه‌ركێشى و تێپه‌ڕاندنه نه‌ریتیانه كێ هاوكار و پاڵپشتى سه‌ره‌كیت بوو؟
داكم ڕاسته ژنێكى نه‌خوێنده‌واربوو به‌ڵام زۆرى حه‌ز بهخوێندهوارى ده‌كرد، به‌منى ده‌گوت كچم وهمهكه بكهویهوه ماڵێ و بچى ده‌ست لهپیاوهكهى پان بكه‌یه‌وه هه‌تا درههمهك یان دینارهكت ده‌داتێ، بۆ خۆت خاوه‌نى پارهوپولى خۆتبه وهبى هه‌نده‌ك سه‌ربڵند بى.
من ساڵى 1948 سه‌ره‌تایم له‌ڕواندز ته‌واو كرد، قوتابخانه‌كه له‌ساڵى 1933ه‌وه هه‌بوو به‌ڵام به‌هۆى فتواى هه‌ندێ كۆلكه مه‌لا نه‌بووایه، زووتریش له‌و شاره خوێندن ده‌ستى پێ ده‌كرد. له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ى قوتابخانه‌كه‌ش دیسانه‌وه خوێندن بۆ كچان زۆر زه‌حمه‌ت بووه. من یه‌كه‌م قوتابی كچ بوومه كه دواى ته‌واوكردنى قۆناغى سه‌ره‌تایى، په‌ره‌م به‌خوێندن داوه و چوومه‌ته ناوه‌ندى، پێشه من كچه‌كان له‌دواى پۆلى سێ و چوار، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ى گه‌یشتوونه‌ته پێنج و شه‌شى سه‌ره‌تایى به‌ڵام دواتر چوونه‌ته‌وه ماڵ و دانیشتوونه، به‌ڵام دایكم گوتى هه‌ر ده‌بێ خوێندن ته‌واو بكه‌ى، ساڵى 1949 منى هێنایه هه‌ولێر و له‌ماڵى پوورم داینام، به‌مجۆره پۆلى یه‌كى ناوه‌ندیم له‌سه‌ر قه‌ڵات خوێند، ساڵى 1951 قوتابخانهكى تێكه‌ڵاو له‌ڕواندز كرایه‌وه، ئه‌وه بوو گه‌ڕامه‌وه ڕواندز له‌وێ له‌گه‌ڵ كوڕان دانیشتم و دوو و سێى ناوه‌ندیم ته‌واوكرد. ساڵى 1956 له‌به‌غدا خوێندنم ته‌واوكرد و بوومه یه‌كه‌م مامۆستاى ئافره‌ت له‌ڕواندز و شه‌قڵاوه و چۆمان و سۆران و هه‌موو ئه‌و ناوچانه، له‌هه‌مان قوتابخانه‌ى كه لێیشم خوێندبوو بوومه‌وه مامۆستا. دایكم ده‌ورى سه‌ره‌كى هه‌بوو لهناردنم لهڕواندزهوه بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام باوكم كه كه‌سێكى ڕۆشنبیر و زۆر كراوه بوو، كاته‌ك گه‌ڕامه‌وه و پۆلى سێیه‌مى ناوه‌ندیم له‌ڕواندز ته‌واو كرد، ئاماده‌یى له‌ڕواندز نه‌بوو تاكو قۆناغه‌كانى پاشتر ته‌واو بكه‌م، دایكم گوتى هه‌ر چۆنهك بێ ده‌بێ خوێندن ته‌واو بكه‌یت، ئه‌و كات له‌هه‌ولێرێ له‌ئاماده‌یى ته‌نها به‌شى وێژه‌یى هه‌بوو، منیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌زم له‌و به‌شه نه‌بوو ده‌مویست له‌به‌شى زانستى بخوێنم، كه ویستم بچمه به‌غدایێ بخوێنم، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه به‌ره‌نگارى باوكم بوونه‌وه، هه‌ر له‌خزمه‌وه بگره هه‌تا ئه‌هلى شارى، دهیانگوته باوكم عائیلهكى وه‌كو ئێوه، كچه‌ك له‌ته‌مه‌نى 16 ساڵى چۆن ده‌بێ به‌ته‌نها بنێردرێته به‌غدایێ، باوكم گوتى كچم واز بێنه، عالهمهكه زۆر لۆمه‌م ده‌كات، لۆ خۆت به‌چ خۆت خه‌ریك ده‌كه‌ى قه‌ینا به‌س مه‌چووه به‌غدایێ، به‌ڵام دیسانه‌وه داكم پێداگیرى كرد و گوتى هه‌ر ده‌بێ بخوێنێت.
ئه‌ى دواجار باوكت چۆن قه‌ناعه‌تى هێنا و ڕ‌ازى بوو كه بچیته به‌غدا؟
بۆ ته‌واوكردنى كاروباره‌كانى وه‌رگرتنم له‌خانه‌ى مامۆستایانى به‌غدا، ده‌بووایه باوكم بهڵێننامهیهكى به 300 دینارى عێراقى پڕ بكاته‌وه، ته‌نها كاره‌كه‌ش ئه‌و بۆى هه‌بوو بیكات، دایكم هه‌رچه‌نده هه‌بوون و پاره‌دار بوو به‌ڵام ئه‌و بۆى نه‌بوو به‌ڵێننامه‌كه پڕ بكاته‌وه چونكه ئافره‌ت بوو! ئه‌و نه‌یده‌توانى ئه‌و كاره بكات به‌هۆى ژن بوونه‌كه‌ى، باوكم ویستى ئه‌م هه‌له بقۆزێته‌وه و نه به‌ڵێننامه‌كه پڕ بكاته‌وه و نه ڕێگاى چوونه بهغداشم بدات، ئه‌وه‌ش دووباره بۆ من بۆوه گرفتێكى گه‌وره بۆ وه‌رگرتنم له‌خانه‌ى مامۆستایانى به‌غدا.
دایكم حاكم (یه‌عقوب یه‌عقوبى) كه حاكمێكى ڕواندزى بوو، ده‌ناسى. مرۆڤێكى پێشكه‌وتووخواز بوو، من و دایكم ڕۆژه‌ك پێكه‌وه چووینه لاى و دایكم گوتى كاروبارى شوكریهم ته‌واو كردووه و ده‌ینێرمه خانه‌ى مامۆستایانى به‌غدا، به‌ڵام پێویسته باوكى (تعهد)ى بۆ بكات، ئه‌ویش له‌شه‌رمى خه‌ڵكى دواكه‌وتوو ئاماده نییه كاره‌كه بكات و ڕه‌وانه‌ى به‌غداى بكه‌ین، ئینجا حاكم به‌دواى باوكمى نارد و پێى گوت ئه‌گه‌ر تۆ بۆى ناكه‌یت، من خۆم بۆى ده‌كه‌م. باوكیشم بهحاكمى وت من چه‌ندین (تعهد)م لاى ئێوه‌یه كه بۆ خه‌ڵكى هه‌ژار و دهستكورتى باڵهكایهتیم كردووه، ئیدى چۆن بۆ كچه‌كه‌ى خۆمى ناكه‌م به‌ڵام خه‌ڵكى زۆر سه‌رزه‌نشتم ده‌كه‌ن. حاكم پێى گوت مادام خۆت بڕوات بهخوێندهوارى و به‌ره‌وپێشچوونى كۆمه‌ڵ و یه‌كسانى نێوان كچ و كوڕ هه‌یه نابێ گوێ به‌و قسانه بدهیى و دڵنیاشم ڕۆژێك دادێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئێوه ده‌بێته مایه‌ى شانازى و ڕێخۆشكه‌ر بۆ كچانى دیكه‌ش و وه‌ك كه‌سێكى پێشه‌نگ ناوتان له‌ڕواندز ده‌هێندرێ. به‌مجۆره باوكم قه‌ناعه‌تى هات و بهڵێننامهكهى پڕ كرده‌وه.
له‌گه‌ڵ دایكم پێكه‌وه چووینه به‌غدا و داخوازیم پێشكه‌ش كرد و له‌خانه‌ى مامۆستایانى كچانى به‌غدا وه‌رگیرام، كه ئه‌مه‌ش بووه وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره له‌ژیانى مندا كه وه‌ك كچێك له‌و په‌ڕى چیاكانى سه‌رسنوور بۆ خوێندن بچێته شارێكى گه‌وره‌ى وه‌ك به‌غدا.
دواى من به‌پێنج ساڵ ئینجا سێ كچى دیكه بوونه مامۆستا، من به‌شانازییه‌وه بهستهڵهكهكهم شكاند، ئێستاش مایه‌ى خۆشحاڵیمه كه له‌ڕواندز ده‌یان كچ بووه‌ته پزیشك و ئه‌ندازیار و له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌رچاون. حه‌زده‌كه‌م باسى ئه‌وه بكه‌م كه بوومه مامۆستا و یه‌كه‌م دامه‌زراندنم كه هاتمه‌وه ڕواندز، یه‌كه‌م مووچه 30 دینارم وه‌رگرت، ئه‌وكات 30 مسقال زێڕى پێده‌هات. خه‌ڵكه‌كه كه ئه‌وه‌ى دیت خۆیشم هانى خه‌ڵكه‌كه‌م ده‌دا كه كچه‌كانیان بنێرنه قوتابخانه و ده‌مگوت با كۆلهوار نه‌بن، كچ بۆ له‌ماڵێ بكهویى و هه‌ر كه‌لوپه‌ل بشوات و منداڵ به‌خێو بكات، با ئه‌وانیش ده‌ستیان هه‌بێ له‌پێشكه‌وتن و خاوه‌ن پاره و ئابوورى خۆیان بن، ئیدى دواتر منيش بوومه هانده‌ره‌ك تاكو خه‌ڵك كچه‌كانیان بنێرنه مه‌كته‌ب.
ئێوه یه‌كه‌م دامه‌زراندنتان وه‌ك مامۆستا له‌ڕواندز بوو، دواتر چۆنبوو گواسترانه‌وه مه‌خموور، له‌سه‌ر ئاره‌زووى خۆتان بوو؟
نه‌خێر دووریانخستمه‌وه. له‌كۆتاییه‌كانى ساڵى 1956 هێرشى سێقۆڵى كرایه سه‌ر میسر و له‌هه‌موو شاره‌كانى عێراقدا ڕێپێوان و خۆپیشاندان كرا، لهڕواندزیش كرا و دایكوبابیشم به‌شدارییان كرد، منیش به به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌م گوت با ئێمه‌ش ته‌له‌به‌كان ببه‌ین و به‌شدارى بكه‌ین، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌مان مێردى نیمچه ئاغایه‌ك بوو، لێى كردمه كێشه و قائیمقامى ڕواندزى تێگه‌یاند كه من سیاسه‌ت له‌مه‌كته‌ب ده‌كه‌م، ئه‌وه بوو ساڵى 1957 منیان نه‌فى مه‌خموور كرد. به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى من هانى ته‌له‌به و مامۆستاكانم داوه و سیاسه‌تم له‌ناو قوتابخانه كردووه.
كاتێ چوویه مه‌خموور، ئه‌وێت چۆن بینى؟
چوومه مه‌خموور، به‌ڵام چ مه‌خموور؟ نه ئاو و نه كاره‌با و نه شوێنى نیشته‌جێبوونى هه‌بوو، مه‌خموور ئه‌و كات مه‌نفا بوو، هه‌ر له‌گه‌ڵ مندا قائیمقامى هەولێرێ نه‌فى بوو، حاكمێكى كه‌ركوكى نه‌فى بوو، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى قه‌راج نه‌فى بوو، مه‌خموور وه‌ك مه‌نفایه‌ك وابوو ئه‌وه‌ى عه‌قڵیان نه‌گرتبا بۆ ئه‌وێیان دوور ده‌خسته‌وه.
كاته‌ك چوومه مەخموور قوتابخانه‌كه سێ پۆلى بوو، پۆلى یه‌كه‌مى سه‌ره‌تایى له‌سه‌ر ته‌نه‌كه داده‌نیشتن، ساڵى دووه‌مم له‌وێ له 1958 كرامه به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كه، ئیداره‌م به‌ڕێوه ده‌برد و 31 به‌شه وانهشم هه‌فتانه ده‌گوته‌وه. دواتر شۆڕشى 14ى ته‌مووزى 1958ى به‌سه‌ردا هات. پاش مانه‌وه‌م بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ له مه‌خموور، له‌ساڵى 1957 تاكو 1960 ئينجا گواسترامه‌وه عه‌نكاوه و بوومه به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كه‌ى ئه‌وێ.
ئێوه سه‌رده‌مى پاشایه‌تى و سه‌رده‌مى كۆماریشتان بینى، به‌تایبه‌تى كه ئێوه له‌دواى 14ى ته‌ممووز و هاتنى (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) به‌فه‌رمى هاتنه نێو كارى ڕێكخراوه‌یى و ڕێكخستن، عه‌بدوڵكه‌ریم قاسم پیاوێكى چۆنبوو؟ ئایا قاسم كه‌سێكى دیمو‌كراتى بوو وه‌ك ده‌گوترێ؟!
من ده‌مه‌وێ بهنموویهك و گفتوگۆیه‌كى نێوان خۆم و قاسم وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ت بده‌مه‌وه، ئینجا دواتر ئێوه بڕیار بده‌ن كه‌وا كه‌سێكى چۆن بووه.
ساڵى 1962 هه‌ڵبژاردنى مامۆستایان له‌هه‌موو عێراقدا ئه‌نجام درا.
له هه‌ولێر ئێمه وه‌ك لیستى پیشه‌یى لێژنهكى باڵامان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پێكهێنا، له‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستایه‌كى به‌توانا كه ژماره‌مان 25 ده‌بوو لیستێكمان دروستكرد. له‌و لیسته سێ ژن هه‌بوون، من و مامۆستا (سه‌بریه)، له‌گه‌ڵ مامۆستا (نه‌سرین ڕه‌شید نامیق) كه سه‌ر بهپارتى بوو، چونكه لیسته‌كه ئیتلافى بوو و شۆڕشى كوردیش تازه ده‌ستپێكردبوو، پاش هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌ڕاى هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن و به‌ربه‌ستى زۆر، ئێمه لیستى پیشه‌یى له‌سێ پارێزگا (هه‌ولێر – سلێمانى – عماره) به‌رامبه‌ر به 11 لیستى پیاوانى ئه‌من و موخابه‌رات و كۆنه‌په‌رستان وه‌ستا بووین، ئینجا لیسته‌كه‌ى ئێمه زیاتر له‌هه‌زار ده‌نگى هێنا، لیستى (بێلایه‌ن) كه لیستى حكومه‌ت بوو و پێكهاتبوو له‌پیاوانى ئه‌من و كۆنه‌په‌رستان به‌هه‌موو هێز و زه‌بر و زه‌نگى خۆیان ته‌نها 103 ده‌نگیان هێنا.
له‌مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى كۆنگره‌دا له‌هۆلى گه‌ل له‌به‌غدا (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) وتهكى پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه هه‌ڵبژاردنه‌كه زۆر ئازادانه بووه، ئه‌وسا لێژنه‌ى هه‌ولێر وتیان ئێوه ژنه‌كان بۆى ڕوون بكه‌نه‌وه كه وا نییه، دوو ئه‌ندامه‌كه‌ى دیكه ئاره‌زووى قسه‌یان نه‌بوو، بۆیه من هه‌ستام و وتم: "هه‌ڵبژاردنه‌كان ئازاد نه‌بوون، پاك نه‌بوون و ساخته بوون، له‌زۆربه‌ى ناوچه‌كاندا هێرش كراوه‌ته سه‌ر مامۆستایان و دوور خراونه‌ته‌وه، لێیان دراوه و به‌ند كراون و سوكایه‌تیان پێكراوه"، ئینجا به‌هاوار كردنه‌وه وتم: "الانتخابات مزوره مزوره". لێره‌دا بووه هه‌را و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب هه‌تا له‌ته‌له‌فزیۆن ته‌نها گرته‌ى یه‌كه‌مى نیشاندا و قسه‌كانى دیكه‌ى بڕى.
دوو سێ له‌مامۆستایانى سه‌ر بهلیستهكانى دیكه كه موسڵاوى و كه‌ركوكى بوون و له‌پێش ئێمه‌وه دانیشتبوون، ویستیان په‌لارم بده‌ن، به‌ڵام عه‌بدوڵكه‌ریم قاسم وتى: "واز له‌و خوشكه بهێنن با قسه بكات، ئه‌مه‌یه دیمو‌كراتى". ئێمه لهئامادهبوونى كۆنگره‌كه‌دا سێ ژنى ئه‌ندام بووین، یه‌كێكى دیكه‌شمان (گه‌لاوێژ ڕه‌شید) وه‌ك میوان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو، پاش ته‌واوبوونى مه‌راسیمى كۆنگره بۆ دابه‌شبوون به‌سه‌ر لیژنه‌كاندا چوونمه هۆڵى (امانه العاصمه)، پیاوانى ئه‌من به‌دواى ئه‌و كه‌سه‌دا گه‌ڕابوون كه قسه‌ى به (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) بڕی بوو، به‌ڵام كه سێیانمان مابووینه‌وه، وایانزانى بوو ئه‌وه‌ى نه‌هاتووه ئه‌و كه‌سه بووه كه قسه‌كانى كردووه!
دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕواندز و ناوچه‌یه‌كى شاخاوى، هاتییه مه‌خموور و ده‌شتى هه‌ولێر، دواتريش شووت بهكوڕێكى شیوعى له‌گوندى قورشاغلو كرد، كاتێ كه‌وتیه به‌راوردكارى له‌نێوان ڕواندز و ده‌شتى هه‌ولێر، چ شتێك زۆر سه‌رنجى ڕاكێشاى؟ مه‌رجى ئێوه بۆ هاوسه‌رگیرى چ بوو؟
به‌گشتى خێزانه شیوعییه‌كانى ده‌شتى هه‌ولێر، ئه‌وانه‌ى كه سیاسى بوون، ژنه‌كانیان زۆر ڕۆشنبیرتر بوون له‌و ژنانه‌ى كه ئێستا مامۆستا و دكتۆرن، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو ژنه‌كان هه‌میشه چاوێرى ده‌ره‌وه‌ى ماڵیان ده‌كرد به‌تایبه‌ت له‌كاتى كۆبوونه‌وه‌ى پیاوه‌كان، به‌مه‌ش گوێیان له‌ناوه‌رۆكى هه‌موو قسه‌كان ده‌بوو، له‌بوارى ڕ‌ۆشنبیرى و چینایه‌تى و جیاوازى ڕه‌گه‌زى، ئه‌مه واى كردبوو ئاستى وشیاریان زۆر له‌پێش بێت. جا من چه‌ندین خێزانى وه‌هام بینى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ شتى دیكه‌ش هه‌بوو، له‌وانه: زۆرجار له‌هاوسه‌ره‌كه‌ى منیان ده‌پرسى، ژنه‌كه‌ت بندیانه یان بێگانه‌یه؟ چونكه ئه‌و لهعهشیرهتى بندیان بوو، بێگومان ئه‌وه سیفه‌تى عه‌شایرییه، بێگومان جیاوازی دیكه‌ش زۆره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مانیش ناهه‌ق نه‌بوون، ڕه‌نجیان بۆ ئاغا بوو، ساڵێ ئه‌و هه‌موو ماندوویوونهیان ده‌كرد دواجار حسابكه وه‌ك نان و زگ ده‌ژیان، هه‌تاكو دواى 14ى تهمووز و شۆڕشى فه‌لاحى، ئینجا ورده ورده بوژانه‌وه، بۆیه منیش ناهه‌قیان ناگرم.
ناسینهكهى منیش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م، له‌ڕێى حزب بوو، ئه‌و به‌حزبى گوتبوو ده‌مه‌وێ ژیانى هاوسه‌رى پێكبهێنم، چونكه داكوباوكى ئه‌و جوتیار بوون، ئه‌ویش كۆلێژى ته‌واو كردبوو و حه‌زى كردووه ژنهكى خوێنده‌وار بكاته هاوسه‌رى و هه‌ندێك له‌و ژیانه‌ى پێشتر جودا بێ، بۆیه به‌حزبى وتبوو من ناتوانم بگه‌مه ئه‌و خێزانانه‌ى كچى خوێنده‌واریان هه‌یه و ماڵى باوكم بنێرم بۆ خوازبێنى و بۆم هه‌ڵبژێرن، جا ئێمه هه‌ردووكمان به‌و شێوه‌یه و له‌ڕێى حزب له‌هه‌ولێر یه‌كترمان ناسى.
به‌س من گوتم دهبى بچیه ڕواندز و باوكم و برام ببینى و قسه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش بكه‌ى، چونكه من نه خۆیى و نه خێزانهكهیم نه‌ده‌ناسى، ڕاسته حزب وتى كوڕه‌كى باشه و شایسته‌یه، به‌ڵام پێویستبوو خۆیشم هه‌ندێك شتم له‌سه‌ر زانیبا. هه‌ر زوو پێشمگوت كه من تێكه‌ڵ به‌كارى حزبى و سیاسى بوومه و ئیدى شهوبێ ڕۆژبێ كه ئه‌ركێك بهمن ڕا‌سپێردرا ده‌رده‌چم، چونكه ڕاسته زۆر كه‌س بیروباوه‌ڕى شیوعیشى هه‌یه به‌س قبووڵ ناكا ژنه‌كه‌ى بچێته كۆڕ و كۆبوونهوان، جا وتم با له‌ئێستاوه ئه‌و شتانه ببڕێنینه‌وه.
ئێوه ساڵانێكى زۆر مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه بووینه، به‌بۆچوونى ئێوه هۆكار چییه كه قوتابى ئه‌وكات هێنده ئاستبه‌رز بوون له‌فێربوونى زمان و زانیاریى گشتى، به‌ڵام ته‌له‌به‌ى ئێستا به‌به‌راورد به‌و كاتى ئاستیان زۆر نزمه؟
به‌پله‌ى یه‌كه‌م: هۆكاره‌كه‌ى (مه‌نهه‌ج، مامۆستا، دایكوباب)ه. من له‌ناوه‌ندى ڕواندز ده‌مخوێند، خه‌ڵك له‌دیانا كه ئێستا سۆرانى پێده‌گوترێت، لهباڵهكیان، لهباپشتیان، جوندیان، سبیانان تاریكوڕوون سه‌عات چوار له‌وێڕا به‌پێیان ده‌هاتن، كۆلهپشتیان هه‌بوو كتێب و پێخۆریان تێده‌كرد، هه‌ندێ ڕۆژ كه ده‌گه‌یشتن تۆپه بهفرهكیان له‌سه‌ر كه‌تبوو. دوو ده‌وام بووین، له‌هه‌شت تاكو دوانزه دهوامهك ئه‌وه‌ى دیكه‌ش له‌دوو تاكو چوار بوو، له‌نێوان دوانزه بۆ دوو، هه‌ر له‌ناو مه‌كته‌ب ته‌له‌به‌كان نیوه‌ڕۆیان نانێكى بهوشكیان ده‌خوارد، دواى ده‌وام سه‌عات چوار دیسان به‌پێ ده‌گه‌ڕانه‌وه. سه‌ره‌تا خوێندن بۆ كچان نه‌بوو به‌ڵام پاشى كه مه‌كته‌بى ناوه‌ندى و ئاماده‌یى كرایه‌وه ئینجا خه‌ڵك كچیشیان نارد.
جا ئه‌وكات خه‌ڵك زۆر حه‌زیان به‌خوێندن و فێربوون ده‌كرد، هۆكاره‌كه‌ش زیاتر ئه‌وه بوو جاران چ ئیشهك نه‌بوو مرۆڤ بیكات، به‌ڵام كاته‌ك بڕوانامه‌ت وه‌رده‌گرت، ده‌بوویه مامۆستا یان فه‌رمانبه‌ر و ده‌ستت لهئیشهك گیر ده‌بوو. له‌ڕواندز ڕیزه دوانهك هه‌بوو و ته‌واو، كارى دیكه نه‌بوو، ته‌نانه‌ت لهدهشتیش، له‌مه‌خموور كه من له‌وێ بووم، حه‌وت ساڵ نه‌هات بوو، منداڵ بهجلكى دڕاى ده‌هاتنه مه‌كته‌ب. هۆكارى ئاستزمى ته‌له‌به‌ى ئێستا به‌به‌روارد به‌و كاتى، بهبڕواى من، ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه كه زوو هاته ناو كۆمه‌ڵگاى ئێمه به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئاماده‌كارى بۆ كرابێ. ده‌بینى منداڵه و هێشتا ساوایه، مۆبایلهكى له‌ده‌سته. هۆكارێكى دیكه ئه‌وه‌یه ئێستا كه خوێندیش ته‌واو ده‌كه‌ى دانامهزرێى، ته‌له‌به هه‌یه حه‌وت ساڵه ته‌واوى كردووه و دانه‌مه‌زراوه، جا ئه‌وانه‌ى خواره‌وه‌ى وان كاتێك گه‌وره‌كان ده‌بینن دانامه‌زرێن، ده‌ڵێن ئێمه بۆچى بخوێنین، ئه‌مه وا ده‌كا وره‌ى ته‌له‌به دابه‌زێ و حه‌زى بۆ فێربوون و خوێندن نه‌بێ.
ئه‌ى جیاوازى مامۆستاى ئه‌و كات و ئێستا چۆن ده‌بینى؟
ئێمه ئه‌و كاته‌ى له‌خانه‌ى مامۆستایان له‌به‌غدا ده‌مانخوێند، مامۆستاكانمان زۆر زیره‌ك و زانا پڕ زانست و په‌روه‌رده و هونه‌ر و وه‌رزشى بوون.
هه‌ر مامۆستایه‌ك به‌لاى كه‌مى دوو بڕوانامه‌ى هه‌بوو، وه‌ك مامۆستا (له‌میعه عه‌باس عماره) كه شاعیرهكى به‌ناوبانگه، (نازك ئه‌لمه‌لائیكه) ئه‌ويش شاعیرهكى به‌ناوبانگ بوو، (مه‌ئارب عه‌لى) بلیمه‌ت بوو له‌زمانى عه‌ره‌بى، (مهعانى ئه‌لعانى) و (رنیه ئاكره‌یى، جوزهنین ئاكره‌یى، له‌میا عه‌لى كه‌مال، ناهیده ڕه‌فیق حلمى) و زۆر مامۆستاى بلیمه‌تى دیكه بوون.
مامۆستاكانمان هه‌تا فێریان ده‌كردین چۆن جلك له‌به‌ركه‌ین، كو نان بخۆین و بچینه گه‌ڕانێ، كو دۆست بگرین، هه‌موو شتهكیان پێده‌گوتین، قوتابییان ده‌كرده كه‌سێكى ئاماده‌كراو بۆ بواره‌كه‌ى خۆى، به‌ڵام ئێستا هه‌مووى بۆته واسیته و واسیتهكارى، ئایا چ بوارهكیان بۆ مامۆستا داناوه؟ كوا هه‌ڵسه‌نگاندنى مامۆستا؟ حزبایه‌تى ته‌سك هه‌موو پێوه‌ره‌كانى تێكدا.
ئێوه له‌ژێر كاریگه‌رى كێ فكرى شیوعیتان وه‌رگرت؟
من له‌ژێر كاریگه‌رى باوكم و ئینجا كه‌شوهه‌واى سیاسى ڕواندزیش به‌خۆى، بوومه شیوعى، هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمدا له‌قۆناغى سه‌ره‌تایى، قوتابییان ده‌هێنایه مه‌كته‌ب و تاقیكردنه‌وه‌ى شه‌شى به‌ده‌ست كهلهپچهكراوى ده‌دایه‌وه ئه‌وه له‌ساڵى 1948دا.
ڕاسته باوكم نه‌خوێنده‌وار و نازناوى دێوانه‌ى هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام فكرێكى زۆر كراوه‌ى هه‌بوو، گوتى هه‌موو ئه‌وه‌ى هه‌یه تاقیمكرده‌وه ده‌رچوو هیچى بۆ میلله‌ته‌كه‌ى نییه، هه‌ر چه‌ند ئێمه خاوه‌ن موڵكین و گوندمان هه‌یه به‌س گونده‌كه‌ى باوكم ئیشتراكى بوو و به‌روبوومه‌كه‌ى دابه‌شى سه‌ر هه‌مووان ده‌كرد، ئاغا ده‌هات ده‌یگوت چوار ته‌نه‌كه گه‌نمم بدێ بۆ مه‌لاى چوارى دیكه بۆ فڵانى و بیست ته‌نه‌كه بۆ ئاغاى، ئه‌ى باشه سه‌پانه‌كان چی‌یان بۆ ده‌مێنێته‌وه؟! جا لێره‌دا باوكم فكرى شیوعى وه‌رگرت له‌پێناو نه‌هێشتنى چه‌وسانه‌وه و جیاوازى چینایه‌تى، ئه‌و فكره‌ى هه‌ڵبژارد و پێى په‌سه‌ندتر بوو لهبیروباوهڕاكانى دیكه‌ى ئه‌و كاته.
ئێوه له‌ناو حزب زیاتر كارتان له‌سه‌ر چینایه‌تى ده‌كرد، یاخود له‌سه‌ر مافى ژن؟
نه‌خێر ئیشم له‌سه‌ر مافى ژن و له‌چوارچێوه‌ى ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر چینایه‌تى ده‌كرد. هه‌وڵمان زیاتر بۆ ئه‌وه بوو ئه‌و جیاوازییه زۆره له‌نێوان ژن و پیاودا نه‌بێ، له‌بنه‌ڕه‌تدا ژن و پیاو ته‌واوكه‌رى یه‌كترن، به‌ڵام نابێ پیاو ببێته زلهێزهك هه‌موو فه‌رمانه‌ك به‌سه‌ر ژنه‌كه‌دا بدات، وه‌كو ئازادى چوونه ده‌ره‌وه و پۆشینى جلوبه‌رگ و زۆر كاروبارى دیكه كه ده‌بێ جۆره‌ك له‌سه‌ربه‌خۆیى خۆى هه‌بێت.
پێتانوانییه كه هه‌ر له‌به‌ره‌به‌یانى مێژوو و پێش سومهرییهكانیش، هه‌موو سیسته‌مه‌كان كاریان له‌سه‌ر به‌كۆیله‌كردنى ژن كردووه، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى مرۆڤ فێرى ڕاوشكار و كشتوكاڵ بوو و به‌رهه‌مى له‌پێداویستى خۆى زیاتر بوو، ئیدى پیاو ده‌ستى به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه و ژنهكهشدا گرت. له‌ئێستاشدا سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى له‌سه‌ر هه‌مان نه‌خشه‌ڕێگا كار له‌سه‌ر به‌كۆیله‌كردنى ژن ده‌كات. بۆیه له‌هیچ شوێنه‌ك یه‌كسانى له‌نێوان ژن و پیاودا نییه؟!
به‌ڵێ زۆر ڕاسته. هه‌موو سیسته‌مه‌كان هه‌ر له‌زۆر زووه‌وه كه چه‌وساندنه‌وه ده‌ستیپێكردووه بهچهوساندنهوهى ئافره‌ت بووه، ژن خرانه ماڵه‌وه و ئه‌ركیان قورس‌تر كرا و پیاو بووه زڵهێزهك به‌سه‌ر ژن‌دا. ئێستا له‌ناو زۆربه‌ى عه‌شیره‌ته‌كاندا هه‌مان سیسته‌مه و ژن كۆیله‌یه و هیچ مافێكى نییه، پیاو چه‌ند ژنه‌ك ده‌هێنێ و له‌ناو عه‌ره‌بان هه‌تا نۆ ژن ده‌ڕوات. بۆیه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى گه ئه‌گه‌ر زانست و ڕ‌ۆشنبیرى له‌هه‌ر شوێنه‌ك هه‌بێت، جیاوازى چینایه‌تى كه‌متر ده‌بێته‌وه و ژن و پیاویش ده‌بنه ته‌واوكه‌رى یه‌كترى.
دواى نزیكه‌ى حه‌فتا ساڵ لهئاشنابوو و خهباتكردنت له‌ناو شیوعى، هیچ لهبۆچوونهكانت سه‌باره‌ت به‌حزب گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه؟
نه‌خێر. هه‌ر كه‌سه‌ك كه شیوعى بیت و له‌و به‌رنامه‌ى دهرچووبیت شیوعى نییه، شیوعییه‌ت به‌رنامه‌یه‌كى پێشكه‌وتووه، ساڵى 1934 كه حزب درووستبوو داواى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانى كردووه، بۆیه من ئێستاش له‌سه‌ر هه‌مان بیروباوه‌رى جاران و ئه‌و ڕۆژه‌ى بوویمه شیوعى، ماوم.
به‌هۆى هه‌ڵوێست و بیروباوه‌ڕى شیوعێتى چه‌ندینجار به‌ند كراون، كام جاره له‌هه‌موویان ناخۆشتر بووه به‌لاتانه‌وه؟
ساڵى 1962 بوو، ئه‌ویش دواى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌ى حزبى شیوعى بوو له‌پێناو ئاشتى له‌كوردستان و چه‌ند داواكارییهكى دیكه‌ى ڕه‌وا بۆ ژیانى خه‌ڵك.
له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا توانرا 20 هه‌زار واژۆ كۆبكرێته‌وه، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ى ناردنى لیستى ناو و واژۆكان بۆ شارى کەرکووک، له‌خاڵى پشكنین لیستى ناوه‌كان و ئه‌و هاوڕێیه‌ى ده‌یوست بیگه‌یه‌نێ، ده‌سگیركران و ڕه‌وانه‌ى ئه‌منى هه‌ولێر كران. بهماوهكى كه‌م دواى ئه‌وه، ئه‌منى هه‌ولێر (375)ى كه‌سى له‌وانه‌ى واژۆیان كردبوو ده‌سگیركرد. من ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى عه‌نكاوه‌ى كچان بووم و یه‌كێ بووم له‌و 375 كه‌سه ده‌سگیركراوه. كه‌سێكى ناسراویش بووم به‌تایبه‌ت له‌لاى پارێزگارى ئه‌و كاتى هه‌ولێر (به‌دره‌دین عه‌لى) چونكه به‌ر له‌وه‌ى ببێته پارێزگار، ئه‌و له ڕواندز قائیمقام بوو و ئاگادارى جموجۆڵ و چالاكى سیاسیى و كارى ڕێكخراوه‌یى من بوو، بۆیه زۆر ڕقى لێم بوو. هه‌ر بۆیه‌ش (به‌دره‌دین عه‌لى) منى خستبووه ژێر چاوهدێرى و به‌ئاشكرابوونى ئه‌و ناو و واژۆیانه، به‌ڵگه‌یه‌كى باشى له‌سه‌ر من ده‌سكه‌وت.
چۆنیه‌تى ده‌سگیركردن و مامه‌ڵه‌ى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چۆن بوو؟
ڕۆژى 12ى 5ى 1962 له‌ناو قوتابخانه‌ى عه‌نكاوه‌ى كچان له‌كاتى ده‌وامى ئاسایى ڕۆژانه‌ى خۆمدا بووم، پۆلیسێك به‌دوامدا هات و له‌بنكه‌ى پۆلیسى عه‌نكاوه دهسگیركرام و ڕه‌وانه‌ى ئه‌منى هه‌ولێر كرام كه له‌شوێنى بینایه‌ى پارێزگاى ئێستاى هه‌ولێر بوو، له‌ژوورى لێكۆڵینه‌وه، لێكۆڵه‌ره‌كه چه‌ند لیستێكى ده‌رهێنا و دایه ده‌ستم، لیسته‌كه ناو و ئیمزاى پێوه بوو، په‌نجه‌ى درێژكرد و وتى ئه‌وه ئیمزاى تۆیه؟ وتم به‌ڵێ. نه‌متوانى نكۆڵى لێ بكه‌م.
وتى بۆچى ئیمزات كردووه؟ وتم وه‌ك كچه كوردێك داواكارییه‌كانم پێ ڕه‌وا بوون و كه‌سیش نییه ئاشتى نه‌وێت و پێى خۆش نه‌بێت. وتى ئه‌ى ئه‌و ناوانه‌ى له‌گه‌ڵ تۆ ئیمزایان كردووه، ده‌یانناسى؟ وتم نه‌خێر! وتى مامۆستاى خۆتن! دووباره وه‌ڵامم دایه‌وه و وتم نه‌خێر نایانناسم چونكه ئه‌و ناوانه له‌عه‌نكاوه زۆرن.
پاشان له‌گه‌ڵ ئه‌منێك، منیان نارده لاى حاكمى ته‌حقیق (ئیبراهیم دزه‌یى)، كه چوومه ژووره‌وه هه‌مان پیاوى لێكۆڵه‌ر له‌وێ بوو، دووباره لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا كردمه‌وه. پێش ئه‌وه‌ى دادوه‌ر قسه‌م له‌گه‌ڵدا بكات، لێكۆڵه‌ره‌كه ته‌له‌فۆنێكى بۆ هات، دواتر زانیم مفه‌وه‌زى ئه‌منه و هه‌ر ده‌یگوت "نعم باشا، تومر باشا" ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى دایه ده‌ست حاكم، ئه‌ویش زۆر به‌ته‌وسه‌وه ده‌یگوت "نعم باشا"، ئینجا دواى ته‌له‌فۆنه‌كه حاكم وتى بۆچى ئه‌م ئیمزایانهت كۆكردۆته‌وه نازانى قه‌ده‌غه‌یه؟ وتم نه‌خێر، چونكه بۆ ئاشتییه له‌كوردستاندا، منیش وه‌ك كچه كوردێك داواكارییه‌كانم زۆر پێ ڕه‌وا بوون بۆیه ئیمزام كرد. حاكم گوتى تۆ ئیمزاكانت كۆكردیته‌وه و شاهێدت له‌سه‌ر هه‌یه كه به‌په‌چه و عه‌با بوویى و پێڵاوهكى لاستیكت له‌پێ بووه له‌گه‌ڕه‌كه‌كان ئیمزات كۆكردیته‌وه.
منیش وتم ئه‌گه‌ر من بوومه، ئه‌ى بۆچى ئه‌وكات ده‌سگیرتان نه‌ده‌كردم؟ ئه‌وجاره حاكم وتى ئه‌ى باشه كێ بۆى هێناى تهوقیع بكه‌ى؟ وتم ڕۆژێكى هه‌ینى له‌ماڵه‌وه بووم، (ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌رى مه‌كته‌بى عه‌نكاوه بووم) ژنێك هات و وتى ئه‌و یاداشته‌م بۆ ئیمزا بكه، با چیدى مێرد و كوڕ و برامان نه‌كوژرێ، منیش وه‌كو كچه كوردێك كه خوێندمه‌وه زۆرم پێ ڕه‌وا بوو، چونكه كه‌س نییه له‌دنیا ئاشتى نه‌وێت، بۆیه ئیمزام كرد. حاكم وتى ژنه‌كه ده‌ناسیته‌وه؟ وتم به‌ڵێ! چونكه دڵنیا بووم كه خۆم بووم و زۆر لهئیمزاكانم كۆكردبۆوه!
حاكم ناوى زۆر له‌مامۆستایانى دۆست و خزم و هاوڕێیانى هێنا، وتى ئه‌گه‌ر ناوى چه‌ند كه‌سێك له‌وانه‌ى واژۆیان كردووه پێم نه‌ڵێى بڕیارى گرتنت ده‌ده‌م. وتم ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌زانم مامۆستان به‌ڵام ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ كه‌سیان نییه، ئینجا یه‌كسه‌ر وتى ئه‌و 13 ڕۆژ تهوقیفت ده‌كه‌م، هه‌تاوه‌كو ناوى چه‌ند ئافرهتێكیشمان پێ نه‌ڵێیت، له‌سجن ده‌رناچى و هه‌موو سجنهكانى عێراقت پێده‌كه‌م. دواى ئه‌وه منیان برده سه‌راى هه‌ولێر و ئه‌وكات زانیم كه له‌گه‌ڵ مندا ئه‌و هه‌موو هاوڕێیانه‌ى حزب ده‌سگیركراون.
ئه‌و كاتانه به‌ندكراوى ئافره‌ت له‌ناو زیندانه‌كاندا به‌ژماره كه‌م بوونه، هه‌ستتان به‌هیچ جیاكارییه‌ك له‌گه‌ڵ زیندانییه پیاوه‌كاندا ده‌كرد؟
له سجنى هه‌ولێر شوێنى ژنانیان نه‌بوو، ژووری نووسه‌رێكى پۆلیسیان بۆ چۆل كردین، من و دوو ئافره‌تى دیكه كه سجنى سیاسى نه‌بوون پێكه‌وه دانرا بووین، یه‌كێ له‌ژنه‌كان (عه‌یشه گوڵ) هاوسه‌رى (مسته‌فا ئاغا)ى بێلینگیان بوو له‌ده‌ڤه‌رى خۆشناوه‌تى و ژنه پێشمه‌رگه بوو، عهیشهگوڵ دوو منداڵى بچووكیشى له‌گه‌ڵدا بوو، بارودۆخى ناو سجنه‌كه زۆر ناخۆشبوو، ژوورێكى بچووك و ڕۆژێ دووجار بۆ ماوه‌ى پێنج خولهك بۆ ئاوده‌ست دهیانهێناینه ده‌ره‌وه. هاوین بوو ژووره‌كه‌ش پانكه‌ى لێ نه‌بوو، خواردنێكى زۆر خراپ ده‌درایه سجنه‌كان، ئاوه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى گه‌رمبوو زۆریش پیس بوو.
به‌هۆى جموجۆڵى مامۆستایان و ئافره‌تانى هه‌ولێر كه داوایان ده‌كرد به‌ر بدرێم، بووه هه‌رایه‌كى گه‌وره، بۆیه ماوه‌ى ڕاگرتنى منیان له‌سجن درێژ كرده‌وه و دواتر له‌مانگى حوزه‌یران منیان گواسته‌وه به‌ندیخانه‌ى موسڵ، بێگومان ڕۆژه ناخۆشه‌كان له‌وێوه ده‌ستیپێكرد، به‌تایبه‌ت هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنم ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كى زۆر درام، تاوه‌كو ئێستاش كاریگه‌رى ده‌روونى و جه‌سته‌یى له‌سه‌رم ماوه، به‌تایبه‌تى هه‌ردوو گوێچكه‌كانم پهردهكهى دڕاوه و ڕاده‌ى بیستنى به‌هۆى لێدان زۆر كه‌م بۆته‌وه، ئێستا گویچكهم سه‌ماعه‌ى تێدایه، سجنه‌كه وه‌ك قه‌ڵایه‌كى گه‌وره وابوو به‌ڵام به‌شى ئافره‌تانى زۆر بچووك بوو، هه‌موو كاروبارى ناو به‌ندیخانه‌یان به‌ئێمه ده‌كرد، وه‌كو پاكوخاوێنكردنهوهى ژووره‌كان و گۆڕه‌پان و ئاوده‌سته‌كان، سجنى ژنان بهسیاسیى و ناسیاسیى هه‌موو تێكه‌ڵاو كرابوون، به‌شێك له‌و ژنانه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه بوون له‌سه‌ر كارى له‌شفرۆشى ده‌سگیر كرابوون.
ژیانى ئه‌وێم زۆر ناخۆش و كوله‌مه‌رگى بوو، خواردنى ناو سجن زۆر خراپ بوو، ته‌نها نان و چایه‌كه‌م ده‌خوارد، به‌ڵام هه‌ندێجار پاسه‌وانێكى سجن كه ژنه كوردێك بوو، به‌دزییه‌وه خواردنى له‌ده‌ره‌وه بۆ ده‌هێنام. مانگێ جاره‌ك كه‌سوكاره‌كه‌م ده‌هاتن و منیان ده‌بینى، ئه‌ویش ته‌نها ماوه‌ى كاتژمێرهك ده‌رفه‌تیان ده‌دا، بۆیه ئه‌و په‌ڕى بێزار بووم، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌م كۆڵیان نه‌دا و به‌پاره و به‌رتیڵ مفهوهزێكى ئه‌منیان ڕ‌ازى كرد به‌وه‌ى كه نووسراوهك بۆ حاكمى سه‌ربازى بكات و بێ تاوانى منى بۆ بسه‌لمێنێ، نووسراوه‌كه چووه پێش حاكم و من له‌كۆكردنه‌وه‌ى واژۆكان بێ تاوان ده‌رچووم. دواى مانه‌وه‌ى حه‌وت مانگ له‌به‌ندیخانه، بهكهفالهتى براكه‌م له‌به‌روارى 20ى 11ى 1962 لهبهندیخانهى موسڵ ئازاد كرام.
دواى ئازادبوونت له‌به‌ندیخانه، گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر و سه‌ر پیشه‌ى مامۆستایه‌تى؟
نه‌خێر، دواى به‌ربوونم نه‌وه‌ك گه‌ڕامه‌وه ماڵ و سه‌ركار به‌ڵكو چه‌رمه‌سه‌ریى زۆرترم بینى. ئه‌و مفه‌وه‌ز ئهمنهى كه بووه هۆكارى به‌ربوونم، وتى له‌هه‌ولێر مه‌مێنه‌وه چونكه ئه‌وراقى به‌ربوونت بچێته پێش پارێزگار دیسانه‌وه به‌ندت ده‌كاته‌وه، بۆیه منیش له‌دواى ده‌رچوونم له‌زیندان ڕاسته‌وخۆ چوومه ماڵى كچى خوشكێكم له‌به‌غدا و به‌نهێنى له‌وێ مامه‌وه تاكو كوده‌تا شوومهكهى ساڵى 1963ى به‌سه‌ردا هات. دواى ئه‌وه له‌به‌هارى 1963 خۆم گه‌یانده بنكه‌ى (لۆغان)ى پێشمه‌رگه شیوعییه‌كان له‌نزیك شارى ڕه‌واندز و له‌وێ مامه‌وه تاكو موفهوهزاتى شوباتى 1964 كه گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر ئینجا زانیم ئه‌و برایه‌م كه ببووه كه‌فیلم تاكو لهسجنى موسڵ ئازاد بكرێم، له‌سه‌ر من زۆریان ئازاردابوو، گرتبوویان و داوایان لێ ده‌كرد كه من واز له‌هێزى پێشمه‌رگه بهێنم و بگه‌ڕێمه‌وه هه‌ولێر، من سه‌ره‌تا ڕ‌ازى نه‌بووم، دواتر چاره‌م نه‌ما چونكه براكه‌م ده‌گیرا و حوكم ده‌درا، بۆیه به‌ناچارى ڕ‌ازى بووم كه بچمه پێش مه‌حكه‌مه‌ى عورفى عه‌سكه‌رى چواره‌م له کەرکووک.
له 5ى 5ى 1964 منیان برده پێش حاكم و دادگا بڕیاریدا به‌حوكم كردنم به (حبس الشدید) بۆ ماوه‌ى ساڵێك، به‌ڵام هه‌ر له‌بڕیاره‌كه‌دا هاتبوو كه حوكمه‌كه نه‌چێته بوارى جێبه‌جێكردن و هه‌ر كاتێك بهتاوانێكى دیكه سزا درام ئه‌و ساڵه‌شى بچێته سه‌ر.
هه‌ر له‌وێش دواى چه‌ند ڕۆژه‌ك گواسترامه‌وه بۆ سه‌راى كه‌ركوك له‌وێش ڕه‌وانه‌ى ئه‌منى هه‌ولێر كرام، لهئهمنى هه‌ولێر، داواى پاكانه‌یان لێكردم به‌ڵام ڕه‌فزم كرده‌وه و ئه‌وه‌م نه‌كرد، بۆیه له‌كاره‌كه‌م دووریان خستمه‌وه و فه‌سل كرام، هاوكات بڕیارى نهفیكردنم بۆ شارى (حیلله) درا، له‌وێ بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ بهئیقامه جه‌برى مامه‌وه تاوه‌كو له 27ى 3ى 1967 به‌پێى بڕیارى ئاشتى بۆ كورده‌كان، نهفیكردنهكهم له‌سه‌ر لاچوو و گه‌ڕامه‌وه بۆ شارى هه‌ولێر و ڕاسته‌وخۆش بڕیارى فه‌سل كردنم هه‌ڵوه‌شایه‌وه و گه‌ڕامه‌وه پیشه‌ى مامۆستایه‌تى و بوومه به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى پیرمامى سه‌ره‌تایى له‌مه‌سیف سه‌لاحه‌دین.
ساڵى 1972 شیوعى چووه نێو به‌ره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حزبى به‌عس هه‌تا 1978 ئایا ئێوه ئه‌مه‌تان پێ ڕاست بوو؟
من له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌یه نه‌بووم به‌ڵام ئه‌گه‌ر لهگۆشهنیگایهكى دیكه سه‌یر بكه‌ین حزب ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌كردبا هه‌مووان كۆمه‌ڵكوژ ده‌كران، بۆیه زیاتر وه‌ك خۆپارێزى چوونه ناو ئه‌و به‌ره‌یه، هه‌ر چه‌نده به‌عس پێش به‌ره و كاتى به‌ره‌ش زۆر لهشیوعییهكانى كوشت، به‌رنامه‌ى به‌عس ئه‌وه‌بوو ئه‌مه‌ى به‌زمانیش بڵێ شیوعیم له‌ناوى ببات، سه‌ركردایه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى پێش به‌و كوشتاره بگرێ و هه‌ندێ بالانس ڕاگرن په‌نایان بۆ ئه‌م به‌ره‌یه برد، به‌ڵام نه‌یانزانى به‌عس فێڵزانن بۆ ئه‌وه چوونه به‌ره تاكو جێ پێى خۆیان قایمكرد ئینجا لهشیوعییهكانیاندا. بۆیه منیش ده‌ڵێم دروستكردنى به‌ره له‌گه‌ڵ به‌عس تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ڵه بوو به‌ڵام هۆكارى خۆیشى هه‌بوو.
سنوورى كاروچالاكى ئێوه له‌ناو حزبى شیوعیدا ته‌نها له چوارچێوه‌ى شارى هه‌ولێردا بوو، یاخود لهشارهكانى دیكه‌ش هاتوچۆ و كارتان بۆ حزب كردووه؟
نه‌خێر ته‌نها له‌سنوورى هه‌ولێردا نه‌بوو، له‌هه‌ر شوێنه‌ك ئه‌ركه‌ك هه‌بووایه و بهمن راسپێردرابا جێبه‌جێمان ده‌كرد. ساڵى 1984 له‌به‌غداوه دوو هاوڕێیان نارد تاكو له‌ڕێگه‌ى منه‌وه په‌یوه‌ندى به‌هێزى پێشمه‌رگه‌وه بكه‌ن له‌ده‌ڤه‌رى بادینان كه ئه‌وسا هاوڕێیانى ئێمه له بامه‌ڕنێ بوون، له 26ى 3ى 1984 لهخاڵهكى پشكنین له‌شارى دهۆكدا، پیاوانى ئه‌من، خۆم و كوڕێكى (12) ساڵیم له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هاوڕێیه، ده‌سگیریان كردین و ئێمه‌ین گواسته‌وه بۆ ئه‌منى ده‌هۆك. ئه‌وجاره‌ش دواى واسیته و به‌رتیلدان و پاره‌یه‌كى زۆر له‌به‌غدا، ئینجا توانرا بهربدرێین و ئازاد بكرێین.
سه‌رجه‌مى گرتنه‌كان و ئه‌و بهندیخانانهى بینیوته چه‌ندن؟
به‌دروستى نازانم چه‌ند جار و ماوه‌ى چه‌ند گیراوم، چونكه زۆرجار به‌هه‌فته و دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ گیراوم، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم كه چوار به‌ندیخانه‌م بینیوه و ماوه‌ى پێنج ساڵ نه‌فى كراوم و پێنج ساڵیش له‌پیشه‌ى مامۆستایه‌تى فه‌سل كراوم.
دواى ئه‌وه‌نده ساڵه‌ى خهباتكردنت له‌ناو حزبى شیوعى، چۆنبوو دواتر هیچ پۆستێكى ئیداریى حكومیت وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، په‌رله‌مانتارى، وه‌زیرى له‌سه‌ر پشكى شیوعى وه‌رنه‌گرت؟
ڕاسته من هیچ له‌و پۆستانه‌م نه‌بووه، من به‌خۆم بۆ ئه‌وه نه‌چوومه ناو حزب تاكو ببمه خاوه‌ن پۆست و پاره، به‌ڵام له‌پۆستى حزبى و ڕێكخراوه‌یى توانیم ببمه سكرتێره‌ى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تان له‌كوردستاندا تاكو بتوانم ئافره‌تان به‌مافه‌كانى خۆیان بناسێنم، له‌هه‌ولێره‌وه تاكو خانه‌قین، له‌و لاوه تاكو هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، تا بادینان، هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌چووم تاكو ئافره‌تان ئاشنابن به‌مافه‌كانى خۆیان و ئه‌گه‌ر مافیان پێشێلكرا داواى هه‌قى خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ش نه‌ما و ڕێكخراوه‌كانیان هه‌موو ئیفلیج كرد، ژنه لهماڵێیه، خه‌سو ئیمپراتۆره له‌سه‌رى، شوبرا ئیمپراتۆره، باشه وه‌ها بێت!؟
دوا قسه و ڕێنمایتان چییه بۆ شێوازى ئیشكردنى ئێمه له گۆڤارى دیوان؟
زۆرم پێخۆشه هه‌میشه به‌دواى ئه‌وانه‌دا بگه‌ڕێن كه پێیانده‌گوترێت (محاربین قدما) پاڵه‌وان و تێكۆشه‌رانى پێشووتر و سه‌رده‌مى زوو به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، زۆركه‌س له‌ناو كۆمه‌ڵى كورده‌وارى، تێكۆشانى كردووه، مامۆستایه‌كى به‌توانا بووه، ئهندازیارهكى بلیمه‌ت بووه، هه‌تا جوتیارێكى به‌توانا، ئه‌مانه بدۆزنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێ كه ئه‌م میلله‌ته زۆرى هه‌بووه و زۆر كراوه، به‌ڵام ڕێگرى و به‌ربه‌ستى گه‌لێ زۆر هه‌بووه، به‌داخه‌وه!