سێزان و گەڕانەوە بۆ ئۆردەر

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٩:٥٦، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

سەردار حەمە ڕەش....1.jpg

پۆل سێزان ( 1839-1906 ) فەرمانبەری بانک دەبێت، کوتووپڕ میراتێکی بۆ دەمێنێتەوە لە باوکییەوە، ئیدی واز لە کاری بانک دەهێنێت و دبێتە هونەرمەندێکی شیوەکاری لەسەردەمی ئەمپرێسسیۆنیستەکاندا. ماڵەکەی کە بەرامبەر بەشاخی سانت ڤیکتوار بوو لە خواروی فەرەنسا، هەشتاو حەوت جار شاخی سانت ڤیکتواری نەخشاندووە، دواجار توانی لەو شاخەدا شتێک بدۆزێتەوە، ئەویش هێڵی هەندەسی و چوار گۆشەیی بوو لە سروشت خۆیدا، لە شاخەکەدا، کە بووە بنەمای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کیوبیست.

کاتێک بینەرێک سەیری تابلۆیەک دەکات، بە بێ سەرنجدان و لێکۆڵینەوە بە ئۆتۆماتیکی دەڵێت ؛ ئەوە تێڕوانینی هونەرمەندە بۆ ئەو شکڵە، نەخێر ئەوە تێڕوانین نیە، ئەوە گواستنەوەی ناخی هونەرمندە، نەخشکردنی ناخی خۆیەتی لەو شکڵەدا، ئیتر ئەگەر ئەو شکڵە ژنێک بێت، ئەسپێک یان دار بەڕویەک. ئەگەر سێزان ئەو دیمەنەی لەو شاخەدا بینی، لەبەر ئەوەی کە لەناخی خۆیدا لەوەوبەر بیرۆکەیەکی نامۆ چەکەرەی کردبوو بەڵام نەی دەزانی چیە و لە چی دەچیت، چ شکڵێلکی گەرەکە. بۆ ئەوەی شکڵێکی بداتێ، شکڵێک بکات بە بەری ئەو بیرۆکەیەدا، بە بەری ئەو ڕۆحە نامۆیەدا، وەک چۆن یەزدان لە ڕۆحی خۆی شکڵی مرۆڤی دروست کرد، سێزانیش دەبوایە ئەو بیرۆکەیەی بەراورد بکات لەگەڵ هێزی سروشتا، بیگونجێنێت لەگەڵ ئەو شاخەدا کە هێزو توانای سروشتە؛ ئەگەر لە مندا هەبێت کەواتە لەویشدا بوونی هەیە و بە پێچەوانەشەوە. خۆ بەرلەوەی ئەو نەخشە بکات نەیدەزانی ئاخۆ ئەو بیرۆکە نامۆیە چ شکڵێک وەردەگرێت.

دوای ئەوەی هونەرمەندە ئەمپرێسیۆنیستەکانی پێش سێزان لە ماڵەکانیان هەتنە دەرەوە و ڕاوسەتەوخۆ بەرامبەر بە سروشت بۆیەکاریان دەکرد، وەک جەنگاوەرەکانی شەڕیکی سەخت هەریەکەیان بە جۆرێک، بە چەکێک؛ گۆگان سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت لە جەزیرەیەک لە تایتی ژیانێکی دوور لە شارستانی هەڵبژارد، ئێوارەیەکی باران و تۆفان، گۆگان بەو دارستانانەدا وەک شێت، سەرگەردان، ملی دەناو خەمەکانی وەک مۆتەکە سواری بوبوون، لەسەر تابلۆیەک نوسیبوی:

ئێمە کێین و لە کوێوە هاتوین و بۆ کوێ دەچین؟

هەر یەک لەم هونەرمەندە ئەمرێسیۆنیستانە بەجۆرێک باسی سروشتیان دەکرد، هەندێک لەوانە وایان دەبینی کە ئەو شکڵەی کە ئێمە دەیبینین لە راستیدا هیچی تر نیە جەگە لە ملوێنەها گەردیلەی پێکەوە گرەدراو نەبێت، کە شکڵێک پێک دەهێنن. مانێی هونەرمەندیش دەیبینی کە ئەو ڕەنگەی وایدەبینن کە ڕەشە، لە بەردەم خۆردا جۆرێکی ترە، لەبەردەم خۆردا شکڵ و ڕەنگەکان ڕەنگدانەوەی دەوروبەریانن، کەواتە هیچ شکڵێک ڕەسەن نیەو خاوەنی خاسیەتی خۆی نیە. ڕەنگەکان، شکڵەکان لەبەردەم روناکیدا راستیەکی ترمان بۆ دەدرکێنن؛ بەیانیان، نیوەڕوان، ئێواران، ڕەنگو شکڵەکان جیاوازن لەبەردەم روناکیدا، کەواتە یەک هەقیقەت نیە و چەند هەقیقەتێک بونیان هەیە. وەک من چۆن بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیم، خودی خۆم بوونی نیە، خودی خۆم سەربەست نیە.

ڤانگۆگ وای باوەڕبو کە دەتوانێت گوڵەبەڕۆژەکەی لەوەی سروشت جوانتر بێت، لەزەردی خۆر درەوشاوەتر بێت، کەوتبووە جەنگێکی سەخت لەگەڵیا، نەی دەزانی چۆن لەگەڵ ئەو سروشتەدا خۆی بگونجێنێت، بۆیە سێزان لەبەردەم شاخی سانتڤیکتواردا وەهای باوەربو کە دەتوانێت لەو شاخەدا، لەسروشت خۆیدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە، دەرگایەکی نوێ بکاتەوە هەتاوەک و دەروازەیەک بۆ مرۆڤایەتی واڵا بکات و لێوەی دەرباز بێت، مرۆڤایەتی پەیڕەوی بکەن، وەک موسا دەتوانێت قانونێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بنوسێتەوە . جەگە لەوەی کە شاخ شکڵێکی سروشتە لەهەمان کاتا هێز و توانای سروشتمان پیشان دەدات، سەرکەوتن بەسەریا جۆرێکە لە گەیشتن بە ئامانجێک، خۆ ئەگەریش وەک سێزیفیش بەردێک لە لوتکەیەوە تلێربکەینەوە و سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە.

پاش ئەوەی سەرشێتییەکانما دەگەنە لوتکە، هەمو ڕێگایەک تاقی دەکەینەوە، مۆراڵ و قانون دەخەینە ژێر پێمانەوە، نائومێدی پێمان دەگاتەوە، ئەو کاتە دێینەوە سەر زەوی بە دوای ئەرکی سەرشانماندا دەگەڕیین. لەو ئان و ساتەدا  سەرەی سێزان بوو کە بتوانێت لەو شاخەدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە، تابلۆیەک نەخشبکات وەک موسا پێمان بڵێت کە ئەو بیرۆکەیە لە هێزێک لە سەروی خۆیەوە بۆی هاتگە، نوسراوە لەسەری ؛ تۆ بۆت نیە مرۆڤێک بکوژیت، لەناو شکڵەکانی سروشتا ئۆردەر بوونی هەس.........تاد.

سێزان هەرگیز نەیوگوتبوو کە ئەو نەخشی کیوبیستی کردووە، وەک چۆن سوریالیستەکان هەرگیز نەخشی سوریالیستیان نەکردووە، پاش ئەوەی کیوبیست یان سوریالیست دەکەین ئەوسا ناوی لێ دەنێین، ئەی کەواتە پێش ئەوەی ناوێکی هەبێت، پێش ئەوەی شوناسێکی هەبێت لە کوێ بوو ؟ سێزان خۆیشی نەیدەزانی لەکوێ بوو، بەڵام ئەزمونی هونەرمەندەکانی پێش ئەو، ئەو میراتەی بۆ جێ هێشتبوو؛ مادام ئەوان نەیان دەزانی چۆن لەگەڵ ئەو سروشتەدا خۆیان بگونجێنن، وەک چۆن کاتێک کابرایەکی بودیست لەژێر دارێکدا دانیشتووە بەرامبەر بە دەریایەک، سەیری گەنجێکی ئەمەریکی دەکات بە خۆیی و سێرفەکەیەوە لەگەڵ ئەو دەریایەدا شەڕ دەکات، هێزی خۆی تاقی دەکاتەوە، سیزانیش بەهەمان شێوە سەیری هونەرمەندەکانی پێش خۆی ئەدا، وەک مرۆڤێکی بودیست سەرنجی لەخۆیی لەو گەنجە ئەدا کەلە سەر شەپۆلی دەریادا شەڕ لەگەڵ سروشتا دەکات.

ئەی کەواتە ئەگەر ئەو گەنجە وەها بجەنگێت لەگەل ئەو سروشتەدا من چلۆن بکەم ؟

من چۆن لەگەڵیا خۆم بگونجێنم هەتاوەکو بەهارمۆنی پێکەوە بتوانین بژین ؟

هەمو تەنێک وەک هەمو مرۆڤێک لەژێر کاریگەری قانونێکدایە، قانونێک حوکمی دەکات، کەواتە مادام من لەکۆسمۆسدام لەگەل ئەو شاخەدا لەهەمان جیهاندام، ئەو لەمنە و منیش لەوم .

لەدەرئەنجامی دوو جیهان؛ جیهانی دەروە و جیهانی ناوەوە، ناخی سێزان و ناخی ئەو شاخە لەبەردەم تیشکی خۆردا، لەبەردەم هەقیقەتێکی ئەبەدیدا.

من چۆن لەگەڵتا هەڵسوکەوت بکەم ؟