سەباح محەمەد مەلا ساڵح (سەباح مەرگەیی)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

سەباح محەمەد مەلا ساڵح (سەباح مەرگەیی) مانگی 4 ساڵی 1954 له‌گه‌ڕه‌كی كانیسكانی شاری سلێمانی له‌دایكبووم..

276071304 .jpg

ناز ناوی مه‌رگه‌یی بۆ؟

باوكم و دایكم و هه‌ندێك له‌خزمه‌كانم له گوندی مەرگە له‌دایك بوون بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌وان و مه‌رگه‌یی خۆشه‌ویست ئه‌وناوه‌م هه‌ڵبژاردووه‌..ئه‌و گونده‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌ لام..

ساڵی چه‌ند چوویته‌ قوتابخانه‌..؟

ساڵی 1960.قوتابخانه‌ی بێ كه‌سی سه‌ره‌تایی له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌ سحابه‌ سپی؟

ناوی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ت له‌یاد ماوه‌؟

به‌ڵی.تایه‌ر به‌گ باوكی به‌ختیار بابان...

ناوه‌ندیت له‌كوێ ته‌واو كرد؟

تا پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیم خوێند.له‌ناوه‌ندی كانێسكان له‌ئازاری ساڵی 1970. له‌ كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی وه‌ك كرێكار دامه‌زرام..

چۆن له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی دامه‌زاریت؟

به‌یان نامه‌ی 11 ئازار ده‌ر نه‌چوو بوو..باڵی مه‌كته‌بی سیاسی واتا جه‌لالیه‌كان كۆمه‌ڵێك گه‌نجیان دامه‌زراند من و كاك ڕێبواری ئاسایش..ڕێبواری ئه‌نوه‌ربه‌گ یه‌كێك بووین له‌و خه‌ڵكانه‌ كه‌له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی بووینه‌ كرێكار..

كه‌ چویته‌ كارگه‌ی جگه‌ره‌ په‌یوه‌ندی حیزبیت هه‌بوو له‌گه‌ڵ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی؟

له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ڕیگای كاك جه‌لال دیموكراته‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌یه‌كیتی خویندكارانی جه‌لالیه‌كانه‌وه‌ له‌كارگه‌ش وه‌ك حیزب په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو به‌و باڵه‌وه‌ تاكو تێكڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌ردووك باڵه‌كه‌ ..

پله‌ی حیزبیت هه‌بووه‌؟

ئه‌ندامی حیزب بووم..

له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی چه‌ند كه‌سیان وه‌ك ڕێكخستن هه‌بووه‌؟

له‌گه‌ڵ ڕێكخستنی ناو كارگه‌ نه‌بووم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێكخستنی تایبه‌تی سه‌ر به‌ حیزب دوای ڕێكه‌ووتنی حكومه‌تی عێراق و پارتی له‌دوای 11 ئازاری زۆر نهێنی بووه‌..

ماوه‌یه‌ك لای كاك نه‌ژادی برای مامۆستا كامه‌رانی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بووم.

من و كاك عەلی حاجی کەریم و كاك سه‌لاحی برای مامۆستا حه‌مه‌ ڕه‌شی هه‌ره‌س پێكه‌وه‌ له‌یه‌ك شانه‌ بووین..

له‌ ماڵی كاك علی له‌گه‌ڕه‌كی عه‌قاری كۆبوونه‌وه‌مان ده‌كرد..تا ساڵی 1973دوای تێكڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ چووینه‌ لای كاك جەمالی پاقلاوه‌چی كه‌له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی تا ساڵی 1974..

كاك جه‌مال پارتی بوو؟

به‌ڵی!

له‌لایه‌ن باڵی مه‌لایه‌كانه‌وه‌ گیراویت..؟

ساڵی 1969چووم بۆ مه‌رگه‌.باوكم ئه‌وكات جه‌لالی بوو.مه‌لایه‌كان گرتیانم یه‌ك هه‌فته‌ زیندانیان كردم.

زۆر ئازاریان دام. به‌ده‌ستی حه‌مه‌ی شێخ سه‌لمانی به‌رپرسی پاراستنی به‌تا لێونی چواری هێزی پشدەر له‌مه‌رگه‌ ،دوای ئازاردانێكی زۆر ئازادیان كردم..

كه‌ شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ره‌سی هێنا له‌كوێ بوویت؟

ساڵی 1974 به‌خێزانه‌وه‌ چووینه‌ مه‌رگه‌، دوایش چووینه‌ گه‌ڵاڵه‌ی شیناكایه‌تی لای ماوه‌ت كۆتای ساڵی 1974هاتمه‌وه‌ بۆ سلێمانی به‌هۆی عه‌ریف عەلی مه‌لا ڕه‌سوڵ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی..

هه‌ره‌س كارگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بوو.ئازاره‌كانی خه‌ڵك چی بوو.؟

خه‌ڵك باوه‌ڕیان به‌ شۆڕش و سه‌ر كردایه‌تیه‌كه‌ی نه‌ما.چونه‌كه‌ به‌كرێگیراوی شای ئێران و حیلفی سه‌نتۆ بوون.

به‌ بڕیارێك 100 هه‌زارچه‌كدار وه‌ك به‌فری سه‌رشه‌قامه‌كان توایه‌وه‌.كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تووشی ئازارو نه‌هامه‌تیه‌كی زۆر هاتن..

بێ هیوای و ڕه‌ش بینی سه‌رتاسه‌ری كوردستانی گرته‌وه‌چرای نه‌ته‌وه‌یه‌كیان خامۆش كرد..

ساڵی1975یه‌كێتی به‌یان نامه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند تۆ له‌كوێ بوویت.؟

ئه‌وكات.به‌یان نامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی/ أیتحاد الوطنی الكردستانی لماذا / بڵاوكرايەوە من لەكارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی بووم..

ساڵی چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ت ناسی؟

ساڵی 1976!

یه‌كه‌م .ڕێكخه‌رت كێ بووه‌ ؟

كاك هه‌ڵۆی ئەحمەد كورده‌ بوو.. (هەڵۆی ئەحە سمێڵ).

ده‌تزانی كۆمه‌ڵه‌ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستیه‌؟

سه‌ره‌تا وه‌ك یه‌كێتی په‌یوه‌ندیان پێوه‌ كردم دوای هه‌فته‌یه‌ك قسه‌یان بۆ كردم كه‌ئه‌وان ماركسین!

كۆمۆنیزم چییه‌ ؟

خه‌باتی چینی كرێكاره‌ دژ به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی له‌لایه‌ن چینی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داری. بۆ به‌دی هێنانی یه‌كسانی له‌كۆمه‌ڵگاداو. یان حكومی دیكتاتۆری پڕۆلیتاری كه‌بریتیه‌..له‌حكومی وه‌ك یه‌كی كه‌ گه‌ل خۆی حكومی خۆی بكاو سنور نه‌مینێ له‌نێوان گه‌لاندا به‌ڕابه‌ری چینی كرێكاران..

نازناوی ڕێكخستن هه‌بووه‌ ؟

به‌ڵی..جووتیار.

ئه‌و شانه‌یه‌ی تۆی تێ دا بوویت چه‌ند كه‌س بوون؟

خۆم وهاوڕیه‌كم بووین به‌ناوی كاك دیاری هه‌ردووكمان لای شیخ سدیق بووین..

شێخ سدیق كێیه‌؟

كۆمه‌ڵه‌ بوو.فه‌رمانبه‌ر بوو له‌زاكۆی سلێمانی ئێستا ئیشی ناونوسینی ملوانه‌كه‌ی ئالتون ده‌كات له‌شه‌قامی كاوه‌..

پله‌ی ڕێكخراوه‌ی چی بووه‌؟

نازانم..

ناوی پۆل و كه‌رتی ڕێكخستنی ناوشارت له‌یاد ماوه‌؟

دوای كاره‌ساتی هه‌كاری ساڵی 1978بووم به‌ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌هه‌ر له‌وساڵه‌دا بووم به‌ئه‌ندام كه‌رتی شه‌هید عەبدوڵڵای ئایشێ له‌ سلێمانی..

له‌ ناو كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی شانه‌ی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌تان هه‌بوو؟


له‌گه‌ڵ ڕێكخستنه‌كانی كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی نه‌بووم.به‌ڵام.له‌به‌كره‌ جۆ چه‌ند كه‌سێكیان پێ سپاردم وه‌ك شانه‌ی سه‌ره‌كی دیاری كران.

دیاری و چه‌ند كه‌سێكی ترمان له‌ئیسكان له‌گه‌ڵ دابوو،كاك تاهیری شێخ ڕه‌شید یش وئه‌م به‌ڕیزه‌ شانه‌ی ڕێكخستنی لابووه‌..

من سه‌رپه‌رشتی هه‌موویانم ده‌كرد و جیا به‌جیا كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كردن..

دوای كه‌رتی شه‌هید عەبدوڵڵای ئایشێ بوكوێ؟

ئه‌ندامانی كه‌رتی شه‌هید عەبدوڵڵای ئایشی بریتی بوون.كاك هه‌ڵۆ ئەحمەد كورده‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كردین.

سه‌باح مه‌رگه‌یی مامۆستا فایق قه‌مچوغه‌ی دكتۆر نه‌ورۆز براده‌رێكی تر كه‌ ناوه‌كه‌یم له‌یاد نه‌ماوه‌،دوای ماوه‌یه‌ك كاك ئاراسی حه‌مه‌لاو سه‌رپه‌رشتی ده‌كردین تا كۆتای ساڵی 1979..

دوای ئه‌وكه‌رته‌ شوێنی خه‌باتت له‌كوێ بوو؟

كۆتای ساڵی 1979كرام به‌سه‌رپه‌رشتی كه‌رتی شه‌هید شه‌عبان له‌ قه‌زای دوكان..ئه‌ندام ڕێكخراوی تۆله‌ش بووم له‌ سلێمانی..

ئه‌ندام كه‌رتی شه‌هید شه‌عبان بریتی بوون.له‌مامۆستا فاێق قه‌مچووغه‌ی احمدی شێخ حامید..ئه‌ندام ڕێكخراوی تۆڵه‌ بریتی بوون..

سه‌باح مه‌رگه‌یی.كاك سواره‌.نزاری زه‌راعه‌.شه‌هید نه‌وزاد..سه‌رپه‌رشتی ڕێكخراوی تۆڵه‌ش كاك دلاوه‌ر بوو...

شه‌هید نه‌وزادی پاسكیلچی دووكانه‌كه‌ی لای مزگه‌ووتی شێخ محمود له‌گه‌ره‌كی چوارباخ..

ناوی ڕێكخراوی تۆڵه‌.بۆچی ئه‌وناوه‌ چۆن دیاری كراوه‌.چالاكی پێشمه‌رگانه‌ی تاوشارتان ئه‌نجام داوه؟

چالاكی پێشمه‌رگانه‌ی ناوشارمان ئه‌نجام نه‌داوه‌بۆ ناوه‌كه‌ش نازانم.ئه‌وكات.كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی ناوخۆ ئه‌وناوه‌ی دیاری كردووه‌...

سنووری چالاكیه‌كانی ڕێكخراوی تۆڵە له‌ سلێمانی له‌كام گه‌ڕه‌ك بووه‌؟

ئه‌وسه‌رده‌مه‌ سنووری ڕێكخراوه‌ی.ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ له‌ناو شاردا دیاری كراو نه‌بووه‌.

بۆنموونه‌ من سه‌رپه‌رشتی كه‌رتی شه‌هید شه‌عبانم ده‌كرد له‌ قه‌زای دووكان.

له‌ ناو شاری سلێمانیش دوو سێ شانه‌ی سه‌ره‌كیم لابووه‌،كاك شێخ كه‌مالی زێره‌نگه‌ركه‌ دووكانه‌ی له‌حه‌ووزه‌ ووشكه‌كه‌ بوو ئه‌ویش تا چووه‌ ده‌ره‌وه بۆ پێشمه‌رگایه‌تی شانه‌ی ڕێكخستنی لابووه‌.

په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ بووه‌ من سه‌رپه‌رشتیم كردووه‌..

وه‌ك هاوڕیه‌كی ڕێكخستن هاوكاری مه‌ فره‌زه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردووه‌؟

نه‌خێر

بیره‌وه‌ریه‌كی تاڵ یان شیرینی رۆژه‌كانی ناو شارت له‌یاد ماوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ باسی كه‌؟

كۆتایی ساڵی 1979.ماتۆرێکم هه‌بوو..

به‌ ماتۆره‌كه‌م چووم بو كۆ بوونه‌وه‌ی كه‌رتی شه‌هید شه‌عبان بۆناو باخه‌كانی گوندی قه‌مچووغه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دره‌نگ ته‌واو بوو..

هه‌ندێك بڵاكراوه‌و ده‌مانچه‌یه‌كم پی بوو. ده‌بوو سه‌عات 2. له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌كه‌ ئاماده‌بم له‌وێ كرێكار بووم. زۆر به‌په‌له‌ ده‌ڕۆیشتم.. له‌ تاسڵوجه‌ له‌قه‌راخ جاده‌كه‌ گه‌ڵابه‌یه‌ك تێكه‌ڵەی چه‌وی ڕۆ ده‌كرد.

گه‌ڵابه‌كه‌ له‌ناكاودا به‌ده‌ستی سایه‌ق دا لای دا.منیش ده‌م وویست پێشی بكه‌وم... نه‌م توانی بۆ ئه‌وه‌ی ژێر گه‌ڵابه‌كه‌ نه‌كه‌وم.. خۆم كێشا به‌كۆمه‌له‌ تێكه‌ڵه‌ کەداوکەووتم.

خۆم به‌لایه‌ك داو ماتۆره‌كه‌ به‌لایه‌كی تردا.

ئازاریكی زۆرم پێ گه‌یشت..قۆڵ وئه‌ژنۆم بریندار بوو..دوای هه‌ڵسامه‌وه‌ جنێویكی زۆرم به‌سایه‌ق گه‌ڵابه‌كه‌ دا.

ماتۆره‌كه‌م خوارو خێچ بوو بوو.خستمه‌وه‌ ئیش ودوای گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی،چاره‌كه‌ كێك دواكه‌ووتبوم له‌كاتی خۆی،خه‌ریك بوو غائیبم بده‌ن دوای كه‌زانیان تووشی ئه‌وو ڕوداوه‌ ناخۆشه‌ بووم غائیبیان نه‌دام ووتیان جاریكی تر دوا نه‌كه‌ویت..

كه‌ چوویته‌ شاخ..ئاشكرا بوویت.یان به‌ئاره‌زووی خۆت بوویته‌ پێشمه‌رگه‌؟

مانگی 10ساڵی 1980..مامۆستا فایەق قه‌مچووغه‌ی .به‌كۆمه‌ڵێک بڵاكراوه‌وه .ده‌ستگیركرا له‌سه‌ر جاده‌ی كانی سارد،كه‌ ده‌ی وویست بڵاوكراوه‌كان به‌رێ بۆ قه‌زای دووكان. كڵێشه‌ی ڕێكخستنه‌كانیشی پێ بوو..ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری دووكان ده‌ستگیریان كردبوو...منیش خۆم شارده‌وه‌ دوایش داوای ته‌سكیه‌م له‌ڕێكخستنه‌كانی ناو شار كردوو دوای 15 ڕۆژ خۆ شاردنه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هاوڕیه‌كم دا چووم بۆ گوندی قه‌مچوغه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ گوندی زه‌ڵێ..

ئه‌وكه‌سه‌ی ته‌سكیه‌كه‌ی بۆ كردیت ناوی کێ بووە؟

كاك هه‌ڵۆ احمد كورده‌یه‌..

ئه‌و كات له‌ناو شار بوو؟

به‌ڵێ له‌ناوشار بوو لێپرسراویه‌تی هه‌بوو له‌ناو ڕێكخستندا..

یه‌كه‌م ڕۆژی پێشمه‌رگایه‌تیت.له‌یاد ماوه‌؟

ڕۆژی 23/ 10/ 1980 گه‌یشتمه‌ گوندی قه‌مچوغه‌. 26/ 10/ 1980 گه‌یشتمه‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌. یه‌كه‌م ڕۆژی پێشمه‌رگایه‌تیم 26/ 10/ 1980 ڕۆژێكی مێژووی ژیانمه‌..

یه‌كه‌م جه‌وله‌ لە پێشمه‌رگایه‌تیت له‌كوێ وه‌.بۆ كوێ بوو؟

له‌مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریه‌وه‌ بۆ خۆشناوه‌تی له‌گه‌ڵ شه‌هیدی نه‌مر ملازم سه‌ید كه‌ریم بوو..

له‌ شاره‌وه‌ بۆ شاخ. له‌ ژیانیكی خۆشه‌وه‌ بۆ ڕۆژه‌ نا خۆشه‌كان سه‌ره‌تایی پێشمه‌رگایه‌تیت چۆن بوو؟

به‌حه‌قیقه‌ت ناخۆش بوو.ڕێگا ڕۆیشتن كه‌من فێر نه‌بووم.برسێتی و ساردو سه‌رماو چڵكنی و دور له‌كه‌سوكار ترسی شه‌ڕو ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌،به‌ڵام خاوه‌ن بیرو باوه‌ڕ بووین خۆمان راگرت و دوای ئاسای بوو.

یه‌كه‌م چالاكی پێشمه‌رگایه‌تیت له‌بیر ماوه‌؟

له‌ ڕۆژی..18/ 11/ 1980سه‌عات 3 دوانیوه‌ڕۆبوو، هێزێك بووین شه‌هید ملازم سه‌ید كریم سه‌رپه‌رشتی ده‌كردین له‌نێوان گوندی جه‌لكان پیرانه‌ ڕه‌شی.خۆشناوه‌تی بوو

دوو كۆپته‌ر هاته‌ سه‌رمان بۆماوه‌ی 3 چاره‌كه‌ سه‌عات بۆردوومانی كردین.له‌گوندی مه‌مكانه‌وه‌ مام ڕۆسته‌م چه‌ند گوله‌ ئاڕبیجیەکی پێوه‌نان و كۆپته‌ ره‌كان ڕۆیشتن.8 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوو 13 پێشمه‌رگه‌شمان زامدار كرا.ته‌نها ناوی شه‌هید جه‌میل ره‌نجبه‌رم له‌یاد ماوه‌.له‌ناو زامداره‌كانیش دا ناوی عومه‌ری سه‌ید علی و سابیر هه‌ولێریم له‌یاد ماوه‌..

ئه‌ی چالاكی دوای ؟

ڕۆژی 5/ 12/ 1980 له‌گوندی قه‌ڵا سنجشی خۆشناوه‌تی بووین.له‌به‌یانیه‌وه‌ دوژمن هێرشی بۆ هێنایان دووچاری شه‌ڕیكی سه‌خت بووین تا ئێواره‌ درێژه‌ی كێشا.

له‌ ئه‌نجام دا دوو پێشمه‌رگه‌مان شه‌هید بوو.شه‌هید ئەنوەر خه‌ڵكی سلیمانی بوو..له‌گه‌ڵ شه‌هید مامۆستا كاوه‌ مه‌خموری ڕۆحیان شاد بێت..

شۆڕش چییه‌.؟

شۆڕش بریتیه‌ له‌ ڕوو به‌ ڕوو بونه‌وه‌ی گەل یان نه‌ته‌وه‌یەكی ژێر ده‌سته‌ له‌دژی زوڵم وسته‌می نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ر ده‌سته‌. دوای مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری چوویت بۆ كوێ؟

له‌گه‌ڵ سه‌رداری برام..چووین بۆ قووه‌تی مه‌رگه‌!

كێ لێپرسراوی قووه‌تی مه‌رگه‌ بوو.چه‌ند پێشمه‌رگه‌ بوون؟

خوالێخۆش بوو..زێڕۆ لێپرسراوی قووه‌ته‌كه‌ بوو .60/ تا 70 پێشمه‌رگه‌ بووین..

ده‌وری كۆمه‌ڵه‌ چۆن بووه‌ له‌ناو قووه‌تی پشده‌ر و له‌ناو خه‌ڵك دا؟

لێپرسراوی قوه‌ته‌كه‌ و زۆربه‌ی فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بوون..پێشتر ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ سه‌ر به‌هه‌رێمی چوار بووه‌..

شه‌هیدی نه‌مر جەمالی عەلی باپیر و سه‌ركرده‌ی نه‌مر جه‌بار فه‌رمان ده‌وریكی باشیان بینی بوو.. بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرو باوه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌ كاك ئاراسی حه‌مه‌لاو به‌ر پرسی ناوچه‌ی یه‌كێتی بوو لێپرسراوی پۆلی بنگرد بوو به‌هۆی ئه‌وكادره‌ چالاكانه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ گه‌شه‌ی باشی كرد له‌ناوچه‌كه‌ دا...

شه‌ڕی براكوژی له‌شاخ به‌رده‌وام بو..تۆ به‌شدار ئه‌و شه‌ڕه‌ت كردووه‌.؟

شه‌ڕی ناوخۆ ململانێی دوو بیرو باوه‌ڕی جیاواز بوو..له‌نێوان هه‌ڵگرانی بیری پێشكه‌ووتن خوازی وكۆنه‌ په‌رستی و وابه‌ سته‌ یدا..

پله‌ی ڕێكخراوه‌یت له‌قووه‌تی مه‌رگه‌دا چی بوو.؟

به‌ ئه‌ندام پۆل چوومه‌ قووه‌تی مه‌رگه‌..مانگی 10 ساڵی 1982 بووم به‌ئه‌ندام كه‌رتی .

كه‌رتی ڕێكخستنی ئاسۆس.

دواتر بۆ ئه‌ندام كه‌رتی ڕێكخستنی قه‌ڵا دزێ.دواتر لێپرسراوی پۆلی بنگرد بووم تا كۆتای ساڵی 1983.

به‌ده‌یان خه‌ڵكم هێنایه‌ ناو كۆمه‌ڵه‌وه‌ یه‌كه‌م كه‌س بووم..زیاتر له‌ 15 خوێندكاری كچم كرد به‌كۆمه‌ڵه‌..

دوای قووه‌تی مه‌رگه‌ بۆ كوێ ؟

له‌ كۆتای ساڵی 1983.به‌هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه‌ وازم له‌كادری هێنا..مانگی 1 ساڵی 1984.بووم. به‌فه‌رمانده‌ی كه‌رتی سجنی مه‌ڵبه‌ندی دوو.له‌به‌ر گه‌ڵوو.هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری سجنیش بووم...

ساڵی 1985.كۆمه‌ڵه‌ پلینۆمێكی به‌ست وزۆربه‌ی كادره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بڕیاریان دا مه‌لا به‌ختیار ئیعدام بكرێت..تۆ به‌شداریت كرد.له‌گه‌ڵ ئیعدام كردنی مه‌لا به‌ختیار بوویت؟

به‌شداری پلینۆمه‌كه‌ نه‌بووم.له‌گه‌ڵ ئیعدام كردنی مه‌لا به‌ختیار نه‌بووم.چاره‌ سه‌ر بدۆزرایه‌ته‌وه‌ یه‌كتر قبوڵ كردن بكرایه‌ باشتر بوو

دوای سجن بۆ كوێ؟

كۆتایی ساڵی 1984.بووم به فه‌رمانده‌ی كه‌رت له‌مه‌ڵبه‌ندی 4 له‌سما قوڵی دواتر باره‌گای كه‌رته‌كه‌م گواسته‌وه‌ بۆ گوندی زیاره‌ت..سه‌رداری براشم له‌گه‌ڵ بووه..

له‌ شۆڕش دا..ناهه‌قی زۆر ده‌كرا.زۆر جاریش لێپرسراوه‌كان ئازاری خه‌ڵكی گونده‌كانیان ده‌دا تۆ ئازاری خه‌ڵكت داوه‌؟

له‌ شۆڕشا به‌رپرسه‌كان ناهه‌قی زۆریان به‌رامبه‌ر به‌ تێكۆشه‌ره‌كان ده‌كرد..یه‌كێك له‌وانه‌ خۆم.ناهه‌قی زۆرم لێكراوه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌ژماره‌ ده‌ی نووسم....

به‌نیسبه‌ت خۆمه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ق ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكم دار كاری كردبێ بۆ شۆڕش به‌تایبه‌تی له‌سجنی به‌رگه‌ڵو..ئه‌ویش بۆ شۆڕش بووه‌.نه‌ك بۆ خۆم..

په‌ شیمان نیت له‌لێدانی ئه‌وخه‌ڵكانه‌؟

نه‌خێر..وه‌ك ووتم..بۆ شۆڕش بووه‌...نه‌ك بۆ خۆم..

چه‌ند جار زامدار كراویت؟

زامدار نه‌كراوم..ساڵی 1985.شه‌وێك له‌ كه‌سنه‌زان هێرشمان كرده‌ سه‌ر ئیشغاله‌كه‌ی كه‌سنه‌زان من 7 گوله‌ی ئاڕبی جیم ته‌قاند..گوێم تووشی ئازار بوو ساڵ له‌ دوای ساڵ بیستنم دابه‌زی ئێستا به‌سه‌ماعه‌ی گوێ ئه‌بیستم..

نیشتمان چیه‌لای تۆ؟

نیشتمان دایكی هه‌مووانه‌ له‌خۆم خۆشتر ده‌وێت..

تۆ قه‌رزداری نیشتمانیت..یان نیشتمان قه‌رزداری تۆیه‌؟

هه‌رچی مرۆڤی سه‌ر زه‌وی یه‌ به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ قه‌رزداری نیشتمانه‌كه‌یانن..منیش خۆم به‌قه‌رزداری نیشتمان ده‌زانم كه‌ نه‌م توانیوه‌ وه‌ك پێویست ئه‌ركی نیشتمان به‌جێ بگه‌یه‌نم..

خیانه‌تت له‌نیشتمانی خۆت كردووه‌؟

نه‌خێر..هه‌رگیز....

دوای ڕاپه‌ڕین كۆمه‌ڵێك یاداشت و بیره‌وه‌ری بلاو كرانه‌وه‌ زۆریان ڕاستیه‌كانیان وه‌ك خۆی نه‌نوسیوه‌ یان خۆیان كردووه‌ به‌پاڵه‌وان تۆ ده‌ڵیت چی؟

هه‌ركه‌سه‌ ئازاده‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی بڵاو بكاته‌وه‌..كه‌سێك ده‌بێت بیره‌وه‌ری بنوسیته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌واقیعی ڕووداوه‌كان دا بوو بێت..ئه‌گه‌ر وه‌ك ڕاستی وبه‌ ڵگه‌یه‌كی مێژووی بێت جێی شانازیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ خۆ ده‌رخستن بێت خراپه‌...

له‌ حكومڕانی 27 ساڵه‌ی خۆماڵی كوردی ڕازیت؟

نه‌خێر..نا عه‌دالاتی زۆر كراوه‌ و به‌رده‌وامیشه‌...

له‌ڕابردووی خۆت په‌شیمانیت؟

هه‌رگیز په‌شیمانیم له‌ڕابردووی خۆم خه‌باتم بۆ خه‌ڵك و بۆگه‌له‌كه‌م كردووه‌..مێژوویه‌كی خۆمه‌ شاناز پێوه‌ ده‌كه‌م..

شۆڕش چی فێر كردیت..چیت له‌ده‌ست داوه‌؟

كۆمه‌ڵه‌و شۆڕش..فێری دڵسۆزی ڕه‌وشت به‌رزیان كردم..فێری خۆشه‌ویستی نیشتمانیان كردم..فێریان كردم..دژی زوڵم و زۆرداری بووه‌ستمه‌وه‌ له‌هه‌ر شوێنكی ئه‌م دنیایه‌ بێت

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ساڵی 1980 ده‌بیته‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌؟

ئه‌گه‌ر چی ته‌مه‌ن ناگه‌ڕیته‌وه‌.ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌.به‌ڵی ده‌بمه‌وه‌.به‌ پێشمه‌رگه جارێكی تریش خزمه تی خاک گه‌له‌كه‌م ده‌كه‌م...

چاوه‌كانی تیپی 37 شارباژێڕت پێ چۆنه‌ به‌رده‌وام بێت یان وازی ڵێ بینین؟

نه‌خێر هه‌رگیز وازی لێ مه‌ هێنن من له‌ناخی دڵمه‌وه‌ ده‌ستت خۆشیتان لێ ده‌كه‌م كارێكی زۆر چاكه‌ و ئه‌بێت به‌ مێژوویه‌ك بۆخۆتان وبۆ ئه‌و هاوڕیانه‌ی كه‌گفتو گۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت..

هیوادارم به‌ره‌و پێشتر و گه‌شه‌ كردن بڕۆن...

دوا ووته‌ت چییه‌.؟

په‌یامم بۆ هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت و كاربه‌دەستانی حیزبی. ئیتر به‌سه‌ گه‌نده‌ڵی و به‌تالان بردنی سه‌رو سامانی ئه‌م ووڵاته‌ ..

ئاوڕیكی زیاتر له‌تێكۆشه‌ره‌ دێرنه‌كانی بده‌نه‌وه‌ ژیان و گوزه‌رانی ماڵه‌ شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ی دێرین وتێكڕای كۆمه‌ڵه‌نی خه‌ڵك باش بكه‌ن..

جوانیه‌كانی شۆڕش وپێشمه‌رگایه‌تی سه‌ر له‌نوێ زیندوو بكه‌نه‌وه‌ ئه‌گیان مێژوو ڕه‌حم به‌كه‌س ناكات..

سەرچاوە: عەلی محەمەد چوارتایی