کوردیپیدیا لە خەونەوە بۆ خەنە! (به‌شى سێيه‌م)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کوردیپیدیا لە خەونەوە بۆ خەنە! (به‌شى سێيه‌م)

هه‌ياسه‌ له‌ (كورديپيديا) چ باسه‌؟!

گه‌رچى کوردیپیدیا، وه‌ك ڕێكخراوێكى ناحكومى خۆى ناساندووه‌ و له‌ پێڕه‌وى ناوخۆييه‌كه‌شيدا وا پێناسه‌ى خۆى كردووه‌ كه‌ (ڕێکخراوێکی ناحکومیی سوودنەویستە، کار بۆ کۆکردنەوەی هەر زانیارییەکی پەیوەست بە کوردستان و کوردەوە دەکات و لە داتابەیسەکەی خۆیدا پۆلێنیان دەکات و لە ماڵپەڕی کوردیپێدیادا دەیانخاتە ڕوو.) به‌ڵام دوور و نزيك وابه‌سته‌ى كارى ڕێكخراوه‌يى و پابه‌ندبوون به‌ ماده‌ و بڕگه‌كانى پێڕه‌وى ناخۆ نييه‌.

له‌ ساڵى دامه‌زراندنيه‌وه‌ ٢٠١٣ تا ٢٠٢١ هه‌ر هاوڕێ باخه‌وان سه‌رۆك و كليل به‌ده‌ستى هه‌موو ده‌رگاكانى ڕێكخراوه‌كه‌يه!

كورديپيديادا وا ناسێنراوه‌ كه‌ (به‌هۆى كورديپيدياوه‌ ده‌زانيت: كێ كێيه‌ و كوێ كوێيه‌ و چى چييه...‌)

به‌ڵام كاتێك بته‌وێت ده‌رباره‌ى كورديپيديا خۆى بزانيت، به‌ته‌واوه‌تى له‌ وه‌ تێناگه‌يت كه‌ پرۆژه‌يه‌كه‌ هى كێيه‌ و له‌ كوێيه‌ و چييه و چۆن كار ده‌كات‌!

من كه‌ ٢٠١٤ه‌وه‌ كارى تێدا ده‌كه‌م، چه‌ند جارێك ويستم وه‌ڵامه‌ ئه‌م پرسياره‌م ده‌ست كه‌وێت هه‌ر جاره‌ى به‌ هۆكارێك شوێنه‌گومه‌م لێ ده‌كرا، تا دواجار له‌ كۆتايى مانگى چوارى ساڵى ٢٠٢١دا به‌ فه‌رمى و به‌پێى مادده‌ى سێيه‌م بڕگه‌ى سێيه‌م خاڵى چواره‌مى پێڕه‌و نووسراوم بۆ سه‌رۆك و جێگر و ده‌سته‌ى گشتى و ده‌سته‌ى كارگێڕى (كه‌ ئه‌م سێ لايه‌نه‌ى كۆتاييان‌ بوونيان نييه‌) كرد تا وه‌ڵامى ڕوون و ئاشكراى ئه‌م پرسه‌‌ و چه‌ند لادانێك بده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ كارى ڕێكخراوه‌يى كورديپيديادا كراوه‌.

پاش چه‌ند ڕۆژێك چاوه‌ڕوانى، نه‌ك هه‌ر وه‌ڵام نه‌درامه‌وه، به‌ڵكو وه‌ك كاره‌ ناياساييه‌كانى تر، سه‌رۆكى تاك و ته‌نهاى ڕێكخراو (هاوڕێ باخه‌وان) به‌ نامه‌يه‌كى ئه‌له‌كترۆنى و له‌ جێى هه‌مووان وه‌ڵامى نه‌رێنى دامه‌وه‌!

ئه‌مه‌ بۆ من جێى شۆك بوو! زياتر هانى دام كه‌ به‌شوێن هه‌ر پرسيارێكى تريشه‌وه‌ بم كه‌ بۆ زانينى كورديپيديا ده‌كرێن.‌ ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ باخه‌وان خۆى له‌ چاوپێكه‌وتنێكيدا (كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ى ٣٤ ى الثقافة‌ و المجتمع)دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت (كورديپيديا ئێستا له‌ پرۆژه‌يه‌كى تاكه‌كه‌سييه‌وه‌ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك كه‌سى باش بوونه‌ته‌ هاوكارى و به‌رده‌وام خه‌ريكى تۆماركردن و باشتركردنى بابه‌ته‌كانين!!) كورديپيدياى له‌ بڕيارى تاك لايه‌نه‌ى خۆيدا قه‌تيس كردووه‌.

هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌ى مادده‌ى چواره‌مى ڕێكخراوى كورديپيديا، كه‌ باسه له‌ په‌يكه‌رى ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌كات و دابه‌شى ده‌كات به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌دا، دەستەی گشتی: كه‌ بریتییە لە سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکە و دەستەی کارگێڕی: كه‌ بریتیيە لە سەرۆک، جێگر و بەرپرس و لقەکان و بەشەکان هه‌بن.

باخه‌وان له‌ جێى هه‌مووانه‌ و به‌ ناوى هه‌مووانه‌وه‌ بڕيار ده‌دات! هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا يان نه‌بێت، يان هه‌ر زۆر كه‌م بكرێت. ئه‌ويش پاش ئه‌وه‌ بوو كه‌ (نالیا ئیبراهم) تازه‌ هاتبووه‌ ڕێكخراوه‌كه‌وه‌ و ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی زۆری هەبوو، پێشنيازى كرد كه‌ کوردیپیدیا كۆبوونه‌وه‌ بكات، ئه‌وه‌بوو لە ٢٨/١٢/٢٠١٨ (واته‌ پاش پێنج ساڵ به‌سه‌ر به‌ ڕێكخراوبوونى كورديپيديادا) یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام درا و دواتريش له‌ ٦/١٠/٢٠١٩ کوبوونەوەی دووەم و ئیتر ئەمە هەموو کۆبوونەوەکانی کوردپيدیا بوو.

به‌پێى مادده‌ى يه‌كه‌م، بڕگه‌ى دووه‌م، خاڵى يه‌كه‌م ده‌بوو بنکەی گشتی ڕێکخراوه‌كه‌ لە شاری سلێمانی بێت، كه‌ نه‌ك هه‌ر بنه‌كه‌ى گشتى نييه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌وڵى چه‌ند دڵسۆزێك له‌ مۆزه‌خانه‌يه‌كدا چه‌ند مانگێك له‌مه‌و پێش خۆبه‌خشانه‌ ژوورێكيان له‌ ماڵى خۆيان‌ پێشكه‌ش كردوون!

بۆيه‌ بۆ جارى دووه‌م و به‌ نووسراوى فه‌رمى له‌ سه‌ره‌تاى مانگى پێنجدا، نامه‌م بۆ هه‌موو ئه‌ندامان نارد و داواى هه‌ڵوێستم لێ كردن كه‌ له ‌ئاست به‌رپرسيارێتيدا بن.

خۆ ئه‌گه‌ر پێيان وابێت من له‌م كاره‌مدا له‌سه‌ر هه‌ق نيم و نيازى تايبه‌تى، يان هه‌ر مه‌رامێكم هه‌يه‌، ئه‌وا پێيان ڕاده‌گه‌يه‌نم كه‌ به‌پێى ياساى مافى دانه‌ر و به‌رهه‌مهێنان و ئاماده‌كردن، هه‌موو ئه‌و تۆمارانه‌ى كه‌ بۆ‌ كورديپيديا ئاماده‌م كردون و (نزيكه‌ى بيست هه‌زار بابه‌تێك ده‌بن) له‌سه‌ر هاردێك بمده‌نه‌وه‌ و له‌ سه‌ر سايته‌كه‌ بيسڕنه‌وه‌ و منيش به‌ داواكارييه‌كى فه‌رمى و به‌ زوويى ده‌ست له‌كار ده‌كێشمه‌وه‌.

ئه‌گه‌رنا ئێوه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه، چۆن به‌ناوى ئێوه‌وه‌ باخه‌وان له‌ ١/٥/٢٠٢١ من له‌ چالاكى ده‌سڕێته‌وه‌؟! ناوم له‌ (مانو به‌رزنجى)ـه‌وه‌ ده‌گۆڕێت به‌ (م.ب)؟!