خەلەکان
شارەدێی خەلەکان یەکێکە لە شەش شارەدێکانی شارۆچکەی دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان . ناوەندەکەی شارەدێی خەلەکانە.
ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی خدران لە ساڵی ٢٠٢٠دا (٧٬٤٤٣)کەسە
ناو ناوی شارەدێی خەلەکان لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە ئەویش شارەدێی خەلەکانە. لە سەرەتای درووستبوونی ئەم ناحیەیەدا ناوی (ناحیەی چناران) بوو سەر بە قەزای کۆیە بوو، ھەردوو شارەدێی خدران و ناحیەی خەلەکانی ئێستای دەگرتەوە.
جوگرافیا
شارەدێی خەلەکان ھاوسنوورە لەگەڵ؛
- لە باکوورەوە شارەدێی چوارقوڕنە و ناحیەی خدران.
- لە باشوورەوە شارۆچکەی دووکان و شارەدێی ئاشتی.
- لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی خدران.
- لە ڕۆژاواوە شارۆچکەی کۆیە و شارەدێی ئاشتی.
- ڕووبەری ئەم شارەدێی (١١٥کم٢)ە لە (٦٫٤٥٪) شارۆچکەی دووکان پێکدەھێنێت، وە لە (٠٫٥٧٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
- لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (شەشەمە) لە شەش ناحیەی قەزای دووکاندا.
- لە ڕووی دانیشتوانەوە لە سەر ئاستی (چوارەمە) لە شەش ناحیەی شارۆچکە دووکان.
مێژوو
سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨)
سەرەتا ئەم ناحیەیە کە درووستکرا ناوی ناحیەی چناران بوو. لە ئێستادا بووەتە دوو ناحیە بەناوی ناحیەی خەلەکان و ناحیەی خدران کەواتە مێژووی ناحیەی چناران دەبێتە مێژووی ئەو دوو ناحیەیە. خدران پێش ساڵی ١٩٣٦ گوند بووە و سەربە قەزای کۆیە بووەوە دواتر لەساڵی ١٩٣٦ بووە بە ناحیە سەر بە قەزای کۆیە و ٣٥ گوند لە سنووری ئەودابوون. کە ئێستا زۆربەی گوندەکان ژێرئاو کەوتوون. تاوەکو ساڵی ١٩٥٦ ئەم ناحیەیە سەر بە قەزای کۆیە بوو لە پارێزگای ھەولێر، پاشان خرایە سەر قەزای ڕانیە و بەسترانەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. خەلەکان لەم سەردەمەدا گوندێک بووە لە ناحیەی چناران. تا ساڵی ١٩٤١ دوو بەڕیوبەری ناحیە کاری کردووە، یەکیان (عەلی کوردی) و ئەوی تریان (قادراغا).[٦] سەردەمی کۆماری لە نێوان ساڵانی(١٩٥٨ - ١٩٧٧): دواتر ئەو ناوەندی ناحیە گواستراوەتەوە بۆ گوندی میرزا ڕۆستەمی گەورە سەر بە ناحیەی چناران و لەساڵی ١٩٥٨بەھۆی پڕکردنی دەریاچەی دووکانەوە ناوەندی ناحیە گواسترایەوە بۆ خەلەکان. ھێنانە کایەی قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ناوەندەکەشی لە جێکەوتی بەنداوی دووکان، لە کەرتی (٤٧/تۆپزاوا) و ھەردوو ناحیەی سورداش و ناحیەی چناران بەستران بەم قەزایەوە بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٤٧) لە ١٦\٦\١٩٧١دا.