سەڵاحەدین دەمیرتاش

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢٢:٠٨، ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search
Damertash2932019.jpg

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆک و کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ پەرلەمانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکەی 7ی حوزەیرانی 2015 و کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2014، لە 10ی نیسانی 1973 لە شارۆچکەی پالوی سەر بە پارێزگای ئەلعەزیز لە خێزانێکی زازا لەدایک بووە.

لە 23یەمین خولی پەرلەمانی تورکیا لەسەر بازنەی دیاربەکر و لە 24هەمین خولی پەرلەمانی تورکیا لەسەر بازنەی جۆلەمێرگ وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.

دەمیرتاش لە ساڵی 2002دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دوو کچی هەیە بەناوەکانی دەلال و دلدا و لە ئامەدی باکووری کوردستان دەژین.

0001 (3).jpg

هاوسەرەکەی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی دیجلەی لە دیاربەکر تەواو کردووە.

دەمیرتاش لەبارەی هاوسەرگیرییەکەیەوە دەڵێت: هاوسەرەکەم، کاتێک هاوڕێ و دەزگیرانم بوو، زۆر نازی بۆ دەکردم.

زۆرم خۆشدەوێت و بە خۆشەویستی هاوسەرگیرییمان کرد.

دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەک خۆی دەیگێڕێتەوە‌ بێ ئەوەی بڕوات بۆ قوتابخانە فێری نوسین و خوێندنەوە بووە. لەبەرئەوەی دایک و باوکی ئازاری زۆریان چەشتووە، سەرەڕای هەژارییان تەواوی منداڵەکانیان ناردووەتە بەر خوێندن. خوشک و براکانی دەمیرتاش بوون بە ئەندازیار پارێزەر و مامۆستا.

دەمیرتاش بەشی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لەبەرئەوەی ناچار نەبووە ئامادەی وانەکان بێت تەنیا بۆ تاقیکردنەوەکان چووەتە ئەنقەرە و کاتەکانی تر لە ئامەد لە دوکانەکەی باوکیدا کاری کردووە.

خۆی ئەمڕۆژانە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: باوکم دوکانی دامەزراندنی تۆڕی ئاوی هەبوو، منیش کارم لەگەڵی دەکرد، دەچووم بۆ هەر ماڵێک دەموت لە ئەنقەرە بەشی یاسا دەخوێنم، تووشی سەرسوڕمان دەبوون. دوای تەواوکردنی بەشی یاسا لە زانکۆی ئەنقەرە، دەمیرتاش بۆ ماوەیەک وەک پارێزەر کاری کردووە.

ژیانی منداڵی و کوردایەتی

دایک و باوکی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە کوردی- زازاکی لەنێوان خۆیاندا دواون، بەڵام لەبەرئەوەی نەیانویستووە منداڵەکانیان دووچاری گرفت ببن، فێری زازاکییان نەکردوون و لەگەڵ ئەواندا بە تورکی قسەیان کردووە. به و هۆیەوە دەمیرتاش لە منداڵیدا فێری کوردیی نەبووە و لە قۆناغی ئامادەیی بۆی روون دەبێتەوە کە کوردە.

لە ئامادەیی کاتێک لەکاتی یەکێک لە وانەکاندا دەنگی قەرەباڵغییەک دەبیستێت، لە مامۆستا دەپرسێت ئەوە چییە؟ مامۆستاکەش ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بۆ قوتابییەکانی باس دەکات کە ئەم خۆپیشاندانە لە دژی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە رێکخراوە و باسی ژیانی کوردانیان بۆ دەکات. ئەوکاتە دەمیرتاش دەزانێت کە ئەویش کوردە.

وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، دەمیرتاش، بەدزی دایک و باوکییەوە گوێی لە مۆسیقا و گۆرانی کوردی گرتووە، بەڵام لە ئامادەییدا بەشداری لە چالاکی سیاسیدا نەکردووە.

دوای تەواوکردنی بەشی یاسا لە زانکۆی ئەنقەرە و بەر لەوەی بچێتە ناو ژیانی سیاسییەوە، دەمیرتاش بۆ ماوەیەک وەک پارێزەر کاری کردووە.

سەرەتای کاری سیاسی دەمیرتاش بە بوون بە ئەندامی لقی ئامەدی رێکخراوی مافی مرۆڤ دەستیپێکرد. دوای ئەوەی عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی ئەوکاتەی رێکخراوی مافی مرۆڤی دیاربەکر‌ بە سەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد هەڵبژێردرا، دەمیرتاش بوو بە سەرۆکی رێکخراوەکە. لەماوەی سەرۆکایەتیدا لە رێکخراوەکە دەمیرتاش کاری لەسەر دۆسیەی تاوانە بکەر نادیارەکان (فاعل مجهول) کردووە.

دەمیرتاش لە 2007ەوە دوای دامەزراندنی پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات (دەتەپە) بەشێوەیەکی چالاکتر درێژەی بە ژیانی سیاسیدا. لە هەڵبژاردنی ئه و ساڵەدا لەڕێگەی دەتەپەوە خۆی بۆ پەرلەمانی تورکیا کاندید کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کرا بە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمان.

دوای بڕیاری دادگا بۆ داخستنی دەتەپە، لە 2010 و لەکۆنگرەی پارتی ئاشتی و دیموکراتیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ گوڵتان کشاناکدا بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردران.

لە هەڵبژاردنی 2011شدا دووبارە سەلاحەدین دەمیرتاش کاندید کرایەوە و بە ئەندامی 24هەمین خولی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە.

لە ماوەی قۆناغی چارەسەرکردنی پرسی کورد و راگەیاندنی ئاگر بەست لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، دەمیرتاش بەردەوام بوو لەسەر بەڕێوەبردنی پارتی ئاشتی و دیموکراتی.

دوای گۆڕانکاری لەناو و شێوازی کارکردنی بەدەپە و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا هاوشانی فیگەن یوکسەکداغ بە هاوسەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

لە 30ی حوزەیرانی رابردوودا لە مەراسیمێکدا کاندیدبوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلانەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راگەیەنرا و لە وتارێکیدا کە له و مەراسیمەدا پێشکەشی کرد وتی: دەمانەوێت لەمەودوا وڵاتێک ببینین کە سەرۆکەکەی بەخۆشحاڵییەوە لەلایەن گەلەوە دەستنیشانکرابێت.

ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی تەواوی تواناکانی دەوڵەت بخەینە خزمەتی گەلەوە.

له و هەڵبژاردنەدا دەمیرتاش رێژەیەکی باش دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی لە رکبارەکەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو نزیک ببێتەوە.

هەروەها دەمیرتاش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنیا کاندیدی کوردەکان نییە، بەڵکو کاندیدی تەواوی تورکیایە.

لەئێستاشدا، دەمیرتاش کە جارێکی تر کاندیدە بۆ پەرلەمان و هەوڵی بەدەستهێنانی زیاد لە سەدا 10ی دەنگەکان دەدەن، دەڵێت: من بە تەنیا کاندیدی کوردەکان نیم، بەڵکو کاندیدی خەڵکی تورکی ستەملێکراویشم، من نوێنەری شیعە، سوننە، چەرکەز و ئەرمەنەکانم. کاندیدی جوتیار و خەڵکی شار و گوندەکانم. خۆم بەکاندیدی هەموو ئه و کەسانە دەزانم کە دەڵێن لەم نیشتیمانەدا ئاسودە نین، رازی نین لە دادپەروەریی ئەم دەسەڵاتە.

دڵنیابن لە هەموو شوێنێکی تورکیا، لە دەریای رەش و لە تراکیاوە تا ناوچەکانی ئیجە، تا دەریای سپی، ئەنادۆڵی ناوین لە هەر شوێنێکی خۆرهەڵات بەرگریمان لە زۆرلێکراوان کردووە.

سەرچاوەکان‌:

• چاوپێکەوتنی دەمیرتاش لە خەبەر تورک، رادیکاڵ ئای ئێم سی تیڤی 2013

• بایۆگرافی دەمیرتاش لە پەرلەمانی تورکیا


تێبینی: باوکی ناوی تاهیر و دایکیشی ناوی سادییە.

کاتێک سەڵاحەدین دەمیرتاش منداڵ دەبێت بنەماڵەکەی کۆچ دەکەن بۆ شاری ئامەد.

دەمیرتاش شەش خوشک و برای هەیە. لە ئێستادا نورەدینی برای گەریلایە.

نورەدینی برای سەڵاحەدین بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە زانکۆی مۆغلا لە ساڵی 1991 دەستگیرکرا و ماوەی 13 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا و لە دوای تەواوبوونی وادەی زیندانییەکەی لە ساڵی 2004 ئازاد کرا.

نورەدینی برای دەمیرتاش لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2004 لە زیندان ئازاد دەکرێت لە گەڵ حزبە کوردییەکانی باکووردا دەست بەکاری سیاسی دەکاتەوە.

لە ساڵی 2007 دەبێت بە سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەپە) و بەهۆی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییەوە، کە کردبوویە ئامانجی سیاسیی حزبەکەی جارێکیتر دەستگیرکرا.

لە دەرفەتێکدا لە دەست هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵدێت و ئێستا گەریلایە.


سەرچاوە: خەندان