مێجه‌رسۆن، (دوژمنـ)ـێکى خزمه‌تگوزار!
• مێجه‌رسۆن كێيه؟
ئەیلی بانستەر سۆن (١٨٨١- ١٩٢٣) مێژوونووس، گه‌ڕيده، ئەنترۆپۆلۆگ، زمانەوان، ڕۆژنامەنووس، ئەفسەرى هەواڵگری سەربازیی و حاکمى سیاسى بریتانی بووه.
له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بيستدا هاتووه‌ته ناوچه‌كه و وه‌ك سيخوڕ به‌ناوى نهێنى(میرزا غوڵام حسێنی شیرازی) خۆى نمايش كردووه.
چه‌ند ساڵێك ماوەتەوە و دواتر لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستبەسەركراوه. پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، بۆ دووهمين جار لەلایەن حکومەتی بریتانیاوە ڕاسپێرراوە تا سەردانی ناوچەی میزۆپۆتامیا بکات و بە شێوەیەکی نهێنی زانیاری لەسەر ناوچەکە کۆبکاتەوە و بە شێوەی ڕاپۆرت پێشکەشى بریتانیاى بکات. ماوەی دوو ساڵ حاکمی سیاسيی ئينگليزه‌كان بووه له سلێمانی.
• سۆن و پێشخستنى ژێرخانى ئابورى و ڕۆشنبيرى:
ده‌وترێت كه سۆن دوژمن بووه، داگيركار و سيخوڕ بووه، له ڕووى ڕاميارييهوه هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه‌ى كه له فڕۆكه‌كه‌ى دابه‌زى و ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حمووددا نه‌كرد، تا ئه‌و ساته‌ى به نه‌خۆشى سيل سلێمانى به‌جێ هێشت، دژى ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تى مهليكى كوردان بوو، ئه‌گه‌ر له‌ڕووى نه‌يار و دژهكانيهوه ئه‌مه پێناسه‌ى مێجه‌رسۆن بێت، ئه‌وا له ڕووى ڕۆشنبيريى و كارگێڕييه‌وه، هێنده‌ى كردووه كه له ڕيزى دۆست و خزمهتگوزارێكدا ناوى به‌رين!
تێگه‌يشتن له مێژوو، هێشتا له‌لاى ئێمه، له‌ژێر كاريگه‌رى سۆزدايه، يان به شێوه زانستييهكهى نه‌نووسراوه‌ته‌وه و هه‌ر ڕووداوه و وه‌ك خۆى و وه‌ك ئه‌وه‌ى كه هه‌يه بنووسرێته‌وه.
بۆيه له‌كاتێكدا ده‌وترێت كه مێجه‌ر سۆن زمانى كوردى باش فێربووبوو و خزمه‌تى پێ ده‌كرد، كه‌سانێك هه‌ن پاڵپشت به ئه‌م تێگه‌يشتنه باوه له مێژوو، وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن، بابه‌ته‌كه ئه‌وه نييه، چونكه ئه‌و سيخوڕ بوو، كارى به‌وه ڕۆيشتووه وا بكات! لێره‌دا دهپرسين: ئه‌ى هۆى چى بوو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی له عێراقدا (تێگەیشتنی ڕاستی)(١) و لە سلێمانی (پێشكه‌وتن)ى (٢) دەركرد؟ ئه‌ى بۆچى له پێشكه‌وتندا خه‌ڵاتى بۆ ئه‌و نووسينانه بڕييهوه كه به كوردى په‌تى ده‌نووسن؟ ئهرزوهحاڵى بۆچى كرد به كوردى؟ يان بۆچى بوو كه خوێندن و خوێنده‌وارى كرد به كوردى و (قوتابخانه‌ى نموونه‌يى سه‌عاده‌ت)ى كرده‌وه و ماوه‌يه‌كيش وانه‌ى تێدا وته‌وه؟ ئه‌ى فه‌رهه‌نگى (ئينگليزى – كوردى)يه‌كه‌ى بۆچى دانا؟ يان هۆى چى بوو كه دوو به‌رهه‌مى له‌سه‌ر ڕێزمان و بنچينهكانى ڕێزمانى كوردى نووسى؟ ئه‌ى بۆچى هاوكارى گۆڕينى ناوى سلهيمانيهى بۆ سلێمانى(٣) كرد؟ ئه‌ى پشتگيرى چاپكردنى يه‌كه‌م ديوانى چاپكراوى كورد (ديوانى مه‌حوى)(٤) بۆ چ مه‌به‌ستێك بوو؟...
نا، بابه‌ته‌كه ئه‌وه نييه و شتى تريشى كردووه. مێجه‌رسۆن، ڕێگا سه‌ره‌كييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سلێمانى بۆ كه‌ركووك، هه‌ڵه‌بجه‌ى كردووه‌ته‌وه. يه‌كه‌مين ئۆتۆمۆبێليش هه‌ر ئه‌و هێناوێتييه شاره‌كه‌وه و خولى فێربوونى ئۆتۆمۆبيلچێتيشى بۆ هاووڵاتيانى شاره‌كه كردووه‌ته‌وه و پاره‌شى داوه به هه‌ر كه‌سێك به‌شدارى خوله‌كه بكات!(٥) دروستكردنى پردى تانجه‌رۆ بۆ چى بوو، خۆ به ته‌نها له‌به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ى ئه‌و نه‌بوو؟! ئه‌ى هێنانى مه‌كينه‌ى چاپخانهكهى له به‌سره‌وه بۆ سلێمانى له‌به‌ر چى بوو؟ دامه‌زراندنى (مه‌جليسى شار) بۆچى كه به ڕاوێژ و گفتوگۆ بڕيارى تێدا دراوه...(٦) هه‌ريه‌ك له‌م كارانه‌ى سۆن زۆريان له باره‌وه وتراوه و نووسراوه، لێره به‌دواوه ئاماژه به چه‌ند خزمه‌تگوزارييه‌كى تر‌ى ئه‌م پياوه ده‌كه‌ين كه كه‌مترين قسه‌ى له‌باره‌وه كراوه و بوون به به‌شێك له‌و بونيادهى كه هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى سلێمانى به پايته‌ختى ڕۆشنبيريى بناسرێت.
يه‌كه‌م: سۆن و لامه‌ركه‌زييه‌تى دارايى بۆ سلێمانى.
ساڵى ٢٠١٧ه‌وه ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى پرۆژه‌ى لامه‌ركه‌زييه‌تى په‌سه‌ند كردووه و ئه‌وه ساڵێك زيارتريشه گفتوگۆ و كارى بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام مێجه‌رسۆن، سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش، بۆ ماوه‌ى ساڵێك ناوه‌رۆكى ئه‌م پرۆژه‌يه‌ى ئه‌زموون كردووه.
له ژماره سى و پێنجى هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى(سلێمانى) و پرسيارى (ئايا سلێمانى له‌پاره‌و گه‌يشتنى خۆى شتێك به عێراق بدات يان نا؟) ئاماژه بۆ يه‌كه كارگێڕيييهكانى شاره‌كه ده‌كات و ده‌نووسێت (خه‌ڵكى ئه‌م ليوايه، چ له‌به‌ر گه‌وره‌يى ليواكه و چ له‌به‌ر ئاگالهيهكنهبوون ئه‌وه‌نده شاره‌زاى تهرتيبى حكومه‌تى نيين.) و باسى حاكم ليواكانى (چه‌مچه‌ماڵ، ڕانيه، هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزێ و پشده‌ر، قه‌زاى سلێمانى و قه‌زاى هه‌ڵه‌بجه) و بيست مدير ناحيه و چه‌ند يه‌كه و دامه‌زراوه‌يه‌كى تر ده‌كات كه مانگانه‌يان له ساڵێكدا ده‌كاته ٩٩٧٦٥٠ نۆسه‌د و نه‌وه‌د و حه‌وت هه‌زار و شه‌شسه‌د و په‌نجا ڕوپيه.
(تهرتيبى حكومه‌تى سلێمانى له‌گه‌ڵ به‌غدادا) به‌م شێوه‌يه باس ده‌كات:
له‌پێش هه‌راى شێخ مه‌حمووددا گه‌يشتن و خه‌رجى ليوا ڕێك نه‌خرابوو، له‌وه ده‌دوان: ئايا سلێمانى له‌پاره و گه‌يشتنى خۆى شتێك به عێراق بدات يان نا؟ له‌پاش هه‌را له به‌غداوه حوكم ده‌رچوو كه هه‌موو حسێبى سلێمانى له‌ناو حسێبى به‌غدادا بێت، كه هه‌موو ماليان بگه‌يه‌نرێت به سندوقى به‌غدا و بۆ خه‌رجيش له به‌غداد وهرگيرێت. حاكمى ئێستا مێجه‌رسۆن كه ته‌ماشاى ئيشى كرد، ئه‌گه‌ر بێت و وا ڕێك خرێت، كوردستان زۆر شتى له‌كيس ده‌چێت و قازانجێكى زۆر بۆ عه‌ره‌ب و عێراقه. دياربوو كه كوردستان پاره گه‌يشتن و ده‌ستكه‌وتنى زياتر بوو له دان و خه‌رجكردنى خۆى. له‌به‌ر ئه‌وه له‌گه‌ڵ والى به‌غدا زۆر باس كرا، له دوايدا وادانرا كه هه‌تا ساڵێك له هه‌وه‌ڵى نيسانى ١٩٢٠ تا هه‌وه‌ڵى نيسانى ١٩٢١ كوردستان خۆى سندوقى هه‌بێت، به‌ڵام هى گومرگ بۆ عێراق بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرا كه سوار و زهبتيه و عه‌سكه‌رى خۆمانمان هه‌بێت و ئيشيش بده‌ين به زۆر له خه‌ڵكى كوردستان و هه‌ندێ ڕێگا وه‌ك ڕێگاى كه‌ركووك، هه‌ڵه‌بجه، كفرى و پردى تانجه‌رۆ و هى تر بگيرێته ده‌ست، ئه‌گه‌ر سندوقى ئێمه بكهوتايهته سندوقه به‌غداده‌وه هيچ نه‌ده‌كرا.
دووه‌م: سۆن و ماسته‌ر پلان بۆ سلێمانى:
له ژماره ٢ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، وه‌ك بڕيارى كۆبوونه‌وى مه‌جليسى شار له ١٧/٤/١٩٢٠به سه‌رۆكايه‌تى ميجهرسۆنى له خاڵى نۆدا ئاماژه به ماستهرپلانى سلێمانى دراوه و ده‌ڵێت: (داناى موهه‌نديس بۆ بهلهديه بۆ خاترى ئه‌مه كه خهريتهيهكى ڕێك و باشى شار بكرێ و بۆ ئه‌مه‌ى كه هه‌موو كه‌س شه‌قام بزانێت و كه ديوارێك له‌سه‌ر شه‌قام بوو نهيكاتهوه و هيچ له‌كيس نه‌چێت. ده‌بێ بۆ بهلهديه موههنديسێك دانرێ له‌گه‌ڵ ئه‌م موههنديسهشدا ههيئهتێك به ده‌مبڕ دانرێت. له‌به‌ر ئه‌مه زوو به‌زوو خهريتهكهى شار بگيرێت و وه‌ها دانرا) ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه دێت كه ته‌جاوز كرابوويه سه‌ر موڵكى گشتى و بڕيارى قه‌ره‌بووى ئه‌و موڵكانهشى ده‌ركرد.
سێيه‌م: سۆن و پرسيارى شه‌رعى له ئه‌هلى عيلم:
١- له ژماره سى و يه‌كى هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (ته‌ڵاق)دا وا هاتووه كه: له به‌غداده‌وه نووسراوه كه به (حه‌نه‌فى) ژن به‌هيچ كلۆجێك ناتوانێ ته‌ڵاقى خۆى له مێردى بسه‌نێت، با مێرده‌كه‌ى ئيدارهشى نه‌دات يان نابوت بووبێ و ژن چاره‌ى نييه. ئه‌گه‌ر مێردێك غائيب بێ به ئه‌قڵ و زه‌ين ديار بێ كه مردووه، ديسان هه‌تا چه‌ند ساڵێك ژنه‌كه ده‌بێ چاوه‌ڕێ بێ. هه‌تا ئێستا ئه‌مه له‌سه‌ر هه‌ندێ ژن زۆر گران كه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه زۆر ژن مێرديان له شه‌ڕا كوژرابوو و شايد نه‌بوو لهسهريان، به‌ڵام لاى (حه‌نبه‌لى و مالكى) مێردێك چ له حازرنهبوونى يا له نهويستى ئيدارهكێشانى ژنه‌كه‌ى، ژنه ده‌توانێ ته‌ڵاقى لێ بسه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌م تێوردبوونهوهيه، له ٢٣ى ڕهبيعولئهوهلى ١٣٣٤ شێخولئهلئيسلامى ئه‌سته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ قبوڵكردنى سوڵتاندا فتواى داوه كه قازييهكان ئه‌م نوقتهيه به جواز بزانن ئێستا (مجلس تميز الشرعى) دايان ناوه كه ئيراده‌ى سوڵتان بۆ ئه‌مه له عێراق ڕه‌وا بێ. له‌به‌ر ئه‌وه له عێراق به‌م ڕه‌نگه داده‌نرێت. چونكه ئه‌هالى كوردستان حه‌نه‌فى نين خواهش له جه‌نابى قازى و عولهماكانى تر ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئيراديان هێنابێ ئه‌م نوقتهيه هه‌يه، بفه‌رموون و ئيرادێكيان بنوێنن.
له ژمارهسى وسێى هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، سێ مامۆستا وه‌ڵامى ده‌ده‌نه‌وه به‌وه‌ى كه به‌پێى شافيعى مه‌زهه‌ب تا شاهيد له‌سه‌ر مردن نه‌بێت و كاتى دياريكراو كه قازى ده‌ستنيشانى ده‌كات، ده‌بێت ژن چاوه‌ڕێ بكات.
٢- له ژماره سى و هه‌شتى هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (خه‌زێنه‌ى حه‌مام) ده‌نووسێت: وام بيست له‌سه‌ر ئهرزوحاڵى خه‌ڵك بهلهديه خه‌زێنه‌ى حهمامهكانى ديسان كردووه‌ته‌وه! له‌بيرم دێ پار له مه‌جليسى شاردا تۆفيق وه‌هبى ئه‌فه‌ندى هه‌وه‌ڵ شت كه هێنايه پێشه‌وه ئه‌م باسه بوو كه حهزێنهى حه‌مام زۆر نه‌خۆشى لێوه دێت، واچاكه وه‌ك: حه‌له‌ب و به‌يروت شارانى تر داخرێت... ديسان يه‌ته‌وه بيرم له‌پاش دوانێكى كه‌م هه‌موو ئهعزاكانى مه‌جليس كه ئه‌وسا ميرزا فه‌ره‌ج و حاجى ئيبراهيم ئاغا و تۆفيق وه‌هبى ئه‌فه‌ندى و غه‌فوور ئاغا بوون، يه‌كێتى بيريان نواند بۆ ئه‌مه كه داخرێت. ئێستا له‌به‌ر حه‌زى خه‌ڵك ديسان كردنه‌وه‌ى قبوڵ كرا.
چونكه ئهرزوحاڵدهرهوهكان وتبوويان (بۆ غوسڵ خه‌زێنه واجبه كه له‌و ئاوه‌دا ته‌واو نوقوم ببى و خۆتى تێهه‌ڵكێشى) دياره هه‌موو كه‌سيش ديزاينى حهمامهكانى حه‌ڵه‌ب و به‌يروت و زۆر شارانى تر حهزێنهيان نييه، له‌به‌ر ئه‌وه حه‌ز ده‌كه‌م دوو پرسيار له ئه‌هلى عيلم بكه‌م:
- ئايا غوسڵى حه‌له‌بى، بهيروتى، ئه‌ده‌نه و جێگاكانى تر غوسڵیان دروسته يان دروست نييه؟
ٓ- ئه‌گه‌ر دروسته بۆچى ئهرزوحاڵنووسهكان ده‌ڵێن: غوسڵى دروست و ڕاست بێ خه‌زێنه نابێت؟
جگه له فێربوون و زانين هيچ مه‌قسودم نييه و لهبيرما نييه موداخه‌له‌ى ئيشى بهلهديه بكه‌م، به‌ڵام بۆ زانينى خۆم پرسيار ده‌كه‌م. هه‌روه‌ك له‌مه‌و پيش بۆ هه‌نێ شتى وا له عالمهكانم پرسيوه و جوابيان داوه‌ته‌وه.
له ژماره‌ى دواتردا سێ مامۆستاى ئاينى وه‌ڵامى ده‌كه‌نه‌وه به‌وه‌ى كه غوسڵى حه‌مامى ئه‌و شارانه دروسته چونكه ئاو له شوێنى خۆشتنهكهيان ده‌ڕوات و وه‌ك ئه‌وانه‌ى ئێره نييه كه جوڕنهكان ئاويان تێدا گل ده‌درێته‌وه و پريشكى پيسيان تێ ده‌چێت.
ئه‌م پرسيار و گفتوگۆيه جۆرێكه له گفتوگۆى شارستانى له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌لايه‌ك و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌لايه‌كى تره‌وه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ئێستا زۆر جار به جۆرێكى تێكڕژاو و دژبهيهك كار ده‌كه‌ن.
چواره‌م: سۆن و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و جێبه‌جێكردن به زمانى پرسياركردن:
له‌و شوێنه‌شدا كهپێويست بووه، ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتێك بگرێت، به زمانى پرسيار كردن چووه‌ته پێشه‌وه، وه‌ك له ژماره بيست و پێنجى هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (پرسيار له قازى ئه‌فه‌ندى) ده‌نووسێت: دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌به‌رده‌م چايخانهيهكدا به ئوتومبيل ڕابوردم، ته‌ماشام كرد دوو كه‌س دانيشتوون (ئهسكهميل) يارى ده‌كه‌ن، چايچييهكهم بانگ كرد، وتم: ئه‌مه چى ده‌كه‌ن؟ وتى: ئهفهنديم ئه‌مه قومار نييه له‌سه‌ر دوو پياڵه چاى واده‌كه‌ن! -لاى خۆى وايزانى كه جوابيكى چاكى داومه‌ته‌وه- به‌ڵام من قسه‌يه‌كى كه‌م هه‌يه، ده‌ڵێم ئه‌م يارييانه له‌سه‌ر پاره يان چاى بێ يان هيچ شتێكى تر بێت، قوماره و فهرقێكيان له‌نێودا نييه.
له قورئانى مهجيددا بێژراوه (له تۆ ده‌پرسن له مه‌ى و قومار بڵێ له‌و دوانه‌دا زيانى گه‌وره و قازانج هه‌يه، به‌ڵام زيانيان زۆرتره له قازانجيان) ديسان فهرمووراوه (جگه له‌مه نييه كه شه‌يتان ده‌يه‌وێت به مه‌ى و قومار دوژمنى و ڕق بخاته ناوتانه‌وه و ئێوه دووربخاته‌وه له زيكرى خوا و نوێژ)
پێنجه‌م: كاركردن به سيسته‌مى پاداشت وسزا:
سۆن هه‌ر به پێشنياز و گفتوگۆ و ڕه‌خنه‌گرتن له خزمه‌تكارى نه‌چووه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵكو له جێبه‌جێكردنى ياسا و بڕيارى تونديشدا خزمه‌تى كردووه، بۆ نموونه:
١- له ژماره ٤٥ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانينى هه‌موو) ده‌نووسێت: جگه له عه‌سكه‌رى هه‌چكه‌س له كۆڵان و ڕێگاى ناوشاردا تاو و غار بدا به‌م ڕه‌نگه جه‌زا ده‌درێت: هه‌وه‌ڵ جار پێنج ڕوپيه و دووه‌م جار ١٥ و سێيه‌م جار ٣٠ ڕوپيه ياخود حه‌وت ڕۆژ حه‌پس ده‌كرێت.
٢- له ژماره ٢٩ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانين) ده‌نووسێت: مه‌جيد كورى عه‌لى هه‌مه‌وه‌ند ٢٧ ساڵه‌يه، دهستهپياوه، سمێڵى پڕ و درێژه، ڕيشى تۆپه، مووى سووره، پياوى كوشتووه و هه‌ڵهاتووه، هه‌چكه‌س هه‌واڵى ئه‌و مهجيده بدا كه بۆ كوێ چووه يا بيگرێت و بيگه‌يه‌نێته حكومه‌ت ٣٠٠ سێسه‌د ڕوپييهى ئه‌درێتێ.
٣- له ژماره ١٢ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانين) ده‌نووسێت: چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و پێش به شه‌و هه‌ندێ كهلوپهليان له ژن و منداڵى وه‌لى قه‌هوه‌چى دزيوه، هه‌چكه‌س ڕاستى ئه‌و دزه بڵێت و ئه‌و دزه بدۆزێته‌وه له‌لايه‌نى حكومه‌ته‌وه به‌خششێكى باشى ئه‌درێتێ.
٤- له ژماره ١٢ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانين) ده‌نووسێت:
هه‌چكه‌س فێر و تێكه‌ڵى له ئيشى حه‌كيمى بووبێ يا خه‌ريكى تێكهلبوونى بێ يا ده‌ست بكا به كرده‌وه و ڕه‌وشت و له‌قه‌ب يان نيشانه‌يه‌كى پێ ببرێت كه ئه‌مه پياوێكى حهكيمه جه‌ڕڕاحه، مامانه يان حه‌كيمى دانه، بێ ئه‌وه‌ى كه به قانوون ئيزن درابێ، يان قانوون بڵێ ئه‌م ئيشه له‌م پياوه يه‌ت، يان بێ ئه‌مه ناوى خۆى بۆ ئه‌م ئيشه نووسيبێ دانانى له‌لاى گه‌وره مه‌ئمورانى حه‌كيمى شاره‌وه جه‌ريمه ده‌كرێت كه جهريمهكهى ده‌ركه‌وت له‌لاى حاكم به جهريمهيهك له هه‌زار ڕوپيه زياتر نه‌بێ يان حه‌پس ده‌كرێت به حهپسێك له شه‌ش مانگ زياتر نه‌بێ، ئه‌و حهكيمه با ئافرهتيش بێ ديسان به‌و ڕه‌نگه جه‌ريمه ده‌كرێت.
شه‌شه‌م: شوێنه‌وارى ياسا و بڕياره توندهكانيشى بۆ خزمه‌ت به‌كارهێناوه:
پاش شه‌ڕى ده‌ربه‌ندى بازيان و هاتنه‌وه‌ى ميجهرسۆن بۆ سلێمانى، بڕيارى دا كه: ئه‌و چه‌كانه‌ى وه‌كو تفه‌نگ له هه‌موو جۆرێك ده‌مانچه، خه‌نجه‌ر، شير، قه‌مه، لاى هه‌ر كه‌سێك هه‌يه له‌ماوه‌ى بيست و چوار سه‌عاتدا ئه‌بێت بيهێنێت و بيسپێرێت به پۆليسخانه. پاش ئه‌و ماوه‌يه لاى هه‌ر كه‌سێك و له‌هه‌ر ماڵێكدا يه‌كێك يان زياتر له‌و چه‌كانه بدۆزرێته‌وه به‌بێ لێپرسينه‌وه به ٥٠٠ ڕوپيه يان به شه‌ش مانگ به‌ندى يان به هه‌ردووكيان سزا ده‌درێت.)
وه‌ك ئه‌حمه‌د خواجه باسى ده‌كات به ئه‌ندازه‌ى گردێك چه‌ك كۆكرايه‌وه و مێجه‌رسۆن له جياتى سوتاندن و لهناوبردنيان بڕيارى دا: كه دائيرهيهكى شاره‌وانى دروست بكات و ئه‌م چه‌كه زۆرانه بخاته بناغهكهيهوه، ئه‌وه‌بوو ئه‌م بيرو پرۆگرامه‌ى هێنايه دى و له‌جێى كه‌لاوه‌ى سه‌قاخانه و تهويلهى باوى بابانه‌كان و عوسمانى كه به‌ده‌شت مابووه‌وه بيناكهى شاره‌وانى ناوبازاڕ (بهلهدييهكه)ى پێ دروست كرد و ئه‌و چه‌كانه‌ى به پێخۆى لم و قسڵهوه له بناغهكهيدا ناشت.(٧)
حه‌وته‌م: وه‌سێتى سۆن و پێشنيازێك :
له‌گه‌ڵ ژماره ٤٦ى ههفتهنامهكهدا و له ٥ى٣ى ١٩٢١ هه‌واڵى سه‌فه‌رى مێجه‌رسۆن و وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ بڵاو ده‌كرێته‌وه (جه‌نابى مێجه‌رسۆن دوو ساڵ زياتره كه خه‌ريكى خزمه‌تى ئه‌م وڵاته‌يه، بۆ ڕۆژى شه‌ممه پێنجى ئه‌م مانگه به ئيزنى شه‌ش مانگ له سلێمانى بوت.
هه‌موو كه‌س ده‌زانێت بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى ئێمه و وڵاتمان چه‌ند هه‌وڵى دا‌و چۆن تێكۆشا)
ته‌نانه‌ت پاش به‌جێهێشتنى سلێمانى و ڕۆيشتنهوهى وهسيهتى كردووه به خاڵێك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه كه له‌و سامانه‌ى دوا خۆى به‌كارده‌هێنرێت، له پرۆژهيهكدا بۆ كورد و به‌تايبه‌تيش بۆ كوردى خه‌ڵكى سلێمانى بێت.(٨) هه‌روه‌ها خاتوو لۆنێت سۆن، هاوسەری مێجەرسۆن ٢٦ ساڵ لەمەوبەر خانووەکەی خۆی پێشکەشە بە منداڵانی هەڵەبجە کردووه. هەفتەیەک بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، ئاشکرای کردووە ئەو خانووەی خۆیان کە سەعات و نیوێک لە شاری لەندەنەوە دوورە، دیاری بێت بۆ منداڵانی شاری هەڵەبجە. لۆنێت سۆن ئه‌م قسه‌يه‌ى لاى (رووناک ئەحمەد بەگی جاف) كردووه كه ده‌كاته كچى شاعیری ناوداری کورد (ئەحمەد موختار بەگی جاف). كاتێك لۆنێتی ژنی مێجەرسۆن زانيوێتى کە کوڕەزاکانی عادیلەخانمی هەڵەبجە لە بەریتانیا دەژین، وتبووی حەزدەکەم بیان بینم. ئه‌ويش ساڵی ١٩٩٤ڕۆژێک چووه بۆ لای لە خانووەکەی خۆی لە شاری (برایتن) کە سەعات و نیوێک لە لەندەنەوە دوورە، بەڵام پێش ئەوەی بڕوات وتبووی با یاپراخ و کەبابم بۆ بێنێت كه ئەو کاتە تەمەنی ٩٥ ساڵ بووە.(٩)
بۆيه پێشنياز ده‌كه‌م وه‌ك پێزانين به كار و هه‌ڵوێسته‌كانى مێجه‌رسۆن كه بوونه‌ته به‌شێك له ژێرخانى ڕۆشنبيرى شاره‌كه، په‌يكه‌رێك بۆ ئه‌م تاقانه دوژمنه خزمه‌تگوزاره دروست بكرێت كه له زۆر دۆستى بێخزمه‌ت زياتر خزمه‌تى سلێمانى كردووه.(١٠)
په‌راويز و سه‌رچاوه‌كان:
(١) تێگه‌يشتنى ڕاستى، ساڵى ١٩١٨- ١٩١٩ بڵاوكراوه‌ته‌وه و ٦٥ ژماره‌ى لێ ده‌رچووه.
(٢) پێشكه‌وتن، ساڵى ١٩٢٠-١٩٢١ بڵاوكراوه‌ته‌وه و ١١٨ ژماره‌ى لێ ده‌رچووه.
(٣) له ژماره ١٢ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانين) ده‌نووسێت: ناوى سلێمانى تا ئێستا له ده‌فته‌رى ڕه‌سمى به‌غداد و جێگاكانى تر (سلێمانيه)يان ده‌نووسى. به ئه‌مرى والى گۆڕا، ناوى ڕه‌سمى ليوا و شار له‌مه‌ولا به (سلێمانى) ناو ده‌برێت و ئه‌نووسرێت.
(٤) ساڵى ١٩٢٢ له‌لايه‌ن عه‌لى كه‌مال باپير ئاغاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
(٥) له ژماره ١ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، به ناونيشانى (بۆ زانينى هه‌موو) ده‌نووسێت: حكومه‌ت شاگردى ئه‌وێت بۆ فێربوونى ئيشى ئۆتۆمۆبيل. عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نى و جوله‌كه له شوينێكى تره‌وه نايه‌وێ بهێنێ بۆ ئێره. هه‌چكه‌س دهيهويت ئۆتۆمۆبيلچێتى فێر بێت ڕائهگيرێت به‌ڵام نابێت له حه‌ڤده ساڵ بچوكتر بێ مانگانهيشى چل په‌نجا ڕوپيهى ئه‌درێتێ. فێربوونى ئه‌مه شتيكى باشه هه‌چكه‌س تا فير ده‌بێ له پێشا مانگانهكهيشى كه‌م بێت ده‌بێ پێى خۆش بێ، هه‌چكه‌س ده‌يه‌وێت خۆى بنووسێت با بێته دائيرهى سياسى.
(٦) له ژماره ٢ هه‌فته‌نامه‌ى پێشكه‌وتندا، هه‌واڵى چه‌ند بڕيارێكى گرنگى ئه‌م مه‌جليسى شاره‌ى له ١٧/٤/١٩٢٠به سه‌رۆكايه‌تى ميجهرسۆنى بڵاوكردووه‌ته‌وه.
(٧) چيم دى، ئه‌حمه‌د خواجه، ئاماده‌كردنى: سديق ساڵح، چاپى سێيه‌م، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى، ٢٠١٦، ل٧٩
(٨) سلێمانى ناوچه‌يه‌ك له كوردستان، مێجه‌رسۆن، وه‌رگێڕانى: محه‌مه‌د ئه‌مين حسێن، چاپى يه‌كه‌م، سلێمانى، ٢٠٠٧، ل١٠
(٩) گۆڤاری (خاڵ) لە ژمارە ٢٧ی مانگی شوباتی ئەمساڵ دیدارەکەی بڵاوکردووەتەوە.
(١٠) ئه‌م بابه‌ته ڕۆژى پێنجشه‌ممه ٢٥ى٣ى٢٠٢١ و له چوارچێوه‌ى هه‌فته‌ى ڕۆشنبيريى و كۆمه‌ڵايه‌تى سلێمانى له هۆڵى چێوار له ته‌لارى هونه‌ر پێشكه‌ش كرا.