خەلیل یابە
خەلیل یابە ئەکتەر و مامۆستای پەروەردەیی و وەرزشوانی ناسراو لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ناوی تەواوی (خەلیل یابە کەریم) ە، لە ساڵی1938 لە شارۆچکەی گوێڕی سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوێڕ و ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە، لە ساڵی 1959 خانەی مامۆستایانی لە مووسڵ تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی (سۆربەشی خدری پاشا) و دواتر ماوەیەک لە قوتابخانەی گوندی (ماجید) و پاشان دەگەڕێتەوە شارۆچکەی گوێڕ لەوێ وەکوو مامۆستای سەرەتایی بەردەوام دەبێت لە خزمەت تا ساڵی 1971 گوازراوەتەوە قوتابخانەی (اربیل الاولی النموذجیة- هەولێری یەکەمی نموونەیی) لە ناو شاری هەولێر.
بە هۆی ئەوەی خەلیل یابە زۆر حەزی لە تەمسیل و شانۆ بووە و قوتابخانەی هەولێری نموونەییش دوو دەوام بووە هیچ کاتی نەبووە بۆ ئەنجامدانی چالاکی و نواندن، بۆیە خۆی داوای کردووە لەوێ بگوازرێتەوە، دواتر گوازراوەتەوە قوتابخانەی (سامان) ی سەرەتایی، لەو قوتابخانەیە هەلێکی باشی بۆ ڕەخساوە بۆ چوونە ناو دونیا شانۆ و نواندن.
لە ساڵی 1972 ئاشنایەتی لەگەڵ هونەرمەندی دەرهێنەری کۆچکردوو (تەڵعەت سامان) پەیدا دەکات، دەبێتە ئەندامی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی، لە 13-07-1972 لە باخی شار کە ئێستا بووەتە (چایخانەی خانەنشینان) یەکەم کۆبوونەوە دەکەن و بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کار کردن بۆ تیپی هونەر و وێژەی کوردی.
هونەرمەند خەلیل یابە یەکەم کاری هونەریی بە تەمسیلی (دەرەبەگ و شوان) دەستپێکردووە، بەشداری زیاتر لە 60 کاری هونەریی لە تەمسیلی و زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی و فیلمی سینەمایی کردووە لەوانە: (دەرەبەگ و شوان، وێنەیەک لە ڕابردوو، قەلە ڕووتە، خاڵوێ ڕێبوار، چیرۆکەکانی مام سمایل، گوێزان، بۆرە پیاو، هەولێر لە ڕابردوو و ئێستادا ساڵی 1973، سەرکەوتن، زاوایەکی گەلحۆ، هونەر و ژیان، هەڵەی دەرهێنەر، خۆتان بگرن هات، وەلی دێوانە، قەڵای دمدم، لافاو، هەبوو نەبوو، محەمەد و سێوێ، لاس و خەزال، تاپۆ حەقی چییە، خاتوو کڵاوزەر، ترس و ئەڤین، گرێ، دەهۆلچی، بیری ژمارە 3، گەردەلوول -3، وەنبوەکان و چەندانی تر..).
هونەرمەند خەلیل یابە پیشەی سەرەکی مامۆستایی بووە، وەکوو ئەکتەریش زیاتر لە 50 ساڵ خزمەتی هونەر و شانۆی کوردی کردووە، چەندین ڕۆڵی جۆربەجۆری بینیوە، بۆ نموونە لە درامای (تاپۆ حەقی چییە) کە لە نووسینی هونەرمەند (چەتۆ حەسەن) و دەرهێنانی هونەرمەندی دەرهێنەر (زوهێر عەبدولمەسیح) ە کە کۆمیدیا و تراژیدیای تێدایە و تا ئێستاش بینەری کوردی لێی وەڕس نەبووە، هەروەها لە درامای (هەبوو نەبوو) کە لە بەغدا لەسەر شانۆی (جوال-گەڕۆک) نمایش کراوە، ئەو ڕۆڵی خۆی زۆر بە باشی و جوانی بینیوە، هەتا سەرۆکی دەزگای شانۆ و سینەمای عێراقی ئەوسا هاتووە لە هاوڕێکانی پرسیوە بۆ ئەوەی دەستخۆشی پێزانینی لێ بکات.
هونەرمەند و ئەکتەر خەلیل یابە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: (ئاوت بۆ ڕابردوو دەخوازم کە هونەری شانۆ گرنگ و بایەخی زۆری هەبوو، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا شانۆ لە ئاست و خواستی هونەرمەندان و هاووڵاتییانیشدا نییە..).
لە 27-03-2021 گروپی هونەرمەندانی سلێمانی هونەرمەند خەلیل یابە-یان، بە سەر کردووەتەوە و چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەش کردووە.
تێبینی: سوود لە نووسینێکی مامۆستا نەجمەدین عەزیز سمایل وەرگیراوە لەسەر هونەرمەند خەلیل یابە.
ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق