لاچین و دەنگی کوردانی یەریڤان
نووسینی: جوان عومەر ئەحمەد سەرەتا ویستم تەنیا لەسەر رادیۆی یەریڤان و کارمەندەکانی شتێک بنووسم، ، بەڵام خۆ نەدەکرا ئاماژە بە کوردانی کوردستانی سوور یان کوردانی ئەرمینیا و بەگشتی کوردانی یەکێتی سۆڤێتی ئەو دەم نەکەم.
هەڵبەت ساخکردنەوە و نووسین لەسەر بابەتێکی وەها هەستیار نەک هەر بەکاری خۆمی نازانم بەڵکو رێگەنادەم بەخۆم لەسەر نووسینێک تەنیا یەک بست لەو خاکەی ناوی خاکی کوردستانە ببەخشمە وڵاتانی ئەو ناوچەیە یاخود بوونی کورد لەو ناوچەیە بە زادەی ئاوارەبوون و هەڵهاتن لەو جەنگە ترسناکەی تورکەکان دەرهەق بە نەتەوەی کوردیان کردووە بەگەرێنمەوە..
کوردستانی سوور چی بەسەر هات؟
ئەم هەرێمە لەساڵ 1923 دامەزاو تا ساڵی 1929 بەردەوامی هەبوو واتا تەنیا شەش ساڵ توانیان بەئارامی بەرێوەی بەرن هەرێمی لاچین بەرووسی کراسنێ کوردستان و بە ئەزەری قیزل کوردستان پێ دەگوترا (Krasniy Kurdistan; bi azerî: Qizil Kürdistan) پایتەخەتی کوردستانی سوور لاچین (Laçîn) بووە.
زمانی فەرمی زاراوەی کرمانجی (zaraveyê kurmancî) بەتیپی کیریلی (tîpên kîrîlî) نووسیویانە.
شامیل ئێسگرۆڤ لەکاتی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی لە لاچین
کوردستانی سوور پێکهاتبوو لەم ناوچانە:
کەرەکیشڵاک (قەرەقیشڵاغ)، کەلبەجار، کوباتلی (قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی (کوردحاجی) و مورادخانلی.(Laçîn, Qûbadlî, Kelbajar) ئەم ناوچانەش خاکێکی دانەبراوی کوردەکان بووە و ئەو هەرێمە ئەتۆنۆمیان تیدا دامەزراند.
ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە
ئاوایی کەرەکیشڵاک 07، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی کەلبەجار 08، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی قوتورلی 09، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی کوردحاجی 06، 99% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی مورادخانلی 02، 98% دانیشتوانەکەی کورد بوون.
ئاوایی قوبادلی 09، 98% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون.!؟
هەرێمی لاچین :
دکتۆر جەبار قادر لە توێژنەوەکەی خۆیدا دەڵیت : بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سووردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری (شوشێ) ی ئازربایجان بووە.
ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیاری لای زۆر کەس دروستکردبوو لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە 98، 9% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا.
یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو، ، هەروەها دەڵیت: بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە 100% کەم بکرێتەوە بۆ 73% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.
هۆکاری بە ئۆتۆنۆمیکردنی هەرێمی لاچین!
وەکیل مستەفا لە وتاری بۆچی لینین وگۆرباچۆڤ ویستیان کوردستانی سوور لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دابمەزرێنن؟ کەلەلایەن سوارە شاکەلی وەرگیڕانی بۆ کراوە هۆکارەکەی دەگەرێنێتەوە بۆ قەیسەرەکانی رووسیا و چەتە (دەشناک)ەکانی ئەرمێنیا و دەڵیت :
لە ئەنجامی جەنگەکاندا، جەنگی سەد ساڵەی قەوقاز، جەنگی ڕووس و تورکەکان، جەنگی ڕووس و ئێران. لە سەر ئه و خاکەی کە کوردەکانی بەر لە هەشت هەزار سال لەسەر دەژیان، لە ئەکامی ئەم جەنگانەدا ملیونێک ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشوری و یەزیدی و تورکی و ئێرانی لە تورکیا و ئێرانەوە گوزرانەوە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەجێ کران.
ئەمەش لەسەر بیرۆکەی قەیسەری ڕووس نیکۆلای یەکەم و قەیسەرەکانی تریش کە بەدوای ئەودا هاتنەسەر حوکم تا دەگاته نیکۆلای دووەم درێژەی هەبوو.
ئەم ڕاگوازراوانە کە بوونە نیشتەجێی ئەم ناوچانە، تەنها ئەرکیان پاراستنی هێزەکانی پشتوانی سوپای ڕووسی نەبوو بەرامبەر کوردە موسوڵمانەکان، کە بەرهەڵستی ڕووسە داگیرکەرەکانیان دەکرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لەسەریان بوو هەموو خواردن و ئالیکی سوپای ڕووسیا ئامادەبکەن، سەرباری ئەمانەش دەبوو وەک کرێکار کار بکەن لە ناوچەی دەر هێنانی نەوتی باکۆ و شیرڤان (بەدوورو درێژی لەسەر ئەمە نوسراوە لە کتێبەکەی مینۆرسکی-دا بەناوی کورد).
لەم نێوەندەدا کریستیانەکان ناوچە شاخاویەکانیان بۆمایەوە کەدەکاتە ئەرمینیای ئێستا، کەرەباخ و زەنگە زورە.
لەگەڵ بەردەوامی هێرشی بێ کۆتایی بۆسەر کوردەکان. ئەوانیش لەبەر خۆپاراستن له و هێرشانە ڕوویان لەچیاکان کرد، بەشێکی زۆریشیان سەدان هەزار کەس دەبوون ناوچەکەیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپا کرد، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت له و ناوچانە نیشتەجێن.
ئه و ئەرمەنانەی کەمانەوە بەهاوکاری ڕووسە کازاخەکان زیاتر خەریکی ڕاوڕوتکردن و دەسترێژکردنە سەر و بەرەنگار بوونەوەی موسوڵمانەکانی ناوچەکەبوون تا دەگاتە سنوری باکۆ.
ئەم ڕاوڕوت کردن و تاڵانکاریە زیاتر پەرەی سەند لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەتایبەت پارتی (دەشناک) کە پارتێکی شۆرشگیڕی ئەرمەنی بەهێز بوو، ئەمان بارودۆخی ئەوسەردەمەی بەلشەفیکەکانیان بۆ خۆیان قۆستەوه و حکومەتی دەشناکی ئەرمەنیان ڕاگەیاند کە پاتیەختەکەی شاری گویمری بوو.
هەر لەم ساڵەدا بە بیانووی پاراستنی موسوڵمانانەوه لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەرمەنەکان، سوپای تورک هاتنەناو خواروی قەفقازەوە بۆ بە دامەزراوەکردنی تورکە ڕاگوازراوەکانی سەر خاکی کوردستان لە ناو خاکی تاڵیشی و لیزگین حکومەتێکی تورکیان بۆ دامەزراندن لەژیر دەسەڵاتی (موساڤاتدا) بۆموسوڵمانەکان.
هەرچەندە لەسەردەمی بونیادنانی سۆڤیەتدا ئەرمەنیا و ئازرباییجان و نیکچان سەر بەیەکێتی سۆڤیەت بوون بەڵام ئەم تاڵانکاروی وڕاو ڕووتکردنەی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەشناک، نەک نەتوانرا کۆتایی پێبهێنرێت بەڵکو هەر دڕێژەی هەبوو بۆسەر شارو شارۆچکەکانی ئازربایجان.
لەساڵی 1923 لینین و لایەنگیرەکانی لەوانە کیرۆڤ ناچاربوون حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سور دابمەزرێنن کە دەکەوێتە نێوان ئەرمینیایو ئازرنایجانەوە. تەنها ئەم کارە توانی کۆتایی بەهێرشی ئەرمەنەکان بۆ سەر ئازەربایجان بێنێت.
فالدمیر لینن(Vladimir Lenin)
لەسەرەتای 1920 دا نامەیەک بۆ نەریمانۆڤ (Nariman Karbalayi Najaf) دەنووسیت کە لەو سەردەمەدا نەریمانۆڤ وەزیری دەروەی ئازربایجانی بووە لە یەکێتی سۆڤێدا، داوای لێدەکات کە هەڵسێت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی لاچین (Laçîn) لەنێوان ئەرمێنیا و ئازربایخان بە دامەزراندی ئەم هەرێمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازربایجان دووکەرت دەبێت بەم هۆکارەش تاڵانکاری (دەشناک)کەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر ئازربایجان سنووردار دەکرێت و کۆتایی پێ دێت و نەریمانۆڤ لەرێکەوتی 07-07-1923 بە فەرمی هەرێمی ئۆتۆنۆمی لاچین دادەمەزرێنیت بەناوی (کوردستانی سوور) بە دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کوردستانی سوور نەریمانۆڤ لەرێکەوتی 19-03-1925 لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.
هەندێک لەهاوسۆزانی شیوعی و چەپەکان ئەمە بە بریارێکی دادپەروەرانەی دەخەمڵینن و دەلێن هاورێ لینن هاوکارێکی بەهێزی کەمە نەتەوەکان بووە لە یەکێتی سۆڤیدا بە بڕیاری لینین دەبوو ئەو کەمە نەتەوانە کە لە لایەن نەتەوەکانی تری ناوچەکەوە گوشاریان دەخرایە سەر و دەچەوسێنرانەوە ببنە خاوەن ئیرادەی خۆیان..
هەربۆیە فەرمانیدا بۆ هەر کەمە نەتەوەیەک لە خاک و زێدی خۆیاندا ئۆتۆنۆمی وەربگرن بەردەوامی بەژیان بدەن، ، هاورێ لینن بەم شێوەیە کەمە نەتەوەکان لە زوڵم ستەمی نەتەوەکانی ناوچەکە دەپارێزیت.
بەڵام لەتەواوی بەڵگەنامەکاندا ئەوە پشتراستکراوەتە جگە لە بڕیاریکی سیاسی و پەرژەوەندی سیاسی بە قوربانی کردنی نەتەوەی کورد هیچ پرەنسیپێکی شۆرشگیرانەی لەپشتەوە نەبووە. لەساڵی 1930 دەشناکەکانی ئەرمەنیا بەتەواوەتی لەناوبران و دەسەڵاتی توندی سۆڤیەت حوکمی گرتەدەست، کوردستانی سوور ئەرکی خۆی بەجێهێنا، کۆتای هێنا بە جەنگی نێوان ئەرمەن و ئازربایجانیەکان، بۆیە ئیدی کەس ئیشی پێان نەما، هەر لەبەر ئەمەش ستالین لەسەر داواکاری ئازربایجان و تورکیا و ئێران بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور.
لەئەنجامی ئەم ماڵویرانیەدا نزیکەی دوو ملیوێن و سێ سەد هەزار کورد تیاچوون و دوو ملیوێن و نیو کوردی تریش خۆیان ناونوسکرد بە تورک. کە لە کۆتاییدا ڕەگەزنامەیان گۆڕا و لەگەڵ تێپەربوونی کاتدا بوون بە تورک، ئەوەی شایانی باسە لە کۆی نزیکەی پەنجا هۆزی جیاوازی کوردی لە قەفقازی خوارودا یەک کوردی تیدا نەمایەوە.
دووبارە هەوڵدان بۆ دامەزاندنەوەی کوردستانی سوور لەلایەن میخائیل گۆرباتشۆڤ لەباربردنی.
لەساڵی 1988 لە ئەنجامی دووبارە بونیادنانەوەدا (پێری سترۆیکە) کە کۆتایی بەلادانی کۆمۆنیستە دیکتاتۆرەکان هات. ئەرمەنە دانیشتوانەکانی کەرەباخ داوایانکرد کە جیاببنەوە ئۆتۆنۆمی یان خستنەسەر ئەرمەنیا، سەرەتا ئەمە بە خوێن ڕشتن دەستی پێکرد، کەرەباخ نەک هەر دەوردرابوو بە سوپای ئازربایجان بەڵکو دەوری گیرابوو بە سوپای سۆڤیتیش. لە ئازبایجانەوە 300 هەزار ئەرمەنی دەرکران و لە ئارمەنیاش نزیکەی 200 هەزار تورک دەرکران لەگەڵ 20 هەزار کوردی موسوڵماندا.
لەساڵی 1991 سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت گۆرباتشۆڤ گەشتە ئه و بڕوایەی کە کۆتایهێنان بە جەنگی ئەرمەنیا و ئازربایجان بە بێ پێکهێنانی کوردستانی سور کۆتایی نایات هەرچەندە لەو سەردەمەدا بە هەوڵەکانی (بابایڤ مامەد سولیمانیۆڤیچ) کە داوای لە تەواوی کوردانی رووسیا کردبوو خۆپیشاندان بکەن لە ساڵی 1990دا سێ خۆپیشاندای گەورەیان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا ئەنجام دا بە سەرۆکایەتی بابایف محەمەد سلۆ کاتێکیش (کەی جی بی KGB) هەست بەوە دەکات بارودۆخەکە خەریکە لەدەست دەر دەچێت.
بابایڤ دەستبەسەر دەکەن و لە کاتی لێکۆڵنەوەدا لێ دەپرسن بۆچی داوای کورستانی سوور دەکەنەوە؟ لە وەڵامدا بابایڤ مامەد سولیمانیۆڤیچ دەڵیت: ئێمە هەڵبژاردەیەکی ترمان نیە جگە لە کوردستانی سوور، تا لەکوشتاری ئەرمنێاکان و سووتانی ماڵەکانمان رزگارمان بێت، ئێمە لەگەڵ دراوسێ ئەرمەنیێکانمان ماندووبووین، ئەوان پێمان دەڵێن ئێوە کێن؟ لە کوێوە هاتوون؟، ئێمەش دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ئێمە کێین و ئەم خاکەش خاکی کوردانە، سەرۆکی پێشووی سۆڤیەتیش (لینین) ئەم هەرێمەی دامەزراندوە، دە بڵێن ئێوە بەرهەڵستکاریی لینین دەکەن؟ پاشان بڕیاریان دا لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندیی حزب کۆببنەوە، ئەو کاتە (بریماکۆف) بەرپرس کۆمیتەی حیزبی شوعی یەکێتی سۆڤێت دەبێت و کاتێک بریماکۆف دێتە ناو هۆڵەکەوەو بەدەنگی بەرز هاوار دەکات ئەی کوردەکان چیتان دەوێت؟ بابایڤ تورەدەبێت یەخەی بریماکۆڤ دەگریت و دەڵیت تۆ دووژمنی کوردیت و نامەوێت لەگەڵ تۆ دانیشت بکەم.
بۆیە لەمانگی ئایاری ساڵی 1991 گۆرباچۆڤ فەرمانی کرد بەسەرۆکی ئازربایجان موتالیبۆڤ کە لە ماوەی دومانگدا ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوردابمەزرێنیتەوه.
بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا دیمیریل، حەیدەر عەلیەڤ-ی بانگێشتی ئەنقەرەی کرد و سەد ملیۆن دۆلاری پێبەخشی، تاوەکو خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات و بتوانێت زۆرێک لە سەرکردەکانی سوپای ئەزربایجانی پێبکرێت کارێک بکات کە بتوانن کوردەکانی کوردستانی سور دەربکەن و شارەکان ڕادەستی ئەرمینیا بکەن بەبێ کورد، بەم کارەش نەهێڵن فەرمانەکەی گۆرباچۆڤ جێبەجێ بکرێت و بەم هەنگاوەش مەسەلەی کوردستانی سور لە ناو بابەت و هەواڵەکانی ڕۆژ بهێنریتە دەرەوه.
بەڵام زۆری پێنەچوو ئازبایجان شەڕێکی گەورەی دژ بە ئەرمینیا ڕاگەیاند کەتوانرا، قەڵای تشوشی و لاچین و کلبەجار بەبێ هیچ بەرگریەک بگرن. هەرلە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا ئیمبراتۆریەتی سۆڤیەت کۆتایی پێهێنرا و گورباچۆڤیش لە پۆستەکەی لابرا، دیمریل لە هەموو لایەکیان ژیرتر دەرچوو.
حەیدەر عەلیێڤ نەک تەنها ڕزگاری بوو لەدامەزراندنی کوردستانی سور، بەڵکو پارەیەکی زۆریشی دەستکەوت کە بە هاوکاری نەخچکەڵانی و بەرەی گەل و تورکەکانی ئەرمەنیا بەبی هیچ بەرگریەکی سەرۆک و لە هەڵبژاردندا کورسی سەرۆکایەتی ئازرباینجانی زۆر بە ئاسانی بۆ چۆڵکرا و کوردستانی سوور ئەمجارەش بەپیلانی حکومەتی تورکیا لەناوبرا ئەم ململانێیە لە ساڵی 1988 هەتا 1993 بەردەوام بوو.