جەلال مەدحەت خۆشناو
ناوی تەواوی(جەلال ئەحمەد مەدحەت کوڕی تەها فەندی کوڕی قازی ئەحمەد)ە، دایکیشی(خاتوو حەلیمە کچی حەمەدی ڕەسوڵ بەگە لە بەگزادەکانی شەقڵاوەن)،
لە ساڵی ١٩٣٤ لە داوێنی چیای سەفینی سەرکەش لە شارە جوان و ڕەنگینەکەی شەقڵاوە لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر لە دایك بووە.
لە ساڵی ١٩٤٦ خوێندنی سەرەتایی لە شەقڵاوە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٥٢ قۆناغی خوێندنی ناوەندی لە شاری هەولێر تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٥٦ کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی بەغدا بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە و وەکو ئەندازیار دەستبەکار بووە، لە ساڵی ١٩٦٤ بۆتە پەرپرسی ڕێگاوبانی هەولێر، لە ساڵانی ١٩٦٨- ١٩٦٩ بەڕێوەبەری ئەشغالی کوت و ناسریە بووە، لە ساڵی ١٩٧١ بووەتە بەڕێوەبەری ئەشغال و ئیسکانی هەولێر، لە ساڵی ١٩٨٢ بەڕێوەبەری دائیرەی نەخشە و پلان بووە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی تەنفیزی ئۆتۆنۆمی کوردستان، دوای ڕاپەڕینیش ماوەیەك ڕاوێژکار بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
شاعیر و ئەندازیار جەلال مەدحەت خۆشناو هێشتا قوتابی سەرەتایی بووە حەز و خولیای چووەتە سەر زمان و ئەدەبی کوردی، ئەو لەسەر دەستی مامۆستای(خەلیل محەمەد خۆشناو) فێرە خۆشەویستی زمان و ڕێزمان و شیعری کوردی بووە، زانیاری ئایینیش لە(مەلا سادقی) خاڵی وەرگرتوە، هەر زۆر زوو دەستی بە خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی کلاسیکی وەکو(حاجی قادری کۆیی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی) و شاعیرانی دیکە کردووە، بۆیە لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو گڕوگالی شیعر نووسینی کردووە، لەسەرەتای شەشتەکانیش دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەو کات، تا لە سەرەتای حەفتاکانی بە تەواوی کەوتۆتە ناو دنیای شیعر نووسینەوە، ئەو لە ژیانی خۆی(٥) دیوانی شیعری لە چاپ و ىلاوکردۆتەوە و دوو بەرهەمیشی هێشتا لە چاپ نەدراون.
ئەگەر تەماشای بەرهەمەکانی شاعیر جەلال مەدحەت خۆشناو بکەین، دەبیبین هەندێك لە شیعرەکانی لەسەر کێش و سەروای سووکی خۆماڵی کوردینە و کەمتر خۆی لە کێش و سەروای(عروض)ی عەرەبی داوە، ئەو لە شەقڵاوە پەروەردە بووە، دیمەنە جوانەکانی و ئاو و هەوا شیرین و سازگارەکەی و دیمەنە جوان و ڕەنگینەکانی دیکەی سروشتی کوردستان زۆر کارتێکردوون، جگە لە هەست و هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەکەی و دڵداری و ئەڤینی و باری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردەواری و مافی ژنان و منداڵە چاو گەشەکانی کوردستان، هەموو ئەوانە لە شیعرەکانی زۆر بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، هەمووشی بە زمانێکی کوردی ڕەسەن و سادە و ساکار و ڕەوان و جوان و بە تام و چێژی ناوچەی خۆشناوەتی نووسیوە، ئەمانەی خوارەوەش بەرهەمە ناوازە و بە نرخەکانییەتی:
- - دیوانی کاروانی یار، ساڵی ١٩٧٥.
- - سێ دەنگی توڕە، ساڵی ١٩٧٥.
- - ئاسمان و ئاو خاك، ١٩٨١.
- - نەوای حەیرانێکی چڕ، ساڵی ١٩٨٢.
- - گرەو، ساڵی ١٩٨٢.
- ئەم بەرهەمانەشی هێشتا لە چاپنەدراون:
- - کاروانی یاد.
- - ژانی گەل.
جەلال مەدحەت خۆشناو شیعری چوارینە و پێنج خشتەکیشی نووسیوە، لەوانە پێنج خشتەکی لەسەر شیعری شاعیری نەمر عوسمان خۆشناو.
ئەو لە ساڵی ١٩٧٠ ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە، لە ساڵی ١٩٧٦ ماوەیەکیش جێگری سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر بووە، هەتا لە ژیان مابووە لە بەشی زۆری جالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان ئامادەدەبوو.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر بڕانامەی ڕێزڵێنانیان بە شاعیر جەلال مەدحەت خۆشناو بەخشیوە، وا هاوپێچم کردووە.
ئەو زیاتر لە(١٠٠) کتێبی جۆراوجۆری بەخشیوەتە بەڕیوەبەرایەتی گشتی کتێبجانە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بروانامەی سوپاس و پێزانییان بۆ ناردووە، وا ئەویشم هاوپێچم کردووە.
لە ٢٩- ١ ١٩٩٨ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی بردراوەتەوە شەقڵاوە و لە گردی(زەیتون) بە خاکی نیشتمان سپێردراوە، ڕوحی پاکی شاد و ئارام و ئاسوودە بێت.
چەند نموونەیەك لە شیعرەکانی:
شیعری نیشتمانپەروەی:
- منی مرۆڤ، منی ئینسان
- فرچکم بەو ئاوە گرتووە
- هێزم لەو خاکە بردووە
- هەر ئاواتمە لەوێ ژیان
- کە دەشمرم لام وا چاکە
- گۆڕم بخرێتە ئەو خاکە.
- بۆ جوانی سروشتی کوردستان:
- مگێزی باخ و ڕەز ئەکەم
- وا حەز ئەکەم
- پەنجەم جۆتە داری بگری
- دیدەم شەبەق بکری، بگری!
- چاوم بچنی، دەس تۆم بکا
- هەردوو وەردێکا شۆم بکا
- لە دامێنا
- دەریای درەختی خاوێنا
- هەر هیچ شەپۆلی شۆم نەکا
- هەر لەو وەختە
- ئەڕنم شەختە
- لە لووتکەی ئەو شاخە سەختە
- لە کاتێکا
- لە دوو لکەی دار
- کرمۆچە کار
- لەنگ بکا زار و پاتێکا
- قاژووی گوڵزار بڕەتێنێ
- باشوکە هەلخەڵەتێنێ
- بۆ شالوورێ
- ئاواز بدڕینێ بلووری!
- خۆزگەم وە با
- دەستم لە خانزاد گیر ببا
- جارێکی تر نادۆڕێنم
- ناکولێنمەوە برینم
- با ڕەشەبا
- لەگەڵ گاڕانی پا شکاو
- لە گەردوونا
- وەک گەڵاداری هەڵتەکاو
- هیی زەیتوونا
- بە گوڕ بە سەرما بچۆڕێ
- بە دوژمنانە بنۆرێ
- لێناگەڕێم بەردێ تەڕ بێ
- کە بۆم فەڕ بێ
- چیلکە بەتاو ڕەپێش ئەکەم
- ساڕێژی دەرد و ئێش ئەکەم
- پێش کێش ئەکەم!
- با بێتە کار
- پاپۆڕی ئاسمانی بەهار
- برووسکەدار
- هەر چی بکا
- ناکەم تکا
- گەر تەمۆخی چیلە ڕفتن
- گوڵ لە باخانا بشکفتن
- بە هۆی هەورێ
- هێزی بەورێ
- لە کۆسپێ خۆم حەشار ئەدەم
- لە نۆرینگێ
- بۆ قوڵینگێ
- وەک پلینگێ
- گورج دەرئەپەڕێنم سینگێ!
- چۆن ڕوار ڕاز دیدار ئەدەم
- هەر غار ئەدەم
- گزرەی ئاگردان جۆش ئەکەم
- خۆش خۆش ئەکەم
- هەڵئەبەزم
- لەناو ڕەزم
- کە نابەزم!
- با چەپکە گوڵ لە جوستەما
- هیی باخی زوڵم و ستەما
- هاوار بکا
- بەهار بکا
- سکاڵا و ڕازی یار بکا
- گەش بێتەوە
- هۆنراوە بهۆنێتەوە
- دەردی ژیان
- بکا پەخشان
- بۆ خاتری دوو چاوی لەیلێ
- ئەکەم مەیلێ!
- متووی چەپکە گوڵ خەڵاتم
- هۆگری ئافتاوهەڵاتم
- بۆ وڵاتم،
- بۆ وڵاتم![١]
- ↑ ئامادەکردنی: نەجمەدین عەزیز سمایل