عەبدولڕەقیب یوسف

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

عەبدولڕەقیب یوسف لە ساڵی 1943 لە دایکبووە.

عەبدولڕەقیب یوسف.jpg

نووسەر و مێژوونووس و شوێنەوارناسی کوردە.

لە ١٩٦٠ەکانەوە دەربارەی مێژووی کورد و شوێنەوارەکانی دەنووسێت و چەندین شوێنەواری دۆزیوەتەوە و وتاری دەربارەیان نووسیوە.

لە ساڵی ١٩٧٣ یەكەمین شوێنەواری لە دەربەندی رانیە دۆزیوەتەوە.

پارێزگای سلێمانی عەبدولڕەقیب یوسف.jpg

عەبدولرەقیب یوسف کەسایەتییەکی گەورەی کەلتوورپەروەر و کەلتوورپارێزی کوردستانە، زۆربەی تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسینی مێژوو، پاراستنی کەلتووری کوردستان لە شوێنەوار، بەڵگەنامە، هونەرەکانی تەلارسازی و نەخش و نیگاری خانووەکان. بەهۆی بەرهەمە زانستی و بەنرخەکانییەوە، لەلایەن پسپۆڕانەوە بەفەرهەنگی گەورەی کەلتووری شارستانی ناودێر کراوە. ئەو ساڵی 1943 لەدایک بووە.

وەک مامۆستا لەناوچە جیا جیاکانی کوردستان خزمەتی کردووە. دواتر بۆتە راوێژکاری کاروباری شوێنەوار لەئەنجومەنی وەزیران و 9 ساڵ لەو پۆستەدا خزمەتی کردووە و ساڵی 2010 خانەنشین بووە. مامۆستا عەبدولڕەقیب هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەی بابەتە مێژووییەکان بووە و بایەخی بەشوێنەوار داوە.

مامۆستا سەعید دێوەچی بەرێوەبەر و دامەزرێنەری مۆزەخانەی موسڵ و مێژوونووسی ناوداری عیراق، هانی مامۆستا عەبدولڕەقیبی داوە بنووسێت، ئەویش لەشوباتی 1960ەوە دەستی بەنووسین کردووە و تائێستا بەردەوامە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب شەست ساڵەدەنووسێ و خاوەنی زیاتر لە 50 کتێبی چاپکراوو دەستنووسە.

ئەو ساڵی 1985 کتێبێکی بەناوی(بانگەوازێک بۆ رووناکبیرانی کورد) دەرکرد، لەم کتێبەدا داوای کۆکردنەوە و زیندووکردنەوەی کەلەپووری کورد و پاراستنی کرد. ئەگەرچی مامۆستا عەبدولڕەقیب چەندین کتێبی نایابی تری هەیە، بەڵام ئەم کتێبەی بەباشترین کتێب دادەنێت، لەبەرئەوەی بەوردی باسی پێویستی پاراستنی هەموو لقەکانی کەلتووری شارستانی کوردستانی کردووە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف لەکاتی کنە و پشکنیندا
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف لەکاتی کنە و پشکنیندا

ئەمەش ناوی هەندێک لەکتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسفن(دیوانی کرمانجی، الدولە الدوستکیە فی کردستان، تابلۆکانی شەرەفنامە، بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری، حدود کردستان الجنوبیە، لەبەڵگەنامەکانی حکومەتی شێخ مەحموود، بەرگریکردنمان لەقەڵای هەولێر، وێرانکردنی قەڵای کەرکوک و هەوڵدانم بۆ رزگارکردنی، پەیدابوون و دروستکردنی چەکی ئاگردار) و چەندان کتێبی تر.

سەدان وتارو لێکۆڵینەوەی بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی عیراق و کوردستان و دەرەوەدا بڵاو کردۆتەوە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، خولیای سەرەکی گەڕان بووە بەدوای شوێنەوارەکاندا، چەندان شوێنەوار و شاری کۆنی دۆزیوەتەوە، کە پێشتر نەدۆزرابوونەوە، زانایان و شارەزایانی شوێنەوار بەکارەکانی سەرسام و موحەیەر بوون.

مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف.jpg

مامۆستا عەبدولڕەقیب لەماوەی 60 ساڵ کارکردنیدا، بەتەنها خەرمانێک بەرهەمی بەنرخی لەبەڵگەنامە و تۆماری کاسێت و فۆتۆ و ڤیدیۆی کۆکردۆتەوە، کە ئەوە کاری دامەزراوەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ئەو بەتەنها و لەسەر ئەرکی خۆی ئەنجامی داوە.

ئەو 18 ملیۆن لاپەڕەی بەڵگەنامە و1300 سەعات تۆماری ڤیدۆ و کاسێتی دەنگی تەمەنداران و 70هەزار وێنەی فۆتۆی هەیە، کە هەموو پێکەوە سامانێکی گەورەی کەلتووری شارستانین. بەشی زۆری بەڵگەنامەکانی پێشکەش بەئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان کردووە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، زۆربەی ئەو ئەرشیفە بەنرخەی دیجیتاڵ کردووە، نزیکەی 12 ساڵ کاری تێدا کردووە بۆ ئەوەی لەرێی ماڵپەڕێکی تایبەت بەخۆیەوە، بۆ خوێنەران بخرێنەڕوو. ئەو کارەشی تەواو کردووە و لەماڵپەڕەکەیدا بەشێکی زۆری زانیارییەکانی ئەرشیفەکەی لەژێر 32 ناوونیشانی سەرەکیدا خراونەتە روو، بەدەوڵەمەنترین ماڵپەڕی بواری کەلتووری شارستانی لەناوچەکەدا دادەنرێت.

لەکۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عەبدولڕەقیب ئەخوازم، ئەو پیاوەی لەباکووری کوردستانەوە هات و باشوری کردە مەیدانی کارو خزمەت و بەخششەکانی و کوردستانی گەورەی وەک یەک نیشتمان سەیر کرد و لەسەرانسەری ئەو نیشتمانەدا ئەوەی پێی کرا بۆ پاراستن و ناساندنی کەلتووری شارستانیی کوردستان درێغی نەکرد.[١]

مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف1.jpg
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف12.jpg
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف123.jpg