سەید محەمەد جەباری تۆمارێکی نيشتمانی ومێژوويەکی پڕشنکدار
نووسینی: پشتیوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی
کەسايەتی سياسی ناودار ونيشتمان پەروەر (سەید محەمەد جەباری) ناوی تەواوی سەيد محەمەدی کوڕی سەيد عەبدولسەمەد کوڕی سەید عەبدولقادر کوڕی سەید مستەفا کوڕی سەيد ئيسماعيل کوڕی سەيد جانی کوڕی سەید عەلی کە بە(عەلی قۆچ يەکەم) ناسراوە کوڕی سەيد عبدالکريم کوڕی سەید حسين کوڕی شرف الدين کوڕی سەيد عبدالجبارە.
لە ساڵی (1878)ز لە گوندی (محمود پەريزاد) لەدايک بووە. هەرچەندە وەکو پێويست لەسەر سەيد محەمەد نەنووسراوە کە یەکێکە لە ناودارەکانی شاری کرکوک وگەرميان، پلەکانی خوێندنی بە سەرکەوتووی تەواو کردوە وهەر سێَ زمانی (فارسی وعەرەبی و تورکی) زانيوە، لە پاش تەواوکردنی خوێَندن باوکی جڵەوی هەموو کاروباری هۆزەکەی داوەتە دەست، سەيد محەمەد لە ناو هۆزی جەباریدا مايەی ڕێزو خۆشەويستی بووە وجێگای ديار بووە لە ناو خزم وکەس وکارەکانيدا، ناوبراو جگە لە عەشيرەتی جەباری خۆشەویستی عەشيرەتەکانی (بەرزنجە وشوان وهەمەوەند وشێخان وگل وزەنگەنە وداودە) بووە، ڕێزو حورمەتی تايبەتی هەبووە لايان، هەر لەبەر ئازايەتی وزيرەکی باوکی هێشتا لە ژیاندا بووە سەرپەرشتی هۆزی جەباری کردوە. ڕۆڵی بينيوە لە چارەسەر کردنی کێشە وگیرگرفتە کۆمەڵايەتيةکان، زۆربەی هۆزەکانی تر بەڕاوێژکاری ئەم کەسايەتيە چارەسەريان بۆ کێَشەکانيان دۆزيوەتەوە، لەبەر ئەوەی کەسايەتيەکی بە هەڵوێست وميهرەبان بووە، سەرەڕای نەرم ونيانی وميهرەبانيەکەی کەسايەتیەکی ديموکرات خواز بووە، زۆر بەنەرمی لەگەڵ خەڵکی دا جوڵاوەتەوە وکێشەکانی چارەسەر کردووە، کە ئەوکات زياتر کێشەی زەوی وزار و باج وئاوو باخ بووە.
ناوبراو يەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی (ڕێکخراوی ئازادی کوردستان)، دواتر بووە بە (پارتی ئازادی کوردستان).
هەر لەسەرەتای شۆڕشی يەکەمی (شێخ مەحمودی حەفيد)ەوە بەخۆیی وبنەماڵەکەيی وهؤزەکەيەوە بەشداری کردووە، بەچەشنی فەرماندەيەکی بەتوانا وڵسۆز وبەئەمەک ودەوری پڕشکۆی بينيوە.
سەيد محەمەد خزمی شێخ مەحمود وسەرکردەی بەشێک لە سوپاکەی بووە، بەشداری زۆربەی شەڕەکانی شێخی کردووە وپشتگيری تەواوی بووە ودژی دوژمنانی کورد وبەسەرکردايەتی خۆیی وچەکدارانی هۆزی جەباری، ئينگلیزەکان هەمووکات حيسابی تايبەتيان بۆ کردووە چونکە هەميشە دەوری هەبووە لە شۆڕشەکاندا، سەيد محەمەد لە ساڵی (1936)ز لە گوندی (جانی) کۆچی دوايی کردووە.
هۆزی جەباری ................ هۆزی جەباری يەکێکە لەو هۆزە گەورە وناودارانەی کوردستان وعێراق وناوچەکە، شوێنی نيشتەجێبونی ئەم ناوچەی (جەباريە) کە دەکەوێتە ڕۆژهةلاتی شاری کەرکوک، بەشێوەيەکی سەرەکی ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان چەمچەماڵ لە باکورەوە، ناوچەی لەيلان لە ڕۆژئاواوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە چيای سەڵباتوو وناوچەی سەنگاوە، لە باشورەوە ڕوباری ڕۆخانە جياکەرەويەتی لەگەڵ هۆزەکانی زەنگەنە وشێخان وتاڵەبان. ناحيەی جەباری سەربە قەزای (چەمچەماڵ)ە لە ڕووی ئيداريەوە، ناوچەکە بريتيە لە هەرد وشاخ وزۆرگ، ڕوبەرەکەشی بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957 ز دەگاتە(164900)دۆنم.
گوندەکانی هۆزی جەباری بريتين لە(35) گوند وئەمەش ناوەکانيەتی: (حەمک، پویزڵ، نەورۆز، تاوێربەرز، زەردە، عەلی مستەفا، ئالياوە، کوڵەبان، شێردەرە، بانگۆل، سۆران، شێخ محەمەدی خواروو، گۆلەمە، شێخ محمدی سەروو، مەحمود پەريزاد، قۆچەلی، زەوج، تەکیە، جانی، زنەخۆر، مۆردانە، حەفتاچەشمە، محەمەد شەریف، هەنارەی محەمەد ئەمين، هەنارەی محەمەد سەعيد، حەسەن خانە، تەپەکوڕە، چيمن، گۆراند، کانی بايز، سەوسکە، جافان، داووڵ، پارياوڵە، قەڵاوێز).
گوندی تەکیە لە ئێستادا بوەتە سەنتەری ناحیەی تەکیەی جەباری.
زۆربەی دانيشتوانی هۆزی جەباری لە پارێزگاکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر نيشتەجێن. جگە لەم سێ پارێزگايە هۆزی جەباری بڵاوبونەتەوە لە ناوچەکانی تری عێراق وکوردستان ودەرەوەی ولأت بەڵام قورسايی ئەم هۆزە لەم سێ پارێزگایەیە کە پێشوتر باسمان کرد.
سەيد عبدالجبار کوڕی جبريل باپيرە گەورەی جەباريەکان بە بنەچە دەگەڕێتەوە سەر ئيمام حەمزە کوڕی ئيمام موسای کازم، لێرەدا ڕاستيەک جێگيردەکەین ئەويش ئەوەيە کە هەموو دانيشتوانی گوندەکانی جەباری بە ڕەچەڵەک ناگەرێنەوە سەر سەيد عبدالجبار وبەشێکيان ئەگەڕِێنەوە سەر هۆزەکانی شێخان وزەنگەنە وسيامەنسور وساداتی پیرخدری وهۆزی تر.
سەید عبدالجبار لە ساڵی (1470)ە زايينی لە ناوچەی تەکيەی قەرەداغەوە لەگەڵ کوڕە گەورەکەی کە ناوی شەرەفەدينە، ڕووی کردوەتە سنووری کەرکوک ولە گوندی (سەڵباتوو) نيشتەجێ بووە وتەکيەکی لەو گوندە بەناوی تەکيەی سەيد عبدالجبار دامەزراندووە، وبە دامەزراندنی ئةو تەکيەيەش ناوی گوندەکە گۆراوە بۆ تەکيەی جەباری، دواي چەند ساڵێک سەيد عبدالجبار ناوچەکەی جێهێشتووە وبە مەبەستی ئيرشادی ئايينی ڕووی کردووەتە وڵاتي شام وشەڕەفەدينی کوڕی لە ناوچەکە ماوەتەوە ولە جياتی باوکی ئەرکی سەرپەرشتکردنی تەکيەکە وئامۆژگاريکردنی خەڵکی گرتووەتە ئەستۆ بۆ پەيڕەوکردنی ئايينی پیرۆری ئيسلام. دواتريش گوندی تەکيە لە ساڵی 1919 کرا بە ناحییە وسەنتەری ناوچەکە. هەروەها تەکيە جەباری لە کەرکوک دادەنرێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ(350) ساڵ لەمەوبەر لە ناو قەڵای کەرکوک دا دروست کراوە وبە تەکيەی (سەید نەجیب) جەباری ناسراوە، بەڵام کاتی خۆی (سەيد ڕەوشەتی) دروستی کردووە، بەڵام سەرپەرشتی تەکيە کە لە لايەن (سەيد هاوين)وە کراوە تاکؤ ئيَستاش بەشوێنێکی پیرۆز سەير دەکرێت، قودسيەتی تايبەتی خؤی هەيە لە زۆربەی شوێنەکانی دونياوە سەردانی دەکرێت ودەڵێن کە(ڕیشی پێغەمبەر)ی تێدايە.
هۆزی جەباری لە هۆزە بەناوبانگةکانی باشوری کودستان دادەنرێت وپەيوەندی زۆر بەهێزیان هەبووە لەگەڵ عەشيرەتەکانی (هەمەوەند و زەنگەنە وقەرەداخ وتاڵەبانی وداودە وشوان وشێخ بزێنی وڕەبات وشێخان وسەنگاو وقەرەحەسەن)، وەلەگەڵ سەرجەم هۆزەکانی تری کوردستان، پەيوەندی دۆستايەتی وکۆمەڵايەتيان هەبووە.
هؤزی جەباری لە بواری سياسيدا جێگای تايبةتی خۆيان هەبووە، کە بەدرێژايی مێژوو حوکمی چەندين داگیرکەر ودەسەڵاتی جياجيا کە هەردەم دژی کورد بوون، هەڵوێستی کوردانەی خۆیان هەرلە کۆنەوە لە بەرامبەر دوژمنانیدا نيشان داوە، کە مێژوو شايەتی ئەم سەروەریەیە.
لەسەردەمی بابانيەکانيشدا دۆستايەتيان هەبووە لەگەڵ ميرانی باباندا، لە شۆڕشی ئەيلوليشدا هەر لە يەکەم ڕۆژەکانی شۆڕشدا بنکەی (پیرەمەئمون) لە ناوچەی جەباری دامەزراوە کە پێشمەرگەکانی هێزی کەرکوک و بەتاليۆنی (5)ی ئەم هێزە ولقی(1)ی سەڵباتووی قارەمان بوو بە قةڵای قاييم بۆ سەدان کوڕی ئازا ودلێری ئەم هۆزە، وهەروەها لەگەڵ هەڵگيرسانی شۆڕشی نوێ گەلی کوردستان کەرتی چواری جەباری يەکێک لە هەرە کەرتە چالاکەکانی شۆڕشگێرانی کورد کە سەدان پێشمەرگەی قارەمان وشەهيدی بەخشيە ريێ خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی وسەربەخويی.
کەسایەتیەکانی هۆزی جەباری
هۆزی جەباريش وەکو هۆزێکی دياری کوردستان چەندين تێکۆشەر وشاعير ونووسەر وزانا ورۆشنبير وکەسایەتی ناسراوی تيادا هەڵکەوتووە لەوانە:
شاعير(سەيد ئەحمەد کوڕی سەيد ئيسماعيل کوڕی سەيد جانی)، شاعيری ناودار (مەلا فەتاحی کوڕی سەيد مستەفای کوڕی سەيد ئيسماعيلە)کە ناسراوە بە مەلای جەباری (1806_1876)، شاعيری عێڕاقی معروف کوڕی عبدالغنی کوڕی فەتاحی کوڕی خدرکؤستۆی ميکائيلە کە ناسراوە بە مەعروف رەسافی لە بەغداد لەدايک بووە وئامۆزای ئەديبی ناسراو دەروێش عبدالله جەباريە، شاعير عەلی مەلا فەتاح، سەید ئەحمەد سەيد فەتاح و مەلا ئەحمەد مەلا شەريف پاريەوەڵە، شاعیر محەمەد(حەمە لوتە)ی جەباری، شێخ محەمەدی شێردەرە، مامۆستا شێرزاد کوڕی شێخ حسێن کوڕی سەید محەمەد کە ناسراوە بە(شێرزاد جەباری)، نووسەر وشاعير وڕۆشنبيری بەناوبانگ(عبدالجبار محمد حسن علی خدرە کۆستەی ميکائيلە) کە ناسراوە بە (جەبار جەباری) (1945_1985)، سؤفی وکەسايەتی ئايينی شاری کەرکوک مەلا سەيد عەبدولڕەحمان عەلی کەريم، مەلا وبانگخواز مامۆستا ئەیوب کوڕی مەلا نەجمەدینی بانگۆل, شاعير عادل حسێن احمدهولان ناسراوە بە(عادل حەفتاچەشمەیی) (1965_1992)، تێکۆشەر عەمید سەربەست عەلی عومەر محمد گۆرانی، شاعیری ئەنفالکراو موعتەسەم شێخ جەعفەر ناسراوە بە (کۆچەر 19681988), شاعیر وئەکادیمی دکتۆر محمد ئەحمەد سەعید ناسراوە بە(کەساس جەباری)، نووسەر وڕۆژنامەنووس ستران عبدالله، شێخ جەعفەر شێخ عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک شێخ ئازاد جەباری، کەسایەتی شێخ سەردار جەباری، مەلای گەنجی بەتوانا عادل سەید عیزەت، کەسایەتی عەزیز یار ئەحمەد، کەسایەتی سەید ئەمین سەید عبدالرحمن مۆردانە، فەرماندە سەید هەژار جەباری، کەسایەتی ناساو سەید تاهیر سەید حسێن، فەرماندە سەید فەرهاد سەید جیهاد، تێکۆشەر شادومان کوڕی تێکۆشەر سەید محەمەد جانی، تێکۆشەر تەحسین سدیق محەمەد، شەهيد قەڵەم سۆران محەمەد عەزيز ناسراوە بە(سۆران مامە حەمە)(1986_2008)، کەسایەتی سەید تاهیر جەباری، دکتۆر عومەر نەجمەدین ئینجە، کەسایەتی نەجمەدین عەلی مەحمود، سەید ئەمین زەردە , سەید عبدالقادر سەید مستەفا کە ناسراوە بە(عەولقاور گوڵشەن) , سەرکردە قادر جەباری، مەلا شەمسەدین ئەحمەد بانگۆلی، دکتۆر محەمەد ڕافع، ڕۆژنامەنووس عبدالستار عەزیز عەبدوڵا ناسراوە بە (ستار جەباری)، نووسەر وڕۆژنامەنووس ئەسعەد جەباری، مەلا رەمەزان شکور (1976_1913)، زانای ئاينی لە ناوچەی حەويجە لە نێوان سالَانی 1933 بؤ 1953 مەلا مەجيد جەباری، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ ئامانج کوڕی پرۆفیسۆری د.محەمەد کەساس، کەسایەتی مامۆستا مەلا ساڵح جەباری، ئافرەتی سەرکردە گەلاوێژ عبدالجبار ناسراوە بە(گەلاوێژ جەباری)، سەرپەرشتیاری یەکەم لە پەروەردەی کەرکوک مامۆستا پەروین فاتیح، تێکۆشەرحاجی قادر گوران به[ حاجی قادری جراح ] ناسراوە، شەهیدی سەرکرده سعدون سەید غەریب، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان سالار محەمەد جەباری، نووسەر مامۆستا فایەق مەلا عبدالکریم سەعید جەباری ناسراوە بە فایەق سەعید، مەلا رەحمەت الله کوڕی مەلا ئەحمەد ناسراوە بە مەلا ئەحمەد چاوش کوڕی مەلا مستەفای جەباری، ڕاهێنەر وناوبژیوانی نێودەوڵەتی عماد محمد شەریف محمد ڕەحمان پەپوو حەفتاچەشمەیی ناسراوە بە (عیماد جەباری), تێکۆشەر مەلا تالیب جەلال ئەمین موختار , کەسايەتی سەيد غەريب کوڕی سەيد عبدالرحمن گۆران، پارێزەری ناسراو حاکم عومەر ساڵح جەباری، کەسايەتی سەید عبدالله جانی، کەسايەت سەید عەزەدين سەید محێدين سەيد سادق، عەميد روکن سەید سەدرەدين سەيد هادی، پێشمەرگە وشاعیری لاو موتیع جەباری، مەقام بێژی ئايينی لە شاری کەرکوک سەيد محێدين سەيد کەريم سەيد غەفور حەمکی (1928_1988) وکەسانی تر.
گرنگترين ويێسگەکانی ژياني سەید محمد جەباری
وەکو لە سەرەتاوە باسمان کرد سەید محەمەدی جەباری يەکێک بووە لەو کەسايەتيانەی کە زۆر نزيک بووە لە شێخ مەحمودی حەفيد، شێخ متمانەی تەواوی پێی هەبووە، بە حوکمی ئەوەی کە خزمايەتی هەبووە لە نێوانياندا وەکو سەرۆک هۆزی جەباری ڕۆڵی هەبووە وهاوکاری تەواوی شێَخ بووە لە هەموو بوارەکاندا، هەر لە ماوەی يەکەمی حوکمڕانی شێخ دا کراوە بە(مديرناحيە)ی (بەڕێوەبەری ناحيە)ی جەباری. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیدا ماوەیەک لەبەر هەڵوێستی نيشتمان پەروەری لابراوە و(يونس) ناوێک خراوەتە شوێنی، بەلام سەيد محەمەدی جەباری بەمە رِازی نەبووە بەخۆيی وسوارەکانی هێرشيان کردە سەر ناحيةکە وسوتانيان ومديرناحيە کەشيان کوشت، لەگەڵأ بوونی شيَخ مەحمود بەحوکمڕانی کوردستان لە ساڵی 1918ز زؤرێک لە گەورەپیاوانی هۆزەکانی کەرکوک پەیوەنديان پێوەکرد، وەکو (سەید محەمەدی جەباری، کەريم بەگی فەتاح بەگ، ئيبراهيم خانی دەلۆ، ...هتد)، لە باشترين سوارچاکەکانی ناوچەکە بوون بۆ پشتگیری کردنی شێخ مەحمود.
شەرِی شوعەيبە ساڵی 1915
شوعەیبە ناوچەيەیە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای شاری بەسڕە لە باشوری عێڕِاق کە تيادا يەکەمين بەرەنگاربونەوەی شێخ مەحمود بوو دژی ئينگليزەکان لە ساڵی 1915 کە ئەوکات دەوڵەتی عوسمانی لەبەر بێ هێزی خۆی داوای يارمەتی لە سەرۆک عەشيرەتەکانی کورد کرد کە يارمەتی بدەن، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕووبەڕويان ببێتەوە، هؤزی جەباريش لەم شەڕەدا شان بەشانی سەرۆک هؤزەکان لەگەڵ شێخ دا بەشداريان کرد.
سەيد محەمەدی جەباری بەخۆیی وسەدان سوارەوە پشتيوانی لە مەليک مەحمود کردووە لەم شەڕەدا، سەيد محەمەد سەرکردايەتی ئەو هێزەی هۆزی جەباری کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئينگليزەکان کە (180) کەس بوون، بەناوبانگترين سوارەکانی بريتی بوون لە (سيد حەسەن، سەيد حميد، ئەمين بەگ سيامەنسوری، عەلی سۆفی قادر مەولان حەفتاچەشمەیی، مەلا مەحمودی تەکيەی جەباری، عەزيز ياد ئەحمەد، ساڵح سەعيد عەبدولَڵا...هتد).
لە ڕۆژی 12/4/1915 لە شەڕی شوعەيبەدا بەشدار بوون، سەيد ئەحمەدی خانەقا وسەيد محەمەدی جەباری لە سايەی ئەماندا سەرۆک هؤزةکانی تريش هەزار سواريان پێکەوە ناوە وڕوويان کردە بيابانی شوعەيبەی لای بەسرە، هۆزی جەباری هەردەم لە ئامادەباشی دابوون لە زۆربەیی شەڕوو ڕووبەڕووبونەوەکاندا هەر لە شەڕی شوعەيبەوە تاکو دوای دروست بوونی دەوڵەتی عيراقيش هۆزی جەباری وسەرۆکەکەیان (سەيد محەمەد) بەردەوام پشتگیر وهاوکاری شێخ بوون.
ڕۆڵی سەيد محەمەد لە داستانی قەرەهەنجير.
کاتێ ئينگليزەکان بۆ ڕزگارکردنی (کابتن بۆند) ل ديلی کە پاش ئازادکردنی چەمچەماڵ لە لايەن(کەريم بەگی فەتاح بەگی هەمەوند)ەوە گيرابوو، بۆیة ئينگليزەکان سوپايان ڕێَکخست بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکانی چەمچەماڵ ودەوروبەری شاری سلێَمانی، ئەم هێَرشە لە کەرکوکەوە هاتن، لە (18ی مايسی 1919) ز کە پێک هاتبوون لە ڕِم وەشيَنانی بەتاليۆنی (33)ی ئينگليزو (پێنج – 5 -)کؤمەلێ لە بەتاليؤنی تەنگانەی – تورانی–خۆرهةڵات) کە 16 ميل لە نزيک (قەرەهەنجير) چەند سەنگەرێکیان داگیر کرد وخۆيان تيايدا حەشار دا، هۆزەکانی کەرکوکيش بەشداريان کرد، لەم رِووبەڕووبونەوەيەدا ڕۆڵَيان هەبوو، لەوانە:
(سەيد محەمەدی جەباری) بە فەرماندەیی (200) جەنگاوەری خيڵەکی بەمەبەستی پشتگيری لە شێخ بەشداريان کردووە.
شۆڕشگێڕان بە(500) چەکدارەوە هێَرشيان کردە سەر ئينگليزەکان، لە نزيک قەرەهەنجير، توانيان هێزی بەريتانی تێک بشکێنن، بەڵام ڕۆژی دوايی ئينگليز سوپايەکی تريان هێنا بۆ ناوچەکە وبە فڕۆکە بؤمبارانی ناوچەکەی کرد، گوندەکانی جەباری بەڕادەيەکی زؤر زەرەمەند بوون وزيانێکی گەورەيان ليَکەوت، برازايەکی سەيد محەمەديش لەم شەڕەدا شەهيد بوو، ديسانەوە ئەمەیش وای کرد بڕیتانیەکان حيسابی تايبەتی بۆ ئەم هۆزە بکەن بەتايبەتی تريش(سەيد محەمەدی جەباری) لە ناوچەکەدا.
ڕۆڵی سەيد محەمەدی جەباری لە شەڕی بان مەقان
لە درێژەی بەرەوپێش هاتنی هێزەکانی ئينگليز بەرەو چەمچەماڵ و ناوچەکانی تر سەيد محەمەد بە فەرماندەیی هێزێک لە (بان مەقان) ڕووبەڕووی هێزەکانی ئينگليز بووەوە ولە ئەنجامدا شەڕێکی گەورە وبەهێز لە نێوانياندا ڕۆیدا، بووە هۆی شەهيد بوونی پێنج لە چەکدارەکانی سەید محەمەدی جەباری، ئەوانيش(سەيد ئەمين – عەلی سۆفی قادر مەولان – سەيد وەلی بوو کە ناسرابوو بە(وەلەک شتە)، محێدين ئەمين دۆغزی و حەمە بچکۆلەش بريندار بوون، بۆ تۆڵە سەندنەوە لە سەيد محەمەد ئينگليزەکان هێرشيان کردە سەر گوندی (پارياوڵە) بە فڕۆکە لە ئەنجامدا (9) هاوڵاتی تريش بريندار بوون لە ناوچەکەدا، شەڕی بان مەقان يەکێک بووە لەو شەڕانەی کە زۆر مەردانە هۆزی جەباری وهؤزەکانی تری کەرکوک ودەوروبەری توانيويانە ڕۆڵی تيا ببينن، لەم شەڕەدا هەريەک لە (سەید محەمەدی جەباری) و(بابە عەلی مۆردانە) بريندار بوون.
سەید محەمەدی جەباری وەکو هەميشە وبەردەوام ڕۆڵی گەورەی هەبووە، لە زۆربەی شەڕ وشۆڕش وڕاپەڕِينەکاندا، لە شەڕی(دەربەندی بازيان)يش ڕۆڵیی قارەمانێتی خۆی دەرخستووە، ئەم شەڕە لە ساڵی (1919)ز رِوويدا لە نێوان شۆڕشگێڕانی کورد وسوپای ئينگليز دا، هؤزةکانی کەرکوک لەم شەڕەدا لە ڕِيزی پێشەوەی شۆڕشگێڕاندا بوون وجەنگاون وقوربانيان داوە، ئەو سوپايەی شێخ مەحمودی حەفيد بؤ رِووبەرِووبونەوە دوژمن بەرەو تاسلوجە و دەربەندی بازيان لە ڕێگای کەرکوک داکشا، بريتی بوو لەوتيرە وهؤزانةی بەڕِاستی دؤستی شيَخ بوون، دەستەيە لە گەورە پیاوانی کورد پەروەر بوون کە سەنگەری نەتەوايەتيان چۆڵ نەکرد، وەکو: (کەريم بەگی فەتاح بەگ و سەيد محەمەدی جەباری و شێَخ عەلی قەڵبەزە و شێَخ عبدالقادری گەڵەزەردە) بەشدار بوون، هەر سەبارەت بە شەڕی دەربەندی بازيان فوئاد حمە خورشيد دەڵێَ (هؤزی جەباری بەسەرکردايەتی سەيد محەمەد ڕۆڵی گرنگ وبەرچاويان هەبووە لەم شەڕەدا لە ڕِيزی پێشەوە بوون).
لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا بووە هۆی شکاندانی شۆڕشگێڕان وشەهيد وبرينداريان دەبێت وبەديل گرتنی(شێخ مەحمودی حەفيد) لەم شەڕەدا وداوتريش دوورخستنەوەی بۆ هيندستان.
ڕۆڵی هۆزی جەباری لە پاش نەفی کردنی شێخ محمود
بڕیتانیەکان بۆ کەمکردنەوەی گيانی شۆڕشگێڕی لە کەرکوک وگەرميان وناوچەکانی تری کوردستان، چەندين کەسيان لە سەرؤک هؤز وکەسايەتيە ناودارەکان دامەزراند، بۆ ئەم مەبەستە(سەيد محەمەد)يان کرد بە قائيمقامی (قەزای گل)، بەڵام سەيد محەمەد نەک هەرئەو کارەی قبوڵ نەکرد بەڵکو قايم قامێتيەکەی سوتاندو(قايم قام)ە کەشی کوشت کە ناوی (عەلی ئەفەندی سەقەڵی) بوو وهيچ کاتێک لەگەڵ ڕژێمی بەغدا وبگرە ئينگليزەکانيش ڕێک نەکەوتو وسازشی ئەنجام نەداوە، هەر چەندە بؤ وازهيَنانی لە کاری شۆڕشگێرِی چەندين ئيمتازيان پێَداوە، بەڵام ئەو لەسەر هەوڵەکانی وهەڵوێستی خۆی بەردەوام بووە ولەکاری شۆڕشگێری وکارکردن بۆ ئازادکردن وگەڕانەوەی شێخ مەحمود کەتيايدا سەرکەوتوو بووە لەهەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی شێخ تاکو دواساتەکانی تەمەنيشی هەر لەسەر هەڵوێست ودڵسۆزی خؤی مابوو بۆ کورد وشۆڕشەکەی شێخ، دوای بەديل گرتنی شێخيش(سەيد محەمەدی جەباری) وسەرۆک هؤزةکانی تر لە دژايەتی کردن ورِاپەرِين دژی ئينگليز هەر بەردەوام بوو لەگەڵ(مەحمود خدری هەمەوەند)، ئينگليزيان ناچار کرد کە سوپا کؤبکاتەوەو هێرش بکاتە سەريان، مێجەرسۆن وەکو لاسايی کردنەوەی تورکەکان، دوای ئەو شۆڕش وڕاپەڕينانەی لە ناوچەکانی چەمچەماڵ وبازيان سەريانهەڵدا، هێزی ئێستر سوارەی لەناو کوردا دامەزراند، ناردنی بۆشەڕ دژی مەحمود خدری و سەيد محەمەدی جەباری، فەرمانی دا بە ديليان بگرن، دواتريش هێزی هەردولا لە دەربەندی بازيان يەکيان گرت، شۆڕشگێڕان توانيان زەرەر وزيانێَکی زۆر لە ئينگليزەکان لە دەربەندی بازيان بدەن.
لە ساڵی (1920)ز کۆبونەوەیەک کراوە لە (ژاڵە)ی ڕەبات لە ناوچەی سەنگاو کە سەيد محەمەدی جەباری سەرپەرشتی کؤبونەوەکەی کردووە، کە زۆربەی عەشيرەتەگانی تيايدا بەشداريان کردووە، بۆ پلان دانان بۆ ڕووبەڕووبونەوە ئينگليز ببنەوە تا شێخ مەحمود دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، يەکەم کەس کە ئەم بڕیارەی جێبەجێ کرد سەيد محەمەدی جەباری بوو، هێرشی کردە سەر ناحيەی جەباری ومدير ناحيەکەشی کوشت. سەید محەمەدی جەباری بە هاوڕێتی کەريم بەگی فەتاح بەگ چوون بۆ ڕەواندوز بۆلای (ئؤزدەمير) کە دژی ئينگليزەکان بوو، هەرچەندە دەيانزانی کە تورکەکان توانای گەڕاندنەوەی شێخيان نييە بەڵام دەيانويست لەم ڕێگەوە فشار بخەنە سەر ئينگليز، تاکو بتوانن شێَخ لە ديلی ڕزگار بکرێ، . لەم کاتەدا سەرۆک عەشيرەتەکانی کەرکوک بەتایبەت سەيد محمد و کەريم بەگ بە خۆيان ودووسەد سوارەوە لە ڕێگای دەشتی (هەرير)ەوە هاتنە ڕەواندوز، لەم ماوەدا هێرشی دوو قۆڵی بۆ سەر دەربەندی بازيان وڕانيە دەستی پێکرد، کە شۆڕشگێڕان لەبەری شارورو ئؤزدەمير لە قۆڵی ناودەشتەوە، شۆڕشگێڕان بە ئاسانی توانيان بگەنە شاورو، بەڵام ئۆزدەمیر توشی شکست بوو وشۆڕشگێڕان توانيان دەربەندی ڕانیەش بگرن.
لە پاش دوورخستنەوەی شێخ مەحمود، (مەليک فەيسەڵ یەکەم) بانگهێشتی کۆمەڵێک لە سەرۆک عەشيرەتەکانی کورد دەکات بۆ (بغداد)، سەيد محەمەديش يەکێک بووە لەو سەرۆک هۆزانە، کاتی دانيشتن سکرتێرەکەی مەليک فەيسەڵ هەر سەرۆک هۆزێک (عەبايەکی عەرەبی) دەخاتە سەرشانی وەکو دياری مەليک، بەڵام سەيد محەمەد قوبڵی ناکات وەری ناگرێت، (مەليک فەيسەڵ) لێی دەپرسێ بؤ وەریناگریت، ئەويش لە وەڵامدا دەڵێ(شێختان نەفی کردووە، دەتانەوێ بە فەروەی خوری بمانخەڵەتێنن ؟!).
هۆزی جەباری لە ڕاپڕینی دووەمی شێخ مەحمود (1922)ز
ڕاپەڕینی دووەمی شێخ مەحمود دەستی پێکرد لە (1922)ز لە بەهاری ئەوساڵەدا لەناو هۆزەکانی دەوروبەری کەرکوک دا سەید محەمەد وهۆزی جەباری جاريَکی تر بزوتنەوەیەکیان لە دژی ئينگليز هەڵگیرساند، ئەميش ئەوە دەردەخات کە هۆزی جەباری بەردەوام بووە لە بەشداری کردنی لە ڕاپەڕین وشەڕەکانی شێخ دا لە ڕاپەڕینی دووەمی شێخ دا هەردەم هاواکری بوون وهيچ کات دەست بەرداری کوردايەتی نەبوون. کاتێ شێخ مەحمود کشايەوە بۆ هەورامان، سەيد محەمەدی جەباری لە ناوچەی خۆی مايەوە، پاشان سەيد محەمەد وجەنگاوەرەکانی توانیان زەبرێکی گەوەی بگەیننە بڕیتانیەکان لە گوندی(قوشەلان) وهێرش بەرنە سەر ناحيەی(قەرەچێوار) وسوتاندی، دوای ئەم شەڕە بڕیتانیەکان بۆمبارانی خەستی سلێمانيان کرد لە شەوی 2/3ی مارتی 1923ز، ئەميش شێخ مەحمودی ناچار کرد کە شاری سلێمانی بەجێ بهێڵێت، لەوکاتەدا لەسەر داوای رِاوێژکارانی شێخ مەحمود بڕیار درا سوپایەک دروست بکرێت بەرەو کەرکوک بڕوات لەم کاتەدا سوپای هۆزەکانی جەباری وهەمەوەند بەشداربوون، سوپای جەباری بەسەرکدايەتی سەيد محەمەدی جەباری لەم قارەمانێتیە بەشداربوون، لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا هيێزەکانی ئينگليز شکان وشۆڕشگێڕان سەرکەوتنيان بەدەست هێنا، فەرماندەی هێزی دوژمن لەم شەڕەدا دەکوژرێت.
ڕۆژانی دواتر بڕیتانیەکان بەتوندی گوندەکانی جەباريان بۆردومان کرد، لە ئەنجام دا سەيد محەمەد ناچار بوو بچێتە هەورامانی ئەوديو بؤلای شێخ مەحمود وهەشت مانگ لەوێَ بمێنێ. شەڕی قوشەلان هەروەکو شەڕەکانی تری ناوچەکە شەڕێکی گرنگ بووە هۆزی جەباریش ڕۆڵی بەرچاويان تيادا بينيوە.
دوا شەڕیش سەيد محەمەد جەباری تيادا بەشداريکرد شەڕی ئاوباريک لە 5/4/1931ز لە گوندی ئاوباريک کە دەکەوێتە بناری گل لە باشوری خۆرهەلاتی شاری کەرکوک ڕويدا بەرامبەر سوپای ئينگليز شۆڕشگێرانی کورد توانيان ڕۆڵی قارەمانێتی خۆيان نيشان بدەن، لە شوباتی1931ز.
شيخ مەحمود بەرەو کەرکوک کەوتە رێ، هەرکە گەيشتۆتە ئاوباريک لە لايەن فەوجێک سەربازی عێراقی وژمارەیەکی زۆر پۆليس ودەرەبەگ و خۆ فرۆشانەوە دەوريان گیرا.
سوپای دوژمن چەکی قورس وجۆراوجۆريان بەکارهێنا لەشکری شێخ مەحموديش وشۆڕشگێَرانی کورد توانيان قارەمانانە ڕووبەروويان ببنەوە ولەم شەڕە ژمارەیەک لە جەنگاوەرانی کورد شەهيد بوون لەوانە (شێخ عەلی قەڵبەزە).
لەم شەڕە يەکلايکەرەوە فرۆکەکانی شانشينی بڕیتانی ڕۆڵی گەورەیان بينی لە گۆرينی ئاڕِاستەی شەرەکە بەلای هێزە عێراقيەکان وهۆکاری تر هەبوو کە تەرازوی شەڕی ئاوباريک بەلای هێزە عێراقيەکاندا بێ لەوانە جياوازيەکی زۆر هەبوو لە ڕووی چەک وتەقەمەنی وژمارەی جەنگاوەران لە نێوان هێزە عێراقيەکان وشۆڕشگێرانی کورد.