چیرۆکی مەزنە رۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: مەولانزادە ڕەفعەت بەگ

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢٣:١٨، ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «درامای مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو:مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ نووسینی: '''یاسین خالید حەسەن (یاسین سەردەشتی)''' وەک وترا، ڕووداوی تیرۆرکردنی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی، چ لەناوەوەو چ لەدەرەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییدا، دەنگدانەوەو کارد...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

درامای مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو:مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ نووسینی: یاسین خالید حەسەن (یاسین سەردەشتی) وەک وترا، ڕووداوی تیرۆرکردنی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی، چ لەناوەوەو چ لەدەرەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییدا، دەنگدانەوەو کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و لەکاتی خۆیدا بووە سەرباسی زۆربەی ڕۆژنامەو چاپەمەنییەکانی جیهان هەر لە ئەمریکاوە هەتاوەکووئوسترالیا.

لەم ڕووەوە، ڕۆژنامەی ئەمریکی THE DAILY MEWS کە لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 8ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلاپەڕەی دووەمی و لەژێر ناونیشانی هەواڵەکانی بەیانییدا، نووسیویەتی: دوێنێ لەئەستەمبوڵ حەسەن فەهمی سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی لەکاتێکدا خەریکبووە دەچووە ئۆفیسەکەی لەلایەن پیاوێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا ڕۆژنامەی یۆنانییLE BUZANTIN یش لە 12ی ئەبریلی 1909دا، نووسیبووی: پێویستە ئەو هێزە بشکێنین کە لەریگەی تیرۆرەوە دەیەوێت ئازادیی بۆ نووسین تێکبشکێنێت. MANIFEST TACHNAKIZOUNIOU'یش لەهەمان بەرواردا، نووسیوبووی: لەسایەی ڕژێمی دەستوورییدا، لەدایکبوون و بوونی پارتە سیاسییە جیاوازەکان یاسایەکی سرووشتییە و نابی پێشێلبکرێت و لێی هەڵبێین. لەبەرئەوە، وێڕای ئەوەی کە ئامانجی هەموو هاونیشتمانان بەختەوەری وڵاتە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئەستەمە کە دان بەوەدا بنێین کە دەبێت هەموو هاووڵاتییان دان بەهەمان ئەو بیروبۆچوونانەدا بنێن کە پەیوەستە بەو ئامرازانەی بەو ئامانجەی دەگەیەنن.

هەروەها ڕۆژنامەی فەرەنسی Le Lorrian کە لەرۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 11ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر خانەی هەواڵە سیاسییەکانی ڕۆژدا نووسیویەتی کە لیژنەی ئیتحاد و تەرەقی بەیانێکی بڵاوکردۆتەوە تیایدا هەموو ئەو گومان و ئاماژانە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن ڕۆژنامە جیاوازەکانەوە بڵاودەکرینەوە بەدوای ئامانجی سیاسی کەوتوون. هەر لە لاپەڕەی دووەمی ئەم ڕۆژنامەیە، هەواڵێکی لەژێر ناونیشانی تورکیا سەبارەت بە کوشتنی سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی، ئەوانەی. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسێک بڵاوکردۆتەوە کە لەرۆژی 8ی ئەبریل لە ئەستەمبوڵەوە هاتووە. بەگوێرەی ئەم هەواڵە 40000 کەس بەشداری بەڕێکردنی تەرمی حەسەن فەهمییان سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستیان کردووە کە بەشێک لەوانە پارلەمانتارە لیبراڵەکان بوون. لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەی حیلمی پاشای سەدری ئەعزەم بەلای قەرەباڵغییەکەدا بەرەو بابی عالی تیپەڕیوە، خەڵکەکەش خۆیان پێنەگیراوەو ڕێگریان کردووەو پەلاماری سەیارەکەیان داوە و سووکایەتییان بە حیلمی پاشا کردووەو ویستویانە سەیارەکەی بشکێنن بەڵام ئیسماعیل کەمال و هەندێک لە نوێنەرەکانی دیکەی پارلەمان حیلمی پاشایان ڕزگارکردووەو خەڵکەکەیان هیمن کردۆتەوە. حیلمی پاشاش ناچار لەو ڕیگەیە گەڕاوەتەوە.

هەروەها هەواڵەکە دەڵێت کە یەکێتی هێزە لیبراڵەکان و پارتە نەیارەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی، تیرۆرکردنی سەرنووسەری سەربەستیان بۆ هەڵمەتکردن دژی ئیتحاد و تەرەقی قۆزتۆتەوە. هەروەها چونکە حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی بۆخۆی لە ڕەگەزی ئەلبانی بووە، ئەلبانیەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لەو هەڵمەتەدا بینوەو و بەشداریییان لەخۆپێشاندان کردووە. ڕۆژنامەی ئوسترالیش (The Ovens and Murray Advertiser) کە لەرۆژی یەک شەمەی ڕێکەوتی 10ی ئەبیرلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلاپەڕەی یەکەمیدا و لەژێر ناونیشانی کوشتنی سیاسی . کوشتنی سەرنووسەرێک لەسەر شەقام نووسیویەتی: ئەمڕۆ تەلەگرافێک لە ئەستەمبوڵەوە گەیشتووە کە دەڵێت سەرنووسەری سەربەستی ئەم بەیانییە زوو کوژراوە. پێدەچێت کوژراوەکە بەسەر شەقامێکی شارەکەدا ڕۆیشتبن لەگەڵ شاکیربەگ، کاتێک پیاوێک لێیان نزیکبۆتەوەو دەمانچەی دەرهێناوەو تەقەی لێکردووەو کوشتویەتی.

لەلاپەڕەی چوارەمی پاشکۆی ڕۆژنامەی نیوزلەندی GISBONE TIMES کە لەرۆژی شەممەی ڕێکەوتی 20ی نۆڤەمبەری 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی پۆخڵەوتی عەبدولحەمید بابەتیکی لەسەر کۆشکی یەڵدزو کەلوپەلەکانی ناوی نووسیوە پاش لابردنی عەبدولحەمید لەسەر تەخت لەلایەن ئیتحادییەکانەوە. لەوتارەکەدا باس لەوە دەکات کە پێشتر زۆر باس لە گەورەیی و ڕەفاهییەت و شکۆی ئەو کۆشکە سوڵتانییە کراوە بەڵام سادەیی کەلوپەلەکانی و شێوەو پێکهاتەی دەرگاو پەنجەرەو شوێنی حەوانەوەو حەمام و ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری دڵ و دەمار خواردوونی، تەنانەت ژووری نووستنەکەی سوڵتانیش شتێکی وانییە شکۆو گەورەیی بنوێنی! ئەم وتارە کاتێک باس لە چوونە سەر کۆشکەکە دەکات، دەڵیت: ئاشکرایە ئەو کاتە سوڵتان خەریکبوو لەسەر جێگەکەی بۆ پشو ڕاکشابوو، کاغەزەکانی هیشتا لەسەر زەوییەکە بوون - ڕۆژنامەی سەربەستی، ڕۆژنامە حەزپێکەرەکەی سوڵتان، لەسەر مێزەکەی بوو، سەرنووسەرەکەی لەو کاتەوە خنکێنرابوو.

ڕۆژنامەی Journal de Salonique کە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 11ی ئەبریلی 1909دا، لە شاری ساڵۆنیک بەفەرنسی دەرچووە، لە لاپەڕەی پێنجی خۆیدا لەژێر ناونیشانی ئەستەمبوڵ نووسیویەتی: وێرای هەوڵەکانی پۆلیس دۆزینەوەی بکوژی حەسەن فەهمی ئەفەندی سەرنووسەری سەربەستی زەحمەت بووەو ئەوانەشی باباسی لێوەکردنیشی بەشێوەیەکە بووەتە دەنهەڵبڕینێکی توند لە ڕۆژنامەکانەوە. ڕۆژنامەی ئەمریکی The Evening Star کە لەرۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 13ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ستونی کۆتایی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەی بۆ باسوخواسی ڕووداوەکانی ئەستەمبوڵ و کوشتنی سەرنووسەری سەربەستی تەرخانکردووەو نووسیویەتی:

ئەستەمبوڵ 13ی ئەبریل – ئاڵۆزییەکی جددیی کە کارەکتەرێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە لێرە سەریهەڵداوە. دۆخەکە مەترسیدارە، سەربازە یاخییبووەکان لە دژی تەلاری پارلەمان خۆپێشاندان دەکەن. ترس و دڵەراوکێ خەڵکی ئەستەمبوڵی داگرتووە و تەواوی دوکانەکانی شارەکە داخراون.

یاخییبوون دژی تورکە لاوەکان

فرانکفۆرت 13ی ئەبریل – لەبەیانی ئەمڕۆوە ئەستەمبول لە شۆڕشکێکی بەردەوامدایە، پەیامنیڕی ئەستەمبوڵی (فرانکفۆرت زویتنگ) ڕایگەیاند، لەپەیامێکەوە لە پایتەختی تورکییەوە کە ڕێکەوتی ئەمڕۆی بەسەرەوەیە. دوو بەتالیۆنی سەربازیی سەربە وەزارەتی جەنگ کە لەلایەن ئەفسەرەکانیانەوە فەرماندەیی دەکران، لە کازیوەی بەیانییەوە بەشەقامی دیوان و جۆلۆ دەکشێن بەرەو مزگەوتی ئەیاسۆفیا، لەوێشەوە بەرەو تەلاری پارلەمان. ئەوان دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەدری ئەعزەم و سەرۆکی مەجلیس و وەزیری جەنگ دەکەن.

ن، هیچ زانیارییەکیان لا نییە. لە ڕابردوودا دۆخەکە لەنێوان کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی و لیبراڵەکاندا زۆر دژواربووە. لیبراڵەکان زۆر لە هەوڵەکانی ئیتحاد و تەرەقی بێزاربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری گشتی.

لوتکەی ناکۆکیی سیاسی

کوشتنی حەسەن فەهمی ئەفەندی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی لیبراڵی سەربەستی، لە 7ی ئەبریل لێرە بڕوا وایە کە لوتکەی ناکۆکی سیاسی بووە. سەرنووسەرەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، لەکاتێکدا دەچووە نێو ئۆفیسەکەیەوەو بەرپرسێکی حکومیشی لەگەڵدا بووە کە ئەویش بریندار کراوە.

سەربەستی، هەڵمەتێکی دژ بە کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بەڕێوەدەبرد. خۆپێشاندانی توندوتیژانە چ لەنێو پارلەمان و چ لە شەقامەکانی دەوروبەری بەدوای کوشتنی سەرنووسەرەکەدا دەستیپێکرد. سەدری ئەعزەم و سەرۆکی مەجلیس ناچاربوون بەدەم قەرەباڵغییەکەوە بچنە دەرەوەو دڵنیایان بکەنەوە کە دادپەروەریی ڕێرەوی خۆی دەگرێت.

دۆخەکە لە تورکیا

سەدری ئەعزەمی ئێستاکەی تورکیا حیلمی پاشایە، کە لە14ی فێبرایەردا لەپاش کامیل پاشا دامەزرا. حیلمی پاشا پێشتر وەزیری ناوخۆ بووەو پێش ئەوەی ئەم پۆستەشی وەربگرێت وەک پشکنەری گشتی لە مەکەدۆنیا ڕاژەی دەکرد. عەلی ڕەزاپاش وەزیری جەنگ و هێزی دەریاوانیو ئەو دەرچووی بەشی تۆپخانە بوو. ئەمەو ئەو گۆڕانکارییانەی دیکە کە لەفێبرایەر لە کابینەدا ڕوویاندا، دەسەڵاتی ڕەهای کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بەشێوەیەکی کرداریی سەپاندو کابینەیەکی وزارییان بەسەر سوڵتاندا سەپاند کە دەننیشانکراوی خۆیان بوو. کۆمیتەکە لە 14ی فێبرایەردا، بە ئاشکرا هەر نییەتێکی خۆی بۆ قڵپکردنەوەی سوڵتان سەپاندنی دکتاتۆریەتێکی سەربازیی ڕەتکردەوە. بەڵام قەیرانەکەو ئاکامەکانی دەبینرێت کە مژدەی شتی باشیان لێ ناکەوێتەوە چ سەبارەت بە چەسپاندنی تەختی سوڵتان یان سەرکەوتنی حکومەتێکی پارلەمانی. لێرەدا، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ڕەگەزە میانڕەوەکانی ئیمپراتۆرییەتەکە ئەم گریمانەیەی دەسەڵاتی ڕەهای کۆمیتەی نابەرپرسیاری ئیتحادییەکان لەبەرچاودەگرن؟!

ئەڵقەی یەکەم: لە لەدایکبوونەوە تاوەکوو زیندانی سەنعا

لە ڕۆژێکی ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1869دا، خێزانێکی کوردی سلێمانی و دانیشتووی بەشی ئەوروپیی شاری ئەستەمبوڵ لە گەڕەکی (کوچک چەکمەجە) مژدەی لەدایکبوونی کوڕێکیان پێدرا. بەو هیوایەی کە کوڕەکەیان لە ئاییندەدا پایەیەکی بەرزی هەبێت، خێزانەکەی ناویان لێنا ڕیفعەت. باوکی ڕیفعەت، ناوی عەبدولڕەحمان نەجیم بەگی کوڕی محەمەد بەگ بووە، محەمەد بەگ خۆی بە نەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی گەورەشێخی تەریقەتی نەقشبەندیی زانیوە و بە خەڵکی شارەزوور و بە یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی سلێمانی پایتەختی میرنشینی بابان لە باشووری کوردستان دادەنرێت. عەبدولڕەحمان بەگی باوکی ڕیفعەت، لە ، 21-05- 1833 دا لە ناوچەی شارەزووری سلێمانی لەدایکبووە، ئەو قۆناغەکانی سەرەتایی لە شاری سلێمانی خوێندووە و پاشان ڕووی کردۆتە شاری بەغدا بۆ خوێندن. پاشان لە ساڵی 1862دا، عەبدولڕەحمان بەگ بە مووچەی 400 قرۆش وەک پشکنەری پەڕتووکخانەکانی دەرسەعادەت لەئەستەمبوڵ دامەزراو لە ماوەی 30 ساڵی کارکردنی وەک کارمەندی دەوڵەتیی، لە دەزگای جۆراوجۆری حکومەتی عوسمانییدا، وەک عیلمییە و موڵکییە، پۆستی گرنگی هەبووە و دەوترێت لەو خوێندنگا عوسمانییەش کاری کردووە کە لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ خوێندکارە عوسمانییەکان لە ساڵی 1857دا، لەلایەن محەمەد جەمیل پاشای کوڕی مستەفا ڕەشید پاشا، بە هاوکاریی فەرەنسییەکان، کرابوەوە بە مەبەستی پەروەردەکردنی کادرانی سەربازیی و مەدەنیی و تەکنیکی کە خاوەنی زانیاریی هاوچەرخ بن.

هەروەها عەبدولڕەحمان بەگ، لە ساڵی 1888دا، وەک سەرۆکی دادگای بیدایەت / بەرایی لە پارێزگای ئامەد دەستبەکار بووە. پاشان بۆ ماوەیەک لەو پۆستەی دووخراوەتەوە و دوای دووساڵ، واتە لە ساڵی 1890دا، وەک سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری ئامەد دەستبەکار بووە. دوا پۆستی عەبدولڕەحمان نەجیم بەگ بریتیبووە لە سەرۆکی بەشی دادگای تێهەڵچوونەوەی تاوانەکان لە مەعمورەتولعەزیز/ ئاڵازیک. ناوبراو جگە لە کوردیی، فارسیی و تورکیی و عەرەبیشی زانیوە و جگە لە کاری فەرمانبەری دەوڵەتیی، خولیای خوێندنەوە و فەرهەنگ بووە و بە شیعرەکانی لەناوەندی ئەدەبی عوسمانیی ناسراوە. ئەو لە تەمەنی 62ساڵیدا و لە شاری خەرپوتی باکووری کوردستان لە ساڵی 1895دا، کۆچی دوایی کردووە.

سەبارەت بە ڕیفعەتیش، کە دواتر لەنێو کایەی ئیداریی و ڕۆژنامەوانیی و سیاسیی و فەرهەنگییدا، بە مەولان زادە ڕیفعەت بەگ ناسراوە، زانیاریی ورد و بەرفراوان لەبەردەستدا نییە. لەو ڕووەوە تەنیا ئەوەندە هەیە کە ناوبراو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ئەستەمبوڵ تەواوکردووە و پاشان مەکتەبی حقوقی شاهانەی خوێندووە، پاش ئەویش لە قەڵەمی مەتوبعاتی ئەجنبیە/ چاپەمەنی بیانیی کاریکردووە. دواتر بەهۆی شایستەیی و سەرکەوتنەکانییەوە نیردراوە بۆ قەڵەمی تەحریرات لە موتەسەریفیەتی بەیئۆغڵو کە نزیک ئەستەمبوڵ دامەزراوە. پاشان بە مووچەی 1500 قرۆش وەک بەڕێوەبەری زیندانی شاری سینۆپ لە هەرە سەروی ناوچەی ئەنەدۆڵ لەلای دەریای ڕەشەوە.

شایەنی باسە، سەرەتای نەهامەتییەکانی ژیانی مەولانزادە ڕەفعەت بەگ و کەوتنەبەر فشار و گرتن و سزادانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە لەم قۆناغەدا دەسپێدەکات کە بە قۆناغی ئیستیبدادی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (1876-1908) دادەنرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو داوایەی کە لەلایەن فازیل بەگی موستەریفی سینۆپەوە لە 22-08-1895دا، لە دژی مەولان زادە بۆ دەسەڵاتدارانی حکومەتی عوسمانیی بەرزکرایەوە و ناوبراو لەو داوایەدا مەولان زادە ڕیفعەتی بە کار و هەڵسوکەوتی ناشایستە و نافەرمانیی و ئۆپۆزسیۆنبوون و نەیاری نیزام تۆمەتبارکرد.

هەر بۆیە مەولان زادە سەرەتا لەکارەکەی دەرکراو لە زیندانی سینۆپ زیندانییکرا، دواتریش بەبڕیارێکی نوێ بۆ شاری جوروم لە باکووری ئەنەدۆڵ و پاشان بۆ شاری قەیسەریە لە ناوەڕاستی ئەنەدۆڵ، دوورخرایەوە. زانیارییەک کە لەم ماوەیەدا لەبارەی مەولان زادەوە بیستراوە ئەوەیە کە لە ساڵی 1896دا، لەلایەن خەلیل خالید بەگی والی شاری قەستمۆنیە لە باکووری ئەنەدۆڵ لەسەر دەریاری ڕەش، بانگیشتکراوە و کردویەتی بە سکرتیری تایبەتی خۆی.

پێدەچێت ئەم کارەی خەلیل خالید بەگ لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئەو بۆخۆی کوردبووە و بە ڕیشەش خەڵکی سلێمانی بوون و ویستویەتی لەو ڕێگەیەوە چاکەیەک لەگەڵ مەولانزادە ڕەفعەت بەگبکات و هەروەها لەوەش بترازێ خەلیل خالید بەگ هاوسۆزیی بۆ تورکە لاوەکان هەبوو، لەوەش زیاتر ویستویەتی کەڵک لە تواناو شایستەییەکانی وەربگرێت. دیارە خالید بەگ کە لەنێوان (12-09-1894 تا 3-06-1896) والی ئەو شارە بووە، بەڵام پێدەچێت دواتریش هەتاوەکووساڵی 1901 کە ساڵی مردنێتی، مەولانزادە ڕەفعەت بەگ لەلای خۆی هێشتبێتەوە، بەڵام دواتر وەک دەستبەسەر ناردبێتیانەوە بۆ شاری قەیسەری.

بەگوێرەی نووسینە فەرمییەکان، مەولان زادە ڕیفعەت هەتاوەکوو مانگی مارسی 1905 لە شاری قەیسەرییە دەستبەسەر بووە، پاشان بەتۆمەتی ئۆپۆزسیۆنبوون و نزیکایەتی لە وەلی عەهد محەمەد ڕەشادی (1844- 1918) کوڕی عەبدولمەجیدی یەکەم سزای 12 ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە و بەفەرمانێک بڕیاری دوورخستنەوەی درا بۆ یەمەن کە ئەو کاتە ئەحمەد فەیزی پاشا لەوێ والی عوسمانی بوو. لە ڕاستییدا، مەولان زادە بۆ خۆی لە نامەیەکیدا لە پاریسەوە، وەک دواتر باسی دەکەین، دەڵێت کە ماوەی حەوت ساڵی دوورخراوەیی و زیندانیی لە یەمەن چەشتووە، واتە لە ساڵی 1902ەوە بۆ یەمەن دوورخراوەتەوە و ئەوەش بە ناخۆشترین قۆناغی ژیانی و یەکەمین قۆناغی ژیانی دەربەدەریی ئەو دادەنرێت، چونکە پاش ئەوەی لە 23 جوڵای ساڵی 1908دا، لەئەستەمبوڵ کودەتا کرا و دەستوور گەڕێندرایەوە، دەرفەت ڕەخسا تاکوو مەولان زادەش یەمەنی جێبهێڵێت و بەرەو ئەستەمبوڵ بگەڕێتەوە.

ئەڵقەی دووەم: گەڕانەوەی مەولانزادە ڕەفعەت بەگ بۆ ئەستەمبوڵ تاوەکوو دامەزراندنی ڕۆژنامەی سربستی(سەربەستی) مەولانزادە ڕەفعەت بەگ، هەواڵی کودەتای جوڵای 1908 وەک خۆشترین مژدەی تەمەنی پێگەیشت و پێی وابوو کە ئەو ڕووداوە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت لە مێژووی ئیمپراتۆریی عوسمانییدا. پاش ئەوەی حکومەتی نوێ لە ئەستەمبوڵ فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ سەرجەم زیندانە سیاسییەکان و نەیار و ڕاوەدونراوانی قۆناغی پێشووی ستەمکاریی حەمیدیی دەرکرد، مەولان زادە لەگەڵ دوو له هاوڕێکانی بەناوی (قاسیدچیزادە زیا مەولابەگ) و هەروەها (کەمال پاشازادە سەعید بەگ) بڕیاری گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەمبوڵ.

ئەوان سەرەتا چوونە عەدەن و لەوێوە بە کەشتی بەرەو میسر ڕۆیشتن. هەر لەرێگای گەڕانەوەدا، مەولانزادە ڕەفعەت بەگ، چاوی بە هاوڕێیەکی کەوت کە حسێن کەنعان پاشای کوڕی بەدرخان پاشای گەورە بوو، کە ئەویش لە تائیف دوورخراوە بووو بەرەو ئەستەمبول دەگەڕایەوە، ئەوان لەکەشتییەکەدا پێکەوە گفتوگۆیدان لەبارەی نەهامەتییەکانی قۆناغی ڕابردووکرد و ئۆمێدی ئاییندەیەکی گەشیان بۆ خەڵک و وڵاتەکە خواست. لەو وتارەی کە لەژمارە 3ی گۆڤاری ڕۆژ کرد لە ڕێکەوتی 01-08 1329 بەرانبەر 14-08- 1913دا، لەژێر ناونیشانی بەدرخانی حسێن پاشا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: حسێن پاشا لەدوای شۆڕش دەیویست ئاشتی لەنێوان حکومەت و گەلدا بکات، بۆیە دەیوست لاوانی دڵسۆزی کورد بگەڕێنێتەوە تا بەئەرکی نیشتمانی و ئایینی خۆیان هەستن.

شۆڕشی جوڵای 1908، پەرۆشییەکی زۆری لەلای مەولان زادە بۆ لابردنی عەبدولحەمید و هیوای چەسپاندنی دەسەڵاتێکی دەستووریی هێنایە ئارا کە کار بۆ هێنانەدی ئازادیی و دادپەروەریی بۆ سەرجەم گەلانی نێو ئیمپراتۆرییەتەکە بکات. هەر بۆیە پاش ئەوەی گەیشتەوە ئەستەمبوڵ و بە دایکی شادبوەوە، ڕۆژانە چاوی بە هاوڕێ و دۆستان و هاوبیران و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەستەمبوڵ دەکەوت، بەتایبەت، ئەوانەی کە لەسەردەمی ئیستیبدادی حەمیدییدا هەڵاتبوونە دەرەوەی وڵات یان دوورخرابوونەوە و پاش کودەتای 1908 گەڕابوونەوە ئەستەمبوڵ. هەروەها جگە لە کوڕانی بەدرخانیی، چاوی بە سەید عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریی سەرۆکی یانەی کوردیی لە ئەستەمبوڵ کەوت.

شایەنی باسە، مەولانزادە ڕەفعەت بەگ، لە قۆناغی دووەمی دەستوورییدا ( 1908- 1914 ) وەک یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە ئازادیخواز و بەرهەڵستکارە هەرە ناودارەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانیی لە دژی پاشماوەی ڕژێمە کۆنەکەو هەروەها خواستی دەسەڵاتخوازیی و خۆسەپێنیی تاکلایەنەی ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقی، دەرکەوت. ئەو یەکێک بوو وەک زۆربەی نەوەی بنەماڵە کوردە نیشتەجێبووەکانی ئەستەمبوڵ کە لەنێو دامودەزگا پەروەردەیی و ئیدارییەکانی حکومەتی عوسمانییدا لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پەروەردە ببوون و کاریان کردبوو. ئەوانەی کاریگەریی ئەو ڕەوتە فیکریی و سیاسی و ڕیفۆرمخوازییەی نێو کایەی ململانێی سیاسی دەسەڵاتدارێتیی عوسمانییان بەسەرەوە بوو کە بە عوسمانییە لاوەکان یان عوسمانییە نوێیەکان و دواتریش بە ژون تورک/ تورکانی گەنج دەناسران کە یەکێکیش لە پایە هەرە سەرەکییە فیکرییەکانیان عوسمانیزم بوو.

عوسمانیزم ئەو هزر و بڕوایە بوو کە هەموو ڕەعییەتەکانی نێو ئیمپراتۆریی عوسمانیی، بێ جیاوازیی لە ڕووی بڕوا و ئایین و ڕەگەز و زمانیان، هاووڵاتیی وەفادار دەبن و مافی یەکسانیان لە دەوڵەتی نوێی دەستوورییدا ببێت. مەولانزادە ڕەفعەت بەگ و هاوبیرانی بڕوایان بە نوێگەرایی و هێنانەدی دەسەڵاتێکی پاشایی دەستووریی بەشێوە ڕۆژاواییە لیبراڵەکەی هەبوو کە هەوڵی چەسپاندن و پاراستنی ئازادییەکان و دادپەروەریی و ئاڕاستەکردنی وڵات بەرەو شارستانییەت بدات و پەیوەندیی دۆستانەی ئابووری و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوای ئەوروپا هاوشێوەی فەرەنسا و ئینگلتەرا هەبێت.

ئەوان نەوەیەک بوون بە ڕیفۆرمخوازە عوسمانییەکانی هاوشێوەی میدحەت پاشا سەرسامبوون و دژی ئۆتۆکراتیی سوڵتان و خولیای گێڕانەوەی دەستوور و کارکردنبوون بە سیستمێکی دیموکراتی دەستووریی و پارلەمانی و تاڕادەیەکی زۆریش لەژێر کاریگەریی بیر و تێڕوانییەکانی میر سەباحەدین دا بوون، کە لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی ئیداریی و دەسەڵاتی خۆجێی هەرێمەکان و دژایەتیی پاوانکاریی سیاسی و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەریی، دامەزرابوو.

مەولانزادە ڕەفعەت بەگ، کە پێشتر بەتاوانی نەیارێتیی ڕژێمی حەمیدیی و پەیوەندیی بە نەیارانییەوە قۆڵبەستکرابوو بۆ سەنعا لەیەمەن دوورخرابۆوە و وەک ئەندامێکی تورکە لاوەکان ناسێنرابوو، ئەو بەهۆی بیری ئازادیخوازانە و دژەستەمکارییەوە خۆی بە دۆستی هەموو ئەو کەسایەتیی و ئازادییخوازانە دەزانی کە لەسەردەمی پێشوودا نەیاری ستەمکاریی حەمیدیی بوون و پاش کودەتاکەی ساڵی 1908، کاریان بۆ هێنانەدی سیتمیکی لیبڕاڵ و دیموکرات و دادپەروەر لە ئیمپراتۆرییەتەکەدا دەکرد.

ئەوان پەیڕەوییان بیروبۆچوونەکانی میر سەباحەدین دەکرد و بەهەمان نەفەسی دژایەتی ستەمکاریی حەمیدیی دژایەتیی هەوڵەکانی ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقی بوون و ئەڵقە سەربازییەکەی بوون و دەسەڵاتخوازیی ئەو ڕێکخراوە و هەوڵەکانیان بۆ پیلانگێڕیی و سەرکوت و سەپاندنی ناوەندگەرایی و میلیتاریزم و دواتریش تورکگەرایی ڕیسوا دەکرد و هاوکاریشیان لەگەڵ کۆمیتە ئەرمەنییەکاندا دەکرد. سەرەتا بەشێکی زۆر لەوانە پێکەوە لەدەوری فدارکاران عوسمانی فرقەسی / کۆمەڵەی فیداکارانی عوسمانیی کۆببوونەوە کە پاش کودەتاکە لە ئۆگۆستی 1908دا، لەلایەن ئەسەد بەگ عەلی وەفا و دکتۆر عەلی سائیب و عەبدولقادر قادری و حاجی جەمال بەهجەتی ئەستانەلی دایانمەزرێنرابوو، سەرۆکەکەشی عەبدوڵڵا ئەلکازم بوو.

هەر بۆیە، یەکەمین بەرپرسیارێتیی مەولان زادە ڕیفعەت بەگ لەپاش گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبوڵ، بەشداریی لە دەستەی نووسەران و بەڕێوەبردنی گۆڤاری حقوق عمومیە / مافە گشتییەکان بوو کە وەک زمانحاڵی کۆمەڵەی فیداکارانی عوسمانیی بوو، ئەو لە پەڕتووکێکی خۆیدا کە لە ساڵی 1912دا بڵاویکردۆتەوە، نووسیویەتی: لەگەڵ حەزرەتی سەید عەبدولقادر ئەفەندی کوڕی خوالێخۆشبوو شێخ عوبەیدوڵڵاشدا، کە ئەو کات سەرۆکی گلۆپی کوردیی بوو، هەندێک وتووێژمان کرد. لە کۆتاییدا ئەرکی بەڕێوەبەردنی ڕۆژنامەی حوقووقی عومومییەشمان وەرگرت. یەکەمین ژمارەی ئەم گۆڤارە لە 16-09- 1908دا، بڵاوکراوەیە و یەکەمین بەڕێوەبەری نەجیب نادربەگی فەرمانداری پێشووی ناوچەی کاربینار و یەکێکبوو لە نیشتمانپەروەرە ئازادیخوازەکان، کەسانی وەک شیروانزادە مەحمود تاهیر و قادری قادری و ئبنول مەحمود عاسیم لەدەستەی نووسەرانیدا بوون و وتارەکانی کەسانی وەک حەسەن فەهمی بەگ و شەریفەددین مەغمومی و دکتۆر فوئاد تەمۆی تێدا بڵاودەکرایەوە و بەتوندی ڕەخنەی لە ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقی و بەرپرسەکانی دەگرت. پاشان مەولان زادە ڕیفعەت بەگ لە 09-10-1908دا، بووە بەڕێوەبەری گۆڤاریەکە تاوەکووژمارە 60 کە لە 14-11- 1908 دەرچوو، بەردەوام بوو.

کامیل پاشای سەدری ئەعزەم کە لە ڕەخنە و وتارەکانی گۆڤارەکە و نووسەرانی بێزاربوو، ناردی بەدوای مەولان زادە ڕیفعەت و پێی وت: ئەری ئێوە چی دەکەن؟ چۆنتان بوێ ئاوا ڕەخنە لەوەکیلەکان دەگرن! پاشان هەڕەشەی ئەوەی لێکرد کە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبن خراپتان بەسەردێت.

مەولانزادە ڕەفعەت بەگ لەبری پاشەکشە، زیاتر لە گۆڤارەکەیدا پەلاماری ڕەفتارەکانی حکومەتیان دەدا و پشتگیریی ئەو ڕۆژنامانەشیان دەکرد کە لە دژی حکومەت بەتوندیی دەیانووسی و فشاریان دەرکرایەسەر، هەروەها بۆخۆشی لە وتارێکدا بەناوینشانی دکتاتۆریی لە ژمارە 27ی گۆڤاری حقوقی عمومیەدا ، کە لە 12-10-1908دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، پشتگیریی لەو خۆپێشاندانەش کرد کە دژی ئەو پڕۆژە یاسایەی چاپەمەنیی بەڕێوەچوو، کە حکومەتەکەی کامیل پاشا دەیوست لەپارلەمان دەنگی بۆ کۆبکاتەوە و هێرشێکی توندیی کردە سەر هەوڵدانەکانی ڕیکخراوی ئیتحاد و تەرەقی بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد. هەروەها مەولان زادە لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارە 39ی گۆڤارەدا، کە لە 24-10-1908دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی تەنسیقات و ئیسەڵاحات عمومیە دایر پڕۆژە وتارێکی سەبارەت بە دید و پڕۆژەی خۆی بۆ چاکسازیی لە ئیمپارتۆرییەتەکەدا خستەڕوو، بەتایبەت لە ماوەی ساڵی حوکمی ئیستبدادی حەمیدیی کەسانێکی زۆر ناشایستە کرابوونە دەسەڵاتدار و مووچەش بۆ زۆرکەس بڕادرابۆوە بێئەوەی بچنە سەرکار و هیچ خزمەتێک بکەن، هەروەها کەسانێک دەربەدەرکرابوون و ڕاوەدوونرابوون کە خاوەنی تواناو لێهاتوویی بوون .

پێویستە بوترێت کە ئەستەمبوڵ لەپاش کودەتاکەی جوڵای 1908دا، ببووە ناوەندێکی پڕ چالاکی و جووڵانەوە و ململانێی توندی یێکهاتە سیاسی و فیکریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییەکان و چاپەمەنییەکانیان و تا دەهات هێزە جیاوازەکان بەرەو جەمسەرگیریی دەرۆیشتن و دوورەوتی سەرەکیی لەسەر شانۆی سیاسی وڵات دەرکەوتن، کە عوسمانیستە لیبراڵە ئازادیخوازەکان و ڕەوتی دەسەڵاتخوازە هەژمونگەراکەی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بوو، ئەوەی بەتەواوی کەوتبووە ژێر ڕێحەزو ئاڕاستەی کەسایەتییە سەربازییە باڵاکانی سوپای عوسمانییەوە، ئەوانەی توانیبوویان چەند ڕۆژنامەی ناوداری وەک تەنین و شورای ئوممەت بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوەو بیانکەنە ئامرازێکی میدیایی پرۆپاگەندەیی بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبڕوا تەنگەتیلەو پاوانخوازەکانی خۆیان و لێدانی نەیارەکانیان و چەواشەکردنی ڕای گشتیی. ئا لەم کاتە هەستیارەدا، مەولان زادە ڕیفعەت بەگ، لەگەڵ هاوڕێیەکی ئازادییخوازی نزیکی خۆی کە ناوی حەسەن فەهمی بەگ (1874-1909) بوو، کار بۆ دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک بکەن.

ئەڵقەی سێیەم: مەولان زادە ڕیفعەت خاوەنی ڕۆژنامەی سربستی(سەربەستی)

وەک وترا، حەسەن فەهمی بەگ و مەولان زادە بڕیاریاندا پێکەوە ڕۆژنامەیەک دەربکەن کە ببێتە سەکۆ و پلاتفۆرمێک بۆ بەرگریی لە ئازادیی و دادپەورەریی و بانگەشە بۆ حکومەتی یاسا و بکەونە وێزەی هەموو ئەو کەسایەتیی و هێز و لایەنانەی کە سیمبولی ستەمکاریی کۆن بوون و ئەوانەشی کە خوازیاربوون ستەمکارییەکی نوێ لەئیمپراتۆرییەکەدا دابمەزرێنن و دژی سەروەریی گەل بوەستنەوە. لە ڕاستییدا دروشمەکانی شۆڕشەکەی 1908 کە خۆی لە ئازادی، دادپەروەریی، برایەتیی و یەکسانی دەبینەوە لەلایەن هەندێک لە کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانی ڕژێمی حەمیدیی پێشووە و بەهەمان شێوەش لەلایەن دەسەڵاتدار و کەسایەتییە سەربازییەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقییەوە تادەهات زیاتر تەنگی پێ هەڵدەچنرا.

حەسەن فەهمی بەگ بۆخۆی تورک نەبوو، بەڵکوو ئەلبانییەکی عوسمانیی بوو، ئەو خوێندنی دبلۆمی زانستی بەڕێوەبەرایەتیی بەپلەی یەکەم و دواتریش کۆلێجی حقوقی خوێندبوو، بایەخی بە پەڕتووکە پەروەردەییەکان دەدا و دەیخوێندنەوە، هەروەها وەک مەولان زادە لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەهای حەمیدیی نەیار و دژ بەستەمکاریی بوو، ئەویش لەو قۆناغەدا دەربەدەری بینبوو، سەرەتا هەڵاتبوو بۆ پاریس و سەردانی زانکۆی سۆربۆنی دەکرد و دواتریش چووە لەندەنی پایتەختی بریتانیا و پاشان گەڕایەوە پاریس و لەوەێوە چووبووە میسر و پەیوەندی بە تورکە لاوەکانەوە کردبوو، کەسێکی لیبراڵ بوو، زمانی فەرەنسیی و ئینگلیزیی بەباشی دەزانی و یەکێک بوو لە چالاکوانە بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵاتی عەبدولحەمید و ئەو مووچەیەی ڕەتکردبۆوە کە ڕژێمی حەمیدیی دەیویست بۆی ببڕێتەوە و دەیویست لە میسر خوێندنگایەکی تورکیی دابمەزرێنێت. لەپاش گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبوڵ لە ڕۆژنامەی حقوق عمومیە وتارەکانی بڵاودەکراوەیە و دواتریش لەگەڵ مەولان زادە یاداشتێکیان دابووە لایەنە پەیوەندییدارەکان و ڕێوشوێنە یاساییەکانیان بۆ دامەزراندنی ڕۆژنامەکە گرتەبەرو پاش ئەوە لەرۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 1908دا، یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەکەیان بەناوی سربستی یەوە بڵاوکردەوە. ئەوەی مەولان زادە خاوەن ئیمتیاز و حەسەن فەهمی بەگیش سەرنووسەری بوو.

شایەنی باسە، هێندەی ئاگاداربین هەتاوەکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەویەکی ئەکادیمی و سەربەخۆ لەسەر ڕۆژنامەی (سربستی) نەکراوە و هەموو ژمارەکانی کە 722 ژمارەیە لە ماوەی 12 ساڵی تەمەنییدا لە ساڵی 1908وە بۆ 1920، بە پێنج قۆناغی جیاواز، لەبەرگێکی تەواودا کۆنەکراوەتەوە. دیارە بەو هۆیەی کە مێژووی ئەم ڕۆژنامەیە بەستراوەتەوە بە مێژووی ژیانی مەولان زادەی خاوەنییەوە، هەر بۆیە بەهۆی ئەو ناجێگیریی و فشار و ڕاوەدونانەی کراونەتە سەر مەولان زادە و تووشی بوون، ژیانی ڕۆژنامەکەش هەورازو نشێوی بەخۆیەوە بینوە.

سربستی، بە زمانی تورکیی بڵاوکراوەتەوە و لەچوار لاپەڕە پێکهاتووەو ڕۆژانە بووە و هەینیش دەرچووە، لەژێر ناوەکەیدا کە سەربەستییە، نووسراوە: خزمەت بە مافی عوسمانییەکان دەکات بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و مەزهەب . هەر لاپەڕەیەکی لە پێنج ستوون پێکهاتووە و بەوتاری سەرنووسەر دەستیپێکردووە و ناونیشانی جیاوازیش بەگوێرەی ناوەرۆکی بابەتەکان دانراوە و هەواڵە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی تێدا جیاکراوەتەوە. هەروەها لەلاپەڕەی کۆتاییشدا، نامەی خوێنەرانی تێدا بڵاوکراوەتەوە. پەیامی ڕۆژنامەکە لە ژمارەی یەکەمیدا لەژێر ناونیشانی مسلک / مەبەست بڵاوکراوەتەوەو نووسراوە:

سربستی بەهەموو مانایەک ئازادە، پاشایەتی دەستووری خۆنابوێرێ لەوەی خۆبەخت بکات لەپێناو ئیدارەکەمان، لە ڕێگەی کارکردن لەپێناوی ڕۆشنکردنەوەی خەڵک بەگشتی و یەکێتی تەواوی ڕەگەزەکانی عوسمانیی... سربستی هەمیشە ئەو بەرپرسانەی حکومەت دەبێزرێنێت و ڕەخنەیان دەکات کە پێچەوانەی بەژەوەندی میللەتەکەمان هەڵدەسوڕێن و لە ڕوانگەی میللەتەوە دەڕوانێتە بەرژەوەندییەکانیان و پارێزەری مافی ڕۆڵەکانی میللەتە و پشت بە یاسا دەبەستێت. سربستی ئازادی و شەرەف و کەرامەتی پیشەکە دەپارێزێت و خزمەتی ئامانج و بەرژەوەندییەکی سیاسی هیچ شەخسێک ناکات. سربستی تەنیا ڕاستیی دەڵێت و بیر لەو ڕێگایانە دەکاتەوە کە میللەتی لێوە بڕواتە نێو جوغزی مەدەنییەت. سربستی دەبێتە بەرگریکارێک و دەربڕی بیرو بۆچونی هاووڵاتییەکانمان کە بەگشتی چەوسێنراونەتەوە، بەدەر لە هەر ئایین و ڕەگەزی خەڵکانی میللەتەکەمان، ئەوەش ئەرکەکەیەتی. شایەنی باسە، مستەفا جۆشکون، لەو لێکۆڵینەوە زانستییەی کە لە بەشی مێژووی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی ئەستەمبوڵ ئەنجامیداوە، لەم قۆناغەی کار و چالاکی مەولان زادە ڕیفعەت و ڕۆژنامەی سربستی یدا، جگە لەوەی ئاماژەی بە ئەندامبوونی ناوبراو لە کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی کورد داوە، لەژێر ناونیشانی بەدرخانزادەکاندا، بەڕوونی ئاماژەی بە پەیوەندی مەولان زادەو ڕۆژنامەی سربستی لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەکان، داوە و نووسیویەتی کە مەولان زادە چ لە ڕۆژنامەی حقوق عمومیە و چ دواتریش لە سربستی دا هەواڵەکانی تایبەت بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و ئەندامەکانی بڵاوکردۆتەوە و بەشێوەیەک بایەخی پێداون کە سربستی وەک دەزگایەکی میدیایی بنەماڵەی بەدرخانی لێکردووە و چالاکییەکانیانی تێدا بڵاوکردۆتەوە. لەوەش زیاتر، سربستی پەیامنێری تایبەتی خۆی ڕەوانەی تەڕابلوس کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری هەواڵی ئەو بەدرخانییانەی وەک: حەسەن بەگ، میدحەت بەگ، عەبدولڕەحمان بەگ بێت کە 30 مانگ پێشتر و پاش کوشتنی ڕیزوان پاشای پارێزگاری ئەستەمبوڵ، بە کۆمەڵ قۆڵبەستکران و لە ئەستەمبوڵ دوورخرانەوە و ڕەوانەی زیندانەکانی ئەوێ و شوێنی تر کرابوون. ئەوانەی کە وێڕای فەرمانی لێخۆشبوون لە گیراوانی قۆناغی پێشوو، هێشتا لە زیندانەکاندا هێڵرابوونەوە و ئازاد نەکرابوون.

هەر لەم سەربەنەوە، لەژمارە 12ی ڕۆژنامەی سربستی ، کە لە ڕۆژی 26-10-1908دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، پەیامنێری سربستی باسی لەو زیندانە کردووە کە بەردخانییەکانی لە تەرابلوس تێدا بەندکراون، ئەو زیندانەی کە درێژێکەی شەش مەتر و بەرزییەکەی دوو مەترە و تیشکی خۆر لە پەنجەرەی کراوەی بنمیچەکەیەوە دەچێتە ژوورەوە کە پەنجا سەنتیمەترە، زیندانێک دەرگایەکی ئاسنینی پتەوی هەیە و لەدوای ئەویشەوە دەرگایەکی تەختە بە ئەستووری پازدە سانتیمەترە کە لە بەردەم دەروازەیەکی بەردینە کە پاسەوان چاودێرێی دەکەن، ئەوانەی کە نێزەیان هەڵگرتووە و لە بەردەم هەردەرگایەکی زیندانییەکاندا وەستاون و لەسەرەوەش لە بەردەم پەنجەرەکان پاسەوان هەیە.

ڕۆژنامەکە، داوای لە حکومەت کردووەکە چاو بەدۆسیەی بەدرخانییەکاندا بخشێنێتەوەو یەک لەوانەش عەبدولڕەحمان بەدرخانە، کە تۆمەتی درۆینەی سیخوڕیی خراوەتەپاڵ، لەکاتێکدا ئەو بۆ ماوەی 10 ساڵ لە ئەوروپا بووە و زۆر دڵسۆزانە بۆ تێکۆشاوە کۆتایی بەو کارە دوژمنکارانانە بهێنێت کە لە ماوەی توندترین کاتی کۆمەڵکوژییەکاندا لەنێوان ئەرمەن و کورددا لە کوردستان ڕوویداوە. هەروەها سربستی بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دۆخی زیندانییانی بەدرخانیی کردووە و هەروەها پاش هەفتەیەکیش لە هەواڵەکەی پێشوو، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی بۆ خوێنەران سەبارەت بە ئازادکردنی بەدرخانییەکان –جگە لە عەبدولڕەزاق و عەلی شامل- بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەوان بەسواری کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیایەکی ئیتالی بەڕێوەن بەرەو ئەستەمبوڵ.

ئەڵقەی چوارەم: سەرەتاکانی خەباتی دیموکراتی جەماوەریی

لەراستییدا، پاش گەڕانەوەی بەدرخانییەکان بۆ ئەستەمبوڵ، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بەتایبەت: عەبدولڕەحمان و دواتریش ئەمین بەگ و جەلادەت و کامەران و سوورەیا، لەگەڵ مەولان زادە ڕیفعەتدا هەبووە و لەم قۆناغەدا وتارەکانی عەبدولڕەحمان بەگ لە بۆنە جیاوازەکاندا، وەک کۆبوونەوە بۆ پشتگیریی ئازادیی چاپەمەنیی و هەروەها ئەو کۆبوونەوانەی کە بۆ چەسپاندنی برایەتیی کوردیی-ئەرمەنیی لە کڵێسای هاسکوی ئەرمەنی لە ئەستەمبوڵ کرا. هەموو ئەوانە دەکرانە هەواڵ و لە سەربەستییدا بڵاودەکرانەوە.

هەر سەبارەت بەهەوڵەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەشنووسی یاسای چاپەمەنییەی کە حکومەتەکەی کامیل پاشا دەیویست بەپێداگریی حسێن حیلمی پاشای وەزیری ناوخۆ لە پارەلەمان عوسمانییدا بیسەپێنێت و هەموو ئەوانەی لایەنگریی ئازادیی چاپەمەنیی بوون بەکۆتوبەندیان دەزانی و بەرهەڵستییان دەکرد، مەولان زادە ڕیفعەت و ڕۆژنامەی سەربەستی بووە مەکۆی کۆبوونەوەی کەسایەتیی و لایەنە ئازادیخوازەکان و لەوێ بڕیاریاندا کۆبوونەوەو خۆپێشاندان ئەنجام بدەن و بۆ ئەو مەبەستەش کاتژمێری 6ی ڕۆژی 7ی فێبرایەریان دیاریکرد و داواشیان کرد هەرکەس خوازیارە بەشداریی بکات بۆ پشتگیریی لە ئازادیی چاپەمەنیی و دژایەتی ئەو ڕەشنووسە لەئۆفێسی سەربەستی ناوی خۆی بنووسێت. هەروەها بڕیاردار لەو کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە: مەولان زادە، عەبدولڕەحمان بەدرخان، دکتۆر ئیبراهیم تیمۆ، حەسەن فەهمی بەگ، ئارامباس ئەفەندی نوێنەری ڕێکخراوی هانچاکی ئەرمەنی، عارف ئەفەندی برنجی زادە نوێنەری ئامەد، موفتی ناجی بەگی نوێنەری ئارگیری، ناجی بەگی نوێنەری بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ئێراندین ئازادی و حسێن کازم بەگی سەرنووسەری ڕۆژنامەی حەقیقەت، وتاری خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش بکەن.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی شەش بۆ حەوت هەزارکەس لەمەیدانی سوڵتان ئەحمەد ئەنجامدراو شازادە محەمەد ڕەشاد ئەفەندیش ئامادەی بوو. لەوێ یەکەمین کەس وتاری خوێندەوە مەولان زادە بوو، ئەو سوپاسی ئامادەبووانی کردو ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کۆبوونەوەیە لەپیناو ئازادیی و بۆ ڕەتکردنەوەی ڕەشنووسی یاسای چاپەمەنییە کە ئەرێکردنی گورزێکی مەزن دەبێت بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و چاپەمەنیی. پاش ئەوەی ئەوانی دیکەش وتاری خۆیان خوێندەوە، ئامادەبووان بەرەو تەلاری پارلەمانی عوسمانیی ڕۆیشتن و لەوێ چاویان بە ئەحمەد ڕەزای سەرۆکی پارلەمان کەوت و ناوبراو ڕایگەیاند کە پشتگیریی لە ئازادیی چاپەمەنیی دەکات و لەوێ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ مەولان زادە و چەند کەسیکی دیکە کرد. پاشان مەولان زادە هاتە دەرەوەو لە بەردەم جەماوەرەکە ڕوونیکردەوە کە سەرۆکی پارلەمان و بەشێک لە ئەندامانی مەجلیس پشتگیریی داواکارییەکانیان دەکەن. نوێنەری ڕێکخراوی داشناکسیۆن ئەرمەنیی ڕایگەیاند: ئەگەر پارلەمان ئەم ڕەشنووسە پەسەند بکات ئەو بە نێزەو بۆمبەکانمان دەیڕوخێنین و ئاڵای حەقیقەت لە وڵاتەکەماندا بەرز دەکەینەوە. عەبدولڕەحمان بەدرخانیش ڕایگەیاند: من و هەموو بەدرخانییەکان، تەنانەت شەست هەزار کوردی ئەستەمبوڵیش، تا دوا تنۆکی خوێنمان ئەم ڕەشنووسەمان قبووڵ نییە. هەموو ئەم وتەو ڕاگەیاندنانە لە ڕۆژنامەی سەربەستیدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

هەموو ئەو کۆبوونەوەو ڕەخنە و چالاکییانەی دژی هەوڵە قۆرخکارییەکانی حکومەت کران، وایکرد حکومەت کار بۆ دەرکردنی یاسایەک بکات بۆ ڕێگریی لە گردبوونەوەو خۆپێشاندان. ئەوەش وایکرد مەولان زادەو سەربەستی دەست بە هەڵمەتێکی گەورە بکەن بۆ دژایەتی ئەو هەوڵەی حکومەت، مەولان زادە ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی مافی گردبوونەوە پێچەوانەی دەستوورەو دژی مافەکانی گەلە، لەو پێناوەش سەربەستی تەلەگرافێکی ئاڕاستەی پارلەمانی عوسمانیی کردو داوایکرد دژی ئەم هەوڵە بوەستنەوەو بیدەنگیی بشکێنن. هەروەها دواکرا کە لەساحەی سوڵتان ئەحمەد گردبوونەوەیەکی گەورەبکرێت داواش لە هاووڵاتییانی کورد و ئەنەدۆل کردووە بەشداربن. گردبوونەوەکە لەلایەن ڕێکخراوی کۆڵهەڵگرەکانی ئەستەمبوڵەوە ڕێکخرا کە زۆرینەی ئەندامەکانی کورد بوون، هەروەها ڕۆژی 28ی مارتی 1909 بۆ ئەنجامدانی دیارییکرا. شایەنی باسە، لەم گردبوونەوەیەدا، مەولان زادە ڕیفعەت وەک ڕێکخەری گردبوونەوەی ڕۆژنامە لیبراڵەکان ئامادەبوو، هەروەها وتارێکیشی پێشکەش کرد. هەروەها حسێن پاشا بەدرخانیش بە زمانی کوردیی وتارێکی پێشکەشکرد، بۆناپارتیان ئەفەندیش کە ئەندامی کۆمیتەی (تاشناکسیۆن) ی ئەرمەنیی بوو، وتارێکی دا.

حکومەت پاش سێ مانگ، بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکان، یاسای چاپەمەنیی سەپاند، ئەوەش ئازادییخوازان و نەیارانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی و حکومەتی بەتەواویی توڕەکردو مەولان زادە نامەی بۆ تەواوی ڕۆژنامە لیبراڵەکان و کەسایەتیی بەرهەڵستکارەکانی ئیتحاد و تەرەقی نارد بۆ پرۆتێستۆکردنی ئەو بڕیارەی حکومەت لەرۆژی 7ی ئەبریلی 1909 لەمەیدانی سوڵتان ئەحمەد گردببنەوە. وەک دەردەکەوێت، لەم قۆناغەدا، وێڕای ئەوەی مەولان زادە ڕیفعەت ئەندامی ڕێبەریی ڕێکخراوێکی سیاسی دیارییکراو نەبوو، بەڵام وەک ڕۆژنامەنووسێک و خاوەنی سەربەستی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕای گشتیی و جەماوەریی هەبوو. ئەو لەدەرەوە پاڵپشتیی فیرقەی ئەحراری عوسمانیی دەکرد و هەروەها لەرێگەی بەشداریی و ڕێکخستنی کۆبوونەوەو ڕێپێوانەکان بەشداریی بەرچاو و کارایی لە ڕووداوە سیاسییەکاندا هەبوو. ئەو بۆ چەندین جار بەهۆی نووسین و ڕەخنە توندەکانییەوە لەکەسایەتیی و بەرپرسانی حکومەتی وەک کامیل پاشا و عارف پاشای وەزیری بەحریە و جەمالەدین ئەفەندی شێخولئیسلام، کەیسی لە دادگا بۆ کراوەیە و لەنێوان 18ی نۆڤەمبەری 1908 تاکوو 24ی فێبرایەری 1909، سێ جار بانگێشتی دادگا کراو هەر جارێک سزای زیندان و غەرامەی مادیی و داخستنی چاپخانەکەی، بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لەدوو جاری یەکەم بەهۆی پارێزەرەکەیەوە کە ئەرمەنییەک بوو بەناوی بۆغۆس یەڵدیزجیان لە دادگای پێداچوونەوە لەتۆمەتەکانی بێتاوان ڕاگەیەنراو ئەوەی سێیەمیشیان مایەوە هەتاوەکووئەو کارەساتەی لە ئەبریلدا بەسەر سەربەستیدا هات.

ئەڵقەی پێنجەم: کوشتنی سەرنووسەری سەربەستی یەکەمین تیرۆری قەڵەم لە مێژووی تورکیا

لەراستییدا، ئاڕاستەی ڕووداوەکان و ململانێی توندی هێزە جیاوازەکانی سەرشانۆی سیاسی وڵات لە ئەستەمبوڵی پایتەخدا، بەتایبەت لەنێوان پیاوانی شۆڕشی چەواشەی سەربەرژێمە کۆنەکەو باڵی ڕاستڕەوی دەسەڵاتخوازی قۆرخکاری کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی پشتبەستوو بە سوپا و دواتریش ئازادیخوازانی لیبراڵی دەستووریخوازی مەدەنی کە خۆیان لە کۆمەڵەکانی فیداکارانی میللەت و ئەحرار عوسمانی فیرقەسی / پارتی ئازادیخوازانی عوسمانی دەبینەوە، هەتا دەهات ڕووی لە ئاڵۆزیی و دژوارییەکی سەخت دەکرد و قەیراناویتر دەبوو. شایەنی باسە، ڕەگەزە ئیتنییە غەیرە تورکەکانی دانیشتووی ئەستەمبوڵ، هەر بە یۆنانیی و کورد و ئەلبانیی و عەرەبی سووریی و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی ئەرمەنەکانیش، جگە لە جوولەکەکان، پشتگیریی هێزە لیبڕاڵەکان و فیرقەی ئەحراریان یان دەکرد لە دژی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی.

دۆخی سیاسی ئاڵۆزو پڕ ململانێی وڵات، بەتایبەتی لە شاری ئەستەمبوڵ، فەزایەکی توندو دژوارو گرژی لەسەر ئاستی ڕەوشی چاپەمەنیی و ڕۆژنامەکانی ئەستەمبوڵ هێنابووەئاراو بە زمانی زۆر زبرو توند بابەتەکانیان لەرۆژنامەکانەوە دژ بەیەک پەخشدەکرد، بەتایبەت لەلای ئەو ڕۆژنامانەی کە نوێنەری ڕەوتە ئایدۆلۆژییە جیاوازەکانی سەر شانۆی سیاسی وڵات و ئەستەمبوڵی پایتەخت بوون، وەک ڤۆڵکانی دەروێش وەحدەتی ئیسلامچیی و طنینی حسێن جاهیدی سەر بە ئیتحادوتەرەقی و سەربەستی مەولان زادە ڕیفعەتی لیبراڵ و ئازادیخواز.

شایەنی باسە، ڕۆژنامەی سەربەستی، وەک مینەبەرێکی ئازادیخوازانی مەدەنی دژی بە ستەمکاریی کۆن و هەوڵە بێوچانەکانی باڵی سەربازیی کۆمیتەی ئەتحادو تەرەقی و لایەنگرانی بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات و گۆڕینی دەوڵەت بۆ ئامرازێک لەپێناوی سەپاندنی ستەمکارییەکی نویدا، لەرێگەی وتارەکانییەوە تادەهات زیاتر بەرەی بەرژەوەندیخوازانی کۆنەپەرست و دەسەڵاتخوازە ئیتحادییەکانی دەکوتا و تاوان و چەواشەکارییەکانیانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرد. هەر بۆیە سەربەرستی لەرۆژانی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا ڕق و کینەی ئەو بەرەیەی ستەمکاریی و قۆرخکاریی و دژە ئازادیی لەخۆی ورووژان، بەتایبەتی باڵی ڕاستی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی، ئەوانەی سەربەستیان بە لەمپەڕو هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر خۆیان و هەوڵەکانیان دەبینی و بۆ ڕێگریی لە دەرچوون و نووسینە ڕەخنەییەکانی و چەند جارێک مەولان زادەیان ئاگادارکردەوەو بەچەندین شێوە هەڕەشەیان لێکردو چەندین جار لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمارکرد، بەڵام کاتێک زانیان مەولان زادەو حەسەن فەهمی سەرنووسەر گوێ بەهیچ هەڕەشەو فشاریک نادەن و کەوتنە دانانی پیلانێک بۆ تیرۆرکردنیان.

حەسەن فەهمی بەگ ڕۆژێک بەر لەتیرۆرکردنی واتە لە 5ی ئەبریلی 1909دا، لە ڕۆژنامەی سەربەستییدا وتارێکی توندی لەسەر هەوڵەکانی ئیتحاد و تەرەقی نووسیبوو کە لەرێگەی ئیستغلالکردنی نەفامی خەڵک و نەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێزی دەستوورییەوە دەیانەوێت لەشوێنی ستەمکارییە کۆنەکە ستەمکارییەکی خراپتر دابمەزرێنن و بەشێکیش لە نوێنەرانی مەجلیس بەهۆی هەڵخەڵەتاندنایەوە بە گوتەکانی کامل پاشا بێئاگان لەو هەوڵە نهێنییانەی ئیتحاد و تەرەقی و ئەوە کۆمەڵێک پارلەمانتاری کەمن کە ئازایانە دژی ئەو پشێویی و دزیی و گەندەڵی وەستاونەتەوە..

شایەنی باسە، پیلانی تیرۆرکردنی خاوەن و سەرنووسەری سەربەستی لەکاتژمێر پێنجی ئێوارەی شەوی چوارشەممەی ڕێکەوتی6ی ئەبریلی 1909دا، لەسەر پردی گەڵاتە لەئەستەمبوڵ لەلایەن بکوژێکەوە کە وتراوە کەسێکی بەهێزی کەڵەگەت بووەو پۆشاکی ئەفسەریی و پاڵتۆیەکی ڕەشی لەبەردابووە، جێبەجێکرا. کاتێک حەسەن فەهمی و شاکیربەگی هاوڕێی لە ماڵیک بوون بۆ کۆبوونەوە، لەکاتی گەڕانەوە، بکوژەکە لەسەر پردەکە بە دەمانچە تەقەی لێکردوون و پاش حەسەن فەهمی، وایزانیوە شاکیر بەگ، مەولان زادە ڕیفعەتەو تەقەشی لەو کردووە بەڵام برینداربووە و نەمردووە.

پێویستە بوترێت کە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانی لاو و سەرنووسەری سەربەستی، حەسەن فەهمی بەگ، یەکەمین تیرۆری قەڵەمە لەپێناو سەرکوتی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا، وێڕای نادیاری و نەدۆزینەوەی بکوژەکەش، هێشتا هەموو ئاماژەکان بەشێوەیەک بوون کە پەنجەی تاوان بۆ ڕێکخراوی ئیتحاد و تەرەقی درێژبکرێت، . چونکە ئەوان هەرچەندە نکۆڵیشیان لەو کارەدەکرد، بەڵام زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە سوودیان لەو ڕووداوە وەرگرت، ئەو ڕووداوەی چ لەناوەوەو چ لەدەرەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییدا، دەنگدانەوەو کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و لەکاتی خۆیدا بووە سەرباسی زۆربەی ڕۆژنامەو چاپەمەنییەکانی جیهان هەر لە ئەمریکاوە هەتاوەکووئوسترالیا. جگە لەوەی ئەم ڕووداوی تیرۆرە زنجیرەک ڕووداو و لێکەوتەی بەدوای خۆیدا هێنا کە هاوکێشەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتیی دەوڵەتەکەی بەدژی ژیانی دەستووری و ئامانج و دروشمە بنەڕەتییەکانی کودەتاکەی ساڵی 1908 گۆڕی.

تیرۆری سەرنووسەری سەربەستی ئەو پریشکە بوو کە پوشی ململانێی دۆخەکەی ئەستەمبوڵ و ئیمپراتۆرییەکەی گڕدا، تاوانێکی بەو چەشنە نارەزایەتییەکی قووڵی لەهەناوی کۆمەڵگەی ئەستەمبوڵیدا جۆشدا، بەچەشنێک ورووژان و ئاڵۆزیی لێکەوتەوەو خۆپێشاندان لەتەواوی ئەستەمبوڵدا دەستیپێکرد و داوای دۆزینەوەو سزادانی بکوژو ئەوانەیان دەکرد کە لە پشتی تاوانی تیرۆرەکەوە بوون. ئەو تاوانە، تەواوی ئازادیخوازانی عوسمانیی توڕە کرد بەهەموو ڕەگەزە جیاوازەکانیانەوە، بەتایبەت لە شاری ئەستەمبوڵ، ڕای گشتی بەتوندی ورووژا. خوێندکارەکانی خوێندنی ناوەندی و باڵا، بەتایبەت ئەوانەی لەکۆلێجی حقوق و هەروەها پزیشکی دەیانخوێند، گردبوونەوەیەکی گەورەیان کردو خەڵکێکی زۆریان لەگەڵ کەوتن. ئەوان چوونە بەردەم بابی عالی و حیلمی پاشای سەدری ئەعزەم پێی ڕاگەیاندن کە بەدڵسۆزییەوە هاوۆسۆزتانم و ئەمە تاوانێکی نائاساییەو نەفرەت لەبکوژ و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا. پاشان خوێندکارەکان بەرەو تەلاری پارلەمانی عوسمانیی ڕۆیشتن و لەوێش چاویان بە ڕەزابەگی سەرۆکی پارلەمان کەوت، ئەویش بەڵێنی دۆزینەوەو بەسزاگەیشتنی بکوژەکەی پێدابوون.بەڵام ئەوە هەتاوەکووئێستا نزیکەی 115 ساڵ بەسەر کوشتنەکەدا تێدەپەڕێت و هێشتا نەدۆزراوەتەوە!.

ئەڵقەی شەشەم: بەرەو تەقینەوەی دۆخەکە لە ئەستەمبوڵ

شایەنی باسە، ڕۆژێکیش پێش ئەوە، مەولان زادە ڕیفعەت بۆخۆی چووبووە لای ڕەزابەگ تاوەکووپشتگیریی بکات بۆ دۆزینەوەو سزادانی بکوژەکەی سەرنووسەری سەربەستی، بەڵام ڕەزا بەگ پێی وتبوو: ئەم چارەنووسە بۆ کەسانێک چاوەڕوان دەکرێت کە هەندێک پرس دەورووژێنن کە نابێت بزانرێت.

هەرلەوێ، مەولان زادە ڕیفعەت، بەیاننامەیەکی ئامادە کردبوو تاکوو پارلەمانتاران واژۆی بکەن، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەمی پارلەمانتاران واژۆیان کردبوو کە ئەمانەن: ئیسماعیل حەقی بەگ نوێنەری ئەماسیا، زوهراب بەگی نوێنەری ئەستەمبوڵ، موفید بەگی نوێنەری ئارگیری، ڕەزا نووری بەگ نوێنەری سینۆپ، ڕاسیم زەینەڵ بەگ نوێنەری جیداد، هامپارتسۆم نوێنەری کۆزام، م. کۆسیمدی نوێنەری ئەستەمبوڵ. خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەستەمبوڵ زەمینەیەکی گونجاوی بۆ تەقینەوەی دۆخەکە ڕەخساندو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توندترو ئاڵۆزتر دەبوو. بەگوێرەی سەرچاوەکان، فیرقەی ئەحرارو شازادە سەباحەدین ڕۆڵیان لە تەقاندنەوەی بارودۆخەکەدا هەبوو بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی حکومەتی ئیتحاد و تەرەقی. سەرەتا بەتالیۆنی پیادەی سوکی لەشکری سێیەمی سوپا ئاوچی تابولەر کە لە طاشقشڵەبوون لەشەوی 12ی ئەبریل یاخیبوون و ژمارەیەک لە تەلەبە ئایینییەکان سۆفتە و هەروەها ئیمامەکانیان لەگەڵ کەوت. بەشێوەیەک ڕووداوی کوشتن لێرە و لەوێ دەستیپێکرد. ئەوەش هانی پیاوانی ڕژێمە کۆنەکەو لایەنگرانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی دا، هەوڵبدەن ئەو دەرفەتە بۆ قازانجی خۆیان بقۆزنەوەو لەجووڵانەوەیەکی دژەشۆڕشدا هەوڵی گێڕانەوەی دەسەڵات بدەن و لە13ی ئەبریلی 1909دا، لە ئەستەمبوڵ کەوتنە وێزەی بەرپرسانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی و لەشارەکە ڕاویان نان.

ڕۆژنامەی ترجمان حقیقت لەرۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 17ی نیسانی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەو، لەژێر ناونیشانی بەیاننامەی هئیت متفقەء عوسمانیە بیانیەسی در/ دەستەی هاوپەیمانی عوسمانیی هەواڵی کۆبوونەوەی بەشێکی زۆری ڕێکخراوە سیاسییه دەستووریخوازەکانی وڵاتی لەئەستەمبوڵ لە هەیئەتێکدا ڕاگەیاندووە بۆ پاراستنی دەستوور و ڕژێمی مەشروتییەت و هەروەها ئاساییشی سەرو ماڵی هاووڵاتییان و هاندانی تەواوی ڕیکخراوو کۆمەڵە سیاسییەکانی دژ بە نوێبوونەوەی ستەمکاریی حەمیدیی، هەیئەتەکە دەڵێت کە حیزب و کۆمەڵەو دەستە سیاسییەکانی مەملەکەتەکەمان لەپێناو ڕێگرتن لە بەهیلاکچوونی نیشتمان و مەشروتییەت بڕیاری بەلاوەنانی ناکۆکییەکانی خۆیان و دانانی ناوی بەرزی عوسمانیی لەسەر هەیئەتەکەیان داوە و ئەم هەیئەتە یەکگرتووە عوسمانییەش ئەم کۆمەڵە سیاسی و زانستییانە لەخۆی دەگرێت.

دیارە جگە لە ئیتحاد و تەرەقی و فیرقەی ئەحرارو تاشناکە ئەرمەنییەکان و کۆمەڵەی سیاسی یۆنانی و ئەلبانییەکان و چەرکەسەکان، یانەی تەعاونی کوردیشی لەخۆگرتووە کە ئەو کات لە کوردە ناسراوەکانی دانیشتووی ئەستەمبوڵ و بەدرخانیزادەکان و نەهریزادەکان و بابانزادەکان و چەندین کوردی ناسراوی دیکەی ئەو پاتەختەی دەوڵەتی عوسمانیی پێکدەهاتن. هەروەها ڕۆژنامەی سەربەستی مەولان زادە ڕیفعەتیش بەشێک بووە لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە.

شایەنی باسە، ئەو شەوەی یاخییبوونەکە ڕوویدا، مەولان زادە ڕیفعەت لە ماڵی دایکی بوو، ئەو بەیانی بەپەلە چووە ئیدارەخانەی سەربەستی و لەوێوە بۆ لای عەساف بەگ بۆ وەرگرتنی زانیاریی، لەوێوە لەلایەن بەرپرسانی فیرقەی ئەحرارەوە باکگرابوو بۆ بنینی میر سەباحەدین. مەولان زادە پاش ئەوەی زانیبووی ئەوان لە پشتی ڕووداوەکانەوەن، تێگەشتبوو کە هەنگاویکی هەڵەیان ناوەو دۆخەکە بەرەوئاقارێکی مەترسییدار دەڕوات. ئەو پێی وابوو کە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە زیانی بۆ ژیانی دەستووریی و ئازادییەکان هەیە و نەیاران سوودی لێ دەبینن.

پاش زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکەی ئەستەمبوڵ، بەرپرسە سەربازییەکانی ئیتحاد و تەرەقیش بڕیاریاندا، ئەو جووڵانەوەی پیاوانی ڕژێمە کۆنەکە و ئاڵۆزیی ئەستەمبوڵ بۆخۆیان بقۆزنەوەو لەدەرەوە شارەکە کۆبوونەوە، ئەوان بڕیاریاندا بەوهێزە سەربازییەی لە سێ لەشکر لەساڵۆنیک کۆیانکردۆبۆوەو ناویان لێنابوو سوپای پاکسازیی هێرشبکەنە سەر ئەستەمبوڵ، ئەوەشیان لە 24ی ئەبریلی 1909دا ئەنجامداو پایتەختی ئیمپراتۆرییەتەکە کەوتە بندەستی هێزەکانی ئیتحاد و تەرەقی و کەوتنە ڕاوەدونانی نەیارانی خۆیان، چ ئەوانەی خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕەهای سوڵتان عەلدولحەمید بوون و چ لیبراڵەکان و نەیارانی دەسەڵاتخوازی باڵی سەربازیی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی.

ئەڵقەی حەوتەم: دەنگدانەوەی تیرۆری سەرنووسەری سربستی (سەربەستی) و ڕووداوەکانی ئەستەمبوڵ لەهەندێک ڕۆژنامە و چاپەمەنییە بیانیی وجیهانییەکاندا وەک وترا، ڕووداوی تیرۆرکردنی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی، چ لەناوەوەو چ لەدەرەوەی ئیمپراتۆری عوسمانییدا، دەنگدانەوەو کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و لەکاتی خۆیدا بووە سەرباسی زۆربەی ڕۆژنامەو چاپەمەنییەکانی جیهان هەر لە ئەمریکاوە هەتاوەکووئوسترالیا.

لەم ڕووەوە، ڕۆژنامەی ئەمریکی THE DAILY MEWS کە لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 8ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلاپەڕەی دووەمی و لەژێر ناونیشانی هەواڵەکانی بەیانییدا، نووسیویەتی: دوێنێ لەئەستەمبوڵ حەسەن فەهمی سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی لەکاتێکدا خەریکبووە دەچووە ئۆفیسەکەی لەلایەن پیاوێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا ڕۆژنامەی یۆنانییLE BUZANTIN یش لە 12ی ئەبریلی 1909دا، نووسیبووی: پێویستە ئەو هێزە بشکێنین کە لەریگەی تیرۆرەوە دەیەوێت ئازادیی بۆ نووسین تێکبشکێنێت.

MANIFEST TACHNAKIZOUNIOU'یش لەهەمان بەرواردا، نووسیوبووی: لەسایەی ڕژێمی دەستوورییدا، لەدایکبوون و بوونی پارتە سیاسییە جیاوازەکان یاسایەکی سرووشتییە و نابی پێشێلبکرێت و لێی هەڵبێین. لەبەرئەوە، وێڕای ئەوەی کە ئامانجی هەموو هاونیشتمانان بەختەوەری وڵاتە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئەستەمە کە دان بەوەدا بنێین کە دەبێت هەموو هاووڵاتییان دان بەهەمان ئەو بیروبۆچوونانەدا بنێن کە پەیوەستە بەو ئامرازانەی بەو ئامانجەی دەگەیەنن.

هەروەها ڕۆژنامەی فەرەنسی Le Lorrian کە لەرۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 11ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر خانەی هەواڵە سیاسییەکانی ڕۆژدا نووسیویەتی کە لیژنەی ئیتحاد و تەرەقی بەیانێکی بڵاوکردۆتەوە تیایدا هەموو ئەو گومان و ئاماژانە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن ڕۆژنامە جیاوازەکانەوە بڵاودەکرینەوە بەدوای ئامانجی سیاسی کەوتوون.

هەر لە لاپەڕەی دووەمی ئەم ڕۆژنامەیە، هەواڵێکی لەژێر ناونیشانی تورکیا سەبارەت بە کوشتنی سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی، ئەوانەی. تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسێک بڵاوکردۆتەوە کە لەرۆژی 8ی ئەبریل لە ئەستەمبوڵەوە هاتووە. بەگوێرەی ئەم هەواڵە 40000 کەس بەشداری بەڕێکردنی تەرمی حەسەن فەهمییان سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستیان کردووە کە بەشێک لەوانە پارلەمانتارە لیبراڵەکان بوون. لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەی حیلمی پاشای سەدری ئەعزەم بەلای قەرەباڵغییەکەدا بەرەو بابی عالی تیپەڕیوە، خەڵکەکەش خۆیان پێنەگیراوەو ڕێگریان کردووەو پەلاماری سەیارەکەیان داوە و سووکایەتییان بە حیلمی پاشا کردووەو ویستویانە سەیارەکەی بشکێنن بەڵام ئیسماعیل کەمال و هەندێک لە نوێنەرەکانی دیکەی پارلەمان حیلمی پاشایان ڕزگارکردووەو خەڵکەکەیان هیمن کردۆتەوە. حیلمی پاشاش ناچار لەو ڕیگەیە گەڕاوەتەوە.

هەروەها هەواڵەکە دەڵێت کە یەکێتی هێزە لیبراڵەکان و پارتە نەیارەکانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی، تیرۆرکردنی سەرنووسەری سەربەستیان بۆ هەڵمەتکردن دژی ئیتحاد و تەرەقی قۆزتۆتەوە. هەروەها چونکە حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی بۆخۆی لە ڕەگەزی ئەلبانی بووە، ئەلبانیەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لەو هەڵمەتەدا بینوەو و بەشداریییان لەخۆپێشاندان کردووە. ڕۆژنامەی ئوسترالیش (The Ovens and Murray Advertiser) کە لەرۆژی یەک شەمەی ڕێکەوتی 10ی ئەبیرلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلاپەڕەی یەکەمیدا و لەژێر ناونیشانی کوشتنی سیاسی . کوشتنی سەرنووسەرێک لەسەر شەقام نووسیویەتی: ئەمڕۆ تەلەگرافێک لە ئەستەمبوڵەوە گەیشتووە کە دەڵێت سەرنووسەری سەربەستی ئەم بەیانییە زوو کوژراوە. پێدەچێت کوژراوەکە بەسەر شەقامێکی شارەکەدا ڕۆیشتبن لەگەڵ شاکیربەگ، کاتێک پیاوێک لێیان نزیکبۆتەوەو دەمانچەی دەرهێناوەو تەقەی لێکردووەو کوشتویەتی.

لەلاپەڕەی چوارەمی پاشکۆی ڕۆژنامەی نیوزلەندی GISBONE TIMES کە لەرۆژی شەممەی ڕێکەوتی 20ی نۆڤەمبەری 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی پۆخڵەوتی عەبدولحەمید بابەتیکی لەسەر کۆشکی یەڵدزو کەلوپەلەکانی ناوی نووسیوە پاش لابردنی عەبدولحەمید لەسەر تەخت لەلایەن ئیتحادییەکانەوە. لەوتارەکەدا باس لەوە دەکات کە پێشتر زۆر باس لە گەورەیی و ڕەفاهییەت و شکۆی ئەو کۆشکە سوڵتانییە کراوە بەڵام سادەیی کەلوپەلەکانی و شێوەو پێکهاتەی دەرگاو پەنجەرەو شوێنی حەوانەوەو حەمام و ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری دڵ و دەمار خواردوونی، تەنانەت ژووری نووستنەکەی سوڵتانیش شتێکی وانییە شکۆو گەورەیی بنوێنی! ئەم وتارە کاتێک باس لە چوونە سەر کۆشکەکە دەکات، دەڵیت: ئاشکرایە ئەو کاتە سوڵتان خەریکبوو لەسەر جێگەکەی بۆ پشو ڕاکشابوو، کاغەزەکانی هیشتا لەسەر زەوییەکە بوون - ڕۆژنامەی سەربەستی، ڕۆژنامە حەزپێکەرەکەی سوڵتان، لەسەر مێزەکەی بوو، سەرنووسەرەکەی لەو کاتەوە خنکێنرابوو.

ڕۆژنامەی Journal de Salonique کە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 11ی ئەبریلی 1909دا، لە شاری ساڵۆنیک بەفەرنسی دەرچووە، لە لاپەڕەی پێنجی خۆیدا لەژێر ناونیشانی ئەستەمبوڵ نووسیویەتی: وێرای هەوڵەکانی پۆلیس دۆزینەوەی بکوژی حەسەن فەهمی ئەفەندی سەرنووسەری سەربەستی زەحمەت بووەو ئەوانەشی باباسی لێوەکردنیشی بەشێوەیەکە بووەتە دەنهەڵبڕینێکی توند لە ڕۆژنامەکانەوە. ڕۆژنامەی ئەمریکی The Evening Star کە لەرۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 13ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ستونی کۆتایی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەی بۆ باسوخواسی ڕووداوەکانی ئەستەمبوڵ و کوشتنی سەرنووسەری سەربەستی تەرخانکردووەو نووسیویەتی:

ئەستەمبوڵ 13ی ئەبریل – ئاڵۆزییەکی جددیی کە کارەکتەرێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە لێرە سەریهەڵداوە. دۆخەکە مەترسیدارە، سەربازە یاخییبووەکان لە دژی تەلاری پارلەمان خۆپێشاندان دەکەن. ترس و دڵەراوکێ خەڵکی ئەستەمبوڵی داگرتووە و تەواوی دوکانەکانی شارەکە داخراون.

یاخییبوون دژی تورکە لاوەکان

فرانکفۆرت 13ی ئەبریل – لەبەیانی ئەمڕۆوە ئەستەمبول لە شۆڕشکێکی بەردەوامدایە، پەیامنیڕی ئەستەمبوڵی (فرانکفۆرت زویتنگ) ڕایگەیاند، لەپەیامێکەوە لە پایتەختی تورکییەوە کە ڕێکەوتی ئەمڕۆی بەسەرەوەیە. دوو بەتالیۆنی سەربازیی سەربە وەزارەتی جەنگ کە لەلایەن ئەفسەرەکانیانەوە فەرماندەیی دەکران، لە کازیوەی بەیانییەوە بەشەقامی دیوان و جۆلۆ دەکشێن بەرەو مزگەوتی ئەیاسۆفیا، لەوێشەوە بەرەو تەلاری پارلەمان. ئەوان دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەدری ئەعزەم و سەرۆکی مەجلیس و وەزیری جەنگ دەکەن.

ن، هیچ زانیارییەکیان لا نییە. لە ڕابردوودا دۆخەکە لەنێوان کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی و لیبراڵەکاندا زۆر دژواربووە. لیبراڵەکان زۆر لە هەوڵەکانی ئیتحاد و تەرەقی بێزاربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری گشتی.

لوتکەی ناکۆکیی سیاسی

کوشتنی حەسەن فەهمی ئەفەندی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی لیبراڵی سەربەستی، لە 7ی ئەبریل لێرە بڕوا وایە کە لوتکەی ناکۆکی سیاسی بووە. سەرنووسەرەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، لەکاتێکدا دەچووە نێو ئۆفیسەکەیەوەو بەرپرسێکی حکومیشی لەگەڵدا بووە کە ئەویش بریندار کراوە.

سەربەستی، هەڵمەتێکی دژ بە کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بەڕێوەدەبرد. خۆپێشاندانی توندوتیژانە چ لەنێو پارلەمان و چ لە شەقامەکانی دەوروبەری بەدوای کوشتنی سەرنووسەرەکەدا دەستیپێکرد. سەدری ئەعزەم و سەرۆکی مەجلیس ناچاربوون بەدەم قەرەباڵغییەکەوە بچنە دەرەوەو دڵنیایان بکەنەوە کە دادپەروەریی ڕێرەوی خۆی دەگرێت. دۆخەکە لە تورکیا سەدری ئەعزەمی ئێستاکەی تورکیا حیلمی پاشایە، کە لە14ی فێبرایەردا لەپاش کامیل پاشا دامەزرا. حیلمی پاشا پێشتر وەزیری ناوخۆ بووەو پێش ئەوەی ئەم پۆستەشی وەربگرێت وەک پشکنەری گشتی لە مەکەدۆنیا ڕاژەی دەکرد. عەلی ڕەزاپاش وەزیری جەنگ و هێزی دەریاوانیو ئەو دەرچووی بەشی تۆپخانە بوو. ئەمەو ئەو گۆڕانکارییانەی دیکە کە لەفێبرایەر لە کابینەدا ڕوویاندا، دەسەڵاتی ڕەهای کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بەشێوەیەکی کرداریی سەپاندو کابینەیەکی وزارییان بەسەر سوڵتاندا سەپاند کە دەننیشانکراوی خۆیان بوو.

کۆمیتەکە لە 14ی فێبرایەردا، بە ئاشکرا هەر نییەتێکی خۆی بۆ قڵپکردنەوەی سوڵتان سەپاندنی دکتاتۆریەتێکی سەربازیی ڕەتکردەوە. بەڵام قەیرانەکەو ئاکامەکانی دەبینرێت کە مژدەی شتی باشیان لێ ناکەوێتەوە چ سەبارەت بە چەسپاندنی تەختی سوڵتان یان سەرکەوتنی حکومەتێکی پارلەمانی.

لێرەدا، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ڕەگەزە میانڕەوەکانی ئیمپراتۆرییەتەکە ئەم گریمانەیەی دەسەڵاتی ڕەهای کۆمیتەی نابەرپرسیاری ئیتحادییەکان لەبەرچاودەگرن؟!

ئەڵقەی هەشتەم: دەنگدانەوەی تیرۆرکردنی سەرنووسەری سەربەستی لە ڕۆژنامە نێوخۆییەکاندا

ڕۆژنامەی ئەمریکی The New Herald کە لەرۆژی هەینی ڕێکەوتی 9ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی 100,000 کەس لە پرسەی سەرنووسەرە کوژراوەکەدا. ئەستەمبوڵ هێمنە، بەڵام جەماوەرێکی گەورە ڕێز لەیادی حەسەن فەهمی دەنێت نووسیویەتی: ئەستەمبوڵ سێشەممە- پرسەی حەسەن فەهمی سەرنووسەری ئەستەمبوڵ کە دوێنێ تیرۆرکرا، لەلایەن نزیک بە سەد هەزار کەسێکەوە کە ئامادەی بوون بەڕێوەچوو. بۆنەکە بێ ڕووداو تیپەڕی و هیچ ئەسەرێکیش لە کەسی بکوژ نەبینراوەتەوە. هەر ئەم ڕۆژنامەیە، چوار ڕۆژ پێش داگیرکردنی ئەستەمبوڵ لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئیتحادە تەرەقیەوە، لەرۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 20ی ئەبریلی 1909دا، نزیکەی تەواوی لاپەڕەی یەکەمی خۆی بۆ بۆ ڕووداوەکانی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانیی تەرخانکردووەو لەنێو ئەو باسانە، لەژێر ناونیشانی: مردنی سەرنووسەری سەربەستی بە فەرمانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بووە؟ باس لە پەیامێکی تایبەت دەکات کە لە تەلەگرافێکی سیستمی کۆمپانیای بازرگانی گەیشتۆتە ڕۆژنامەکەو باس لەوە دەکات کە قەرەەباڵغییەک لەئەستەمبوڵ بەرابەری خۆجە بەنیازی تاڵانیکردن و وێرانکردن ڕووی لەو ڕۆژنامەی وەک: تەنین و شورای ئومەت کردووە کە سەر بە کۆمیتەی ئیتحادییەکان و لەوێ هەموو دەرگاو پەنجەرەکانیان شکاندوون و کەلوپەلەکانیان تاڵانکردوون و فڕیانداونەتە سەر شەقام. پاش لەکاتێکدا باس لەو پەلامارە دەکات بۆ سەر ڕۆژنامەی شورای ئومەت، باس لە دۆزینەوەی بەڵگەی ئەوتۆش دەکرێ کە فەرمانی کوشتنی ژێنراڵیکی ئەلبانی سوپایە بەناوی ئیسماعیل ماهیر پاشا و بڕی چل و پێنج لیرەی تورکیان داوەتە بکوژەکە. هەر پاش ئەوەش لەو بەڵگە دۆزراوانەدا فەرمانی کۆمیتەی ئیتحادییەکان بینراوەتەوە بۆ کوشتنی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی. THE LEVANT HERALD یش هەر لەمبارەیەوە نووسیبووی: دوو ڕێگا هەیە بۆ دەم داخستنی ڕۆژنامەکان، یەکێکیان ئەوەیە کە بەیارمەتیی یاسایەکی چاپەمەنیی توندوتیژ کە دەمانگیڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیستیبداد لە ڕێگەی سەرکوتی ڕۆژنامەکانەوە، ئەوەی دووەمیش لەرێگەی سەرکوت و تیرۆری خودی ڕۆژنامەوانەکانەوەیە... ئەوەش دادگا نهێنییەکەیە. هەروەها، ڕۆژنامەی (STAMBOUL) کە 8ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی کوشتنی سیاسی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی و لەلاپەڕەی یەکەمیدا، ئاماژەی بەو هەڵچوونە دەروونییە گەورەیە داوە کە ڕۆژی پێشتر بەهۆی کوشتنی حەسەن فەهمییەوە لەوبەری پردی گەڵاتە، لەنێو خەڵکی ئەستەمبوڵدا ڕوویداوەو جەختی لەهێورکردنەوەی هەڵچوونەکە کردووە چونکە پێی وایە کە وڵات پێویستی بەئاشتی و ئارامییەو توندوتیژیی توندوتیژیی زیاتر بەدوای خۆیدا دێنێت و دۆخەکە دەکەوێتە خزمەتی دیسپۆتیزمەوە. ئەو دەڵێت:ئێمە لە توڕەیی هاوڕییانی قوربانییەکە تێدەگەین، بەڵام دەبیت پەنا بەژیری ببرێت و خۆشەویستی بەرژەوەندیی گشتیی لەسەرو هاندەری تۆڵە سەندنەوە بێ.

ستامبوڵ دەڵێت کە ڕۆژنامە ئۆپۆزسیۆنەکان بەئاشکرا حیزبی دەسەڵاتدار (مەبەستی ئیتحاد و تەرەقییە/س) بەهاندەری پشت ئەم تاوانە تۆمەتباردەکەن. هەروەها ڕاپۆرتی سامی بەگی ڕاگواستوە کە باس لە چۆنێتی ڕووداوەکەو بەدەمەوە چونی 8-9 پاسەوان دەکات بەدەمک ڕووداوەکەوەو پاش هەڵگرتنەوەی بریندارەکان کە حەسەن فەهمی لەرێگا مردووە، گەڕان لە سەرپردەکەو ژێرەوە دەستیپیکردووەو بکوژ نەدۆزراوەتەوە. پاشان گێڕانەوەی شاکیربەگی هاوڕیی حەسەن فەهمی ڕادەگوێزێت کە بۆ سەردانی هادی پاشای والی حیجاز ڕۆیشتوون کە لەگەڵ موفیدبەگدا لە ئوتێلێک بووەو نیوەی شەو گەڕاونەتەوە. پاشان باسی لە خۆپێشاندانی خوێندکاران کردووە کە چوونەتە بەردەم ئۆفیس ڕۆژنامەکانی سەربەستی و ئیقدام و عوسمانلی و یەنی غەزەتەو لەوێوە چوون بۆ بابی عالی و حسێن حیلمی پاشای سەدری ئەعزەم بەڵێنی دۆزینەوەو هەڵواسینی بکوژەکەی پێداون! هەروەها ڕۆژنامەی ستامبول، بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەی یەنی غەزەتەی بڵاوکردۆتەوەو باس لەوە دەکات کاتێک خوێندکارە خۆپێشاندەرەکان چوونەتە تەلاری پارلەمانی عوسمانیی، ئەحمەد ڕەزای سەرۆکی پارلەمان داوی هاتنی هێزیکی پۆلیسی چل نەفەری کردووەو بەساردیی لەگەڵ خوێندکارەکان دواوە، بەیاننامەکە دەڵیت: ئەگەر ئەحمەد ڕەزا بۆ پاراستنی گیانی ئازادییخوازان داوای ئەو هێزەی بکردایە، ئا بەم شێوەیەی ئەمڕۆ برین لە دڵی ئومەتدا درووست نەدەبوو.

پاشان، ستامبول نامەیەکی عەلی کەمال بەگی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئیقدامی بڵاوکردۆتەوە کە باسی پێشنیارێکی ڕەحمی بەگی نوێنەرو دکتۆر بەهادینی ئەندامانی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی دەکات لەساڵۆنێک بەرزیان کردۆتەوە بۆ تیرۆرکردنی هەریەک لە ئیسماعیل کەمال بەگ و عەلی کەمال و مەولان زادە ڕیفعەت. هەروەها وتەیەکی شاکیربەگی ڕاگواستووە لەکاتێکدا کە چۆتە بنکەی پۆلیس و وتیویەتی کە: من بریندارکراوم چونکە پێیان وابووە مەولانزادە ڕیفعەتم. من چەندین ئەوانم سەبارەت بەو شتە توندانەی کە نووسیویانە ئاگادار کردوونەتەوە. بێگومان ڕۆژنامە تورکییەکانیش سەبارەت بە تیرۆری سەرنووسەری سەربەستی، لەکاتی خۆیدا زۆریان نووسیوە، بەڵام بەداخەوە کەمێکی ئەو ڕۆژنامانە ئەرشیفکراون یان دەستی لێکۆڵەریان دەگاتێ، چونکە بەشێکی ئەوانە بەئەنقەست لەوای داگیرکردنی ئەستەمبوڵ لە 24ی ئەبریلی 1909و هەندێکیشیان دواتر لەسەردەمی کۆمارییدا، پشتگوێخراون یان فەوتێنراون و شاردراونەتەوە. بەگوێرەی ئەو بڕە کەمەی لەبەردەستدان، هەڵوێستی ئەو ڕۆژنامانە بەگوێرەی ئاڕاستەی فیکریی و سیاسیی و لایەنگرییان بووە بۆ هێزو ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزسیۆن، جیاواز بووە. بەشێوەیەکی گشتی، وادەردەکەوێت کە ئەو ڕۆژنامانەی لە ئیتحادییەکانەوە نزیکبوون وەک طنین وصباح وەک تاوانێکی کوشتن نەک تیرۆری سیاسی لەپەراوێزدا بەشێوەیەکی لاوەکیی باسیان لە ڕووداوەکە کردووەو ئەوانەشی سەر بەلیبراڵەکان بوون وەک خودیسەربەستی و ئیقدام و میزان و ترجمان حقیقت و ینی غزتە زیاتر ڕووداوەکەیان وەک تیرۆری سیاسی پێشانداوەو بەدرێژیی هەر لەلاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەیانەوە بابەتی هەواڵی جۆراوجۆریان لەبارەی ڕووداوەکەو لێکۆڵینەوەکان و خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان خستۆتەبەرچاو و فەسادو بەدکاریی دەسەڵاتدارنیشیان بە هۆکاری دۆخەکە زانیوە، بەتایبەت بەرپرسانی ئیداری و سەربازیی کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی.

ڕۆژنامەی طنین کە سەرنووسەرەکەی حسێن جاهید بەگی لایەنگری ئیتحادییەکان بوو، لە لاپەڕەی دووەمی ژمارەی 247ی خۆیدا کە لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 8 ی ئەبریلی 1909، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی ولکی گیجەگی جنایت/ تاوانی پێرێ شەودا، باسی لەکوشتنی حەسەن فەهمی و برینداربوونی شاکر بەگ کردووەو پاشان بەچەند دێڕێک ژیاننامەی هەردووکیانی نووسیوەو هەندێک زانیاریی لەسەر لێکۆڵینەوەکەش ڕاگەیاندووە کە بەشێکی قسەی شاکیر بەگ بووە. پاشان لەلاپەڕەی سێیەمدا هەواڵی خۆپێشاندانی خوێندکارانی بۆ بابی عالی و بەردەم تەلاری پارلەمانی عوسمانیی ڕاگواستووە کە داوای دۆزینەوەی بکوژەکەو سزادانیان کردووە. هەروەها چاوپێکەوتنێکی پەیامنێری ڕۆژنامەکەشیانی لەگەڵ شاکیربەگ بڵاوکردۆتەوە، ناوبراو باسی لەوە کردووە کە چۆن حەسەن فەهمی بینوەو پێکەوە والی حیجاز هادی بەگیان بینوەو دواتر چونەتە لای مەولان زادە ڕفعەت کە هەندێک ناساغ بووەو پاشان لەوێ هەڵساون ڕۆیشتوون. دواتر باسی لە پەیوەندیی هەندێک لە کەسایەتییەکان و ناسیاوی پێشتری حەسەن فەهمی لەگەڵ عەلی کەمال ونەجمەدین عارف و کەسانێکی دیکە لەئەسکەندەریە لە میسر دەکات و دواتر چۆن لە ڕۆژنامەی حقوق عمومیە کاریان کردووە هەتا باسکردنی لە کوشتنەکە. هەروەها لەژێر ناونیشانی بیوک متینغ/ گردبوونەویەکی گەورە داوایەکی ڕێکخراوی تاشناکسیۆنی ئەرمەنی بڵاودەکاتەوە بۆ گردبوونەوەیەکی گشتی بێ جیاوازی زمان و ڕەگەز و ئایین لە ڕۆژی 27ی مارت/ 9ی ئەبریلی 1909 کاتژمیر هەشت لەمەیدانی سوڵتان ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ و دەڵێت کە ڕێکخراوو کۆمەڵە سیاسییەکان و هەیئەتی ڕۆژنامەکانیش ئامادەدەبن و وتارخوێندنەوە بە زمانەکانی: تورکیی و ئەرمکەنیی و ڕۆمیی و کوردیی دەبێت.

هەروەها طنین لەرۆژی 13ی ئەبرلیدا (31 مارت) کە ڕۆژی جووڵانەوەی دژە شۆڕشییەکەی حەمدیییەکانە، هەواڵێکی ڕۆژنامەی سەربەستی بەدرۆ دەخاتەوە کە سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەحمەد ڕەزای سەرۆک پارلەمان و تەلعەت بەگ لەوەزارەتی ناوخۆ کراوە و دەلیت ئەم هەواڵە ئەسڵ و ئەساسی نییە. جگە لەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی بەوە تۆمەتباردەکات کە دەستکاری ئەو بەیاننامانەی کردووە کە مەکتەبی پزیشکی و موڵکیە بە بۆنەی ڕووداوی کوشتنی حەسەن فەهمی بڵاویان کردۆتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی تقویم وقایع کە لە 8ی ئەبیرلی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلاپەڕەی حەوتەمدا، لەژێر ناونیشانی مواد عمومیە/ بابەتی گشتی ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەری پۆلیسی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە ڕوودای کوشتنەکە لەسەر پردە نوێیەکەی گەڵاتە و چۆنێتی بەدەمەوە چوونی پۆلیسەکانی مەرکەزی ئەوێ بەدەم تەقەکانەوەو هەڵگرتنەوەی بریندارەکان و وەرگرتنی قسەکانی شاکیربەگ و پاشان گەڕان بەدوای بکوژە هەڵاتووەکەدا.

ڕۆژنامەی یەنی غەزەتەش هەر لەو مێژووەدا نووسیویەتی: تیرۆرکردنی ئەم نیشتمان پەروەرە تەنیا کارێکی تۆڵەسێنانە نەبوو، بەڵکوو دەستدرێژییەک بوو بۆ سەر ئازادیی گەل سەبارەت بە دەربڕین و بیرکردنەوە ڕۆژنامەی ترجمان حقیقت کە موختار سەید بەڕێوەبەرەکەی بوو، لە ژمارە 10,053ی خۆیدا، کە لەرۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 8ی ئەبریلی 19099دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هەر لەلاپەڕەی یەکەمەوە هەتا دوا لاپەڕەی، هەواڵ و زانیاریی لەسەر ڕووداوی تیرۆرکردنی حەسەن فەهمی سەرنووسەری سەربەستی بڵاوکردۆتەوە. لەلاپەڕەی یەکەم و لەژێر ناونیشانی تأثیر جنیات/ کاریگەریی تاوان خەم و پەژارەی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕیوەو بۆ هۆکاری سیاسی و شەخسیی گەڕاندۆتەوەو دەڵێت کە حەسەن فەهمی ئۆپۆزسیۆنێکی کاراو چالاک بووەو لەپاش شۆڕشی 1908یش چەندین دوژمنی بۆ درووستبووە کە هەڕەشەیان لێکردووە. پاشان لەلاپەڕەی دووەمیدا، جگە لەو ڕاگەیاندن و خۆمخۆرییانەی بۆ لەدەستدانی ئەو ڕوژنامەنووسە وەک شەهیدی ڕۆژنامەوانی ئازاد بڵاوکردۆتەوە، باسی لەو هەژانە گەروەیەش کردووە کە ڕووداوەکە لەنێو کۆمەڵگەو خەڵکانی ئەستەمبوڵ بەگشتی خولقاندوویەتی و پیی وایە ئەگەر بەزوویی هەوڵی دۆزینەوەو سزادانی بکوژ نەدرێت، جا هەرکەسێک بێت، ئەوا دۆخەکە بەرەو ڕووداوی نەخوازراو ملدەنێت.! پاشان، لەژێر ناونیشانی جنازە مراسمی باسی لە چۆنێنتی بردن و بەخاکسپاردنی تەرمی حەسەن فەهمی بەگی کردووەو کە لەبەر دەم ئیدارەخانەی ڕۆژنامەی سەربەستییەوە و بەکۆبوونەوەی هەزاران کەس لە خەڵکی ڕۆژنامەوان و سیاسی و خوێندکارانی دەستیپیکردووەو موشیر فوئاد پاشاو بەرپرسانی فیرقەی ئەحرارو ئەندامانی کۆمیتە ئەرمەنییەکان بەشداربوون، هەروەها پاش نوێژکردن لەسەر تەرمەکە لەمزگەوتی ئەیاسۆفیا، لە گۆڕستانی سوڵتان مەحمود ناشتوویانە. لەلاپەڕەی سێیەمیشی لێکۆڵینەوەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە.

ئەڵقەی نۆیەم: هەواڵی مەولان زادە و تاوانبارکردنی لەرۆژنامەکان لەپاش داگیرکردنی ئەستەمبوڵ لەلایەن سوپاوە

وەک وترا، پاش داگیرکردنی ئەستەمبول لەلایەن سوپاوە، کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی، دەسەڵاتی تاک لایەنەی سەپاند، بەناوی سەرکوتی کۆنەپەرستان کەوتە سەپاندنی ئەحاکمی عورفی و دامەزراندنی دادگای عورفی سەربازیی دامەزران و ڕاوەدونانی هەموو ئەوانەی پێشتر دژایەتییان دەکرد، کە بەشێکیان لەترسی گیانی خۆیان و هەستنەکردن بە ئەمان هەڵاتبوون. هەر بۆیە زنجیرەیەک ڕاونان و گرتن و ئیعدام و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی نەیاران و پڕۆسەی پاوکتاوکردن، کە بەشێکی دیار لەوانە خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەری ڕۆژنامە و ڕۆژنامەوانەکانبوون، لەلایەن ئیتحادییەکان و سوپاوە دەستیپێکرد. لەراستییدا، هێشتا ڕۆژێکی مابوو کە سوپای لایەنگری کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی پەلاماری ئەستەمبول بدەن و داگیری بکەن، ڕۆژنامەی (ستامبوڵ/ STAMBUOL ( کە لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 23ی ئەبریلی 1909دا، چاپ و بڵاوکرایەوە، لەژێر ناونیشانی کۆنەپەرستان نووسیویەتی کە سوڵتان ناوی هەموو ئەنجامدەرانی ئاژاوەکەی ڕاگەیاندووەو دوێنێ ئێوارەش لەلایەن داگاوە لیستێک لەو ناوانە بڵاوکراوەتەوە کە سەربازییەکانیان: موشیر شاکرپاشا، ئەیدمیرال سەعید پاشا، سەدری ئەعزەمی پێشوو کامیل پاشا، ڕاوێژکاری دووەم ئەمین بەگ و ئیلیاس بەگ و خالیص ئەفەندین. لیستی سیڤیلەکانیش جگە لە ئیسماعیل کەمال بەگ و نادرئاغا، مورادبەگی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی میزان و مەولان زادە ئەفەندی بەڕێوەبەری سەربەستی و عەلی کەمال بەگی سەرنووسەری ئیقدام و دەروێش وەحدەتی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ڤۆڵکان و دکتۆر نوورەدین پاشای پزیشکی تایبەتی سوڵتانن.

هەروەها پاش پێنج ڕۆژ داگیرکردنی ئەستەمبوڵ، هەمان ڕۆژنامە لە 29ی ئەبریلی 1909دا، لەژێر ناونیشانی هەڵاتن و قۆڵبەستکردنی کۆنەپەرستاندا، باسی هەوڵی میر بورهانەدینی لەگەڵ یەکێک لە خوشکەکانی کردووەو هەروەها گرتنی میرسەباحەدینی ڕاگەیاندووە بەتۆمەتی پەیوەندیی بە فیرقەی ئەحرارەوەو ئازادکردنی ناوبراو پاش ئەوەی چەسپاوە کە پەیوەندیی بە پیلانگێڕییەکەی حەمدییەوە نەبووە. هەروەها باسی لە گرتنی نەزیرئاغاو موسا ئەفەندی و تەقەکردنی لە موختاربەگیش ڕاگەیاندووە لەمەیدانی بایەزید، لەگەڵ کوشتنی ژمارەیەک سەربازی یاخیی کەى خۆیان بەدەستەوە نەداوە. ئەمەو جگە لە قۆڵبەستکردنی بەشێک لە ئەفسەراننی وەک ڕائید فکری بەگ و کازم بەگ و مولازم یوسف بە تۆمەتی هاندان سەربازەکان لە ئەستەمبوڵ. سەبارەت بە مەولان زادە ڕیفعەتیش ڕاگەینەدراوە کە: مەولان زادە ڕیفعەت بەگ بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی پێشووی سەربەستی، شەوی پێشوو لە ئەرکەنکۆی قۆڵبەست کراوە و براوەتە بنکەی سەربازیی.

دواتر ڕۆژنامەی STAMBUOL کە لەرۆژی 6ی مایۆی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی هەڵاتنی ڕەزا نووربەگ باسی لەوە کردووە کە پزیشکی سەربازیی و نوێنەری شاری سینۆپ کە کەمتەمەنترین ئەندامی مەجلیسە، ئەوەی پێش چەند مانگێک دوو پێشنیاری پێشکەش کردووە دژی جیاوگەکانی سوڵتان عەبدولحەمید و هەروەها دواتریش لە ڕۆژنامەی ئیقدام دا، هێرشی توندی کردۆتە سەر تورکە لاوەکان و خۆی سەر بە پارتی ئەحرار بووەو هاوبیری مورادبەگ بووە، ڕووداوەکان هانیانداوە کە کۆچ بکات. بەڵام دوێنێ دکتۆر عارف عیسمەت بەگ ڕاپۆرتێکی پێشکەش کردووەو تیایدا هاتووە کە ڕۆژنامەکان بوونی ڕەزا نووربەگیان لەقاهیرە بڵاوکردۆتەوەو ناوبراو لەگەڵ مەولانزادە ڕەفعەت بەگ دایە. هەروەها ئەم ڕۆژنامەیە دوو ڕۆژ دوای ئەمە، واتە لە ڕۆژی 8ی مایۆی 1909دا، بابەتێکی بە ناونیشانی کاریگەریی ڕۆژنامە تێدا هاتووەو پاش ئەوەی دەیەوێت باسی لەکاریگەریی ڕۆڵی ڕۆژنامەو چاپەمەنییەکان لە ڕووداوەکانی ئەستەمبوڵ و جووڵانەوەکەی 31ی مارت بکات، ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمەڵێک تۆمەت دراوەتە پاڵ مەولان زادە ڕیفعەتی خاوەنی ڕۆژنامەنی سەربەستی و بەپێی ڕووداوەکان پێدەچێت کەسانێک خۆیان بۆ ئەوە تەرخان کردبێت کە لەپێناو قازانجی خۆیان کەڵک لە کاری ڕۆژنامەگەریی بکەن و مستەفا عاسم ئەفەندیش کە نوێنەری ئەستەمبوڵە لەمەجلیس، باسی لەوە کردووە کە زێڕ کاری خۆی کردووە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە هەندێک لە ڕۆژنامەکان بەرتیلیان پێ دراوە!

(Les Vepres Cilicennes) کە ساڵی 1909کە لە ئەسکەندەرییە بەفەرنسیی دەرچووە، لەلاپەڕە 53ی خۆیدا، لەرۆژنامەی طنینی عوسمانیی وەرگرتووە و نووسیویەتی: عەبدولحەمید ویستوویەتی ڕێکخراوی فیداکارانی میللەت و پارتەکەی مەولان زادە و حیزبی ئەحرار و هەروەها ئیتحادولمحەمەدین بخاتە خزمەتی ئامانجەکانییەوە. هەر ئەوەندە زانیویەتی کە ساتی پێویست هاتۆتەپێش، فەرمانی کردووە دەست بە کوشتوبڕ بکرێت. بەسایەی سوپاوە دەستوور پارێزراوە، بەڵام ئەرمەنە هەژارەکانی ئەدەنە قوربانی ئەم پلانگێڕییە قێزەونە بوون.

لە 12ی مایۆدا، ڕۆژنامەی عوسمانیی فەرەنسیی (LA TURQUIE) لەژێر ناونیشانی کۆنەپەرستان. ئاگادارییەکی فەرەمی نووسیویەتی:

هەریەک لە دەروێش وەحدەتی خاوەن و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ڤۆڵکان و دامەزرێنەری یەکێتی محەمەدییەکان، لەگەڵ حاجی مەولان زادە ڕیفعەت بەگ، خاوەنی سەربەستی، تۆمەتبارکراون بە نانەوەی ئاڵۆزیی کۆنەپەرستی و سەرکردەیی جووڵانەوەی 31ی مارت. ئەو دوو کەسە لەلایەن دادگای سەربازییەوە تاوانبارکراون و شوێنی نیشتەجێبوونیان ونە، ئاگاداریی بۆ هەموو ئەوانەی کە دەبێت ئەمانە بگرن لەهەر شوێنێک بێت، ئەگەر کەسێکیش شوێنیان دەزانێت لەوە بەرپرسیارە کە دەستنیشانیان بکات.

لە20ی مایۆی 1909شدا، STAMBUOL لەلاپەڕەی دووەمییداو لەژێر ناونیشانی یاداشتەکانی ڕۆژانەدا، نووسیویەتی: ئەو یاداشتە ڕۆژانەییانەی لەکۆشکێ یەڵدز دۆزراونەتەوە، تیشک دەخەنە سەر ئەو پیلانگێڕییە قێزەون و مەترسییدارانەی کە یەڵدزی قێزەون ناوەندەکەی بووە، ئەو یاداشتە ڕۆژانەییانەی کە تەییاربەگی ڕاوێژکاری پێشووی دەوڵەت پێشکەشی کردن، ئەوەی ئێستاکە لەلایەن دادگای سەربازییەوە لێکۆڵینەوەی لێوەدەکرێت و بەم شێوەیەیە: سەربازخانەی ئەستەمبوڵ ڕازی دەبێت کە لەپایتەخت دەست بەشۆڕشکردن بکات.

ئێمە هەموو بەڵگەکان لەوبارەیەوە دەسەلمێنین کە خوازیارین.

لەژێر فەرماندەیی مەولان زادە ڕیفعەتدا هێرش دەکەینە سەر کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا. لەهەردوو حاڵەتەکەدا خوێن دەڕژێت. بەسیفەتی خۆم کە خزمەتکاری دڵسۆزی خاوەنشکۆم جەخت دەکەمەوە کە لەسەرفکردن بۆ ئەم مەبەستە لەم کاتەدا دەست نەگێڕدرێتەوە. دیارە ئەم هەواڵە دواتر لە بڵاوکراوە عەرەبییەکانی وەک المقتطفدا وەک تۆمەتبارکردنێک دژی سوڵتان عەبدولحەمیدو ڕۆڵی مەولان زادە لە ڕاپەڕاندنی سەربازخانەکەی ئەستەمبوڵدا بلاوکراوەتەوە هەروەها STAMBUOL لەرۆژی 22ی مایۆی 1909داو لە لاپەڕەی دووەمی خۆیدا، لەژێر ناونیشانی چاپەمەنیی عوسمانیی هەواڵێکی لە ڕۆژنامەی (صباح) ەوە وەرگرتووە و نووسیویەتی کە سوڵتان عەبدولحەمید دۆخەکەی ورووژانی ئەستەمبوڵی قۆزتۆتەوەو پارەی بە ڕۆژنامەی ڤۆڵکان و یەکێتی محەمەدین داوە دۆخەکە ئاڵۆزتربکەن. هەروەها هەندێک لە ئەندامانی فیداکاران و فیرقەی ئەحراریشی بەکارهێناوە. ئنجا دەڵێت کە سوڵتان ئەو شۆڕشەی قۆزتۆتەوە کە مەولان زادە ئامادەکاریی بۆ کردووەو یەک لەوانەش کە هاوکارییان کردووە ئەدمیرال سەعید پاشا بووە. کاری سەرەکی ئەوانیش ڕاپەڕاندنی سەربازەکانی سەربازخانەی ئەستەمبول بووە.

STAMBUOL لەلاپەڕەی یەکەمی ژمارە 133ی خۆیدا کە لە 3ی جونی 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەژێر ناونیشانی پاشماوەی ئیستیبداددا، نووسیویەتی: مەولانزادە ڕەفعەت بەگ ئەفەندی خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی کە هەڵاتووەو شوێنی ونە، داواکراوە لەرۆژی 16ی جوندا بچێتە بەردەم دادگای بازرگانی، بۆ ئەوەی چاپخانەکەی ڕادەستبکات و دەستی بەسەردا بگیرێت. ئەگەر بێتو هەتا ئەو کاتە دەنگی نەبێ، حوکمەکەی بەغیابی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها لە لاپەڕەی دووەمی هەمان ژمارەدا، چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی ڕۆژنامەی (سەباح) تورکیی عوسمانیی لەگەڵ نوێنەری هەڵاتوو دکتۆر ڕەزا نووربەگ بڵاوکردۆتەوە، ئەوەی لە ئەسکەندەرییەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەمبوڵ. لە یەکێک لە پرسیارەکاندا پێی وتراوە:

  • - ئایا هیچ هەواڵێکت سەبارەت بە مەولانزادە خاوەنی سەربەستی هەیە؟
  • - ئەو چۆتە ئەسکەندەرییەو لەوێ نەخۆش کەوتووە، لەوێشەوە چۆتە ئەسیناو هێشتا هەر نەخۆشەو لەجێدا کەوتووە. من بینیم.
  • - چی دەوت؟
  • - ئەو دەڵێت کە گوایە هیچ ڕۆڵێکی لە جووڵانەوە کۆنەپەرستانەکەدا نەبووە. ئەو دەڵێت کە عەبدولحەمید ئەوی بە یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی خۆی لەقەڵەمداوە.
  • - لە یەکێک لە ڕۆژنامەی تەیاری نەزیر فەوزی کە بەو دواییە دەرچووە، لە یەڵدز باس لە پیلانێک کراوە لەلایەن مەولان زادەوە چنراوە، کە باس لە پێویستیی پێدانی بەرتیل دەکات بۆ ئەم پلانە و بۆ سەرپێخستنی جووڵانەوە کۆنەپەرستانەکە بووە، هیچی پی نەوتی لەم بارەیەوە؟
  • - پێی وتم ئەو پلانێکی بۆ لابردنی عەبدولحەمید هەبووە و عەونوڵڵا ئەلکازمیش پێشنیاری هاوکاریی خۆی کردووە، بەڵام ئەم پەسەندی نەکردووە چونکە متمانەی پێی نەبووەو هەستیکردووە کە عەونوڵڵا سیخوڕی یەڵدزە.

لە 11ی جونی 1909شدا، ڕۆژنامەی (LA TURQUIE) لە لاپەڕەی دووەمی خۆی و ستامبوڵ لەلاپەڕەی یەکەمی خۆیدا، ئاگادارییەکی فەرمییان بڵاوکردۆتەوەو کە ئەمە دەقەکەیەتی: لەبەرئەوەی ئەحمەد جەودەتی خاوەنی ڕۆژنامەی ئیقدام و عەلی کەمالی سەرنووسەر و هەروەها مەولان زادە ڕیفعەتی خاوەنی سەربەستی، نەچوونەتە بەردەم دادگای سەربازیی، هەر بۆیە بڕیار لەبارەیانەوە دەدرێت کە ئەوان یاسایان پێشێل کردووەو بەغیابی حوکم دەدرێن و داوای پێویست لەوانە کراوە کە بایەخ بەمە دەدەن دەست بەسەر موڵک و ماڵەکانیاندا بگرن. هەروەها لەرۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 15ی جونی 1909دا، ڕۆژنامەی ستامبوڵ لەلاپەڕەی دووەمی خۆیدا هەواڵێکی لەژێر ناونیشانی مەولان زادە بڵاوکردۆتەوەو نووسیویەتی: ڕۆژنامەی ئەسینا ڕۆیشتنی بەو زووانەی مەولان زادەی بەڕێوەبەری سەربەستی پێشوویان بۆ ئەمریکا ڕاگەیاند. مەولان زادە لەلایەن عوسمانییە سوورییەکانەوە لە ئەرکانساس بانگێشتکراوە، دەچێت بۆ ئەوەی چەند وانەیەک لەو وڵاتە پێشکەش بکات. ئافەرینیان لێ بێت!

لە ڕۆژی 22ی جوڵای 1909شدا، ستامبوڵ لە لاپەڕەی دووەمییدا و لەژێر ناونیشانی کۆنەپەرستاندا، نووسیویەتی: دوێنێ دادگای سەربازیی بەغیابیی مەولان زادە ڕیفعەتی خاوەنی سەربەستی بە 10 ساڵ دوورخستنەوە و داخستنی چاپخانەکەی سزادا. هەروەها میرزادە عومەر لوتفی بەگ بە دەروێش وەحدەتییەوە پەیوەستبووەو ڕۆژنامەی ڤۆڵکانیان دامەزراندووەو لەپاش هاتنەناوەوەی هێزە سەربازییە هەڵسوڕاوەکانەوە دیارنەماوە، بەشێوەیەکی غیابیی سزای زیندانی هەتاهەتایی لە زیندانی قەڵاکاندا بۆ بڕایەوە. ئەڵقەی دەیەم: قۆناغێکی تری دەربەدەری مەولان زادە ڕیفعەت و چالاکییە ڕۆژنامەوانیی و سیاسییەکانی لە تاراوگە، مەولان زادە و شەریف پاشا و بڵآوکردنەوەی سەربەستی لە پاریس مەولان زادە ڕیفعەت، پاش گەڕانەوەی بۆ ئەستەمبوڵ و مانەوەی هەژدە مانگ لەو شارەو ئەنجامدانی کاروچالاکیی ڕۆژنامەوانیی، لە کاتێکدا سوپا گەیشتبووە دەروبەری ئەستەمبوڵ، دووبارە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی 21ی ئەبریلی 1909دا، وڵاتی بەرەو مەنفا جێهێشتەوەو ژیانی دەربەدەریی دەستیپێکردەوەو ڕۆژنامەکەشی لەبڵاوکردنەوە وەستاو دواتر دەست بەسەر چاپخانەکەشی لە ئەستەمبوڵدا، گیرا. ئەو سەرەتا خۆی گەیاندە چانقەڵاو لەوێوە بۆ ئزمیرو لەرێگای دەرەیاوە لەگەڵ مابەینچی فایەق بەگ، ڕوویان لەمیسر کردو لە 26ی ئەبریلی 1909، لەبەندەری ئەسکەندەریە دابەزین و هەر ئەو ڕۆژە گەیشتنە قاهیرە. ئەو لە ئوتێلی عەدەن پاڵاس جێگیربوو، لەوێ ژمارەیەک لەبەرپرس و ئەندامانی فیرقەی ئەحراریش وەک: نوورەدین فەروحی ئەمینداری گشتی و و دکتۆر ڕەزانووربەگ نوێنەری سینۆپ و ئیسماعیل بەگ لەوێ بوون. ئەوان لەوێ گفتوگۆیدان لەبارەی ڕێکخستنەوەی فیرقەی ئەحرارو هەوڵدان بۆپەیداکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەو ڕێکخراوە کرد. مەولان زادە زۆر لە قاهیرە نەمایەوەو پاش چەند ڕۆژێکی کەم گەڕایەوە بۆ ئەسکەندەرییە.

ڕۆژنامەی (الاهرام) ی میسریی کە لەرۆژی 2ی جوڵای 1909دا، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتا هەواڵی دواستونی لاپەڕەی سێیەمیدا، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردۆتەوە گوایە پەیوەندیی بە ڕۆژنامەی (ئیجبشن مۆرنینگ) کراوە و پاگەندەی ئەوە هەیە کە عیزەت پاشا ئەلعابید کە لە ئەسکەندەرییە نیشتەجێیە، خانوویەکی بە بڕی 12 هەزار فرەنگ لەساڵەکەدا بەکرێ گرتووە و مەولان زادە ڕیفعەتی خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستییش کە بەو دواییە فەرمانی داخستنی دراوە، لەلای ئەو لەو خانووە میوانە.شایەنی باسە، ئەحمەد عیزەت پاشا (1855-1924) سکرتێرو ڕاوێژکاری یەکەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوو، دەسەڵاتێکی گەورەشی لە ئەستەمبول هەبوو، پێشتر سەرنووسەری ڕۆژنامەی سووریا و دواتریش ڕۆژنامەی دیمەشق' بوو، پاشان لە ئەستەمبوڵ بووە موفەتشی عەدلیەو پاشان قازی دادگای بازرگانی و زمانی ئینگلیزیی و فەرەنسی و عەرەبیی و تورکیی دەزانی، ئەو کوڕی هەلو پاشای کوڕی عومەر ئاغا بوو، هەندێک دەڵێن لەخێزانێکی کوردیی دەوڵەمەندی دیمەشقە کە بە بەخێوکردنی مەڕووماڵات و بازرگانیەوە خەریکبوون، پاش کودەتاکەی ئیتحاد و تەرەقی، لە کار لابراو تۆمەتی زۆری درایە پاڵ، ئەو ئەستەمبوڵی بەجێهێشت و ڕووی کردە ئەوروپاو لەم ماوەیە هاتبووە میسر. شایەنی باسە، مەولان زادە، زۆر لەمیسر نەمایەوە، بەڵکوو لەگەڵ دکتۆر ڕەزا نووربەگ بە مەبەستی بینینی میر سەباحەدین و ڕێکخستنەوەو چالاککردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی عوسمانیی سەرەتا چوونە ئەسینای پایتەختی یۆنان و لەوێشەوە بەبانگێشتی میرسەباحەدین چوونە پاریس. لەوێ مەولان زادە زۆری هەوڵدا میرسەباحەدین ببینێت بەڵام نەیدۆزییەوە. دواتر لەسەر پێشنیاری نوورەدین فەروح سەردانی شەریف پاشای خەندانی کردو شەریف پاشاش داوای لێکرد کە پێکەوە دانیشن سەبارەت بەدۆخی وڵات و ئۆپۆزسیۆن و پێکەوە کارکردن قسەبکەن. لێرەوە چیرۆکی کارکردنی نزیکی ئەو دووانەو هەوڵدان بۆ چاپکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی لەپاریس دەستیپێکرد.

شەریف پاشا، لەبیرەوەرییەکانیدا بەدرێژیی پەیمان و ڕێکەوتنی هەردووکیانی گێڕاوەتەوەو لەژێر ناونیشانی گرفتی سەربەستیدا نووسیویەتی: کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی، لەڕێ ی پراکتیزەکردنی دووبارەی زوڵم و ستەمەکانی دنیای عوسمانی و، بەتایبەت درووستکردنی تراژیدیای 31ی مارت و ڕووداوەکانی ترەوە، بەتەواوەتی خۆی لەوڵاتی عوسمانییدا سەپاندو، ئیدی لەبەر ئەوەی مەیدانی بۆ چۆڵ بوو و ڕووبەڕووی هیچ ناڕەزایەتییەک نەدەبوەوە، بەئاشکرا کاری بۆ بەدیهاتنی ئامانج و ئارەزووی بەرژەوەندپەرستانەی خۆی دەکردو، هەموو ناوەرۆکێکی خۆی دەخستە مەیدان. منیش، بە ڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخە، بۆ پارستنی مەشروتییەت و ، بەتایبەت بۆ ڕوونکردنەوەی مێشک و بیری خەڵک، بەرنامەی دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکم لەگەڵ ئازادیخوازانی تردا داڕشت. ئەو کاتانە مەولان زادەش لەمیسرەوە هاتبوو بۆ پاریس. لەگەڵ ئەودا خەرجی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی مان کردو، پەیمانێکمان لەسەر ئەو بابەتە بەست. ئێمە لەم مەسەلەیەدا، بەرانبەر بە هەموو مرۆڤە بیرئازادەکانی قۆناغی ڕابردوو کە وادیاربوو کاریان بۆ ئازادی و مەشروتییەت کردووە، خاکیبوون و سادەیی خۆمان نواندو، ڕێگامان بۆ کردنەوە. هەر لەبەر ئەمەش، بۆ ئەو مەسەلەیە، سەربەخۆییەکی تەواومان بە مەولان زادە دابوو.

پەیمان

ئەم پەیمانە، سەبارەت بە دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی، بەپێی ئەم مەرجانەی خوارەوە لەنێوان شەریف پاشای کوڕی خوالێخۆشبوو سەعید پاشای سەرۆکی شورای دەوڵەتی پێشوو و مەولان زادە ڕفعەت بەگی خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی سەربەستی دا، لەدەرەوەی وڵاتی عوسمانی مۆرکراوە: شەریف پاشا تا ئەو کاتەی بەناچاری لەدەرەوەی وڵاتی عوسمانی دەمینێتەوە، بەڵێنی دەدات مانگانە بڕی (2500) فرانکی فەڕەنسی بۆ پێویستیەکانی ڕۆژنامە دابین بکات و، بەرانبەر بەمە، داوای تاقیکرنەوەو جێبەجێکردنی ئەم بەرنامانەی خوارەوە لەرۆژنامەکەدا دەکات.

  • 2- ڕۆژنامەی سەربەستی هەفتەی جارێک لەپاریس دەربچێ.
  • 3-پاراستنی هەمیشەیی ی مەشروتییەت و ناساندنی بنەماکانی مەشروتییەت بەخەڵک، ئەرکی ڕۆژنامەکە بن.
  • 4-رۆژنامەکە، داوای قەدەغەکردنی سەربازو سوپا لەکاروباری سیاسیدا بکات و ، لەو بارەیەوە خەڵک ئاگادار بکاتەوە.
  • 5-رۆژنامە، دەبێ پێک نەهێنانی کۆمەڵەی نهێنی و دەست تێوەرنەدانی ئەم جۆرە کۆمەڵانە لەکاروباری حکومەت بپارێزێ.
  • 6- پێویستی و چاکی ی بوونی پارتە سیاسییەکان، بەمەرجی دەست تێوەرنەدانیان لەکاروباری حکومەتدا، بۆ خەڵک شی بکاتەوە.
  • 7- لەبەر ئەوەی دەست وەردراوەتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خەڵک و فێڵی تێدا کراوە، داوای نەمانی ئەم ئەنجوومەنەی ئێستا و سازکردنی هەڵبژاردنێکی تر بکات.
  • 8- هەروەها پێویستە داوابکات سەربازو سوپا، بە پێ ی یاساکانی ئەوروپا، مافی هەڵبژاردنیان نەبێ.
  • 9- دەبێ لە یاساییکردنی وازهێنانی کەسێکی سوپایی لە پۆستەکەی، لەکاتی هەڵبژاردندا بۆ نوێنەرایەتی پارلەمان، بدوێ.
  • 10- دەبی بەرانبەر بەو ماف و دەسەڵاتەی کە مەشروتییەت بە بەڕێوەبەرێکی دەدات، مافی پاشایەتیش بپارێزرێ.
  • 11- دەبی کۆمەکی پارەو نووسینەکانی کەسێک بۆ ڕۆژنامەکە کە گومانی بی نامووسی لێ دەکرێ، وەرنەگیردرێن.
  • 12- پێویستە هەردوولا ئاگایان لە بڕی ئەو پارانە بێ کە وەک یارمەتیی لەدەرەوە دێت.

هەردوولا سوێند بەشەرەفی خۆیان دەخۆن کە مەرجەکانی ئەم پەیماننامەیە بەجێ بهێنن و، دوای مۆرکرانی پێکەوە دەست بەکار دەبن.

پاریس 22ی تەموزی 1909

شەریف

بەم شێوەیە ، خولی دووەمی ڕۆژنامەی سەربەستی بەپاڵپشتی مادیی شەریف پاشا لەپاریسەوە دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوەکرد. ئەوەی کە لەسەر هەمان ڕێبازی پێشووی خۆی سەبارەت بە بەرگریی لە ئازادیی و مافەکانی گەل و کوتینی دەسەڵاتخوازیی و شەڕەنگێزیی ئیتحاد و تەرەقی و ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتییان لە دەستپێکی قۆناغی دووەمی مەشروتییتەوە لە ئیمپراتۆریی عوسمانیدا ئەنجامیانداوە.