تەها بابان
ناوی تەواوی تەها ئەحمەد ساڵحە، ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە. قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە زێدی خۆی تەواوکردووە.
١٩٥٨ گەواهینامەی لیسانسی لە کۆلیجی حقووق لە بەغدا وەرگرتووە. سەرەتا پارێزەریی کردووە، پاشان وەزیفەی قانوونیی لە دائیرەی چاککردنی کشتوکاڵی سلێمانی دیوە، تا ١٩٨٢ کە خانەنشینبووە و دیسان کەوتووەتەوە کاری پارێزەری.
ساڵی ٢٠٠٠ وەک دادوەرێکی پلەی یەکەم چووەتە مەیدانی دادوەری و پلەی بەڕێوەبەری گشتیی دادی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە. پاشان ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە ئەندامی دەستەی پێداچوونەوە و جێگری سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، تا لە ٢٠١٢دا خانەنشینکراوە.
ساڵی ١٩٦٨ ژیانی خێزانیی لەگەڵ خاتوو گەلاوێژی حاجی قادری جەبار پێکهێناوە و کچێک “کەیغان” و دوو کوڕ “پاکزاد” و “محەممەد”ی لێ بووە. مامۆستا تەها، چالاکێکی بواری شانۆی کوردییە و بە نووسین و نوواندن بەشداریی تێدا کردووە.
سەرەتای حەفتاکان، خەڵاتێکی شانۆییی بە ناوی “خەڵاتی بابان”ەوە داهێناوە و ماوەی چەند ساڵێک ساڵانە بەخشیویە بە هونەرمەندێکی هەڵکەوتوو. کۆمەڵێک نووسینیشی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی پێش و پاش ڕاپەڕیندا بڵاوکردووەتەوە. تاسەر وەک ڕۆشنبیرێکی بەهەڵوێست و دڵسۆزی مەسەلەی گەلەکەی ماوەتەوە.
بەرهەمە بڵاوکراوەکانی بە کتێب:
- ١. فریشتەکانی سەرزەمین- سەبارەت بەو کەسانەیە کە خزمەتی کۆمەڵی خۆیان کردووە..
- ٢. موعجیزە- ڕۆمانێکە لە ئەدەبی بەرگریی کورد دژ بە داگیرکەران.
- ٣. نەزار قەبانی، هەڵبژاردەیە لە چوار کتێبی پەخشانی ئەو زاتە.
- ٤. فریدریش دۆرنمات، زاناکانی سروشت- شانۆنامەیەکی لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە.
- ٥. کۆستی شارێک- توێژینەوەیەکی مەیدانیی بەڵگەنامەیییە سەبارەت بە بۆردومانی ڕۆژی ٢٤/٤/١٩٧٤ی شاری قەڵادزێ.
- ٦. نوروز أو حکایة عید قومي.
- ٧. عالم الکرد المرعب- بنکەی ژین بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە.
- ٨. چەپکێک ڕۆشنبیری، ٣ بەرگ- کۆکراوەی سەرجەمی ئەو نووسینانەیە کە پێشتر بڵاوی کردوونەتەوە، یا هێشتا بڵاونەبوونەتەوە. بەرگی چوارەمیشی ئامادەیە و بەڕێوەیە بۆ بڵاوبوونەوە
بەرهەمە بڵاونەکراوەکانی:
- ٩. هل کان عواد بندر قاضیا أم جلادا؟
- ١٠. عندما تتحول محکمة جنائیة الی حقل للدواجن- .
- ١١. دێی مەرگە- ساغکردنەوەیەکی مێژووییی بەڵگەنامەیییە.
سەرچاوە: بنکەی ژین