هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) لەنێوان (نالی) و (کوردی)دا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) لەنێوان (نالی) و (کوردی)دا

وەڵامێک بۆ هاوڕێم (کامەران سو بحان) و هاوڕاکانی

ڕێبوار حەمەتۆفیق محەمەد

لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا، لەسەر هۆنراوەی (شەوی يەڵدايە يان دەيجوورە ئەمشەو...) گومان و دوودڵييەکی زۆرتر تايبەت بە خاوەندارێتی هۆنراوەکە پەيدابوو. له و کاتانەدا، د.

مارف خەزنەدار لە گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان)ی ژمارە 34ی کانوونی يەکەمی ساڵی 1975و کانوونی دووەمی 1976 هۆنراوەکەی خستە پاڵ مستەفا بەگی کوردی.

بە پێچەوانەشەوە مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی لە گۆڤاری (ڕۆشنبيری نوێ)ی ژمارە50ی ساڵی 1976 جەختی لەوە دەکردەوە کە هۆنراوەی نالييە نەک کوردی.

ئەم دوو بۆچوونە جياوازە، بەتايبەت کە لەلايەن دوو کەسی شارەزاوە خراوەتە ڕوو، هاوکاتە لەگەڵ لێکۆڵينەوه و لێکدانەوەکەی مەلا عەبدولکەريمی مودەرڕيس و فاتيحی کوڕيدا کە له پەراوێزی ئەم شيعرەدا لە ديوانی ناليدا پێشکەشيان کردووە و ئەگەرچی بە هۆنراوەی نالييان داناوە، بەڵام ئەوەشيان نەشاردووەتەوە کە بەپێی هەندێک دەستنووس هۆنراوەی کوردييە.

پاش بڵاوبوونەوەی ديوانی کوردی لەلايەن محەممەد مستەفا (حەمەبۆر)ەوە لە ساڵی 2010دا جارێکی تر، ئەم دوو بۆچوونه جياوازە سەرلەنوێ گەرم کرايەوه و ناوبراو لە پەراوێزی شيعرەکەدا، هەروەکو مەلاعەبدولکەريمی مودەرڕيس و فاتيحی کوڕی (بە هەستيارييەکی زۆر و تاڕادەيەک يەکلاکەرەوە) بەڵام جياوازتر لەوەی بە هۆنراوەی نالی دابنێت، دەيداتە پاڵ مستەفا بەگی کوردی و پاساويش بۆ ئەم بڕيارەی دەهێنێتەوه.

پاش دە سأڵ لە بۆچوونەکەی ناو ديوانی کوردی، جارێکی تريش هەمان بابەت هاتەوە بەر باس و ئەمجارەيان هاوڕێی بەڕێزم(کامەران سوبحان) بە ناونيشانی (کێ دەڵێ شەوی یەڵدا شیعری نالییە؟) لە ئەکاونتی خۆی لە فەيسبووک، لە ڕۆژی 21ی11ی2019 کاتژمێر 7:50ی ئێوارە، نەک هەر بابەتەکەی بە ئاراستەيەکی تردا زيندوکردەوە و وەک ئەوەی بيەوێت تای گومان و بۆچوونە جياوازەکان بەلايەکدا بشکێنێتەوە، دەنووسێت:

(هەموو ساڵێ لە شەوی یەڵدا، ئەم شیعرە بەناوی شیعری نالییەوە بڵاو دەکرێتەوە. کە لە ڕاستیدا بنەمای ئەمەش بۆ ساغکردنەوەی دیوانی نالی دەگەڕێتەوە کە خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، ئەم شیعرەی لە دیوانەکەی نالیدا، چاپ کردووە. مامۆستا حەمە بۆریش، لە دیوانی کوردیی لاپەرە(483)دا سەلماندوویەتی کە شەوی یەڵدا هیچ پەیوەندییەکی بە نالی یەوە نییە. هاوڕێی بەڕێزم کاک کاروان عوسمان خەیاتیش، کە خاوەنی گەنجینەیەکی گەورەیە لە دەستنووس و شیعری کلاسیک، ئەویش بە بەڵگە سەلماندوویەتی شەوی یەڵدا هیچ پەیوەندی بە نالییەوە نییە، بەڵکو شیعری مستەفا بەگی کوردییە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو ئەو دەستنووسانەی شیعری نالی کە لای ئەوە، هیچیان ئەم شیعرەیان تێدا نییە.

بەڵام بەداخەوە وا ڕۆشتووە و عەدنان کەریم و کەویار و چەند کەسێکی تریش بە ناوی نالییەوە ئاوازیان بۆ داناوە و بە گۆرانی پێشکەشیان کردووە. شیعری شەوی یەڵدا دەخوێنیتەوە، هەم کەشی شیعرەکە، هەم تەکنیک و زاراوەسازیی هیچ لە شیعری نالی ناچێ، تکایە ئیتر ئەم شیعرە بەناوی نالییەوە بڵاو مەکەنەوە، بەڵکو شیعری کوردییە و لە نۆ کۆپلە پێک هاتووە، سەیری کۆپلەی کۆتایی شیعرەکە بکەن، کە ناوی کوردی تێدا هاتووە کۆپلەی کۆتایی کوردی کراوە بە نالی هەردوو ناوەکەش نالی و کوردی دوو بڕگەن نالی و کوردی. کوردی کراوە بە نالی ڕیتمی شیعرەکەی نەگۆڕیوە!) چەند بڕيار و دەربڕينێک لەم نووسينەی (کامەران سوبحان)دا جێی سەرنج و تێڕامانه:

يەکەم: ديوانی نالی بە تەنها لەلايەن مەلا عەبدولکەريمی مودەڕيسەوە کاری لێکۆڵينەوە و لێکدانەوەی بۆ نەکراوە، بەڵکو فاتيح عەبدولکەريمی کوڕيشی لەگەڵ بووە و هەروەکو خۆيشی لە پێشەکييەکەيدا دەڵێت: لە ساغکردنەوە و بەراوردپێکردنی دەستنووسەکاندا زۆرتر لە باوکی کاری لە ديوانەکەدا کردووە.

دووەم: محەممەد مستەفا (حەمەبۆر) لە لاپەرە(483)ی ديوانی کورديدا بۆچوونی خۆی باس نەکردووە، بەڵکو لە لاپەرە(484-485)ی بەرگی يەکەمدا باسی لە دەستنووس و بۆچوونی خۆی کردووە.

سێيەم: محەممەد مستەفا (حەمەبۆر) نەک هەر نەيسەلماندووە کە هۆنراوەی کوردييە، بەڵکو ئاماژە به و دەستنووسە جياوازانەش دەکات کە بە هۆنراوەی نالييان داناوە -دواتر ئاماژە بە هەموو ئه و دەستنووسانە دەدەم- و تەنانەت دەشنووسێت (لەبەر ئەوە بە هی کورديم داناوە هەتا بەڵگەی بەهێزتريش بۆ نالی دێتە کايەوە، با هی ئەم بێ.)

چوارەم: محەممەد مستەفا (حەمەبۆر) نەيوتووە هۆنراوەی (شەوی يەڵدا) هيچ پەيوەندييەکی بە نالييەوە نييە هەر وەک کامەران سوبحان دەينووسێت، بەڵکو دەڵێت (شەش سەرچاوەی دەستنووسی کەم لەبەردەستدايە کە هەموو ئەم هەڵبەستە بەهی نالی دەزانن.) -دواتر ئاماژە بە هەموو ئه و دەستنووسانە دەدەم-.

پێنجەم: کامەران سوبحان دەنووسێت (هەموو ئەو دەستنووسانەی شیعری نالی کە لای کاروان عوسمان خەيات هەيە، هیچیان ئەم شیعرەیان تێدا نییە.) گەرچی کامەران سوبحان ئاماژەی بە چەند و چۆنی ئه و دەستنووسانە نەداوە که لای کاروان عوسمانە، بەڵام لەم نووسينەدا ئاماژە بە سيازدە دەستنووس دەدەين کە بە هۆنراوەی نالی دەزانن و ديارە کە سيازدەش وەک ژمارە لەو دە دەستنووس و کەشکۆڵە زۆرترە کە حەمەبۆر کردونييەتە بنەما بۆ ئەوەی هۆنراوەکە لە هی کوردی بێت.

شەشەم: بەداخەوە کامەران سوبحان داخ بۆ شتێک دەخوات کە هێشتا يەکلايی نەکراوەتەوە و داوا دەکات کە چی تر خاوەندارێتی ئەم هۆنراوەيە نەدەنە پاڵ نالی!

حەوتەم: کامەران سوبحان پێی وايە کە: لە کۆپلەی کۆتايی هۆنراوەکەدا ناو ی کوردی کراوە بە نالی و لەبەر ئەوەی هەريەک لە ناوەکانيش دوو بڕگەن ڕيتمی شعيرەکە نەگۆڕاوە! بەڵام ئەوەی کە زانياری لەسەر تايبەتمەندی هۆنراوەی کلاسيک و نالی هەبێت، دەزانێت بە دێڕە هۆنراوە ناوترێت (کۆپلە) و هۆنراەوەی کلاسيک و ناليش بە (تەفعيلە)ی عەرووز کێشانە دەکرێت نەک (بڕگە).

هەشتەم: کامەران سوبحان دەنووسێت (کەش و تەکنيک و زاراوەسازی ئەم شيعرە لە هی نالی ناچێت.) جگە لەوەی کە لەسەر هەمان کێش نالی هۆنراوەی تری هەيە، ئەگەر سەرنج له و حەوت دێڕەش بدەيت کە دراوەتە پاڵ نالی، لە پێنج دێڕيدا باسی چاو و ديدە دەکات، هەروەک چۆن لە زۆر شيعری تريدا وەستايانە و شارەزايانە بەکاری هێناوە...

هۆنراوەکەی (نالی)

شەوی يەڵدايە يان دەيجوورە ئەمشەو

کە ديدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو

دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان

خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

دڵيش مايل بە ديدەی تۆيە بۆيە

لە من وەحشی و ڕەميدە و دوورە ئەمشەو

کە تۆی شای کەچ کولاهی ديدە مەستان

چ باکم قەيسەر و فەغفوورە ئەمشەو

لە خه و هەڵساوە يا ئاڵۆزە چاوت

هەميشە وايە يا مەخموورە ئەمشەو

سروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ

جێگەم سەردارەکەی مەنسوورە ئەمشەو

موسوڵمانان دەپرسن حاڵی (نالی)

لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو

لە (ديوانی نالی)دا کە لەلايەن مامۆستا (مەلا عەبدولکەريمی مودەريس) و (فاتيح عەبدولکەريم)ی کوڕيەوە لێکۆڵينەوە و لێکداونەوەی بۆ کراوە. کە بەداخەوە هەندێک جار، ئاماژە بە ناوی (فاتيح عەبدولکەريم) نادرێت، پێم وايە ئەمە جگە لەوەی ناهەقييەکی زانستييە، ناديده وەرگرتنی ئه و هەوڵ و ماندوبوونەشە کە ناوبراو له هەندێک باری ئەم ديوانەدا له(مەلا عەبدولکەريمی مودەريس)ی باوکی زۆرتر ڕەنجدەر بووە. بۆ نموونە لە چۆنێتی ئامادەکردنی ديوانەکەدا لە پێشەکييە کەيدا (فاتيح عەبدولکەريم) لە بابەتی (لێکدانەوەی پێويست)دا ئاماژە بە ئەرکی گرانی لێکدانەوە دەکات کە دەبێت بە شێوەيەک بێت لێکۆڵەر و لێکدەرەوە بگات بە (دڵنيابوون لەوەی کە ئه و قەسيدە يان غەزەلە هی ئه و خاوەن ديوانەيە و هی يەکێکی تر نييە.)

تەنانەت هەستی بەوە کردووە کە نابێت لە کاری ساغکردنەوەدا بە تەنها پشت بە نووسخە يان چەند نووسخەيەکی کەمی دەستنووس ببەسترێت، بۆيە پاش ئامادەبوونی ڕەشنووسی ديوانەکە لەلايەن (مەلا عەبدولکەريمی مودەريس)ی باوکيەوه، (فاتيح عەبدولکەريم) دەنووسێت (هەموويم خوێندەوە و سەرلەنوێ بە نووسخە چاپەکاندا ڕۆيشتمەوە، بەتايبەت چاپەکەی مامۆستا عەلی موقبيل و پاش ئەوەی چەند جارێک چوومە خزمەتی مامۆستای ئەديب و زانا ئەندامی کارای کۆڕی زانياری کورد مامۆستا مەسعوود محەممەد و بەرکوڵێکی بەردڵگرم سەبارەت بە نالی و هەست و چەشی نالی لە لا کرد، ئەوسا گەيشتمە ئه و قەناعەتەی کە لێکۆڵينەوەی شيعری نالی کارێکی گەورەيە و بە پشتيوانی تەنها نووسخە لە چاپدراوەکان بە تەواوی ناگاتە ئەنجام.

لەم ڕووەوە چوومە خزمەتی باوکم و لەگەڵی لە مەسەلەکە کۆڵيمەوە. بڕيارمان دا کارەکه ڕابگرين و دەست بکەين بە گەڕان بەدوای نووسخەی دەستنووسدا، بۆ ئەوەی هەموويان بەراورد بکەين و له و بەراوردەدا نووسخەيەکی تا بکرێت پاکتر و وردتر ئامادە بکەين.

باوکم تەواوکردنی کارەکەی لەسەر ئەم بناغەيه خستە ئەستۆی من. منيش بەم پێيە دەستم کرد بە کار و لەماوەی بەراورد و لێکدانەوەدا قۆناغ بە قۆناغ دەچوومەوە لای باوکم و پێويستم بە هەر لێکدانەوەيەکی نوێ هەبووايە يان هەر گيروگرفتێکم بهاتايەتە ڕێ، لێم دەپرسی.)

لە ڕاستيدا هەر واشيان کردووه و لە پەراوێزی هۆنراوەی (شەوی يەڵدا)دا ئاماژەيان بە هەموو ئه و نووسخانە کردووە کە ئەم هۆنراوەيەيان بردووەتەوە سەر نالی شاعير و بەراوردی کردوون به و نووسخانەی کە بە هۆنراوەی نالييان نەزانيوە و بە ناوی کوردييەوە تۆماريان کردووە، تەنانەت لە بەراوردکردنی دەستخەتەکاندا ئاماژەيان بە پاش و پێش و جياوازی ژمارەی دێڕەکان کردووە و پاڵپشت بە حەوت دەستنووس هۆنراوەکەيان داوەتە پاڵ نالی، کە ئەم نووسخانەن:

يەکەم: نووسخەی (چر) کە مەبەست لە مامۆستا مەلا موحەممەدی چروستانييە (1894-1963)

دووەم: نووسخەی (چن) کە مەبەست لە مامۆستا مەلا عارفی چنگيانييە (1887-1967)

سێيەم: نووسخەی (گم) کە مەبەست لە گيو مورکريانييە (1903-1977)

چوارەم: نووسخەی (مز) کە مەبەست لە محەممەد ئەمين زەکييە (1880-1948) لە لاپەڕەيەکی ئەم دەستخەتەدا مێژووی نووسينەوەی بە 1904 نووسراوە.

پێنجەم: نووسخەی (خا) کە مەبەست لە شێخ موحەممەدی خاڵە (1904-1989) ئەم دەستخەتە ساڵی 1904 نووسراوە.

شەشەم: نووسخەی (اح) کە مەبەست لە (مەلا ئەحمەد) ناوێکە، دەستخەتەکە ساڵی 1900 نووسراوە.

حەوتەم: نووسخەی (عز) کە مەبەست لە مەلا عەزيز ڕێشاوييە.

ئەوەشيان نەشاردووەتەوە کە لە نووسخەی (ت)دا کە مەبەست لە (ڕەسوڵی حاجی ئەحمەدی توربەييە) و بە کۆنترين نوسخەی دەستخەتی تۆمارکراوەی ئەم هۆنراوەيە دادەنرێت و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1892-1893 دەگەڕێتەوە، هەر وەها بۆچوونی (د. مارف خەزنەدار)يش، هۆنراوەکە هی مستەفابەگی کوردييە نەک نالی.

تەنانەت ئاماژەيان بەوەش کردووە کە لە ناو ئەم حەوت دەستخەتەشدا جياوازی هەيه و لە نووسخەکانی (چن) (گم) (عز)دا دوادێڕ هاتووە و ناوی نالی خۆيی تێدايە و لەوانی تردا نەهاتووه.

هەڵسەنگاندنيشيان بۆ جۆری هەر يەکه لە نووسخەکان کردووە، بۆ نموونە نووسخەکانی (چر) و(چن) بە نووسخەی (تەواو) و (چاک) دەناسێنن، چونکە لەلايەن دوو ئەديبی ديارەوە نووسراونەتەوە و هەروەکو (فاتيح عەبدولکەريم) خۆی دەنووسێت (هەر لە زووەوە ناوبانگی شيعردۆستی و ئەديبی ئه و دوو زاتەم بيستبوو. بێجگە لەوە خۆم سالی 1953 بە ميوانی چووبوومە دێی چنگيان بۆ خزمەتی مەلا عارف و بۆم دەرکەوتبوو کەوا سەرەڕای پايەبەرزی لە زانستە ئاينييەکاندا فارسيزانێکی وريا و ئەدەبدۆستێکی ورد و خەتخۆشێکی نايابيشە.)

هۆنراوەکەی (کوردی)

شەوی يەڵدايە يان دەيجوورە ئەمشەو

کە ديدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو

دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قوربان

خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

کە تۆی شای کەچ کولاهی ديدە مەستان

چ باکم قەيسەر و فەغفوورە ئەمشەو

سروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ

جێگەم سەردارەکەی مەنسوورە ئەمشەو

دڵيش مائيل بە ديدەی تۆيە بۆيە

لە من وەحشی و ڕەميدە و دوورە ئەمشەو

لە خه و هەڵساوی؟ يا ئاڵۆزە چاوت؟

هەميشە وايە؟ يا مەخموورە ئەمشەو؟

لە دووريت وەکو بولوول دەناڵم

بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو

سوپای موژگان بە تيغی ئەبروانت

شکستەی فيرقە و تابوورە ئەمشەو

ئەگەر ياران دەپرسن حاڵی (کوردی)

لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو

محەممەد مستەفا (حەمەبۆر) لە پەراوێزی ئەم شيعرە و لە ديوانی کورديدا، سەبارەت به و کەشکۆڵ و دەستخەتانەی کە پاڵپشتی لەوە دەکەن هۆنراوەکە هی مستەفا بەگی کوردييە دەنووسێت (ئه و سەرچاوە و دەستنووسانەی کە ئەم پارچە هەڵبەستەيان بەهی کوردی داناوە دە کەشکۆڵن ئەوانيش: عن، گل/1، گل/6، گل/9، ما، ما: نسخە، نن، نم/1، ر، دەستنووسێکی لای مامۆستا جەمال محەممەد کە ديار نييە کێ نووسيويەتی) هەر محەممەد مستەفا (حەمەبۆر) ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە شەش دەستنووسی تری لەلايە کە هۆنراوەکە دەدەنە پاڵ نالی، ئەوانيش نووسخەکانی(ف، ش، عق، ف/1، ق/4، حم)ن. جگە لە دەستنووسەکەی لای مامۆستا جەمال -کە ديار نييە چييە و چۆنە- با سەرنج له و نۆ دەستنووسەی تر بدەين کە حەمەبۆر پشتی پێ بەستوون:

يەکەم: نووسخەی (عن) کە مەبەست لە دوو کەشکۆڵی دەستنووسی عەلی ئاغای نەوتچييە کە 1878-1895 نووسراونەتەوە.

دووەم: نووسخەی (گل/1) کە مەبەست لە کەشکۆڵی دەستنووسی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای گەڵاڵەيی 1865 نووسيويەتييەوە.

سێيەم: نووسخەی (گل/6) کە مەبەست لە کەشکۆڵێکی تری دەستنووسی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای گەڵاڵەيی 1899 نووسيويەتييەوە.

چوارەم: نووسخەی (گل/9) کە مەبەست لە کەشکۆڵێکی تری دەستنووسی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای گەڵاڵەيی 1891 نووسيويەتييەوە.

پێنجەم: نووسخەی (ما) کە مەبەست لە کەشکۆڵی دەستنووسی محەممەد ئەسوەدە.

شەشەم: نووسخەی (ما: نسخە) کە مەبەست لە کەشکۆڵی دەستنووسێکی تری محەممەد ئەسوەدە.

حەوتەم: نووسخەی (نن) کە مەبەست لە کەشکۆڵی نووسراوی (پەرێشان)ی دەستنووسی نەجەمدينی مەلايه.

هەشتەم: نووسخەی (نم/1) کە مەبەست لە کەشکۆڵی نووسراوی (مينای شکستە) بەرگی/1کەمی دەستنووسی نەجەمدينی مەلايه کە لە 1939 بۆ حەمەبۆری نووسيوەتەوە.

نۆيەم: نووسخەی (ر) کە مەبەست لە ئۆفسێتی کەشکۆڵی دەستنووسی مامۆستا مەلا ڕەسولی تۆربەيی کە لە ساڵی 1892-1894 نووسيويەتييەوە.

هەروەها ناوبراو ئەم دەستخەتانەشی لا بووە کە بە هۆنراوەی نالييان زانيوە:

يەکەم: نووسخەی (ف) کە مەبەست لە ديوانی شاعير فيکری دەستنووسی (حەمەبۆر)ە لە ساڵی 1940دا نووسراوە.

دووەم: نووسخەی (ش) کە مەبەست لە کەشکۆڵی دەستنووسی مەلا عەزيزی ڕێشاويە و حەمەبۆر لە مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی خواستووە.

سێيەم: نووسخەی (عق) کە مەبەست لە کەشکۆڵی دەستنووسی مامۆستا عەبدوڵڵای قزڵجی لە ساڵی 1923دا نووسيويەتييەوە.

چوارەم: نووسخەی (ف/1) کە مەبەست لە کەشکۆڵی مەلا فەتاحی کاکردەڵێيە.

پێنجەم: نووسخەی (ق/4) کە مەبەست لە کەشکۆڵی ئۆفسێتی مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغييە.

شەشەم: نووسخەی (حم) کە مەبەست لە کەشکۆڵی (پەڕاوی سەنگين و شەنگ)ی دەستنووسی حەمەبۆرە کە لە ساڵی 1939دا نووسيويەتييەوە.

پاش خستنەڕووی هەردوو هۆنراوەکە و ئه و دەستنووسانەی کە پشتيان پێ بەستراوە، ئەم چەند خاڵە جێی سەرنج و لێوردبوونەوەيە.

يەکەم: لەگەڵ بەراوردکردنی ئه و شەش دەستنووسەی لای حەمەبۆرن و هۆنراوەکە بە هی نالی دادەنێن لەگەڵ ئه و دەستنووسانەی کە لە ديوانەکەی ناليدا ئاماژەيان بۆ کراوە، سەرنج دەدەين کە هيچ له و شەش دەستنووسە له و حەوت دەستنووسە نيين کە لای مامۆستا مەلا عەبدولکەريم و فاتيحی کوڕين بەمەش ئه و دەستنووسانەی کە بە هۆنراوەی نالی دادەنێن ژمارەيان دەبێت بە سيازدە دەستنووس و ئه و دەستنووسانەشی کە به هی کوردی دەزانن ژمارەيان تەنها نۆ (بەوەی مامۆستا جەماليشەوە ئينجا دە) دەستنووسه.

دووەم: ڕاستە مستەفا بەگی کوردی هەشت شيعری تری هەيە کە بە هەمان هەوای ئەم شيعرە نووسراون و کۆتايی هەر دێڕێکيشيان هەر بە وشەی (ئەمشەو) دێت، بەڵام ناليش بێش نييە لە هۆنينەوەی هۆنراوه به و کێشەی کە ئەم شيعرەی پێ نووسراوە.

سێيەم: ژمارەيەک له و دەستنووس و کەشکۆڵانەی کە حەمەبۆر پشتی پێ بەستوون، لەلايەن يەک کەسەوە نووسراونەتەوە، بۆ نموونه: له و نۆ نووسخەيەی کە خاوەنی هۆنراوەکەيان بۆ کوردی گەڕاندووەتەوە، دووانيان هی نەجمەدينی مەلا و سيانيان هی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای گەڵاڵەيی و دووانی تريشيان هی محەممەد ئەسوەدە. بەڵام هەريەک له و نووسخانەی کە(مەلا عەبدولکەريمی مودەريس) و (فاتيح عەبدولکەريم) پشتيان پێ بەستووە، هەريەکەيان لەلايەن کەسێکی جياوازەوە نووسراوە و دووبارەبوونەيان تێدا نييە.

تەنانەت ئه و شەش نووسخەيەی کە لای حەمەبۆريشن و بە هۆنراوەی نالی دەزانن، ديسانەوە دووبارەبوونەوەيان تێدا نييە و لەلايەن کەسی جياوازەوە نووسراونەتەوە.