میستیک و مۆسیقا لە کەڵچەری ئێرانیدا

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٩:٥٥، ٩ی ئازاری ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک ژۆن دورین(Jean During) میزۆکۆلۆگ و ئیسلامۆلۆگی فەرەنسی دەچێت بۆ ئێران بە مەبەسی گەڕان بە دوای مۆسیقادا، وەک چۆن کەسێک بە روبارێکدا دەروات هەتا دەگاتە سەرچاوەکەی، ئەویش بە هەمان شیوە , لۆژیکی نۆت و ئاواز...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

555501.jpg

ژۆن دورین(Jean During) میزۆکۆلۆگ و ئیسلامۆلۆگی فەرەنسی دەچێت بۆ ئێران بە مەبەسی گەڕان بە دوای مۆسیقادا، وەک چۆن کەسێک بە روبارێکدا دەروات هەتا دەگاتە سەرچاوەکەی، ئەویش بە هەمان شیوە , لۆژیکی نۆت و ئاواز وەک خۆی دەڵێت دەیگەیەننە کوردستان و لەوێوە بۆ لای یارسانەکان و قادریەکان.

لە تێزەکەیدا بە ناوی میستیک و مۆسیقا لە کەڵچەری ئێرانیدا، کتێبێکی شەش سەت لاپەڕەيە، چەندەها بەسەرهاتی خۆش و رونکردنەوەی تێدایە لەسەر مۆسیقا و سۆفیەکانی کوردستان ؛ یارسانی، قادری، بەکتاشی، بەلوچ ....تاد. کاتێک دەچێتە لای سۆفیەکانی کوردستان، یەکێک لە سۆفیەکان پێی دەلێت: هەر مۆسیقاکەمان مابوو، هاتون ئەوەشمان لێ ببەن ؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی دەلێت : من لەلایەن گەورەترین دەسەڵاتی فەرەنساوە هاتووم ، بۆ ئەوەی بە مۆدێرنترین ئالەتی دەنگ، مۆسیقاکەتان تۆمار بکەم هەتاوەکو بتوانین بیپارێزین لە ناو پاتریموانی مۆسیاقای جیهانیدا. ژۆن دۆرین کەسێکی مۆسیقارە و موزیکۆلۆگ و ئیسلامۆلۆگیشە و کەسێکی شارەزایە، کەسێکی خۆبەکەمزان و سادەیە، بۆیە کە سۆفیەکانی کوردستان قبوڵیان کردوە و ڕێزێکی زۆریان لێ گرتوە.

لە کۆنفرانسێکیدا لە ئەنستوتوی کورد لە پاریس بەبۆنەی دەرکردنی سیدیەکەی لە سەر قادریەکان، کوردێک پرسیارێکی لێ کرد کە چۆن ئەوان بتوانن قادریەکان بە کورد بزانن لە کاتێکدا قادریەکان خۆیان بە پشتاو پشت دەگەڕیننەوە بۆ سەر پێغەمبەر و ئەسحابەکان ؟ ژۆن دورینگ لە وەڵامدا وتی: ئەوپرسیارە لە هەر هاوڕێیەکی کوردت بکەیت بە ئاسانی وەلامەکەی وەردەگریت.

ژۆن دورینگ دەیگێڕێتەوە کە دەروێشێکی بینیوە لە خانەگادا لە کوردستان دەنگی زۆر خۆش بوە، بە خۆمم ووت هەر دەبێ دەنگی تۆمار بکەم، دەروێشەکان پێیان ووتم کە ناتوانم لەبەر ئەوەی ئەگەر بزانێت کە دەنگی تۆمار دەکرێت، ئیتر دەمی لاڵ دەبێت و گۆرانی بۆ ناوترێت. بۆیە دەڵێت ڕۆژێک خۆم خستە بارێکی زۆر ناڕەحەتەوە لە هۆلێکدا کە دەمزانی ئەو دێت بۆ ئەوێ، میکرۆفۆنەکانم شرادبویەوە بە تەنیشتمەوە هەتاوەک و نەی بینێت، هەرچۆنێک بوو توانیم دەنگی تۆمار بکەم، کە تەواو بوو، زانی کە فێڵم لێ کردوە و تۆمارم کردوە، سەیری کردم و ووتی: هەر ڕاوکەر دەتوانێت ڕاوی راوکەر بکات.

ژۆن دورین، باسی کارەکتەری کورد دەکات لە خۆشەویستیدا چەندە سەرپەڕن، چەندە بەسۆزن، ئەمەش تایبەتە بە کارەکتەری کورد.

ئەو شیعرەی بێخود وەک نمونە دەهێنێتەوە؛

  • قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ
  • وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێ
  • شاهی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێ
  • جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من

ژۆن دورین بە مۆسیقا بەلوچەکان دەبەستێتەوە بە کوردەوە. لای بەلوچ مۆسیقا دەورێکی گرنگی هەیە، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکێ، کاتێک کەسێک توشی نەخۆشی خەمۆکێ دەبێت وخەمگینە و لە ژیان بێزارە، مۆسیقارەکان دەچن بۆ لای، چەندەها پارچە مۆسیقایان هەیە کەهەر یەکەیان چارەسەری حالەتێکی خەمۆکێ دەکات، ئەم مۆسیقارانە دەست دەکەن بە ئاواز ژەنین بۆ نەخۆشەکە هەتاوەکو ئەو پارچە مۆسیقایە دەدۆزنەوە کە نەخۆشەکە دەخاتە جوڵە و سەما و جۆش و خرۆش، ئیتر هەر کە دۆزیانەوە چەند جارێک ئەو پارچە مۆسیقایەی بۆ لێ دەدەنەوە.

ئەو سەردەمە منیش کتێبەکەی ژۆن دۆرینم دەخوێندەوە، لەهەمان کاتا کورێکی فەرەنسی ئالەتێک (تەمبور)ی مۆسیقای پێ دابووم لە بری پارەی تابلۆیەک کە پێم دابوو، نەم دەزانی ئەو ئالەتە ناوی چیە، تەنها سێ تەلی پێوە بوو ئالەتی مۆسیقای یارسانەکان بوو، لە هەمان کاتدا یادی سەد ساڵەی نور ئەلی ئیلاهی بوو، بۆ یەکەمین جار بەو بۆنەیەوە لە هۆڵی دانشگای سۆربۆن تیپێکی مۆسیقا و گۆرانی یارسانەکان لە کرماشانەوە هاتبوون، بێ گومان هۆڵی دانشگای سۆربۆن هەموو گروپێکی مۆسیقا بانگهێشت ناکات ئەگەر گرنگ نەبێت بەلای ئەوانەوە.

ئەو کوڕەی کە سەرۆکی تیپەکە بوو یەکێک بوو لە ئەندامی بنەماڵەی نور ئەلی و ناوی شەهاب بوو تەمەنی سی ساڵێک دەبوو، ژمارەیەکی زۆر لە مۆسیقار و کۆرسی گۆرانی لە دەوری بوون، من بۆ یەکەمین جار گوێم لە مۆسیقایەک بوو کە هەرگیز لەوە و بەر گوێم نەکەوتبوو. مۆسیقای سۆفیەکان بەشیوەیەکی گشتی لەسەرەتاوە بە مەقام و ڕیتمی ئازاد دەست پێ دەکات، بەتایبەتی ریتمی تاک وەک حەوت و نۆ، ئەو ڕیتمانەن کە ناتوانیت دانسی لەسەر بکەیت یان سەرو قاچتی لەگەڵدا بلەقێنیت، ڕیتمێکن ووزە کۆدەکەنەوە لای مرۆڤ. لەبەشی کۆتایی بەرنامەکادا دەیکەن بە ڕیتمی جوت و پاشان ڕیتمی شەش کە ڕیتمی حاڵە بە دەف و تەپڵ.

کاتێک لە باڵەکۆنی هۆڵەکەدا بۆ یەکەمین جار گوێم لە مۆسیقایەکی بەراستی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، کەسانی ناو ساڵەکە کەوتبونە جۆش و خرۆشەوە لەسەر ئاوازی مۆسیقایەکی سیحراوی، منیش کووتوپڕ نازانم چۆن و بۆچی لەو کاتەدا بە خۆڕسکانە دەستم کێشا بەیەکدا و چەپڵەیەکم لێدا وەک ئەوەی بمەوێت بتەقێمەوە، لەبەر ئەوەی هێندە ووزەم تێدا کۆبوبوەوە ئۆقرەم لێ بڕابوو.

خەڵکی ناو ساڵەکە هەموو بە یەک جار سەریان بەرزکردەوە و شەهابی مۆسیقاریش لە دورەوە سەری هەڵبڕی و سەیری کردم، هەستم بەشەرمەزاری کرد، بێ شک ئەو چەپڵەیە بەبێ ویستی خۆم بوو. بۆ ڕۆژی دوایی کە کتێبەکەی ژۆن دورینم خوێندەوە، دەڵێت مۆسیقارەکان بەردەوام دەبن لە مۆسیقا لێدان لەسە ڕیتمێکی ئازاد هەتا کەسێک لە ناو ساڵەکەدا دەست دەکێشێت بە یەکدا، مانای ئەوەیە کە ووزە هێندە کۆبۆتەوە لای گوێ گران، ئەوا کاتی ئەوە هاتوە ڕیتمی مۆسیقاکە بگۆڕن بۆ ڕیتمی جوت و زکر و حاڵ. پێخۆشحاڵ بووم کە ئەوە من بووم ئەو چەپڵەیەم لێ دا وەک خاڵی وەرچەرخان.