شەهید کەمالی موهەندیس و شەهید حەمە شوکر
شەهید کەمالی موهەندیس و حەمە شوکر چۆن فرۆشران و لەسێدارە دران؟
کەمال ساڵح عەبدوڵڵا سەعید ناسراو بە کەمالی موهەندیس (1957/ سلێمانی)، ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و دەستەی بەسزاگەیاندنی تۆمەتبار، جەللاد و سیخوڕانی ڕژێمی بەعس، له ڕۆژی (16.1.986)دا لەگەڵ محهمهد شوکر شهریف محەمەد ناسراو بە حەمە شوکر یان سەفین (1955/ سلێمانی/ مهڵکهندی)، هەر لە ماڵی هاوڕێ حەمە شوکر لە خانووەکانی گەڕەکی کارگەی جگەرە بەهۆی چاوساغی هەر یەک لە تەها عەلی گەراج (1959/ سلێمانی) و گۆران حوسێن ساڵح ناسراو بە گۆرانەڕەش، یان مام بایز (1948/ سلێمانی) دەگیرێن، کە گۆران تا کاتژمێری دوازدەی شەو لەگەڵیان بووەو دواتر چۆتەوە ماڵی خۆی، بەڵام تەهای عەلی گەراج لە ماڵی حەمە شوکر مامەوەتەوە و لەگەڵ ئەوان دەگیرێت تا گومان لەوان نەکەن، بەڵام پێ دەچێت ئەمە هەمووی بە بەرنامە بوو بێت و گۆران ڕۆیشتووە بۆ ئەوەی هەواڵ بگەیەنێتە ئەمنی سلێمانی، کە کەمالی موهەندیس و حەمە شوکر پێکەوە لە ماڵی ئەوەی دوایین.
تەها عەلی گەراج، بەر لە یەک بۆ دوو مانگ لە ماڵەوە دەنگی حەمە شوکر تۆمار دەکات، کە بە پرسیارێک دەست پێ دەکات: (کەمال ئازاترە، یان گۆرانەڕەش)؟ حەمە شوکر، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا باسی ئازایەتی و چەند چالاکییەکی کەمالی موهەندیس و خۆی دەکات، کە سەرسامە بە ئازایەتی و دەستوبردی کەمال، بێئاگا لەوەی تەها دەنگی تۆمار دەکات بۆ ئەوەی وەکو بەڵگەیەک بیگەیەنێتە ئەمنی سلێمانی. دوای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دڕندانەی کەمالی موهەندیس و حەمە شوکر، هیچیان قسە ناکەن، بەڵام بەداخەوە دەنگی تۆمارکراوی حەمەشوکر لەلایەن تەهای عەلی گەراج لە ئەمنی سلێمانی بۆ حەمە شوکر لێدەدەنەوە، کە تەها ئەو پرسیارە دەکات: (کەمال ئازاترە، یان گۆرانەڕەش)؟ کە لە ئەمنی سلێمانی دەنگەکە بۆ حەمە شوکر لێدەدەنەوە، ئەو کاتە ئەو بەوە دەزانێت کە تەهای عەلی گەراج چ فێڵێکی لێکردووە!
حەمە شوکر، خۆی لە زیندانی ئەمنی سلێمانی لای چەند هاوڕێیەکی زیندان باسی ئەوەی کردووە کە تەهای عەلی گەراج و گۆرانەڕەش، ئەو و کەمالی موهەندیسیان بەگرت داوە، هەروەها کەمالی موهەندیسیش هەمان شتی باسکردووە، تەنانەت حەمە شوکر لای هاوڕێیەکی زیندان باسی ئەوەیشی کردووە ئەو ڕۆژەی کە تەها ئەو پرسیارەی لێ کردووە سەبارەت بەوەی کەمال ئازاترە یان گۆران، مەبەستی تەنیا ئەوە بووە نهێنییەکانی پێ دەرخات، بەڵام ئەو بە درەنگەوە و لە زیندان مەبەستی تەهای بۆ دەرکەوتووە، جگە لەمانەش حەمە شوکر باسی ئەوەیشی کردووە کە لەکاتی پرسیارەکەی تەهادا گوڵدانێکی گەورە لەنێوان خۆیی و ئەو تاوانبارەدا هەبووە، کە گومانی وابووە تەها ئامێری تۆمارکردنی لەناو گوڵدانەکە بۆ دەنگ تۆمارکردنەکە دانابێت!
دوای چەند مانگێک لە ئەشکەنجەی دڕندانەی دائیرەی ئەمنی سلێمانی، کەمالی موهەندیس و حەمە شوکر شەریف ڕەوانەی دادگا دەکرێن و لەلایەن جەللاد عەواد حەمەد بەندەری سەرۆکی دادگای سەورە بە پشت بەست بە دەنگە تۆمار کراوەکە بڕیاری لەسێدارە دانیان دەدات، سەرەڕای ئەوەی کە کەمالی موهەندیش هیچ دانپێدانانێکی نەبووە، دواتریش له ڕۆژی (29.12.1987)دا بە یەک ڕۆژ له زیندانی ئهبوغرێب له سێداره دەدرێن.
تەهای عەلی گەراج، لە ساڵی (1985)دا نزار مستەفا ڕەشید ناسراو بە نزاری مستەفا ئەفەندی بەگرت دا، کە دواتر لە ئیبراهیم پاشا گوللە باران کرا، هەروەها لە ڕۆژی (16.01.1986)دا دراوسێیەکی خۆیانی لە گەڕەکی توی مەلیک بەناوی ئاوات عەباس حوسێن (1969/ سلێمانی)، بەگرت دا کە تەمەنی شازدە ساڵ بوو، دوای ئەشکەنجەی زۆر و مانەوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک لە زیندان ئازاد کرا.
گۆرانەڕەش و تەهای عەلی گەراج، دواتر لە مانگی نیسانی ساڵی (1991)دا لە سلێمانی کوژران، کەچی گۆرانەڕەش چونکە کۆنە ئاڵای شۆڕش بوو لەلایەن مەلا بەختیار (مەلا مارکس)، کراوە بە شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. مەلا بەختیار، بە هەمان شێوە تاوانبارێکی تریشی بەناوی ڕەشید حەسەن یونس ناسراو بە حەمەڕەشید (1954/ سلێمانی)، کردووە بە شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئەوەشیان ئاڵای شۆڕش بووە و کۆمەڵێک ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی بەگرت داو گەیاندنیە سێدارە. حەمەڕەشید، لەدوای ڕاپەڕین بووە ئەندامی حزبی شیوعی ئێراق، بەڵام مەفرەزەیەکی یەکێتی لە کۆچڕەوەکە لە پێنجوێن گرتیان و ڕەوانەی زیندانی قەڵاچواڵان کرا، دوای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی بە تاوانەکانی لە مانگی مایسی ساڵی (1991)، لە زیندانی قەڵاچواڵان گوللەباران کرا. خۆ تەها عەلی گەراجیش هەر ئاڵای شۆڕش بووە، ئەی بۆ مەلا بەختیار نەیکردووە بە شەهیدی یەکێتی؟
ئێستاکە ڕوناک عەزیز ئەحمەد/ 1960/ سلێمانی)، هاوسەری حەمەڕەشید مووچەی بەناو شەهیدانەی هاوسەرەکەی وەردەگرێت، دوو پارچە زەوی بەهۆی مەلا بەختیار وەرگرتووە، زەوی یەکەم بە ژمارە (22/176) و زەوی دووەم بە ژمارە/ 9/970)، هەروەها مەلا بەختیار (مەلا مارکس) جارێک حەوت سەد و پەنجا هەزار و جارێکی تریش ملیۆنێک و دوو سەد هەزار دیناری بۆ کڕینی شیش و چیمەنتۆ بە مەبەستی دروستکردن، یان نۆژەنکردنەوەی خانوو بۆ وەرگرتووە، گۆران حوسێن ساڵح ناسراو بە گۆرانەڕەش یان مام بایز (1948/ سلێمانی)، لەسەر بەگرتدان و لەسێدارەدانی (شەهید کەمالی موهەندیس و شەهید محەمەد شوکر)، لە مانگی نیسانی ساڵی (1991)دا لە سلێمانی لای فەرمانگەی کارەبا و نزیک یانەی ئەندازیاران کوژرا، کە ئێستاکە هاوسەرەکەی بەناوی عەتیە حەمەدئەمین حەمەڕەش (1949/ سلێمانی)، مووچەی بەناو شەهیدانەی گۆرانەڕەشی تاوانبار و بکوژی شەهیدان کەمالی موهەندیس و محەمەد شوکر شەریف وەردەگرێت.
بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم بابەتەم پێویستیم بەهاوکاری خوێنەران هەیە تا ئەو زانیارییانەم بۆ بنێرن:
- یەکەم: ڕۆژی کوشت و بەسزاگەیاندی گۆرانەڕەش و وێنەیەکی ئەو سیخوڕە تاوانبارە.
- دووەم: ڕۆژی کوشتنی تەها عەلی گراج، ناوی باپیری و وێنەیەکی ئەو سیخوڕە تاوانبارە.
- سێیەم: ڕۆژی کوشتنی ڕەشید حەسەن یونس ناسراو بە حەمەڕەشید لەگەڵ وێنەیەکی ئەو سیخوڕە تاوانبارە.
شەهید کەمالی موهەندیس، یەکێک بووە کە گەنجە هەرە ئازاکانی دەستەی بەسزاگەیاندنی تاوانباران لە سلێمانی، بەڵام لە ساڵی (1981)دا هێنایان بۆ هەولێر و لەناو قەڵای هەولێر بۆ ماوەیەک لە ژوورێک مایەوە، لەو ماوەیەدا بەهاوبەشی لەگەڵ (ح. ج. ئە)، چەند تاوانبار و پیاوی بەعسیان کوشت. دەرسیم پێشەوا پێنجشەممە (01.02.2024) دانمارک