کیمیا بارانی ناوچەکانی کوردستان - ١٩٨٧

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٦:٣٥، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان - ١٩٨٧ یەکێک لە ڕەشترین تاوانەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی کە بۆ لەناوبردنی کورد بەکاری هێنا، چەکی کیمیاوی بوو، کە لە ساڵی ١٩٢٥ بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ قەدەغە کر...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان - ١٩٨٧


یەکێک لە ڕەشترین تاوانەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی کە بۆ لەناوبردنی کورد بەکاری هێنا، چەکی کیمیاوی بوو، کە لە ساڵی ١٩٢٥ بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ قەدەغە کرا. پرۆتۆکۆلی ژنێڤ (بە ئینگلیزی: Geneva Protocol) یان ڕێککەوتننامەی ژنێڤ یان یاسای ژنێڤ، یاسایەک نووسراوە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە شەڕدا کە دەبنە هۆی خنکاندن و ژەهراوی بوون و ئەو گازانەی تر کە لەم پۆلەدا جێگیرن و قەدەغەکردنی شەڕی بایۆلۆژی و بەکتریالۆژی . ئەم یاسایە لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢٥ پەسەند کراوە و لە ٨ی شوباتی ١٩٢٨ جێبەجێ کراوە و تێیدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. حکومەتی عێراق لە ساڵی 1931 بوو بە ئەندامی پرۆتۆکۆلی جنێڤی ساڵی 1925 و بێگومان ئەو مەرجەی لەخۆگرتبوو کە لە ئەگەری بەکارهێنانی سەرەتایی چەکی کیمیایی لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە، خۆی پابەند بەو پرۆتۆکۆڵە نەزانێت. بەڵام خۆی دەستپێشخەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد. دەوڵەتی عێراق هەمیشە و بەتایبەتی لە سەردەمی رژیمی بەعس پێشێلکاری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە و گوێی بە هیچ بنەمایەکی نێودەوڵەتی نەداوە و سڵی لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژ بە مرۆڤایەتی نەکردوتەوە لەومەسەلەی (كیمیاباران) بەهەمان شێوە گوێی بەهیچ پرانسیپ‌ و بنەمایەكی نێودەوڵەتی نەداوەو تەنانەت دەسەڵاتداران‌و گەورە بەرپرسانی ئەم رژێمە لە گفتوگۆ و لێداوانەكانیشیان نكۆڵیان لەبەكارهێنانی ئەم چەكە نەكردۆتەوەو بەڵكو هەرەشەی بەكارهێنانی چەكی گەورەترو كاولكارتر کردوە، حکومەتی عێراق لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر پەرەپێدانی چەکی کیمیایی دەستی بە چالاکی کردووە و لە ساڵی 1982 گەیشتە قۆناغی بەرهەم هێنانی جۆرە جیاوازەکانی ماددە کیمیاییەکان، لەوانە بەرهەمهێنانی ماددە تاڵە مووەکان (گازی خەردەل) و ماددە دەمارییەکان (گازی تۆبان، گازی سارین و گازی ڤی ئێکس). و لە ساڵانی 1988-1984لە دژی گەلی کوردستان هەروەها لە شەری لەگەڵ ئێران بەکاری هێنا.

زۆرن ئەو بەڵگەنامانەی لە سەردەمی رژیمی بەعسی روخاودا بیباكانە دەرچوون و باس لە جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان دەكەن لەوانەش بەڵگەنامەكانی كیمیابارانكردنی کوردستان بووە.

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا چەندین بەڵگەنامە دەرچوون کە باس لە جینۆسایدی گەلی کورد دەکەن، لەوانە بەڵگەنامەکانی کیمیابارانی کوردستان. بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعس و شایەتحاڵانی ئەم تاوانە، لێرەدا دەمانەوێت بە وردی ڕۆژ و مانگ و ساڵانی کیمیابارانکردنی ناوچە و شوێنەکانی کوردستان دیاری بکەین. بەڵام بەهۆی تۆمارنەکردنی ساتی کیمیابارانەکە، ژمارەی وردی قوربانییەکان نازانرێت، بەڵام هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ بەردەوامبوون لە بەدواداچوونەکان. هەوڵ و کات دەوێت، تا داتابەیسێکی گشتگیرمان لەسەر ئەم بابەتە نەبێت، وازناهێنین. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڕژێمی بەعس فەرمانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن باڵاترین بەرپرسی ئەو سەردەمە سەدام حوسێنەوە دەرکردبوو دژی گەلی کورد و گڵۆپی سەوزی بۆ هێزە چەکدارەکانی لە شەڕی ئێراندا هەڵکردبوو. کە گەلی کوردستان پشکی شێری لە کیمیاباران کردنی خەڵکی سیڤێل و گوندنشین بەرکەوتوە.


دوای جەنگی دووەمی کەنداوی فارس، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن پسپۆڕان و توێژەرانی عێراقەوە ئەنجامدراوە و ڕاپۆرتێک لەسەر عێراق پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کە تیایدا 207 کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە… ئەمریکا و ڕووسیا و ئەرجەنتین باسیان لە پڕچەککردنی عێراق کرد. لەوانە (ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، بەرازیل، بەلجیکا، جێرسی، فەرەنسا، ژاپۆن، هیندستان، هۆڵەندا، مۆناکۆ، میسر، پۆڵەندا، سوید، سویسرا و یۆنان). هەموو ئەو زانیارییانە لە کتێبێکدا بەناونیشانی (ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە جەنگی ئێران و عێراق) دا هاتووە،

هەروەها ڕۆلف ئیکیۆس، سەرۆکی پێشووی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1993 ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە، ناسنامەی ئەو کۆمپانیایانە ئاشکرا نەکەن. کە 90%یان ئەوروپی، ئەمریکی بوون، 10%ی دیکەیان خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون. وەک یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکانی پشتڕاستکردنەوەی هاوکاری کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق، دەتوانین ئاماژە بە دادگاییکردنی فرانس ڤان ئەنرات بکەین لە دادگاکانی هۆڵەندا لە ساڵی ٢٠٠٤. بەهۆی فرۆشتنی چەند هەزار تۆن کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی خەردەل و گازی دەماری لەلایەن ڤان ئەنراتەوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە عێراق، دادگا بۆی دەرکەوت ئەو تاوانانەی کە بۆی دەگەڕێنرێنەوە (لەوانەش هاوبەشیکردن لە تاوانەکانی جەنگ و هاوبەشیکردن لە جینۆساید).

بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتانە و ڕاپۆرتەکانی دیکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەی ٦١٢ (بەرواری ٩ی ئایاری ١٩٨٨) و بڕیارنامەی ٦٢٠ (بەرواری ٢٦ی ئابی ١٩٨٨)، نیگەرانی قووڵی دەربڕی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی دۆزراوەکانی پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراق نیگەرانی دەربریوە و بە توندی ئەم کارەی ئیدانە کردووە.


داتا و زانیاری لەسەر کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان - 1987

* 1. لە ڕۆژی 15/4/1987 دا لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی (هەڵەدن، چاڵاوە، کانی توو، سەرگەڵو، بەرگەڵو، ئاوەژێ، سێڕوان، نوڵچکە، چنارنێ، شاخی گۆجاڕ) کیمیاباران کران، ژمارەی قوربانیان، بەرکەوتووبوونی دەیان کەسی مەدەنی و پێشمەرگە بوون. 
* 2. لە ڕۆژی 16/4/1987 دا لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (بالیسان، شێخ وەسانان، کانی بەرد، زنجیرە چیای دەرەشیر، زینی بەڵاڵوکاوە، ناوچەی ساوسێوکان) بۆمباران کران بە ٨ فرۆکە ی جەنگی چەکی کیمیایان بەسەر خەڵکدا باراند. ژمارەی قوربانیان 435 کەس بوو کە  346 بریندار لە كاتی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولیر شوین بزر كران دواتر لە 18\9\1991 بێسەروشوێنەکانی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان كە ژمارەیان تەنها 25 كەس بوو لە گۆرێكی بەكۆمەڵ لەناو گۆرستانی كارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە ئەوانەی تر تا كو ئیستا بێسەروشوێنن و ئەوانەی بریندار بوون تاکو ئێستا بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن.
* 3. لە ڕۆژی 17/4/1987 / لە پاریزگای سلێمانی گوندەکانی (قزلەر، بیرکێ، سنگر، مێولاکە) کیمیاباران کران، چەندین کەس بەرکەوتن.
* 4. لە ڕۆژی 18/4/1987 لە پارێزگای سلێمانی،شاخ و گوندەکانی (قەیوان، کۆرەنگ، خەجەلەرزۆک، قەواڵ، قوڵەجاخ، چۆخماخ، کۆڵەردی) کیمیاباران کرا و  50 کەس بەرکەوتن.
* 5. لە ڕۆژی 19/4/1987 دا لە پاریزگای سلێمانی گوندەکانی (ماوەت قەیوان، پیرەمەگرون) کیمیاباران کران، دەیان کەس بەر چەکی کیمیایی کەوتن .
* 6. لە ڕۆژی 20/4/1987 دا هەمان ناوچەکانی ڕۆژانی پێشوو بۆمباران کران و دەیان کەسیتر بەرکەوتن.
* 7. لە ڕۆژی 21/4/1987 دا ناحیەی قەرەداغ و گوندەکانی دەوروبەری لە پاریزگای سلێمانی، بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران، لە ڕۆژی 19/4/1987 دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ( ینک، حشع، پدک، حسک) بە هاوکاری هێزی پشتگیری ناوچەکە لەهێرشێکدا دەستیان گرت بەسەر تەواوی ناحیەی قەرەداغدا، ڕژێم بە چەکی کیمیایی، ناحیەکە و دەورووبەری کیمیاباران کرد و چەند پێشمەرگەیەک بەرکەوتن.
* 8. لە ڕۆژی 21/4/1987 دۆڵی بالیسان لە پارێزگای هەولێر، جارێکیتر کیمیاباران کرا.
* 9. لە ڕۆژی 1/5/1987 لە پارێزگای دهۆک گوندی (زێوە) کیمیاباران کرا چەندین پێشمەرگە شەهید بوون.
* 10. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (مەلەکان، گۆڕە شێر، کەندۆک، بلێ، بردون) کیمیا بارانکران.
* 11. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای کەرکوک گوندەکانی ( تۆمار، گورگان، قەمەر) کیمیاباران کران.
* 12. لە ڕۆژی27/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (مەلەکان، بلەی خواروو، بلەی سەروو،تارینا، کەندۆک، گۆڕە شێر، نازەنین، دۆڵی سماقۆلی) کیمیابارانکران لە ئەنجامدا هەشت 8 کەس گیانیان لەدەستدا و 23 کەس بریندار بوون، بە پێی هەواڵەکان فرۆکە جەنگیەکان بیست 20 هێرشی کیمیایان  لەو رۆژەدا ئەنجام داوە.
* 13. لە ڕۆژی 5/6/1987 لە پارێزگای دهۆک گوندەکانی قەزای ئامێدی بۆمباران کران یەک کەس شەهید و سەد کەس بریندار بوون.
* 14. لە ڕۆژی 27/6/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (زێوێ) بناری شاخی پیرەمەگرون کیمیاباران کراوە، 35 کەس بەرکەوتن.
* 15. لە ڕۆژی 3/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی ( بەرگەڵو، یاخسەمەر) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کران، لە ئەنجامدا 4 پێشمەرگە شەهید و چەندین کەس بەرکەوتن.
* 16. لە ڕۆژی 14/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی ناوچەی( مێرگەپان ) بۆمبارانی کیمیایی کرا چەنین کەس بەرکەوتن.


داتا و زانیاری لەسەر کیمیابارانی رۆژهەڵاتی کوردستان ( ئێران)- 1987


  • 1. لە ڕۆژی 28/6/1987 رژێمی بەعس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاری سەردەشت کیمیاباران کرا، کیمیابارانی سەردەشت لە لایەن ھێزی ئاسمانیی رژێمی بەعسی رووخاوی عێراق بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی دانیشتوانی شاری سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕوویدا. لەم تاوانە 110 کەس بوونە قوربانی و لە ساڵانی دواتری گەیشتە 130 کەس و 8 ھەزار و 25 کەسیش بریندار بوون کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن . ئاسەوارەکانی بە روونی بەسەر خەڵک و ناوچەکە بەدی دەکرێت.