بەرزانی قالەی خەڵوز

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
MG 171874.jpg

بەرزانی قالەی خەڵوز، پێشمەرگە، هونەرمەند و میدیاکار، ساڵی 1961 لە گەڕەکی کانێسکان لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

خوێندنی دواناوەندی تەواوکردووە، دوای وازهێنانیشی لەگەڵ باوکیدا کاری کردووە.

لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بووە بە پێشمەرگە و بەشێک بووە لە رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانی چاونەترسانە کاری بۆ کردوون.

لە ساڵی 1979ـەوە خەباتی بۆ شاخ گواستووەتەوە، لەوێوە درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی داوە.

وێڕای قورسی و ناڕەحەتی ژیانی پێشمەرگایەتی، بەرزانی قالەی خەڵوز، بە قسە خۆشی و نوکتەکانی لەناو هاوڕێ پێشمەرگەکانیدا ناسرابوو.

هەر ئەمەش رێگەی بۆ خۆشکرد تا ببێت بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەرنامەی بەرنامە، لە کۆمیدیترین بەرنامەکانی مێژووی هونەری کوردییە.

لە ساڵی 1998 لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەنددا بەرنامەکەیان دەستپێکرد، کۆمیدیا و رەخنەیان تێکەڵ بەیەک دەکرد،ناڕەحەتی و نەهامەتییەکانی میللەتی کوردیان بە پێکەنیناویترین شێواز باس دەکرد.

بەرزان کە بەوە ناسرابوو، موراقیبی پۆلەکەی میستەر و برای ئەحە بوو لە بەرنامەی بەرنامەدا، بە قسە و نوکتەکانی کە بەشێکی زۆریان خۆنەویست بوون، هەردەم لە دڵی بینەرانی بەرنامەکەدا جێگەی خۆی کردبووەوە، زۆرێک لەو دەستەواژانەش کە بەکاری دەهێنا تاوەکو ئێستا لە زیهنی بینەرانی ئەوکاتەی بەرنامەکەدا ماوە و گرتە ڤیدیۆییەکانیشی بەردەوام لە سۆشیاڵ میدیادا لێدەدرێتەوە.

لەپاڵ بەرنامەی بەرنامەدا کە بۆماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، رۆڵی لە دوو فیلمدا بینیوە، کە ئەوانیش (خولە پیزە و بەهەشتێکی سوتاو)ـن.

0003 (9914).jpg

دوای وەستانی بەرنامەی بەرنامە لە سالی 2010ـدا، بەرزان دوورکەوتەوە لە چاوی میدیاکان، بە دەگمەن لە شاشەکانەوە دەبینرا، پاش ماوەیەکی زۆریش لە سەرەتای ئەمساڵدا جارێکی دیکە لە بەرنامەی بەرنامەدا دەرکەوتەوە، بە قسە خۆشەکانی پێکەنینی خستەوە سەر رووی بینەرانی بەرنامەکە.

هاوسەرەکەی بارزان، ناوی ئاشتییە و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکن کە کچە گەورەکەی ناوی ئەمیرەیە و دوو کوڕەکەشی ناویان دارین و داریانە.

داریان لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی 12-07-2017 کۆچی دوایی کرد.

247201617BARZAAN.jpg

ئێوارەی ئەمڕۆ، 16-06-2024، دوای تەمەنێک لە خزمەت، لە تەمەنی 63ـیدا، دوا ماڵئاوایی کرد، هەر لە شاری سلێمانیش بەخاک دەسپێردرێت.[١]

0002 (1877).jpg

بابەتە پەیوەستکراوەکان

  1. سەرچاوە:کەناڵی 8