29-12-2024
- ئەندامانی شاندی دەم پارتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیان ئۆندەر کە دوێنێ دیداریان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ- عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
رێبەر ئاپۆ: سەرخستنی پرۆسەکە پێویستی بە بەشداربوونی ئەرێنی هەیە
ئەندامانی شاندی دەم پارتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دیداریان ئەنجامدا، سەبارەت بە دیدارەکە ئەم راگەیەندراوەیان بڵاوکردەوە:
"لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤دا لە ئیمراڵی ئێمە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدارێکی تێر و تەسەلمان ئەنجامدا. تەندروستی ئەو باش بوو، ورەی ئەو زۆر بەرزبوو. هەڵسەنگاندنەکانی بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد زۆر گرنگ بوون.
لە دیدارەکەدا پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا هەڵسەنگێندران. بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەرامبەر سیناریۆکانی ئایندەیەکی تاریک کە دەسەپێندرێن، پێشنیازی چارەسەری ئەرێنی پێشکەش کرد.
ئەندێشە و هەڵوێستی ئەو بە گشتی لەم چوارچێوانەدان:
-بەهێزکردنی خوشک و برایەتی تورک-کورد هەم بەرپرسیارێتی مێژوویە، هەمیش بۆ چارەنووسی گەلان زۆر گرنگ و پێویستە.
-بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربکەوێت پێویستی بەوە هەیە کە هەموو لایەنە سیاسیەکان لە تورکیا لێکدانەوەی بەرتەسک و کاتی بخەنە لایەک، دەستپێشخەرانە بجوڵێنەوە، بەشێویەکی بە پرەنسیپانە مامەڵە بکەن و بەشدارییەکی ئەرێنییان هەبێت. یەک لە بوارەکانی ئەو بەشدارییەش بێگومان ئەنجومەنی گەورەی نەتەوەیی تورکیا (TBMM)یە.
- ئەو رووداوانەی لە غەزە و سوریا روویاندا ئەوەیان نیشاندا کە بە دەستوەردان لە دەرەوە هەوڵ دەدرێت ئەو کێشانە بکەنە گەنگەرین و برینی قووڵی هەمیشەیی. هەربۆیە چارەسەری ئەو کێشەیەش گەیشتووەتە ئاستێک لە چیتر نابێت دوابخرێت. بۆ ئەوەی کارێک بە گوێرەی ئەو هەستیاری و جدییەتە بکرێت و بگەیەندرێتە ئەنجام و سەرکەوتن، بەشداری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەنرخ و سەنگینن.
-من خاوەن ئەو هێز و پێداگرییەم کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری پێویست لەو پاڕادایمەدا بکەم کە بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان هێزیان پێبەخشیوە.
-شاندەکە ئەم هەڵوێستەی من دەگەیەنێتە دەوڵەت و لایەنە سیاسیەکان. لەو چوارچێوەدا ئامادەم کە هەنگاوی پۆزێتیڤ و پێویست هەڵبگرم و بانگەوازی پێویست بکەم.
-هەموو ئەو هەوڵانەمان وڵاتەکە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی و لە هەمان کاتدا بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراتیک دەبێتە رێنیشاندەرێکی زۆر بەنرخ و هێژا.
-سەردەمەکە بۆ تورکیا و هەرێمەکە سەردەمی ئاشتی، دیموکراسی، خوشک و برایەتییە.
لەگەڵ رێز و حورمەت بۆ رای گشتی".[١]
.....
بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو هەرێمی کوردستان بە پلەی سیلیزی:
- هەولێر: 16 پلەى سیلیزى
- سلێمانی : 17 پلەى سیلیزى
- دهۆک : 17 پلەى سیلیزى
- کەرکووک : 18 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 14 پلەى سیلیزى
- زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى
- حاجی ئۆمەران : 7 پلەى سیلیزى
- سۆران : 14 پلەى سیلیزى
- گەرمیان : 19 پلەى سیلیزى[٢]
.....
- پەیەدە کۆبوونەوەیەکی بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی ساز کرد
ئێوارەی 29-12-2024 غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی گشتیی پەیەدە لە نوێنەرایەتیی پەیەدە لە سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بۆ کوردانی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان ساز کرد و تیایدا دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و مەترسی و هێرشەکانی سەر خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان نرخاند.
ئەمشەو نوێنەرایەتیی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست، لە کۆبوونەوەکەدا غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی گشتیی پەیەدە و سەما باکتاش هاوسەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پەیەدە وتاریان پێشکەش کرد.
کۆبوونەوەکە سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان غەریب حەسۆ باسی لە ڕەوشی ڕۆژئاوا و خراپی ڕەوشی ئاوارەکانی شەهبا و تلڕەفعەت کرد و مەترسییەکانی سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای خستە ڕوو.
غەریب حەسۆ وتی:دەبێت خۆمان خۆمان بپارێزین و ئایندەی خۆمان دیاری بکەین، ئەمەش پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاترە لە دەوری یەک و بەرخۆدانی زیاتری دەوێت، لەپێناو سووریایەکی دیموکراتدا دەبێت پشتیوانی لە شەڕڤانانی قەسەدە بکەین، هەموومان لە دەوری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆببینەوە.
هەروەها پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالانی بەرز نرخاند و وتی ڕێبازی ڕێبەر ئۆجەلان بۆ ئاشتیی و برایەتیی گەلان زۆر گەورە و گرنگە و تەنها ڕێبەر ئۆجالان دەتوانێت ئەم دۆخە چارەسەر بکات و بیگۆڕێت جارێکیتر ڕێبەر ئۆجالان جەختی لە ئاشتیی و برایەتیی گەلی کورد و تورک کردەوە.
هەروەها سەما باکتاش سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا لە دژی کورد دەجنگێت بە مەبەستی لەناوبردنی سیستەمی دیموکراسیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قڕکردنی گەلی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، بۆیە دەبێت هەمووان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی گەلانی ڕۆژئاوا تێکۆشان بکەین.[٣]
....
- چالاکی کاریگەر لە ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانییەوە: ٥ چەتە کوژران ڕاگەیاندرا
ڕاگەیاندرا، لە چالاکییە کاریگەرەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانییدا، ٥ چەتەی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژراون.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ڕایگەیاند هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی سەرێکانی دژی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە دەوروبەری شاری سەرێکانی زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
" لە چوارچێوەی پشتیوانی و هاوکاریکردنی لە بەرخۆدانی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین و بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی سەرێکانی زنجیرەیەک چالاکیی کاریگەریان لە دژی بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە چەند گوندێکی دەوروبەری شاری سەرێکانی ئەنجامدا.
لە کاتژمێرەکانی بەیانی ئەمڕۆ یەکەیەکی هێزەکانمان چوونە ناو شوێن و خاڵەکانی چەتەکان لە گوندی ڕیحانی سەر بە شاری سەرێکانی، هێزەکانمان لە خاڵەکانی چەتەکان نزیک بوونەوە و پێکدادان لەگەڵ چەتەکان ڕوویدا. لە ئەنجامدا ٥ چەتە کوژران.
لە بەرەیەکی تریشدا هێزەکانمان هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی چەتەکان لە گوندی قاسمیە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکان کوژران و بریندار بوون. بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان نەزانراوە.
کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە بەرەی سێیەم، شەڕڤانانمان لە گوندی دبس هێرشێکی دیکەیان دژی بنکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە گوندەکانی عەزیزیە، عەریشە، ئەرباحین، گردی شەهید دڵشێر، مەناخ و کنێر ئەنجامدا.
هێزەکانمان لەم چالاکییانەدا زیانیان پێ نەگەیشتووە".[٤]
- ↑ سەرچاوە:anfsorani
- ↑ سەرچاوە: خەندان
- ↑ سەرچاوە:https://rojnews.news/
- ↑ سەرچاوە:anfsorani