کەریمی ئەلەکە
ئامادەکردنی: زانیار سەردار قڕگەیی
(عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لیاس پۆڵس ئیبراهیم)، ناسراو به (كه‌ریمی عه‌له‌كه) له ساڵی (1867) له سلێمانی له‌دایك بووه، گه‌وره بازرگانێكى مه‌سیحیى ناسراوى شارى سلێمانى بووه، كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هه‌ڵوێست و به‌خشنده و خۆبه‌خش و ده‌ست و دڵ پاك و خه‌مخۆرى هه‌ژاران بووه، یارمه‌تیده‌رى لێقه‌وماوان بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته جوامێرانهیهى كراوه‌ته وه‌زیرى دارایى حكوومه‌ته‌كه‌ى شێخ مه‌حموودى نه‌مر، ئه‌و پۆسته گرنگه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا به‌و ره‌وا بینراوه، دواى ئه‌وه‌ى وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى مه‌سیحى ناسناوى بازرگانێكى به‌خشنده و دڵواڵا و پیاوچاك و خه‌مخۆرى هه‌ژارانى لێ نرا..
ئه‌و له قاتوقڕییهكهى ساڵى 1914 كه به (ساڵى گرانییه‌كه) ناسراوه، ته‌نیا خۆراكى به‌سه‌ر هه‌ژاراندا دابه‌ش نه‌كردووه، به‌ڵكو به مه‌نجه‌ڵى گه‌وره‌ى زنجیردار رۆژانه چێشتى شۆربا و خواردنى تر لێنراوه و به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا دابه‌شى كردووه، جگه له‌وه‌ش، جلوبه‌رگى بۆ قوتابییان كڕیوه و هاوكاریى كردوون، به ئاوى كارێزه‌كه‌ى ئاوى بۆ چه‌ند مزگه‌وتێكى شار دابین كردووه، وێڕاى چه‌ندین هه‌ڵوێستى جوامێرانه‌ى دیكه‌ى ئه‌م پیاوه به‌نرخه. بۆیە وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ئیەو پیاوە، له شارى سلێمانى چه‌ند باڵه‌خانه و دووكان و قوتابخانه و شه‌قامێكیش له ساڵانى زووه‌وه به‌ناوى كه‌ریمى عه‌له‌كه ناو نراون.
سه‌باره‌ت به كه‌ریمی عه‌له‌كه، مامۆستا له‌تیف پۆڵس ئه‌ستفان، كه‌سایه‌تیى ناسراوى مه‌سیحیى شارى سلێمانى گوتى: "كه‌ریمی عه‌له‌كه فریشته‌یه‌كی هه‌ره ده‌ستپاك و فریاگوزاری شاره‌كه‌مان بوو.. له هه‌ر كاتێكدا و له هه‌ر كۆڕێكدا باسی گرانی و قاتوقڕی ساڵانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌مى جیهانی له‌نێوان ساڵانی (1916- 1918) هاتبێته پێشه‌وه، یه‌كسه‌ر ره‌فتاری پیاوانه و به‌خشنده‌یی (كه‌ریمی عه‌له‌كه)یان یاد هێناوه‌ته‌وه و زۆر به‌ڕێزه‌وه ناو براوه".
باوكی عه‌بدولكه‌ریم كه ناوی (ئه‌لیاس پۆڵس ئیبراهیم)ه، له ساڵی (1815)ى زاینى له گوندی هه‌رمۆته كه سه‌ر به قه‌زای كۆیه‌یه هاتووه‌ته دنیاوه، ئەو خه‌ریكی (جا‌و) كڕین و فرۆشتن بووه، بۆ په‌ره‌سه‌ندنی كاسبی و بازرگانی هاتووه‌ته شاری سلێمانی و كاری بازرگانی له‌گه‌ڵ شاره‌كانى (سنه، بانه، هه‌مه‌دانی وڵاتی ئێران) و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجام داوه.
عه‌بدولكه‌ریم له ساڵی (1867) له سلێمانی له‌دایك بووه، كه كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌لیاس بوو، له بواری بازرگانیدا هه‌مان رێوشوێنی باوكی گرتووه و توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات، كه محه‌ل و خانووی هه‌بووه له خانه سووتاوه‌كه، به یه‌كێك له هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاره‌كه داده‌نرێ، ناوی راسته‌قینه‌ی (عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لیاس)ه، له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی ئهلیاسهكهیان پێ وتووه و له‌به‌ر گرانیی وشه‌كه بووه به (عه‌له‌كه) و له ئه‌نجامیشدا بوو به (ناسناو)ی خێزانه‌كه‌یان، كه یه‌كێكن له خێزانه مه‌سیحییه خانه‌دانه كۆنه ناسراوه‌كانی شاری سلێمانی.
عه‌بدولكه‌ریم كه هه‌ندێك به (خواجه كه‌ریم) ناویان ده‌برد، خوێنده‌وارییه‌كی باشی هه‌بوو، وێڕای زمانی كلدانی و عه‌ره‌بی و كوردی، زمانی توركی و فارسییشی ده‌زانی، پیاوێكی له‌خواترس و ره‌وشتبه‌رز و هه‌تا بڵێیت ئاقڵ و زیره‌ك و دووربین بووه، له‌به‌رئه‌وه خه‌ڵكی زۆر به‌ڕێزه‌وه سه‌یریان كردووه، له زۆربه‌ی ناكۆكیی نێوان بازرگانه‌كان یان خێزانه‌كانی شاری سلێمانی روو كراوه‌ته ئه‌و پیاوه و ئه‌ویش چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یانی بۆ كردوون، یه‌كێك بووه له پیاوماقوڵانی سه‌رده‌می خۆی و دانیشتوویهكی ناسراوی دیوه‌خانی بابانه‌كان و شێخانی ئه‌و كاته و له ماڵی خۆشیاندا گه‌لێك جار كۆڕیان گه‌رم كردووه.
كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی له ساڵی (1914)دا به‌شداریی جه‌نگی یه‌كه‌مى جیهانی کرد و گه‌لى كوردیش ژێرده‌سته‌ی بوو، وڵات شێوا، گه‌نج ئه‌برا بۆ جه‌نگ، سوپای عوسمانی هه‌رچی ئازووقه و مه‌ڕوماڵات هه‌بوو له شاره‌كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت و ناردی بۆ سوپا و جه‌نگه‌كه‌ی، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وشكه‌ساڵی ده‌ستی پێكرد و هه‌ردوو هۆكاری سه‌ره‌وه بوونه هۆی به‌رپابوونی بێكاری و برسیه‌تییه‌كی زۆر ترسناك، كه مردنی سه‌دان كه‌سی لێ كه‌وته‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی گرانییه‌كه ده‌ست پێ بكات (خواجه كه‌ریم) برنج و دهغڵودانێكی زۆری كڕی و خستییه عه‌مبار و قایمی كرد، كاتی ته‌نگانه قۆڵی لێ هه‌ڵماڵی و وه‌ك فریشته‌یه‌ك هاته پێشه‌وه بۆ رزگاركردنی لێقه‌وماوان به فرۆشتنی ده‌غڵ و دان به پاره‌یه‌كی كه‌م، بۆ ئه‌وانه‌ی كه توانای كڕینیان بوایه، به‌خۆڕاییش بۆ فه‌قیر و هه‌ژار و ده‌ستكورته‌كان، جگه له‌وه‌ش به شه‌و له ئاشه‌كه‌ی خۆی (ئاشی گاوران) كه تا ئێستاش ئاسه‌واره‌كانی ماوه، له‌ته‌نیشت دواناوه‌ندیی بازرگانیی كه‌ریمی عهلهكهدایه له‌سه‌ر شه‌قامی (كه‌ریمی عه‌له‌كه)، گه‌نمی ئه‌نارد بۆ هاڕین و به ڕۆژ ئه‌كرایه نان و دابه‌ش ئه‌كرا به‌سه‌ر هه‌ژاراندا، جگه له‌مه، به مه‌نجه‌ڵی گه‌وره رۆژانه شۆربای برنج و گۆشت له به‌رده‌می ماڵه‌كه‌یان لێ ئه‌نرا و دابه‌ش ئه‌كرا به‌سه‌ر فه‌قیر و هه‌ژاراندا، هه‌ندێك له‌وێ ئه‌یانخوارد، هه‌ندێك ئه‌یانبرده‌وه بۆ ماڵ و منداڵه‌كانیان، جگه له‌وه‌ش به‌نهێنی پاره و نان یان ئاردی ئه‌نارد بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی كه ڕوویان نه‌ده‌هات بێنه به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی.
عه‌بدولكه‌ریم هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو بیستی مزگه‌وته‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره ئاویان كه‌مه، خۆبه‌خشانه بڕیاری دا له كارێزی (حاجی عه‌باس) كه به موڵكایه‌تی هی خۆیه‌تی، ئاو به (گونج) رابكێشێت بۆ ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ر، وه‌ك مزگه‌وته‌كانی (حاجی شێخ ئه‌مین، ته‌كیه رووته، هه‌مزه ئاغا، شێخ محه‌مه‌دی به‌رزنجی)، جگه له چاككردنی ئاوده‌سته‌كانیان، هه‌روه‌ها فه‌رمانی دا به كفنكردن و ناشتنی ئه‌و مردووانه‌ی كه كه‌سیان نییه یان خاوه‌نه‌كانیان بێ ده‌رامه‌تن.
هه‌ر له كرده‌وه چاكه‌كانیشی، جلی زستانه‌ی ئه‌دایه قوتابییه هه‌ژاره‌كان و خۆیشی به شه‌و ئه‌گه‌ڕا به‌سه‌ر ماڵه نه‌خۆشه‌كاندا و ده‌رمانی بۆ ده‌كڕین، مووچه‌ى مانگانه‌ی بڕیبووه‌وه بۆ هه‌ندێ قوتابی، كه له زانكۆكانی ئه‌سته‌مبۆڵ ئه‌یانخوێند، له ده‌ره‌نجامدا زۆربه‌یان بوون به پزیشك و پارێزه‌ر و مامۆستا و شاعیر و...
له‌گه‌ڵ شێخ مه‌حموودی نه‌مردا زۆر نێوانیان خۆش بوو، شێخ پڕ به‌دڵ خۆشی ده‌ویست و رێزی ئه‌گرت، كه پشێوی كه‌وته شاره‌وه، شێخ له شار ده‌رئه‌كرێ و ئینگلیزه‌كان ماڵی شێخ مه‌حموود هه‌ڕاج ده‌كه‌ن، گورج (كه‌ریمی عه‌له‌كه) هه‌ڵده‌ستێت به كڕینی كه‌لوپه‌له‌كان و حه‌شاریان ئه‌دا، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ى ماڵى شێخ بۆ سلێمانی كه‌ریمى عه‌له‌كه پارچه پارچه ئه‌یانداته‌وه. له (10/10/1922) حكوومه‌تی شێخ مه‌حموود دامه‌زرا، عه‌بدولكه‌ریم كرایه وه‌زیری دارایی حكوومه‌ته‌كه و زۆر دڵسۆزانه و چالاكانه ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجام ئه‌دا به‌بێ كه‌مته‌رخه‌می و سستی، ئه‌بێ ئه‌وه‌ش له یاد نه‌كه‌ین كه عه‌بدولكه‌ریم رێبازێكی پیاوانه و مه‌ردانه‌ی خاكپه‌رستی هه‌بوو، كاتێك كه ئینگلیزه‌كان به فڕۆكه‌كانیان ده‌ستیان كرد به بۆردومانی سلێمانی و شێخی نه‌مریش نه‌فی كرا بۆ هیندستان و زۆربه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵك شاریان چۆڵ كرد، ته‌نیا ماڵی ئه‌مان و ماڵی حاجی ئیبراهیم ئاغا نه‌بێت له گه‌ڕه‌كی گۆیژه ماڵیان به‌جێ نه‌هێشت، كاتێك ئینگلیزه‌كان هاتنه ناوشار و كه‌وتنه گه‌ڕان و چاویان به عه‌بدولكه‌ریم كه‌وت، سه‌ریان سوڕما و لێیان پرسی بۆچی لێره ماوی؟ له وه‌ڵامدا وتی: من نه‌وه‌ی ئه‌م خاكه‌م و پاشهڕۆژیشم هه‌ر لێره‌دا ئه‌بێت، ئیتر چۆن به‌جێی ئه‌هێڵم! هه‌ر بۆ مه‌به‌ستی بۆردومانی سلێمانی لیژنه‌یه‌كی باڵا پێك هێنرا، به نوێنه‌رایه‌تی پێنج ئه‌ندام كه كه‌ریمى عه‌له‌كه یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ندامانه، بۆ ئه‌وه‌ی بچن بۆ كه‌ركووك بۆ لای به‌رپرسانی ئینگلیز و له‌وێشه‌وه بۆ به‌غدا بۆ لای مه‌ندووبی سامیی به‌ریتانی، بۆ راگرتنی بۆردومانه‌كه، له‌ئه‌نجامدا هه‌وڵه‌كانیان سه‌ری گرت و ئینگلیز بۆردومانه‌كه‌ی راگرت. كه‌ریمی عه‌له‌كه له دوا ساڵه‌كانی ژیانیدا چووه شاری به‌غدا و له‌وێ نیشته‌جێ بوو، به‌ڵام هه‌میشه شاری سلێمانی به خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه له دڵیدا ده‌ژیان و خه‌ڵكی سلێمانیش ئه‌ویان له یاد نه‌كردووه و له یادیشی ناكه‌ن.
رۆژی (25/1/1948) دڵه گه‌وره‌كه‌ی له لێدان كه‌وت و له گۆڕستانی (كاسۆلیك) له به‌غدا به خاك سپێردرا.
جێگه‌ی خۆیه‌تی كه لێره‌دا وته‌ی هه‌ندێك كه‌سایه‌تیى ناسراو بخه‌ینه به‌رچاو، كه له نزیكه‌وه كه‌ریمی عهلهكهیان ناسیوه: مامۆستا (شێخ محه‌مه‌دی خاڵ) كه سه‌رده‌مێك قازیى سلێمانى بووه، ده‌ڵێت: "كه‌ریمى عه‌له‌كه پیاوێكی به‌خشنده و دڵ و ده‌روون ساف بوو، كرده‌وه‌كانی پیاوانه و ژیرانه بوو، نان بده بوو، له یارمه‌تیی هه‌ژاراندا درێغیی نه‌ده‌كرد، رێزی گشت كه‌سێكی ده‌گرت، بۆیه خه‌ڵكیش زۆر رێزیان لێ ده‌گرت". مامۆستا ئه‌حمه‌د خواجه، مێژوونووس و كه‌سایه‌تیى ناسراو ده‌ڵێت: "كه‌ریمى عه‌له‌كه پیاوانه و ده‌سته‌پیاو بوو، هه‌میشه رووخۆش و ده‌م به پێكه‌نین و سنگ فراوان و دڵپاك بوو، گه‌رچی به‌خێرایی ده‌ئاخاوت، به‌ڵام هه‌رگیز زیاده‌ڕۆیی نه‌ده‌كرد، مرۆڤ حه‌زی ده‌كرد هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا گفتوگۆ بكات".
مامۆستا له‌تیف پۆلس ئه‌ستفان، له رووى جیاوازیى ئایینییه‌وه ده‌ڵێت: "كه‌ریمی عه‌له‌كه كه خه‌ڵكی له مردن رزگار ئه‌كرد، یان كارێزی ئه‌به‌خشی به مزگه‌وته‌كان، هه‌رگیز بیری له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئه‌وان ئیسلامن و ئه‌م مه‌سیحییه، كه شێخی نه‌مرییش ئه‌وی كرد به وه‌زیری دارایی، هه‌رگیز جیاوازیی ئایینی به بیردا نه‌ده‌هات، هه‌روه‌ها ئێمه‌ی مه‌سیحییه‌كانی سلێمانی مایه‌ی شانازیمانه كه هه‌رگیز جیاوازیی ئایینى كاری تێ نه‌كردووین، كه ببێته هۆی ناكۆكی و دوژمنایه‌تی، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه وه‌ك برا به ته‌بایی و یه‌كسانی پێكه‌وه ژیاوین، كه ئه‌مه روویه‌كی رۆشنی شاره‌كه‌مان پیشان ئه‌دا كه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ره‌چاو بكرێت. له‌ڕاستیدا له هه‌موو خۆشی و نه‌هامه‌تییه‌كاندا بێ جیاوازی به‌شدار بووین و له زۆربه‌ی بواره‌كاندا رۆڵێكی دڵسۆزانه و به‌رچاومان هه‌بووه بۆ خزمه‌تی شاره‌كه‌مان و له هه‌موو پله‌كانی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی گه‌له‌كه‌مان هاوبه‌ش بووین، بێبه‌ش نه‌بووین له قوربانیدانی رۆڵه‌كانمان له‌پێناو خاك و نیشتماندا".
هه‌روه‌ها غه‌ریب زێوه‌ر، له ژماره (9)ى گۆڤارى سلێمانى، له مانگى 2/1969دا ده‌نووسێت: "ناو و ره‌وشتى چاك ئه‌مێنێ و نامرێ، ئه‌گه‌رچى ئه‌و كه‌سه با له ژیانیشدا نه‌مابێ، به‌ڵام كاتێ كه ناوى هاته پێشه‌وه، لاى خه‌ڵكى به‌ڕێزه‌وه ناوى ده‌برێت و ته‌نانه‌ت چاكه و كردارى باشى له ده‌روونى خه‌ڵكیدا جێگیر ده‌بێ و ناكوژێته‌وه و له شوێنێكى واشدا جێى ئه‌كاته‌وه كه هه‌زاران به‌سه‌رهات روو بدات ئه‌و ههڵنهكرێنێت و له جێى خۆشی‌دا به‌سه‌رهات و چاكه و پیاوه‌تیى لێ بگێڕێته‌وه.. له‌م دواییه‌دا كه شاره‌وانى ناوى شهقامهكانى ناو شارى سلێمانیى نا، شه‌قامێك ناو نرا به ناوى (كه‌ریمى عه‌له‌كه)وه.
ناوبراو له بنه‌ماڵه‌یه‌كى كۆنى ئه‌م شاره‌یه و پشتاوپشت له‌گه‌ڵمان هاتووه‌ته خوارێ، له خۆشى و ناخۆشیدا به‌شدار بوون و خۆیان جیا نه‌كردووه‌ته‌وه. كه‌ریمی عه‌له‌كه له‌سه‌ر ئایینى باوباپیرانى خۆى مه‌سیحى بوو، پیاوێكى راست و پاك و له‌خواترس بووه و كردارى باشى خۆى پێشى خستووه له ژیاندا.
سه‌ره‌تا به كارى بازرگانییه‌وه خه‌ریك بووه، تا له ئه‌نجامدا به‌جۆرێك ئیشه‌كه‌ى په‌ره‌ى سه‌ندووه كه هه‌موو ناوچه‌ى کوردستانی باشوور و رۆژهەژلاتیشیگرتووهتهوه، شوێنه‌كه‌ى خۆیشى له (خانهسووتاو) له‌گه‌ڵ هاوشانهكانى ئه‌وساى خۆیدا بووه. له ده‌ورى حوكمڕانى شێخ مه‌حموودى نه‌مردا له رۆژى 10/تشرینى یه‌كه‌مى 1922 دا به‌شداریى كردووه و فه‌رمانى وه‌زیرى مالییه‌ى پێ سپێردراوه.
كه‌ریمی عه‌له‌كه یه‌كێك بووه له پیاوماقوڵانى دیوه‌خانى بابانه‌كان و شێخانى ئه‌و سه‌رده‌مه و پیاوێكى زۆر عاقڵ و زیره‌ك و دووربین بووه.
له‌به‌رئه‌وه هه‌ر كه هه‌ستى كرد به روودانى شه‌ڕى یه‌كه‌مى جیهانى، ده‌غڵ و دانێكى زۆرى عه‌مبار كرد و له رۆژى ره‌شدا به پاره‌یه‌كى كه‌م ئه‌یفرۆشت به‌وه‌ى تواناى كڕینى هه‌یه و ئه‌وه‌شى نیه‌تى یارمه‌تى ئه‌دا، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى كه به مه‌نجه‌ڵى زنجیردارى گه‌وره هه‌موو ئێواره‌یه‌ك نان و چێشتێكى زۆرى به‌سه‌ر هه‌ژاراندا دابه‌ش ده‌كرد.. چاكه و پیاوه‌تیى ئه‌م زاته به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه هاوكاریى مزگه‌وته‌كانى سلێمانىیش كردووه.
له پاش به‌سه‌ربردنى ته‌مه‌نێكى پڕ له چاكه و خێرخوایى و نیشتمانپه‌روه‌رى له شارى به‌غدا كۆچى دوایى كرد و هه‌ر له‌وێ له گۆڕستانى (كاسۆلیك) به خاك سپێردرا.[١]