فەهمی کاکەیی
ساڵی 1951 لە پارێزگای کەرکوک لەدایک بووە و هەر لەوێ لە ساڵی 1970 یانەی مامۆستایانی تەواو کردووە.
ساڵی 1971 لە ناوچەی کەندیناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بە مامۆستا دامەزراوە. پاشانیش گوێزراوەتەوە پارێزگای سلێمانی و لە گوند و شارۆچکەکانی ئەوێ کاری کردووە.
سەرەتای نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1969، ئەو دەمە بە زمانی عەرەبی هەڵبەستی نووسیوە.
لە بواری شانۆدا وەک ئەکتەر کاری کردووە، لە تیپەکانی یەکێتیی هونەرمەندانی عێراق و تیپی مەشخەڵ و کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لقی کەرکووک، چالاک بووە.
لە شۆڕشی ئەیلول بەشداریی کردووە و لە گوندی ئۆمەرەگەدەی سەر بە شارەدێی قەرەحەسەن مامۆستای شۆڕش بووە، هەروەها لە ئۆردوگای سەراوگەرم لە سەرپێڵی زەهاو.
ساڵی 1982 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و کارگێڕی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، بۆ ماوەیەکیش لە دەنگی کوردستانی عێراقەوە بەرنامەی کاروانی شەهیدانی ئامادە و پێشکەش کردووە. لە ساڵی 1987 ەوە نیشتەجێی سوێدە و ماوەی 23 ساڵە زمانی کوردی دەڵێتەوە.
شیعر و چیرۆک و شانۆگەریی و کتێبی خوێندنگەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و سوێدی نووسیوە، هەروەها چەندین زنجیرەدرامای نووسیوە و لە رادیۆی کوردیی بەغداوە پێشکەش کراون.
لە کتێبەکەکانی:
- 1. شانۆگەریی ژان
- 2. شانۆگەریی تەرم
- 3. شانۆگەریی تاراوگە
- 4. خوێنهەڵات (شیعری پێشمەرگایەتی)
- 5. مینای چاوجوان (جیرۆک بۆ مێردمنداڵان)
- 6. گێلاس لە بەهاردا و چەند بەسەرهاتێکی تر لە کوردستانەوە (چیرۆکی منداڵان بە سوێدی)
- 7. ئەمە چییە چیی پێ دەڵێن، 1001 پرسیار بۆ مێردمنداڵان. وێنەکان: لێنا روسێلل.
- 8. رۆژ باش، کتێبی خوێندنگە بۆ فێربوونی ئەلفبێی کوردی. وێنەکان: ئێڤالۆتتا لیند، پێداچوونەوەی زمانەوانی: فەرهاد شاکەلی.
- 9. گەرمیان، کتێبی خوێندنەوەی کوردی، بە هاوکاریی: مەهاباد قەرەداغی و ئەمجەد شاکەلی، پێداچوونەوەی زمانەوانی: فەرهاد شاکەلی. وێنەکان: ئاشنا ئەحمەد دەوڵەت.
- 10. باوەگوڕگوڕ، کتێبی خوێندنەوەی کوردی، بە هاوکاریی: مەهاباد قەرەداغی و ئەمجەد شاکەلی، پێداچوونەوەی زمانەوانی: فەرهاد شاکەلی. وێنەکان: ئاشنا ئەحمەد دەوڵەت.
- 11. دیلان، کتێبی خوێندنەوەی کوردی، بە هاوکاریی: مەهاباد قەرەداغی و ئەمجەد شاکەلی، پێداچوونەوەی زمانەوانی: فەرهاد شاکەلی. وێنەکان: تالیب ئۆزمانی و ئێڤالۆتتا لیند.
- 12. کراسێکی گوڵنێرگز بۆ نازێ. وێنەکان: تالیب ئۆزمانی. پەخشخانەی: ئاراس.
بە زمانی کوردی و عەرەبی گوتار دەنووسێت و لە ماڵپەڕەکان بڵاوی دەکاتەوە.
ئێستا هەر لە سوێد دەژی و وەک مامۆستا و وەرگێڕ کار دەکات.