جەلاله مەلەکشا
ـ جەلاله مەلەکشا لە ١٩/٣/١٩٥١ زایینی لە گوندی مەلەکشای شاری سنە هاتوەتە دونیاوە.
هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە.
لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.
ـ جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە هەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.
ـ لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر هێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، لە ساڵى ١٩٧٨ى زایینى دەبێتە ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).
ـ پاشان لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ.
بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەک نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە راستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.
ـ ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و لەوێ سەرنووسەری گۆڤاری پرشنگ بووە کە پێنج ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
ـ شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و... وەرگێڕدراون.
ـ جەلال مەلەکشا لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات.
ـ دوو شیعری (هەتا لووتکە چەندی ماوە؟) (داستانی دارە پیرە) لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.
ـ بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیەى کورد ئێوارەى ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى ٣١/١٠/٢٠٢٠ى زایینى کۆچى دوایی کرد و بۆ سبەینەکەى بە ئامادەبوونى سەدان کەس لە خوازیاران و لایەنگرانى ئەدەبی و هونەر و شیعرى بەرگرى و نەفەسى ئەم شاعیرى گەورەیە، لە گوندى مەڵوەشان بەشدارى مەراسیمى بەخاکسپاردنى ئەم پیاوەیان کرد!