نەورۆز، لە دیدی (شاکر فەتاح)ـەوە
نووسینی: ڕێبوار حەمەتۆفیق
بەدرێژایی تەمەنی وتاری کوردی، لەڕووی ناوەرۆکەوە، کەم وتار هەیە لەسەر (نەورۆز) نووسرابێت و ئاوڕدانەوەیەکی فەلسەفی و لۆژیکی لە پرسەکە دابێتەوە.
یەکێک لەو وتارە نایابانەی لەم ڕووەوە ئامادەکراوە، ساڵی 1968 لەلایەن شاکر فەتاح (1914-1988)ەوە لە ژمارە (175)ی ڕۆژنامەی (ڕاپەڕین) بە ناوی (لە نەورۆزدا چی بکەین؟) نووسراوە.
کەم وتار هەیە هێندە ئەم وتارە، چێژبەخش بێت، تەنانەت بە وتارە بە ناوبانگەکەی (پیرەمێرد 1867-1950)یشەوە، کە وەک مانیڤێستی نەورۆز لە ساڵی 1939 و لە ژمارە (560)ی ڕۆژنامەی (ژین)دا بە ناونیشانی (نەورۆزی ئێمە چییە؟) نووسیوێتی.
شاکر فەتاح، وەک زۆربەی وتارە باوەکانی تر، درێژە بەو گفتوگۆیانە نادات کە لە ڕابردوودا دەربارەی نەورۆز کراون و لە نێوان ئەفسانە و مێژوودا، خوێنەریان بۆ بۆچوون و گریمانەکان بەجێ هێشتووە.
ئەم ڕۆشنبیرە دێت دەپرسێت (لە نەورۆزدا چی بکەین؟) بەم نێونیشانە وتارەکەی دەست پێدەکات و خوێنەر لەبەردەم ئایندەدا ڕادەگرێت و ڕوویان بەرەو ئاسۆی بیرکردنەوە پێ وەردەچەرخێنێت.
بەشێوەیەکی گشتی، ڕەهەندەکانی چییەتی جەژنی نەورۆز، زۆتر لە ڕووی فۆرمەوە بەرجەستەبووە تا ناوەرۆک. فۆرمی چوونە سەیران و لە بەرکردنی جلوبەرگی جوان و ئامادەکردنی خواردن، ناسنامەی نەورۆزیان دەستنیشان کردووە.
ئەگەر ئەم فۆرمە لە ڕێی نووسینی داڕشتن و وانەکانی سرود و هونەرەوە، هەر لە منداڵییەوە چووبێتە نەستی تاکەوە، گرنگیدانەکانی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ و هەوڵەکانی پیرەمێرد و زۆر بابەتی تریش، هەلی ئەوەیان ڕەخساندووە بۆ فرە جۆری چالاکییەکانی ئەم فۆرمە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا.
لایەنی کەم (لە باشووری کوردستان) هێشتا نەورۆز و یادکردنەوەکەی، لە دووکەڵی سووتاندنی دار و تایە و پڕبوونی دەشت و دەر لە سەیرانکەران ڕزگاری نەبووە و هەوڵی داهێنەرانە و ناوازەی چەند کەسێکی کەم نەبێت، هێشتا لەگەڵ ژیانی نوێی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا مانای وەرنەگرتووە.
ئەگەر ڕژێمی بەعس لە جەژنی دارودرەختداواتاکەی کورت کردبێتەوە، ئەوا لە دوای ڕاپەڕینەوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نەماوەتەوە کە مانا و ناوەرۆکی نەورۆز، نەگوازرێتەوە بۆ توێژینەوە و پرۆژە و بەرنامەی کارگێڕیی و هەمەلایەنە.
شاکر فەتاح لەم وتارەیدا، هەوڵی داوە لە دیدێکی کارگێڕییانە و بەو پێیەی سەرۆکی یەکەی ئیداری بووە، ئاوڕ لە نەورۆز بداتەوە و بیبەستێتەوە بە پرۆژەی کار و ڕەهەندی ئابوورییەوە، بۆیە داوا دەکات لە یادی نەورۆزدا (ئەو پرۆژانە بخرێنە کار کە کوردەواری لە گرانیی و نەخۆشیی و هەژاریی و نەخوێندەواری ڕزگار دەکەن.)
هەروەها ئەم هەلە بۆ ئەوە دەقۆزێتەوە کە هاوشێوەی مانگی ڕەمەزان، خەڵکی پەیوەندی لەنێوانیاندا توندوتۆڵتربێت و ڕوو لە یەکتری بکەن و لە ئاست بەرژەوەندی گشتییدا بیر لەوە بکەنەوە کە ژێرخانی ئابووریی ببووژێننەوە ئەویش بەوەی کە لەم ڕۆژەدا (خەمی هەژاران، پارەکۆکردنەوە و پیتاک بۆ دروستکردنی پرد و خانوو قیرتاوکردنی جادەکان، ئەرک و ئامانجی سەرەکی بێت.)
بەشێوەیەکی گشتی، شاکر فەتاح لەم وتارەدا، لە دوو ئاستدا خوێندنەوەی داهێنەرانەی بۆ مانای نەورۆز هەیە.
یەکەمیان: گواستنەوەی ماناکانی نەورۆز لە ڕابردووەوە بۆ ئایندە و دووەمیشیان: گواستنەوەی وانا لە هەست و تێگەیشتنی تاکەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و ڕەهەندەکانی تری وەک ئابووریی و کارگێڕیی.
واتە، لەبەری ئەوەی سەرۆکی یەکەی کارگێڕیی شارەکان بۆ ئەم یادە، بڕێک پارە خەرج بکەن و شەقامەکانی پێ بڕازێننەوە، با ئەم یادە بکەنە دەرفەتێک بۆ ئاوەدانکردنەوە و کۆکردنەوەی پیتاک و یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی کە کەمدەرامەتن یان بۆ ئەو پرۆژانەی کە حکومەت دەستی پێیان ناگات. خەڵکی نەمام بنێژن و ژینگە ڕابگرن، وەک لەوەی ژینگە پیس بکەن و دەشت و دەر وێران بکەن.
لەم ڕۆژەدا، هاووڵاتیان سەردانی یەکتری بکەن و گەردنی یەکتریی ئازاد بکەن، وەک لەوەی سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن و لە خزمانیان دوور بکەونەوە.
لەم ڕۆژەدا نەخۆش و هەژاران بەسەر بکرێنەوە نەک بکرێتە هۆیەک بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلی دەرەکیی و بەهەدەردانی پارەوپولی وڵات لە هێنانی هونەرمەندی بێگانە و سازکردنی کۆنسێرتی نامۆ بە کەلتووری ناوخۆ و داخستنی فەرمانگەکان و دادگا و بێبەشکردنی دەستی کاری هەزاران کەس لە کار.