داڕێژە:Chawram
میس بێڵ كێیەو ڕۆڵی چی بووە لەدروستكردنی عێراقدا؟ محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
خاتوو گێرتروود مارگرێت لوسیان بێڵ (14ى تەمووزى 1868 ـ 12ى تەمووزى 1926)، خانمێكی ئینگلیز بووە و نووسەر، گەڕیدە، سیاسەتمەدار، ڕۆژهەڵاتناس، شوێنەوارناس و سەر بە دەزگاى هەواڵگریى بەریتانیا بووە و كاریگەرییەكی هێجگار زۆری لە داڕشتنی نەخش و سیاسەتی ئیمپراتۆرێتی بەریتانیادا بە هۆی ئەو زانیاری و شارەزاییەوە كە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستیهێنابوو لە میانەی گەشت و گەڕانێكی چڕ و پەیوەندیی بەرفراوانی لە وڵاتانی میسۆپۆتامیا و شام (سوریای گەورە) و ئاسیای بچووك (توركیای ئەمرۆ) و نیمچە دوورگەی عەرەبداو بە زۆری بەوە ناسراوە كە لەگەڵ تۆماس ئێدوارد لۆرەنس (ناسراو بە لۆرەنسی عەرەب)ى هاوڕەگەز و هاوپیشەیدا یارمەتیدەری دروستكردن و دامەزراندنی مەملەكەتی هاشمی بوون لەو دوو وڵاتەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە عێراق و ئوردن ناسراون. ئەم خانمە بەریتانییە، كە زیاتر بە میس بێڵ و پاشان لە بەغدا بە خاتوون ناوبانگى دەركرد لە سەروەختی داگیركردنی ئەم وڵاتەی ئێستا عێراقە و پێشتر سێ ویلایەتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانلی بوو، لە ئاخر و ئۆخری جەنگی جیهانیی یەكەمدا لەلایەن بەریتانیاوە، لە سۆنگەی ئەو رۆڵە سەرەكییەوە كە گێڕای لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراقدا و بە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە جیاكار و دەوڵەمەندەی كە لە میانەی گەڕان و پەیوەندییەكانیدا دروستیكردبوون لەگەڵ دەمڕاست و سەرۆك هۆزەكانی ناوچە جۆراوجۆرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتیى عەرەبەكان. ئەم خانمە لە ماوەی ژیانیدا زۆر بەرز دەنرخێنرا و متمانەی پێدەكرا لەلایەن كاربەدەستە باڵاكانی بەریتانیاوە و دەسەڵاتێكی زۆر بەرفراوانیان پێدابوو وەك ژنێك لەو سەردەمەدا و بەوە وەسف دەكرا كە "یەكێكە لەو كەمە نوێنەرانەی حكوومەتی خاوەن شكۆی بەریتانیا كە لەلایەن عەرەبەكانەوە بە سۆز و خۆشەویستیی یادی دەكرێتەوە".
بێڵ لە 14ی تەمووزی 1868 لە ناوچەی دورهامی هەرێمی ئینگلاند لە بەریتانیا لەدایكبووە و لە خێزانێكی دەوڵەمەندا گەورە بووە، كەوا كاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە كۆمەڵـگەی ئینگلیزدا و هەر ئەم خوشگوزەرانییەش دواتر دەرفەتی گەشت و گەڕانی وڵاتانی بۆ دەستەبەر كردووە. باپیری یەكێك بووە لە سەرمایەدارە گەورەكانی وڵات و خاوەن كارگەی پیشەسازیی ئاسن بووە و لە هەمان كاتیشدا ئەندامێكی لیبراڵی پەرلەمان بووە و رۆڵی لە داڕشتنی سیاسەتی بەریتانیادا كاری كردووەتە سەر گێرتروودی كوڕەزای لە تەمەنی گەنجیدا كە بایەخ بە مەسەلە نێودەوڵەتییەكان بدات و پاشانیش مەراقی تیكەڵبوون بە سیاسەتی نێودەوڵەتی بكەوێتە سەر. سێر هیو بێڵی باوكی ماوەی چەندین ساڵ سەرۆك و كاربەدەستی گەورەی شار و ناوچەكەی خۆیان بووە و رۆڵی سیاسی و ئیداریی كاریگەر و بەرچاوی بووە. لە تەمەنی چوار ساڵیدا دایكی بە سەر لەدایكبوونی مۆریسی برایەوە دەمرێت. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوكی ژنی دووەم دەهێنێت و ئەم خانمە باوەژنەی كە ناوی فلۆرەنس بێڵ دەبێت و وەك ژنێكی نەریتی و موحافزەكاری سەردەمی ڤیكتۆریی كۆمەڵـگەی ئینگلیزی رۆڵێكی كاریگەر لە پەروەردەی ئەم دوو منداڵەدا دەبینێ و جیایان ناكاتەوە لەو سێ منداڵەی كە لە ژیانی هاوسەریدا لە باوكی گێرتروود دەیبێت. فلۆرەنس بێڵی باوەژن نووسەری شانۆیی و چیرۆكی منداڵان بووە و بێجگە لەوەش نووسەری توێژینەوەیەك بووە لە سەر كرێكارانی كارگەكەی بێڵ و رۆڵێكی گەورەی بووە لە پێگەیاندن و داڕشتنی بنەما رۆشنبیرییەكانی گێرتروودا و ڕەنگە هەر ئەمەش كاری كردبێتە سەر هەڵوێستی دواتری میس بێڵ لە پێشخستنی باری پەروەردە و فێركردنی ژنان لە عێراقدا.
گێرتروود خوێندنی مێژووی مۆدرێنی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد تەواو كردووە و بە ماوەی دوو ساڵ و بە پلەی شەرەف كۆتایی پێهێناوە و بە شێوەیەك لەڕادەبەدەر زیرەك بووە. هەرگیز لە ژیانیدا هاوسەرگیریی نەكردووە و ئەزموونێكی سۆزداریی سەرنەكەوتووی هەبووە و دوای كوژرانی دەزگیرانە ئەفسەرەكەی لە شەڕی گالیپۆڵی جەنگی جیهانیی یەكەمدا ئیتر خۆی بە تەواوی تەرخان كردووە بۆ چالاكییەكانی كە دواتر باسیان دێت.