کەریمی حیسامی

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٠:٠٤، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «عەبدولکەریمی حیسامی، ناسراو بە کەریمی حیسامی هەروەک بۆ خۆی لەبەرگی یەکی بیرەوەریەکانی دا دەڵێ: بابم بەپێی ڕەسمی پێشینیان ڕۆژی لەدایک بوونمی لەپشتی قورئانیکی دا نووسیبوو کەبەپێی ئەو نووسراوە من ڕێکەوتی 09-01-1926ی زایینی لەگوندی بەیرەمی سەر بەشاری مە...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

عەبدولکەریمی حیسامی، ناسراو بە کەریمی حیسامی هەروەک بۆ خۆی لەبەرگی یەکی بیرەوەریەکانی دا دەڵێ: بابم بەپێی ڕەسمی پێشینیان ڕۆژی لەدایک بوونمی لەپشتی قورئانیکی دا نووسیبوو کەبەپێی ئەو نووسراوە من ڕێکەوتی 09-01-1926ی زایینی لەگوندی بەیرەمی سەر بەشاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی جووتیاری هۆگری ئایین چاوم بەدنیا هەڵێناوە. بەمنداڵی لەلای میرزای ئاغای گوندی و چەند مەلایەکی ناوچەو هێندێکیش لەکن بابی، میرزا حامید کە گۆیا پیاوێکی خوێندەوار و بە سەللیقە و تێگەیشتوو بووە، دەرسی خوێندووە.

بەڵام پاشان بەهۆی نەداری و هەژاری بنەماڵە ناچار بووەدەست لەخوێندن هەڵگرێ ویارمەتی دەری بابی بێت بۆ بژیوی ڕۆژانە. لە ساڵی 1949 ی زایینی هەستی نیشتیمان دۆستی کێشاویەتەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەو پەڕی دڵسۆزی و لەخۆ بوردووییەوە تا ساڵی 1984 لەنێوریزەکانی ئەو حیزبەدا تێکۆشاوە.

ساڵی 1953 بەنوێنەرایەتی لاوانی کوردی کوردستانی ژێردەستی ئێران لەلایەن حیزبەوە نێردراوەتە فێستیواڵی چوارەمی لاوانی جیهان لە بوخارێستی پێتەختی ڕۆمانیا. ماوەیەک دوای هاتنەوەلەو سەفەرەلەلایەن ڕژێمی پەهلەوی وەگیراوەو بەسێ ساڵ زیندان حوکم دراوە. هەر لەکاتی بەندیخانەدا بەداخەوەباوکی و خێزانی ومنداڵەکەی مردوون و بۆ هەمیشە لە دیداریان بەشبڕاوبووە. دوای بەربوونیشی لەزیندان لەساڵی 1957 دا لەمەهاباد لەژێر چاوەدێری و نیشتەجێ بوونی زۆرەملی داڕاگیراوە. لەساڵی 1959 دا ڕوولەباشووری کوردستان دەکاو پاش ماوەیەک لەبەغدا دەگیرسێتەوە. ساڵی1960 بەپێی هەلومەرجی پێش هاتوو بەناچار ڕوو لەوڵاتی چێکوسڵۆڤاکیا دەکات و لەوێ لیسانسی زانستە کۆمەڵایەتیەکان لەزانستگەی پراگ وەردەگرێ. ساڵی 1964 دەچێتەوڵاتی بوڵغارستان و لەوێ دەبێتەوێژەری ڕادیۆ پەیکی ئێران.

دوای بەیانیەی یازدەی ئازار گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لەرێکخستنەوە و بوژاندنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکرات دا چالاکانەبەشدار بووە. کاک کەریم لەساڵی 1971 لەکۆنفرانسی سێهەمی حیزب دا بەئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵدەبژێردرێ و لەساڵی 1973 لەکۆنگرەی سێهەمدا دیسان دەبێتەوەئەندامی دەفتەری سیاسی و ئەرکی جێگری سکرتێریشی پێدەسپێردرێ.

دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تا ساڵی 1984 لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا درێژەی بەخەبات داوە، لەو ساڵەدا لەسەر ئیزنی دەفتەری سیاسی بۆ سەردانی منداڵەکانی بەسەفەر دەگەڕێتەوەئورووپا کەهەرلەوسەفەرەدا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوو بەبێ ئاگاداری پێشوی خۆی بەنامەیەکی چەنددێڕی لەلایەن دەفتەری سیاسیەوەلەحیزب وەلادەنرێ. دوو ساڵ پاش ئەوڕووداوەیانی ساڵی 1986 لە بوڵغارستانەوە ڕوو لەوڵاتی سوید دەکا و تا کۆتایی تەمەنی لەو وڵاتەنیشتەجێ دەبێت.

بەدوور خستنەوە لەحیزب و لێوەرگرتنەوەی بەرپرسیایەتیەکانی کاک کەریم دەست لە دیفاع لە گەلە ژێردەستەکەی هەڵناگرێ و ئەوجارە دەست دەداتە قەڵەم و بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکە نیشتمانیەکەی جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەردەمی نوێ بەدرێژایی پێنج ساڵان و نوسینی سەدان وتار وبەشداری لەسەدان کۆڕ و سمیناری تایبەت دا، بەنوسین و وەرگێڕانی سەرجەم 48 کتێب کەلەوانەیازدەبەرگیان بیرەوەریەکانی خۆیەتی، شوێنەوارێکی گەورەی مێژوویی و ئەدەبی بۆ بەرەکانی پاش خۆی بەدیاری بەجێ هێشتوە.

سەرئەنجام لەکاتێکدا کەبەشێک لە نیشتمانەکەمان تازەئازاد کرابوو دڵخۆشی و هیوایەکی گەورەی لەدڵدا پەیدا ببوو، کە ڕەنگ بو ببێتە هەوێنی زۆر هەنگاوی بەکەڵکی دیکە، بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و دڵە گەورەکەی لە سەعات دەوونیوی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی 06-10-2001 دا لەشاری ستۆکهۆلم پێتەختی وڵاتی سوید بۆ هەمیشە لەلێدان کەوت.

بەرهەمەکانی:

  • .کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئیران
  • .پێداچوونەوە (لەدەزگای ماردین لە سوێد چاپی کردووە)
  • .لە بیرەوەرییەکانم
  • .کۆماری دیموکراتی کوردستان یان خودموختاری
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1957-1965
  • .یادی هێمن ساڵی 1987
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1965-1970
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1970-1975
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1975-1979
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1979-1983
  • .لە بیرەوەرییەکانم 1983-1985
  • .سەفەرێ بۆ کوردستان (لە ستۆکهۆڵم - سوێد)
  • .گەشتێک بەنێو بیرەوەرییەکان (303 پەڕە)
  • .دیموکراسی چییە؟ (چاپخانەی موکریانی لە هەولێر 2001)

وەرگێڕدراوەکانی:

  • .دایک لە نووسینی مەکسیم گۆرکی
  • .ئازادی یان مەرگ لە نووسینی نیکۆس کازانتزاکیس
  • .نان و شەڕاب لە نووسینی ئیگنازیۆ سیلۆنێ.