شوکور مستەفا
نووسەری خامەڕەنگین و وەرگێڕی بەتوانا و زمانزانی لێهاتووی کورد، مامۆستا شوکور مستەفا عەبدوڵڵا (1926-2003) دەرچووی کۆلیژی شەریعە بووە و ماوەیەک مامۆستای زمانی عەرەبی بووە لە قوتابخانە ناوەندیی و ئامادەییەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی عیراق.
شوکور مستەفا ناسراو بە (مەلا شوکور) ساڵی ١٩٢٦ی زایینی لە گوندی مامەشەی ناحیەی قەرەحەسەن لە پارێزگای کەرکووک لەدایک بووە.
ساڵی ١٩٣٢ بە بنەماڵەوە لە شاری کەرکووک نیشتەجێ بوون و لەوێ خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی و ساڵی ١٩٤٩ لە کۆلیژی شەرعەی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و زامانەکانی کوردی، تورکی، فارسی و عەرەبی بە باشی زانیوە پێیانی نووسیوە و لەو زمانانەوە وەرگێڕانی کردووە.
پاشان لەبەر هەڵوێستی سیاسی زۆر جار لە کوردستان دوور خراوەتەوە بۆ خواروو و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق و دوای رێککەوتنامەی مێژووییەکەی 11ی ئاداری ساڵی 1970ی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، گوێزراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی و لە بەشی پڕوگرام و بەرنامە کاری کردووه.
لە ساڵی 1975یشەوە لە کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا دامەزراوە و کراوە بە ئەمینداری گشتی و رۆڵێکی باشی لە بەڕێوبردنی کاروباری لێژنەکانی کۆڕی زانیاریی کوردا گێڕاوە و گەلێک پەرتووکی بەنرخی لە زمانانی تورکی، ئازەری و عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و چاپ کراون.
کاتێک حکوومەتی ڕووخاوی بەعس لە ساڵی 1979 کۆڕی زانیاریی کوردی بە کۆڕی زانیاریی ئێراقەوە لکاند و ناوی نا کۆڕی زانیاریی عێراق - دەستەی کورد مامۆستا شوکوور کرا بە شارەزا لەو کۆڕەدا و بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی زمان و مێژوو و وێژەی کوردی بە نووسین و وەرگێڕانە سەرکەوتووەکانی لە زمانانی دیکەوە، ئەرکی نەتەوەیی خۆی بە جوانترین شێوە ڕاپەڕاند تاکوو ساڵی 1996 خانەنشین کرا و لە ساڵی 1997دا هاتەوە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر کرا بە سکرتێری کۆڕی زانیاریی کوردستان و دوای دروستبوونی کۆڕەکەش لە ساڵی 1998، دامەزراندنی و خزمەتێکی زۆری زمان و مێژووی کوردی کرد.
شوکور مستەفا پاش تەمەنێکی پڕ لە شانازی لە خزمەت بە زمان و ێژەی کوردی، لە 19/9/2003 لە شاری هەولێر بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دواییی کرد و هەر لەو شارەشدا نێژرا.
مامۆستا شوکوور مستەفا نووسەر و قەڵەمێکی زمانپاراو و کاریگەر، هاوکات وەرگێڕێکی لێهاتووی کورد بووه کە لە ژیانی وێژەییدا زنجیرەیەک پەرتووکی بەنرخی لە بواری وەرگێڕان و دانان پێشکەش بە پەرتوکخانەی کوردی کردووە کە ئەمانە بەشێکیانن:
1- قەڵای دمدم، نووسینی عەرەبێ شەمۆ، هێناویەتییە سەر شێوەی کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) و لە ساڵی 1975دا لە کۆڕی زانیاریی کورد چاپ کراوه.
2- کۆمەڵە تێکستی فۆلکلۆری کوردی، کۆکردنەوەی د. قەناتی کوردۆ، هێناوییەتە سەر رێنووسی ئەمڕۆی کوردی (ئەلف و بێی ئارامی) و ساڵی 1976دا لە کۆڕی زانیاریی کوردی چاپ کراوه.
3- سترانا زارگوتنا کوردییە تاریخی، کۆکردنەوەی ئوردیخانی جەلیل، کە هێناوییەتە سەر رێنووسی ئەمڕۆی زمانی کوردی و ساڵی 1978دا چاپ کراوه.
4- ڕۆمانی کوێر ئۆغلی، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوەکردوویەتییە کوردی و لە ساڵی 1979 چاپ کراوه.
5- ئەفسانەی شێخ بەدرەدین کوڕی قازی سیماونە، نووسینی نازم حیکمەت، لە تورکییەوە کردوویەتە کوردی و لە1981دا چاپ کراوه.
6- ڕۆمانی تەنەکە، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە کردوویەتە کوردی و ساڵی 1981دا لە بەغدا چاپ کراوه.
7- ڕۆمانی کاریتە، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە کردویە بە کوردی و ساڵی 1982 لە بەغدا چاپ کراوه.
8- ئەفسانەی چیای ئاگری، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە کردوویە بە کوردی و 1986 چاپ کراوه.
9- زەوی ئاسن و ئاسمان مس، نووسینی یەشار کەمال، لە تورکییەوە کردوویەیە بە کوردی و ساڵی 1989 لە بەغدا چاپ کراوه.
جگە لەم پەرتووکە بەنرخانە، چەند پەرتووکێکی دیکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی لەوانه:
1- مذکرات مامون بیک بن بیکەبیک، لە تورکییەوە لەگەڵ مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی کردوویانە بە عەرەبی و لە198دا چاپ کراوه.
2- تاریخ الامارة البابانیة، نووسینی حوسین نازم بەگ، لەگەڵ محەمەدی مەلا کەریم کردوویانەتە عەرەبی و ساڵی 2001 چاپ کراوه.
3- شیعر الشاعر الکردی عەبدوڵڵا گۆران، نووسینی حوسێن عەلی شانۆف، لە ئازەرییەوە کردوویە بە عەرەبی و ساڵی 1975دا بەغدا چاپ کراوه.[١]
- ↑ سەرچاوە:baskurd.