شێرکۆ بێکەس

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٨:٠١، ١١ی تەممووزی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەس بوو، و یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە شیعری ھاوچەرخی کوردیی دامەزراندووە. شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی مەیی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری '''سلێمانی''' لەدایکبووە. شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوکردەوە. ساڵی ١٩...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search

شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەس بوو، و یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە شیعری ھاوچەرخی کوردیی دامەزراندووە.

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی مەیی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. شێرکۆ یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوکردەوە.

ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.

ساڵی ١٩٨۷ لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسکی» پێ بەخشرا و شیعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا.

لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کەنەدا بوو.

لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» ی دامەزراند.

لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاک» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاپ درا.

شیعر

شێرکۆ بێکەس یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە

وەسیەتنامە

من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم.

با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسییەکەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێکەس» ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم. - شێرکۆ بێکەس