فەرهاد پیرباڵ
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ .
لە ساڵی 1961 لە هەولێر لە دایکبووە و لە 82 لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواوکردووە.
لە ساڵی 1984 چووەتە ڕیزی یەکێتی نووسەرانی شاخەوە، هەر لە ناو یەکێتی نووسەرانی شاخیش یەکەمین پەرتووکی چاپ کردووە کە شانۆنامەیەکە بە بە ناونیشانی ماڵاوایی وڵاتەکەم.
ئەو لەپێناو ئەوەی خزمەتی سەربازیی ڕژێم نەکات چووەتە ئێران، هەشت مانگ لە ئێران ماوەتەوە.
دوایی چووەتە ئەڵمانیا ئینجا دانیمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە بە زەمالەی حکومەتی فەڕەنسی کە لەلایەن ئینستیتیوتی کوردیی پاریسەوە دابەش دەکرا، چووەتە فەڕەنسا .
پیرباڵ مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1994 گەڕاوەتەوە کوردستان. هەفتەیەک دوای تەواوکردنی دوکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا لە ساڵی 1994 لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزراوە.
پیرباڵ کاتێک کە لە دانیمارک و ئەڵمانیا بووە وەکوو سەرپەرشتیاری بەشی ئەدەبی و وەکوو پەیامنێر و ئەندامی دەستەی نووسەران لە زۆر لە گۆڤارەکانی وەک خەرمانە و نودەم لە ستۆکۆڵم، یەکگرتن و دەروازە لە دانیمارک، هیوا لە پاریس وە هەروەها گەلێک گۆڤاری دیکەش وەکوو دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکان کاری کردووە، لە 1994 کە هاتووەتەوە کوردستان لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بەرپرسی لاپەڕە بووە، لە گۆڤاری وەرگێڕان سەرنووسەر بووە کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەردەچوو.
فەرھاد زۆرجار ڕەخنەی لە تێنەگەیشتنی کورد ھەبووە لەبەرامبەر کارەکانی، لە بەرنامەی کەوانەی سوور لە کەناڵی ڕووداو گوتی:(قەرەج شێتەکانی خۆیان فڕێ نادەن، بەڵام ئەنگۆ ئەمنتان فڕێ دایە) لە 14ی تەممووزی 2019، فەرھاد پیرباڵ ئاگری بەردایە ماڵی وەفایی،کە دەزگایەکی کتێبە، لەسەر قسەی خۆی ئەم کارەی کردووە لەبەرئەوەی مافی بەرھەمەکانی پێ نەدراوە.
بەھۆی ئەم کارەیەوە دەستگیر کرا و دواتر لەدادگا ئازاد کرا و لە 19ی کانوونی دووەمی2020، داوای لێبوردنی لە دەزگاکە کرد.
دواى ئەوەى لەساڵی 2017ەوە لە زانکۆ دەرکرابوو، بەپێی فەرمانێکى ئەنجومەنى وەزیران لە 28ی حوزەیرانی 2020، دووبارە لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرێندرایەوە.
فەرهاد پیرباڵ هەتا وەرزی یەکەمی 2009 چل و سێ پەرتووکی نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە.
یەکیک لە پەرتووکەکانی فەرهاد پیرباڵ بریتییە لە حەکایەتەکانی باوکم کە ڕۆمانێکی 450 لاپەڕەییە.
فەرھاد پیرباڵ سەرەتا لەگەڵ تەرزە جاف ھاوسەرگیریی کرد، لەگەڵ ئەودا کچ و کوڕێکیان بوو بەناوەکانی ڕۆدان و تنۆک. دواتر لە تەرزە جیا بوویەوە.
لە ساڵی2016 ھاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ ئالا دڵشاد کرد، کە دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی حەیاتە. ھەر لە ھەمان ساڵدا، لەگەڵ ئالا جیابوونەوە.