ئەوەی نایدرکێنین، ئایا خڵتەیە یان هەقیقەت؟

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٤:٣٧، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''سەردار حەمەڕەش''' وێنۆک بە پێی ووتی ڤیکتۆر هیگۆ (Victor Hugo)، ئەوەی کە نایدرکێنین، خڵتەیە. مرۆڤی سەرەتایی، پێش ئەوەی ئەدەب و هونەر و مۆسیقا و سەمای هەبێت، پێش ئەوەی زمان و نوسینی هەبێت، بە خۆ سورکردنەوە، بە ئیشارەت، بە هەڵبە...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

963.rd03.jpg

بە پێی ووتی ڤیکتۆر هیگۆ (Victor Hugo)، ئەوەی کە نایدرکێنین، خڵتەیە.

مرۆڤی سەرەتایی، پێش ئەوەی ئەدەب و هونەر و مۆسیقا و سەمای هەبێت، پێش ئەوەی زمان و نوسینی هەبێت، بە خۆ سورکردنەوە، بە ئیشارەت، بە هەڵبەزین و دابەزین و خۆ ڕاوەشاندن، بە هاوار و قیژاندن، هەست و نەستی خۆیان دەربڕیوە. هەر هەمان هەست و نەستن کە ئەمڕۆ بونەتە مۆسیقا، هۆنراوە و چیرۆک و تابلۆ و فیلم. کاتێک لە گێژاوی بیرکردنەوەدایە، چەندەها پرسیار لە ژیان، لە بوون، لە دەوروبەری دەکات، دەیەوێت بە پەیامێک، بە زمانێک، بەشکڵێک بگەیەنێت بە کەسانی دەور و بەری، بۆیە هەر لە مێژەوە مرۆڤ چەندەها زوانی ئەدەبی و هونەری داهێناوە، هەتاوەک و بتوانێت لەشێک بکات بە بەری ئەو بیرۆکەیەدا، بە بەری ئەو ڕۆحەدا، پەیکەرێکی پڕبە باڵای خۆی بۆ داتاشێت، هەتاوەک و ئەو شتەی کە پێی دەڵێن بیرۆکە و هێشتا لە ناو مێشکیدایە و نەبینراوە و نەبیستراوە، تەنها هەستی پێ کراوە، لەشێکی بۆ داتاشێت، بیکات بە شکڵێک، بە تەنێک، بە دەنگێک، بە مۆسقایەک بە وێنەیەک.

بیرۆکەکان دەکەین بە ووشە بە دەنگ بە سەما، پاشان بە ڕستە، بە تابلۆ، بە سەمفۆنیا، ئینجا بە هۆنراوە و چیرۆک و ڕۆمان و فیلم، لە هەر قۆناغێکدا رووبەڕوی قانون و بەربەست دەبینەوە، لە هونەری ئەدەبیدا خۆمان ڕوبەڕووی قانونی ووشە، ڕستە، زمان و شکڵی ئەدەبی دەبینەوە. خاوەنی بیرۆکەکە بە هەموو ئەم قۆناغانەد تێ دەپەڕێت و هەریەکەیان دەبنە بەربەستێک بۆ ئەو، کە بەو هۆیەوە هەرچەندە توانایەکی دەداتێ بۆ بە ماتریالکردنی بیرۆکەکەی بەڵام ناتوانێت هەموو بیرۆکەکەی وەک ئەوەی کە دەیەوێت پێمانی ڕاگەیەنێت.

بۆ ئەوەی لە مەبەستی نوسەرەکەش تێ بگەین، پێویستمان بە کاتە، دەبێت گوێ لە شیعرێک بگرین لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، سەیری فیلمێک بکەین لە ژورێکی تاریکدا هەتا کۆتایی، ڕۆمانەکە بخوێنینەوە هەتاوەکو لە باسەکە تێ بگەین، لە مەبەستی نوسەر تێ بگەین، ئەم هەموو بەربەستی ووشە و ڕستە و زمان و شکڵی ئەدەبیەش، بیرۆکەکەمان بۆ دەخاتە ناو قەفەزێکی داخراوەوە کە هزرمان تێیدا پەنگ دەخواتەوە، بیرۆکە دەچێتە ناو قەفەزی ووشەوە، ناو قەفەزی شکڵەوە، ناو قەفەزی وێنەوە، مۆسیقاوە. خۆ مەرجیش نیە ئەو تابلۆیە ئەو مۆسیقایە ئەو شیعرە ئەو ڕۆمانە بە تەواوی ببێتە ئاوێنەی ئەو بیرۆکەیە، یان ئەم وتارەی کە من ئێستاکە دەینوسم. خۆ هەندێک جار نوسەر خۆشی دان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە نەی توانیوە ئەوەی لە ناخیدا بوە، بی درکێنێت. نەگەیشتن بە ئامانجی دەربڕینی ئەوەی لە ناخماندایە هۆکارەکانی زۆرن، جگە لەوانەی کە باسمان کردن، وشە و ڕستە و زمان و بەربەست و قانونی شکڵی ئەدەبی، کە هەر یەکەیان بە پێی سەردەم و شوێن دەگۆڕێن و بەسەرتا سەپێنراون، لە هەمان کاتا بکەر یان نوسەری بیرۆکەکە هەتا چەندە شارەزا بوە لەو بوارەدا، هەتا چەندە بوێر بوە یان هەتا چەندە خۆی لەو گێژاوەدا دۆزیوەتەوە کە بتوانێت هەموو بەربەستەکان بشکینێت، هەتاوەکو وەک پەیامێک بە ئێمەی خوێنەری بگەیەنێت. کە دەشلێم خڵتە مەبەستم لەو بەشە نیە کە نەمتوانیوە دەریبڕم بە هۆکاری بەربەست و قانونی ئەدەبیەوە، یان توانای هونەریمەوە، مەبەستم ئەو بەشەی باسەکەیە کە نەم ویست یان نەموێرا دەری بڕم، یان زوانێکم نەدۆزیەوە کە شایەنی ئەوە بێت بیکات بە شکڵێکی هونەری.

کاتێک شەرابێکی تەمەن بیست ساڵانە دەکەیتەوە، خڵتەیەکی زۆر لەبنی بوتڵەکەدا دەمێنێتەوە، دەبێت ئاگاداربیت لەکاتی ڕۆکردنی دواهەمین پەرداخدا، خڵتەکەی ڕۆ نەکەیت. هەموو شەرابێکیش ئەو خڵتەیەی نیە. بەڵام شەراب شەرابە و مرۆڤ مرۆڤ، ناتوانین ئەو ڕاستیە بچوێنین بە سەر مرۆڤدا و بڵیین : کەواتە ، پێ دەچێت مرۆڤی بەئەزمون و بەتەمەنیش وەک شەراب ئەوەی کەنای درکێنێت و پیشانی نادات خلتە بێت.

دانێ پێدا دەنێم کاتێک ئارتور ڕامبۆم خوێندەوە، ووتم ئیتر هۆنراوە تەواو، لەبەر ئەوەی کە ڕامبۆ هێندە لە گێژاوی فکریدا دەخولایەوە، هێندە لەئەشکەنجەی هۆنراوە و بە توندی لە ژیاندا ژیا، بوێرانە توانی بە گژ هەمو قانونێکدا بچێتەوە، هەموو بەربەستێک بشکێنێت، زمانێکی شیعری بۆخۆی ئافراند، هەر بۆیەش لە تەمەنێکی زۆر زودا وازی لە هۆنراوە هێنا و سەری خۆی هەڵگرت. کەواتە ئەو بەربەستانە بۆ ئەوە بوون کە ئەو خڵتەیەت تێدا بمێنێتەوە، جا ئیتر ئەو خڵتەیە تۆ ناوی بنێیت پیسایی ئەوە ڕای تۆیە، ڕای ڤیکتۆر هیوگۆیە . من بە جۆرێک لە هەقیقەتی دەزانم.

ئەو کارە هونەریەی هونەرمەندی فەرەنسی مارسێل دوشا ( Marcelle de champs) کە ناوی ناوە ( کوفارە )، دەگدانەوەیەکی جیهانی هەبوو لە سەردەمی خۆیدا و هەتا ئەمڕۆش هەموو بیرمەند و فەیلەسوفەکان باسی دەکەن، وەک مۆنالیزای سەردەمی نوێ ناسراوە. وەک وەرچەرخانێکی نوێ دەبینرێت لە مێژوی هونەردا کە ناومان نا ستایلی ؛ Ready made، واتە؛ بەکارهێنانی شتێکی ئامادەکراو لەوە و بەر. ئەوەی تەنگژی دەنایەوە لەم هونەرە نوێیەدا ئەوەبوو کە خەڵکی پرسیاریان دەکرد : کوانێ هونەرمەند و دەوری هونەرمەند ؟ کوانێ دەست ڕەنگینی ؟ هونەرمەند وەک ئەو کەسەی کە توانای ئەوەی هەبێت پەیکەرێک داتاشێت یان کارێکی دەست ڕەنگینی بکات کە بینەر لە توانایدا نەبێت ئەوە بکات، بۆیە خەڵکی بە بنینی ئەو کارە هونەریە، بێزیان لە هونەر دەهاتەوە و دژی دەوەستانەوە. بەلام بۆ مارسێل دوشا، کارەکە گرنگ نەبوو بەڵکو بیرۆکەکەی گرنگ بوو، بۆیە ئەو وەک ئاررتور ڕامبۆ وازی لە وەزن و قافیە هێنا، هەرچەندە ئارتور ڕامبۆ بە پێی هونەری ئەدەب و شیعر ئیتر نەی دەتوانی لەوە زیاتر قانون بشکێنێت، بەڵام خاسیەتی هونەری شێوەکاری جیاوازە، هەلىژاردەکان زۆرتر و فراوانترن، دەتوانێت زیاتر ببێتە ئاوێنەی هزری مرۆڤ. مارسێل دوشا لەسەر ئەو بیرۆکەیە ئەو ئاودەستخانەیەی وەک هونەر پیشان دا، ووتی؛ ( ئەو کەل وپەلانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاریان ناهێنین دەتوانن ببنە پەیکەرێکی هونەریی )، هەرچەندە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئاپخانە بەکار دەهێنین، بەڵام مارسێل دوشا لە بازاڕی کۆنە فرۆشەکان ئەو ئاپخانەیەی دۆزیەوە، بۆیە مەبەستەکەی تۆزێک دوو فاق دەبێتەوە و چەندەها پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت، جگە لەوەی کە خەڵکی بە دوای دەوری هونەرمەندا دەگەڕان .

لە هونەری شیوەکاریدا بە پێجەوانەی هۆنراوە و چیرۆک و فیلمەوە، مرۆڤ پیویستی بە کات نیە، لە یەک کاتا بەلای تابلۆکەدا تێپەڕ دەبێت و هەموو تابلۆکە دبینێت، بۆیەکا هونەری شێوەکاری سەربەستە، بۆ نمونە تیپێکی مۆسیقای ئۆپێرا ناتونێت تڕێک لێبدات و بڵێت ئەوە مۆسیقاکەمانە، بەڵام هونەرمەندێکی شیوەکار دەتوانێت تەپاڵەیەک دابنێت لەسەر تابلۆیەک و بڵێت ئەوە کارێکی هونەریمە لەبەر ئەوەی کە بانگت ناکات بۆ ساڵۆنێک لە ژورێکی داخراودا هەتاوەک و گوێ بۆ مۆسیقاکەی، فیلمەکەی، ڕۆمانەکەی ، هۆنراوەکەی ڕاگری هەتا کۆتایی، لە یەک کاتا کە بەتەنیشتیەوە تێ دەپەڕیت، هەموو تابلۆکە دەبینیت، بۆیەکا هونەری شێوەکاری توانای جیاوازە.

بێگومان باسی هونەرمەندانی وەک لالە عەبدە ناکەم کە تابلۆکانی بۆ ڕازاندنەوەی سالۆنەکانن، من باسی ئەو هونەرمەندانە دەکەم کە کارەکانیان بۆ مۆزەخانەکانن، نەک بۆ مەبەستی بازرگانی و جوانیەکی ناسراو. هەرچەندە هەندێک مۆسیقار لە سالانی حەفتادا هەوڵیان دا، ئەوانیش وەک هونەری شیوەکاری ئەو ئازادیە بدەن بە خۆیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، یان جارێکیان تیپێکی شانۆ کاتێک بینەران دەگەنە ساڵەکە بۆ سەیری شانۆکە، هەر کە پەردە دەکرێتەوە، کەسێک کوتووپڕ دەقیژێنێت و هاوار دەکات بۆ ڕاچڵەکاندنی بینەران، هەر دوای ئەوە پەردەی شانۆکە دادەخرێت و دەڵێن ئەوە کۆتایی شانۆکەیە، بەڵام خەڵکی ناڕازی دەبن و داوای پارەی بلیتەکەیان دەکەنەوە.

بۆیە تەنها هونەرێک کە بتوانێت ئەو خڵتەیەت پێ هەڵهێنجێێتەوە هونەری شیوەکاریە لەگەل سەماکردندا، لەبەر ئەوەی کە هەوردووکیان دوو هونەری زۆر کۆنی مرۆڤایەتین، پێیان دەڵین هونەرە سەرەتاییەکان، وەک کاری لەشفرۆشی، کۆنترین هونەری مرۆڤایەتین.

کەواتە مەرج نیە وەک ڤیکتۆر هیوگۆ دەڵێت ئەوەی کە تێماندا دەمێنێتەوە و نایدرکێنین خڵتە بێت، پێ دەچیت هەقیقەتێک بێت زۆر لەهەقیقەت خۆی گەورەتر بێت، بەڵام ئەو خڵتەیە پیویستی بە زمانێکی زۆر ژیرتر و لێزانترە، جیاواز ترە، هەربۆیەش لەگەڵ کاتا مرۆڤ هونەری جیاوازی بەرهەم هێنا، لە هونەری شێوەکاریەوە هونەری فۆتۆگرافی و هونەری فیلمسازی و ڤیدیۆ و ...تاد، مان داهێنا هەتاوەک و بتوانین دوا خڵتەی بنی پەرداخەکەمان ڕۆبکەین. خۆ ئەگەر ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەردا خەڵکی بە هەزارەها لە بەردەم مۆنالیزادا چرکەی کامێراکانیان دێت، ئەوا لەسەردەمی خۆیدا وەک ئاودەستخانەکەی مارسێل دوشا، خەڵکی مۆنالیزایان بەلاوە گرنگ نەبوە و دڵگیر نەبووە، بەڵام کاتێک داڤنچی لە ئیتالیاوە دێت بۆ فەرەنسا بە سواری کەر، سێ تابلۆی بە شانەوە دەبێت یەکێک لەو تابلۆیانە مۆنالیزا بووە.

بۆ مارسێل دوشایش بە هەمان شێوە ئەو ئاپخانەیە یەکێک بوە لە گرنگترین کارەکانی، تەنها رەسمەکەی مابویەوە و کارە هونەریە ڕەسەنەکەی کە لەساڵی 1917 دا لە ئەمەریکا لە پێشانگایەکدا پیشانی دابوو لە ناوچوبوو.