قەڵای فەلەکول ئەفلاک
قەڵای فەلەکولئەفلاک
شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای لوڕستان، شاری خوڕەمئاوا.
قەڵای “فەلەکولئەفلاک” قەڵایەکی مێژوویی لە ناوەندی شاری “خوڕەمئاوا” لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم قەڵایە بە ناوی قەڵای “دوازدە بۆرجـ”ـیش دەناسرێت. “فەلەکولئەفلاک” لەسەر تەپۆڵکەیەکی زاڵ بەسەر خوڕەمئاوادا و لە نزیکی ڕووبار و لە ناوەندی شاردا هەڵکەوتووە و گرینگترین و بەرچاوترین میراتی مێژوویی و گەشتیاریی ئەم شارەیە. مێژووی دروستکردنی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی “ساسانییەکان” دەگەڕێتەوە.
“فەلەکولئەفلاک” لە درێژایی مێژوودا بە چەندین ناو ناسێندراوە کە بریتین لە: “دژی شاپوور خواست، قەڵای خوڕەمئاوا، دوازدە بۆرجی و کۆشکی ئەتابەکان و…”. ئەم قەڵایە لە سەردەمی قاجاڕەکانەوە بە ناوی “فەلەکولئەفلاک” زەوت کراوە.
پێشینەی ئەم قەڵایە بۆ سەردەمی “ساسانییەکان” دەگەڕێتەوە. ساسانییەکان شارێک بە ناوی شاپوور خواستــیان لە نزیکیی ناوچەی هەنووکەیی خوڕەمئاوا دروست کرد کە دواتر وێران کرا و لە دەوروبەری سەدەی حەوتەمی کۆچی، خوڕەمئاوای ئەمڕۆ لە جێی ئەو بونیاد نرا. گومان دەکرێت کە قەڵای فەلەکولئەفلاک هەمان دژی “شاپوور خواست” بێت کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا کارکردی حکوومەتی و نیزامیی هەبووە.
ئەم قەڵایە لە بواری شوێنگەی ستراتیژیکەوە لە سەدەی چواری کۆچی مانگی، وەکو ناوەندی حکوومەتی “ئالێ حەسەنویە و گەنجوەر” لە سەردەمی “ئالێ بوویە”دا دیاریکرا. لە ڕابردوودا ئەم قەڵایە ئەم کارکردانەی هەبووە؛ “خەزێنەی حکوومەتی بنەماڵەی بەدر لە سەدەی چوارەمی کۆچی؛ ناوەندی حکوومەتی ئەتابەکانی لوڕی بچووک و والییانی لوڕستان لە سەردەمی سەفەوییە تاکو قاجاڕ؛ پادگانی نیزامی و زیندانی سیاسی لە سەردەمی پەهلەویی یەکەم و دووەم”.
ئەم میراتە بەنرخە، ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ئەرتشەوە ڕادەستی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری ئەوکاتی “ئێران” کرا. دواتر و لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لەم قەڵایەدا مۆزەیەکی خەڵکناسی کرایەوە و کرا بە مۆزەخانە.
مۆزەخانەی فەلولئەفلاک لەنێو قەڵاکەدایە و لە سەردەمی پەهلەویدا چالاکیی خۆی دەست پێکرد، بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران (ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی) چالاکییەکەی ڕاوەستا. ئەم مۆزەخانەیە دوای شەڕی (ئێران و عێراق) و لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا چالاکیی خۆی دەست پێکردەوە. هەروەها لە ساڵەکانی ٨٥ و ٨٦ و ٨٧ی هەتاویدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بودجەوە، داخرابوو. لەم مۆزەخانەیەدا زیاتر لە ٥٠ ئاسەواری مێژوویی دەپارێزرێت.
سازکردنی بینا لەسەر گاشەبەرد و زاڵ بەسەر دۆڵی مێژوویی خوڕەمئاوا، هەروەها ڕەوانبوونی کانیی پڕئاوی گوڵستان لە داوێنی باکووریی تەپۆڵکەکە لە گەوشینە گرینگەکانی ئەم قەڵایەیە. لەلایەکی ترەوە نزیکیی ئەم قەڵایە لەگەڵ ئەشکەوتی “دەڕە گەرمـ”ـی خوڕەمئاوا و میراتە مێژووییەکانی تری وەک “منارەی ئاجۆری، پردی شاپووری و گردابی بەردی و…”، گرینگیی ئەم قەڵایەی چەند هێندە کردووە.