قەڵای سام
شوێن؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگای ئیلام، شاری چرداوڵ.
پارێزگای ئیلام ناوچەیەکی خۆش ئاو و هەوا و چوار وەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە سەردەمی کۆن ئاسەوارێکی زۆری لێ بەجێ ماوە.
قەڵای سام یەکێک لە قەڵا مێژووییەکانی ئیلامە کە لە شاری “چرداوڵ” هەڵکەوتووە.
قەڵای سام لەڕاستیدا گۆڕەپانێکی مێژووییە کە لە نزیک گوندی “چم بور” هەڵکەوتووە و لە نزیکیدا دارێکی چناری ٥٠٠ ساڵە بوونی هەیە.
ئەم قەڵایە لە سێ بەشی پەیوەندیدار پێکەوە کە مەوادایەکیش لە نێوانیانە پێکهاتووە و هەندێک بەڵگەی مێژوویی باس لەوە دەکەن؛ کە لە کۆتایی سەردەمی پارتەکان و سەرەتای سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە.
ئاسەوارناسان باس لەوە دەکەن؛ “ئەم قەڵایە میعمارییەکی نیزامی و بەرگریی هەیە. قەڵاکە لە سەختترین بەرزییەکانی کێوەکە سازکراوە و چێکەری سەرەکیی ئەو قەڵایە بە سەرنجدان بە شوێنگەی سروشتیی ڕەوەزەکان، ژوورەکان و دەرگاکانی ئەو قەڵایەی ساز کردووە.
بەگشتی تەلارسازی قەڵاکە بە شێوەی تەلارسازی سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە.
لە بەشی باشووری ڕۆژاوای ئەم قەڵایە ئاسەواری ئاگردان دەبینرێت کە لە سەردەمی هێرشی عەرەبەکان وەکوو مزگەوتیان لێ کردووە.