داڕێژە:ههڵبژاردهی سێیهم
گۆران و ئەرکی شیعر
نووسینی: د. حەمە نوری عومەر کاکی
سکولی زمان / بەشی کوردى
پێشەکی :
شیعرى لیریکی پانتاییەکی گەورە و فراوانی لە دنیاى ئەدەبدا داگیر کردووە ، لەشیعرى کلاسیکیی کوردیدا ، وەک ئەدەبی نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکان ، ئەم جۆرە شیعرە گەلێک ئەرک وپەیامی جۆراوجۆرى لەئەستۆ گرتبوو ، ئەرکی شیعر لە کلاسیکدا ، ئەرکێکی گران و فرە ڕەهەند بووە ، شیعر مێدیایەک بووە بۆ خۆى . شاعیر بە شیعرى لیریک مێژووى دەنووسییەوە ، زانستە بەرجەستەییەکان و زانستی ئاینی و کۆمەڵایەتی و مێژوو و.....هتد ، لەدووتوێی شیعردا دەنووسرانەوە . ئەوگۆڕانەى لە شیۆازى شیعری نوێدا ڕوویدا ، تاڕادەیەک لاى هەندێک شاعیرى داهێنەر ، ئەرکی شیعریشی دەگرتەوە ، لە شیعرى نوێی کوردیدا ئەم دیاردەیە واتە گۆڕانی ئەرکی شیعر ، لاى شاعیرە ڕۆمانسیزمە نوێخوازەکان بەتەواوى دەبینرا ، بەتایبەتی لەڕێچکەى دووەمی شیعرى نوێی کوردیدا ، کە (گۆران 1904 -1962 ) سەردەستەى ئەو ڕێچکە و ڕێبازە نوێیە بوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە ، لەڕوانگەى چەند سەرنج و تێبینییەکەوە سەبارەت بە بیۆگرافیاى گۆران ،ئەرکی شاعیر و ئەرکی شیعر لاى گۆران ڕوون دەکاتەوە ، بەهیواى ئەوەى ببێتە دەروازەیەک بۆ توێژینەوەى ئەرکی شیعرى لە لاى شاعیرانی شوێنکەوتووى ڕێچکەى گۆران و شاعیرانی دیکەش . لەم لێکۆڵینەوەیەدا ڕێبازى شیکاریی دەق بەگشتی و لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆجییەوە بەپێی پێویست ڕێبازى شیکاریی دەروونی بۆ شیکردنەوەى هەندێک دەقی شیعرى ( گۆران )بەکارهێنراوە . لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا بەچەندخاڵێک ئەنجامە گرنگەکان دیارى کراون ودواتر سیستێمی کۆد (* )بۆ پەراوێزەکان وئەوسەرچاوانەى کەڵک وسودیان لێوەرگیراوە ، پێڕەوىکراوە .