رازی- سابیر سەعید شوکری

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٨:٤٩، ٣ی ئازاری ٢٠٢٢ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە «وێنۆک شاعیر لە دیوانەکەیدا خۆنووسی کردووە و دەنووسێت: (ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیەی لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەوێ، زادەی مێشک و دڵمە، هەروەها بەرهەمی پێگەیشتووی پلە بە پەلی ئەم ژیانەمە. لە بواری وێژەدا هەنگاوم ناوە بەپێی توانام بەم جۆرە دام...»ەوە)
Jump to navigation Jump to search
Profile 61.jpg

شاعیر لە دیوانەکەیدا خۆنووسی کردووە و دەنووسێت: (ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیەی لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەوێ، زادەی مێشک و دڵمە، هەروەها بەرهەمی پێگەیشتووی پلە بە پەلی ئەم ژیانەمە. لە بواری وێژەدا هەنگاوم ناوە بەپێی توانام بەم جۆرە دامڕشتوون. ئەگەرچی گشتیان قۆناغی ماندووێتیم پێوە چەشتوون، هەریرکر بەپێی بەهرە و بوونی ڕەخساودا گوتراون، بەڵام لە ناتەواوی خاڵی نین، وەنەبێ خوانەخواستە لە بڵاوکردنەوەیان پەلەم کردبێ. دیارە باوەڕی پتەوم بەو پەندە کوردییە هەیە، کە دەڵێ: هەڵەشەیی و پەلەکردن پەشیمانی لە دوایە. من ئێستە خۆم بە پەشیمان نازانم چونکە بڕوام بە سەرهەڵدان و مانەوەی هۆنراوەکانم هەیە.

ئاشکرایە هۆنراوەکانم وەک خۆم سینگیان فراوان و ملکەچن، بۆ ڕەخنە. ڕەخنەیش ڕەخنەیەکی دروستکار، کە گیانی ڕاهێنان و بیری پێشکەوتنی تێدا بێ. سەرلەنوێ وا بکات بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و بژاری بکات. بەرە بەرە وازیان لێ بهێنێت. وشەی ناسک و لەبار و گونجاوتر بکاتە دروشمی بەرهەمی داهاتووی با ئەوەیش لە یاد نەکەین ڕەخنەی ڕووخێنەر دەبێتە مایەی پەشیمانی و وازهێنان لەو ڕێبازەی، کە ئەو گرتوویەتی. ئەمەیش لە بازاڕی وێژەدا بە کاری ناڕەوا و دڵ ساردکردنەوە دادەنرێت. هەمیشە تۆوی ڕق و قینە و دواکەوتویی دەچێنێت، ڕێبازی وێژە بەرەو دواوە دەبات.

لە شیعردا جار جارێ پێڕەوی کردنم گرتووە نەک لاسایی کردنەوە، بەتایبەتی پێڕەوی شاعیرە بەنرخەکانی وەک (خەیام، مەولەوی) و چەندانی تر. گیانی هۆنراوە بەهرەیە، ئینجا خوێندنەوە، یان شیکردنەوەی ناوەرۆکە. لەم ڕووەدا چەند هۆیەک دەروازەی شیعر گوتنی بۆ واڵا کردم و پاڵی پێوەنام: وەک دڵگیری دیمەنی دڵڕاکێشی چیا و دۆڵ و لالەزار و ئاوی سازگاری خاکیی نیشتمان، هەوای خۆش و شەپۆلی لارولەنجەی هەست بزوێن، هەروەها نازی شۆخانی خەم ڕەوێن بوونە هۆی بناغەی نووسینم. لەگەڵ دڵبەند بوونم بە هۆنراوەی چەندان هۆنەری کۆن و نوێ، وەک شاعیرانی (نالی، سالم، گۆران، ناری، ...) هەروەها زۆری تری وەک هێمن و پیرەمێرد و ئەوانی تر.

زۆر ئارەزووی هۆنراوەی نوێم لە دڵدا بوو، بەڵام سروشت ئەو ڕێگە و ڕێبازەی پێ چەسپاندم و گۆڕی. لەو دەمەی کە خولیای هۆنراوەی جووڵاندم ناسناوی ڕازیم بۆ خەم هەڵبژارد، لێرەدا خۆناساندن پتر دێتە بەرهەمەوە، پێویستە کورتەیەک لە ژیانم باس بکەم: ناوم سابیر کوڕی سەعید کوڕی شوکرییە، لە ساڵی 1937دا، لە شاری سلێمانی گەڕەکی مەڵکەندی هاتوومەتە دنیاوە. ژیانی منداڵیم ئەوەندە شێواو و بزڕکاوە، تاڵ و تفت بووە، هەرگیز بۆ ئەوە ناشێ باسی لێوە بکەم یان لێی بدوێم.

پلەی خوێندنم، لە کام فێرگە یان کام قوتابخانەی ئەم شارە پان و بەرینەدا خوێندوومە، دەبێ بڵێم نەخێر لە فێرگە و هیچ قوتابخانەیەک نەمخوێندووە. بێبەش بووم لێیان لەبەر ئەوەی ژیانی منداڵیم هێندە ناساز بوو، تەنانەت لە خوێندن و قوتابخانەیشم کاری کرد. تەنیا دڵسۆزێکم نەبوو کە خەمخۆری ژیانم بێت، نەخوازا کاتێ گەورەبووم هەستم بە هەژاری و جێماوی خۆم کرد، بەڵام باری گوزەران ڕێگەی قوتابخانەی گرتبووم، نووزەی لێ بڕیبووم ناچار خۆم بووم بە مامۆستای خۆم. دواتر لە ساڵانی 1953 – 1954 بە گەرموگوڕی گەڕامەوە خوێندن و نووسین پێشوازیمی لێ کرد.)

شاعیر لە مێژووی 09-08-2015 دا، کۆچی دوایی کردووە.