نامەی کچێکی کۆبانێ بۆ خۆشەویستەکەی.

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٢٣:٣١، ١٦ی ئازاری ٢٠٢٢ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search
22283.jpg

سڵاڤ دڵۆ

ئەز لە مێژە تۆم نەدیوە، شەڕ شەکەت ماندوی کردوم و پرچەکانم پیس و چڵکن ،جلو بەرگم دڕاو و تۆزاوی، دەمێکە خۆم نەشتوە دەترسم بمبینی وەکو جاران خۆشت نەوێم ،هێند بۆنی باروتم لێدێ ئەڵێی لەوەتای هەم لە شەڕدام ،هێندە فیشەکم تەقاندوە بەڕووی دوژمناندا پەنجەکانم دێشێ،بەڵام ئاسودەم تۆ ماویت ئاسودەم نایەڵم یەک دوژمنم هەنگاو بێنێتە شارەکەم ،دڵۆ ئەز لەمێژە تۆم نەدیوەبە...ژماردن لەوانەیە سی چل ڕۆژێک بێت،بەڵام بە حەقیقەت هەست ئەکەم ،چەند ساڵانێکی دورو درێژە تۆم نەدیوە ..

ئای چەند بیرت ئەکەم خۆشەویستەکەم ،وا هەست ئەکەم دورترین کەسی دنیای .خۆزگە ڕوخسارە تەپۆتۆزاوییەکەتم دەبینی ڕیشە چڵکن و جل و بەرگە دڕاو شڕەکانت دەبینی تا تێر تێر بۆنم بکردیتایە وتوند ئامێزم دەگرتی ،دەزانم تۆش وەک من شەڕ شەکەت و هیلاکی کردویت جانی جانم،من لێرەم لە تەنیشت خانوە ڕوخاو و باغچە سوتاوەکان لە تەنیشت سەنگەرەکانی مەرگ، شار بۆنی لاکی بۆگەنی دوژمنانی لێدێ،درەختەکان وشک بون ،ئینجانەکان هەمووی وردو خاش بوون، کانییەکان هەمووی خنکان لە تینوێتیدا ،وەک توێنتی من بۆ تۆ ،خۆزگە دەتزانی لەگەڵ تەقاندنی هەر فیشەکێک چەند دڵم لات،ە دەترسم تۆ شەهید بیت و نەدبینمەوە دەترسم ،لە مەرگ ناترسم بەڵکو لە نەبینینەوەی تۆ دەترسم ، ئەوەتابەرامبەر گەورەترین دوژمنی خۆم و خاکەکەم ،مەرگ هەموو کاتێک لە تەنیشتمەوەیە مەرگ سێبەرێکی قێزەونە دەستی خستۆتە هەموو جومگەکانی شارم .

سێبەرێکە بەدوامانەوەیە،پێ ناچێت تا ئەبەد تۆ ببینمەوە ،نا پێناچێت هەتا شەڕ هەبێت تۆ دور دهبیت و منیش دوور،نازانم تۆ لە کوێیت لە کام سەنگەری بەرگریدایت! بەڵام لە هەر کوچەو کوڵانێکی ئەمشارە بیت خۆشم ئەوێیت و بیرت ئەکەم،لە هەر شوێنێک هەناسەبەیت تۆم لە بیرە ئازیزەکەم ،دڵنیابە دڵم لاتە و بیرت ئەکەم ،ببورە کە ناتوانم بت بینم یەک خولەک لە بێ ئاگایی دەبێتە گەورەترین کارەسات بۆ خۆم و وڵاتەکەم ، ئێستا شوێنی یادگارییەکانی هیچی نەماون هەموو شەڕ ڕاپێچی کردن و ڕوخان بوون بە غوبار وتەپو تۆز ،بۆیە نازانم لە کوێم وپێت بڵێم کوێ ،هیچ شوێنێکی ئەم شارە ناناسرێتەوە هەتا بڵێم لەوێم ،هەموو شوێنەکان گۆڕان و شوێنی یاد ویادگاریییەکان خاپورکران ،شەڕ سەرەپای کرد بە وێرانە ،تازە ناتوانین شوێنەکان بناسینەوە دوای شەڕیش،تەنانەت ماڵی خۆشم نازانم لە کوێی ئەم شارەدایە..

شەڕ هیچی نەهێشت ،نە هاوڕێ ما و نە خزم و کەس وکار زۆریان شەڕ کوشتنی و شاریان جێهێشت ،بەڵام خۆشەویستم ،دڵخۆشم کە لەسەر زێد و شوێنی لەدایک بونم شەهید دەبم ،زۆر جار بیردەکەمەوە دەڵێم مرۆڤ یەک جار دەمرێت ،باشترین وجوانترین مردن ئەوەیە لەسەر نیشتمانی خۆت شەهید بیت،چەند جوانە شەهید بوون.

بەڵام نەمدەتوانی تەرمی تۆ ببینم نەتۆش ،کێ دەزانێت دوای تەواو بوونی ئەم نامەیە نامرم ،کێ دەزانێ تۆ فریا دەکەویت ئەم نامەیەی من بخوێنیتەوە،هەر کە س ئەم نامەیە ببینێت دەزانێت لە ناخۆشترین و سەخترین و دژواترین کاتە تۆم هەر خۆش ئەوێ ..بۆیە شەڕی ئێمە دەبێت شەڕی مان و نەمان بێت .من دەزانم من کەم دەژیم .تۆش هەروا..ئەو مرۆڤانەی کە بەراستی نیشتمانیان خۆش دەوێ زۆر ناژین،زوو دەمرن ،بەڵام جوانترین مێژوو لە ژیانیاندا بەرپا دەکەن و دەنوسنەوە بۆ مێژوو.باوکم شەهید بوو دوو خوشک و برایەکم ،تەرمەکانیانم بەدەستی خۆم بەخاکم سپاردن هەر لێرە .

چەند خۆشە لێرە بمرم ،تۆش لێرە بمرە ئازیزم لێرە ،لێرە مردن و شەهید بوون جەند جوانن ،کە باوکم خوشک و براکانم مردن نەگریانم بەڵێ نەگریام نەگریام ئەوان لێرە مردن ،بۆیە نەگریام ،بەڵام دەزانم تۆ شەهید بیت من دەگریم ،زۆر دەگریم .دەزانم لەوانەیە بۆ ئەبەد ژیر نەبمەوە ،چەند جوان بوو پێش شەڕ چەندەها خەونی پێکەوە بونمان هەبوو چەندەها خۆزگەمان هەبوو،شەڕ نەی هێشت دوژمن ویستی من و تۆ و نیشتمان داگیر بکات ،ویستی هەموو خەونەکانمان زیندەچاڵ کات...

بیرت ئەکەم .

ئەمشەو دنیا ساردەزۆر سارد ،من لە پێشەوەی بەرگریدام .خۆم چەند هەڤاڵێکی ترم ،کە زۆر لە هەڤاڵە خۆشەویستەکانم چەند شەوێک پێش ئێستا گیانیان سپارد ،هاوڕێکانم وەک من وان ئەوانیش لە فرسەتێک دەگەڕێن نامەیەک بنوسن بۆ خۆشەویستەکانیان،سەرمامە برسیمە بەڵام هیچ کات هەست بەم ئازارانە ناکەم دڵم لای تۆ و نیشتمانە ،نازانم تۆ لە کوێیت .

دەترسم خۆشەویستی من ،وەکو من پەرێشانی کرد بیت ،بیر کردنەوە لە من ئازارت بدات ،ئای چەند دڵتەنگم کە تۆ ئازارت هەبێت ،ئەترسم وەک من سەرمات بێت ،لێم نزیک بویتایە گیانی خۆمم دەسوتاند تا تۆ جەستەت گەرم بێتەوە،من زۆر بیرت ئەکەم هەموو کات دڵم لاتە دڵۆ.دەستم لەسەر بەلەپیتکەی تفەنگە ژەنگاوییەکەمە ،لە وە دەترسم هێرشمان بۆ بکرێت ،ڕوناکییەک لە بەر ئێمەوە دیارە کە دوژمنەکان لە ئامادە باشیدان بۆ سەرمان ،بەڵام بێغەم بە ،من هەتا خوێن لە لاشەمدا بجوڵێت شەڕ دەکەم لە پێناو خاک و نیشتمان وخۆشگوزەرانی ئێوە..ببورە نەتوانم نامەکە تەواو بکەم دەنگی تەقە هات....


سەرچاوە: نەزانراو