داڕێژە:Chawram
میدیای خەواڵوو و نیشتمانێکی دڵشکاو نووسینی: هۆمەر نۆریاوی
کورد بۆ پتر لە 25ساڵ دەچێت کە بۆ خۆی ئەو توانایەی دەست کەوتووە خۆی خودانەتی کەناڵێکی سەتەلایتی بکات یان بە واتایەکی دی،بۆ خۆی خاوەنی کەناڵی سەتەلایتی بێت(مەد تێ ڤێ،کۆتاییەکانی 1995ی زایینی). کەچی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە هەست بە پلانێکی وردی نەتەوەیی لە نێو هیچ کەناڵێکی کوردیدا ناکرێت. ڕۆژانە بە بەرچاو هەموومانەوە گوند و شار و شاخ و داخمان دەکەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی ناحەزانمان کەچی کەناڵەکانمان، جەماوەر هەر بە دراما،فیلم و ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانی وڵاتانی تا سەر ئێسقان دژە کورد و لە ڕاستیدا کوردکوژەوە لە خەو دەکەن. کەناڵێکی وڵاتانی سەردەستم بۆ دەستنیشان بکەن تاقە بەرنامەیەک لەسەر ئەم گەلە بندەستە بڵاو بکاتەوە و ئەو ویژدانەی تێدا بێت ڕاستینەکانی ئەم نەتەوە ژێردەستە وەک خۆی بخاتە بەردیدەی بینەر و بەردەنگەکانی و تۆسقاڵە باسێک لەسەر مافە ڕەواکانی بێنێتە ئاراوە.
ئەوەی ئەوان لەسەر ئێمە پیشانی بینەر و بەردەنگی خۆ دەدەن،ڕاست پێچەوانەی واقیعە و سەد هێندە تاڵ و تفتترمان دەکات بەڵام میدیای ئێمە ،ئەوەندە بەردەنگی خۆی خاسما توێژی گەنجی خوێندەواری گەمژاندووە هەتا لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەستەمووڵ ،تاران و قاهیرەدا دووی خەونەکانی بکەوێت.
تکایە بۆ ساتێکیش بووە هەڵوەستەیەک بکەن و لەمە زێتر خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن. کاتێک ئاستی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری نێوان ئێمەی کورد و ناحەزانمان هەر بەراوەرد ناکرێت و حسێبی سەرە دەزوویەکیشمان بۆ ناکەن و تەنیا یەکلایەنە وەبەر بۆردمانی میدیاییمان دەدەن،ئیدی ئەم هەموو ملکزکردن و نوشتانەوەیە بۆ؟!