جەعفەر عەبدولواحید ئەحمەد
ساڵی 1943 لە کۆیە لەدایکبووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لەشاری کۆیەو کەرکوک تەواو کردووەو ساڵی 1971 لە زانکۆی موستەنسرییەی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا وەرگرتووەو دواتر لە شاری هەولێر وەک مامۆستایەکی لێهاتووی ئەو بوارە خزمەتی کردووە.
شەهید جەعفەر هەر لەمنداڵییەوە هەستێکی کوردایەتی بەرزو رۆحێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخوازی تیا بەدیدەکرا.
لە زۆربەی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانی خوێندنگەکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
ساڵی 1956 لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی ئەو سەردەمەدا بۆتە ئەندامو پاش ماوەیەکی کەم لە رێکخستنەکانی پارتی-دا دەستیداوەتە کاری سیاسی.
ساڵی 1964 پەیوەندیکردووە بەهێزی پێشمەرگەوەو وەک کادرێکی سیاسی و عەسکەری درێژەی بەخەبات داوە.
ئەم لاوە رۆشنبیرە دڵسۆزە دواتر لە ریزەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا فیداکاری زۆری نواندو ئاستی رۆشنبیریی و هوشیاریی سیاسی و ئایدۆلۆجییەکەی قوڵتربوونەوە.
ئەو کاتەی کە لە بەغداش خوێندکاری زانکۆ بوو، دۆستایەتی لەگەڵ شەهید شیهاب-دا پتەوترکردو لە سەرەتای دامەزراندنی (کۆمەڵه)دا شەهید جەعفەر یەکێک بوو لە هەڤاڵە دیارەکانی ئەو رێکخستنە نهێنییەو هێندەی نەبرد بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان رێکخستنەکانی شاری هەولێریشی رووبەڕووکرایەوە.
شەهید جەعفەر وەک سەرکردەیەکی کارامە گەلێک کادری دڵسۆزو لێهاتووی پێگەیاند.
لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلولو کاتێک ئەرکە مێژووییەکان رووبەڕووی کۆمەڵە بوونەوە، شەهید جەعفەر رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە داڕشتنی بڕیاری بەجێو فراوانکردنی دەنگی ناڕەزایی دژ بەسیاسەتە فاشستییەکانی رژێمی بەغدا.
پاش ئاشکرا بوونی ئەڵقە سەرەکییەکانی کۆمەڵە لەلایەن دەزگا جاسوسییەکانی رژێمەوە، شەهید جەعفەر یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەی کە فەرمانی گرتنی دەرچوو، بۆیە هاوڕێ لەگەڵ خاڵە شیهابو چەند هەڤاڵێکی تردا بۆ خۆدەربازکردن چوونە ئێران تا لەوێوە بگەنە لای هەڤاڵانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەرەوەی عێراق، بەڵام رژێمی شای ئێران دەستگیریکردنو سەرەتای ساڵی 1976 تەسلیمی عێراقی کردنەوە، شەهید جەعفەرو هاوڕێکانی لە زیندانەکانی عێراقدا نموونەی خۆڕاگریی و هەڵوێستبەرزیی بوونو سەروەرییەکی وایان تۆمارکرد کە لە مێژوودا نموونەی کەمە.
ئەم رۆڵە جوامێرەی کۆمەڵە رۆژی 21-11-1976، هاوڕێ لەگەڵ شەهیدان خاڵە شیهاب و ئەنوەر زۆراب دا بێباکانە چوونە بەر پەتی سێدارەو بەخوێنی خۆیان گڕو تینی شۆڕشی دیموکراتخوازی خەڵکی کوردستانیان گەیاندە لووتکە.