سەیفەدین حیسامەدین بایز ساڵح (دکتۆر هێرش)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

دەرسیم پێشەوا

421914694 .jpg

سەیفەدین حیسامەدین بایز ساڵح ناسراو بە دکتۆر هێرش (1961/ سلێمانی)، ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ئەندامی دەستەی بەسزاگەیاندنی سیخوڕ و بەعسییەکان لە شاری سلێمانی، کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو چوار هاوڕێیە (ش. ع، س. ش، س. ک و ف. س) پێکەوە لە دەستەی بەسزاگەیاندن کاریان کردووە و کۆمەڵێک تاوانبار و پیاوی ڕژێمیان لەناو سلێمانی و دەوروبەری کوشتووە، بەرپرسی ئیغتیالاتی سلێمانی محەمەد فەوزی مەحمود ڕەسوڵ ناسراو بە فەوزی مەلا مەحمود و ناوە نهێنییەکەی مەلا بووە، واتە فەوزی مەلا مەحمود بەرپرسی ئەو پێنج هاوڕێیەی سەرەوە بووە.

لە کۆتایی ساڵی (1986)دا هاوڕێ سەیفەدین لەگەڵ (س. ش) و (ش. ع) لە ئەسحابە سپی دەیەوێت ئەفسەرێکی ئەمن بەسزای گەل بگەیەنێت، بەڵام چونکە ئەو پێشتر دەمانچەکەی بۆ تەقەکردن ئامادەکردووە، کاتێک کە دەیەوێت دەمانچەکە لەبەر پشتێنی دەربێنێت، فیشەکێک بەخۆیدا دەتەقێت، فیشەکەکە بەر ڕانی ڕاستی دەکەوێت و لەسەر کڵاوەی ئەژنۆی دەوەستێت، بۆیە بێ ئەوەی چالاکییەکە بکات بەناچاری (س ش) و (ش ع) ڕزگاری دەکەن.

دوای وەرگرتنی چارەسەری خێرا و پێچانەوەی برینەکەی، هەواڵ دەگاتە نەوشیروان مستەفا ئەمین سکرتێری کۆمەڵە و ئەویش پێشنیار دەکات کە بەپەلە هاوڕێ سەیفەدین بگەیەننە سەرکردایەتی تا بینێرنە ئێران، لەوێ نەشتەرگەری بۆ بکەن و فیشەکەکەی بۆ دەربێنن، نەوەک لە کوردستان نەشتەرگەری بۆ بکرێت و دواتر حکومەت پێی بزانێت.

420089596 .jpg

بەڵام هاوڕێ سەیفەدین ئەو پێشنیارەی نەوشیروان مستەفا ڕەت دەکاتەوە و پێشنیاری چوونە بەغدا دەکات کە لەوێ و دوور لە چاوی سیخوڕ و پیاو خراپان نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکەن.

نەوشیروان مستەفا، بڕی هەزار و شەش سەد دیناری ئەوکات لەگەڵ فەوزی مەلا مەحمود (محەمەد فەوزی مەلا مەحمود) بۆ هاوڕێ سەیفەدین دەنێرێت تا بچێتە بەغدا و نەشتەرگەری قاچی بۆ بکەن.

هاوڕێ سەیفەدین لەگەڵ فەوزی پێکەوە دەچنە بەغدا و نەشتەرگەری قاچی بۆ دەکەن و فیشەکەکەی بۆ دەردێنن.

پارەکە لای فەوزی دەبێت و خەرجی دکتۆر، سەفەر و مانەوەیان لە بەغدا نزیکەی هەزار دینار دەبێ و بڕێک کەمتر یان زۆرتر لە شەش سەد دینار لە بڕی پارەکەی کە نەوشیروان مستەفا ناردوویەتی دەمێنێتەوەو لای فەوزی دەبێت، دوای چەند ڕۆژێک لە گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی، سەیفەدین داوا لە فەوزی دەکات کە ئەو بڕە پارەیەی ماوەتەوە بۆ نەوشیروان و ناوەندی کۆمەڵەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام فەوزی ئامادە نابێت پارەکە بگەڕێنێتەوەو دەیەوێت بۆ خۆی بەکاری بێنێت. سەیفەدین هەڕەشە لە فەوزی دەکات گەر بکەوێتەوە سەر قاچەکانی بە شەق پارەکەی لێوەردەگرێتەوە و بۆ ناوەندی کۆمەڵەی دەباتەوە.

421853849 .jpg

دیارە هەڕەشەی سەیفەدین کاری زۆر لە فەوزی مەلا مەحمود دەکات و لەژێرەوە پەیوەندی بە ئەمنی سلێمانی دەکات و لە شەوی (14.1.1987)دا سەیفەدین بەگرت دەدات. ئەو شەوەی ئەمنی سلێمانی دەچنە سەر ماڵی سەیفەدین هێشتاکە برینەکەی چاک نەبۆتەوە و بە دار شەقە دەڕوات، بەڵام ڕێگەنادەن تەنیا دار شەقەکانیشی لەگەڵ خۆی ببات، هاوڕێیەکی زیندانم بۆی باسکردم دواتر لە زیندان دوو دار شەقەیان بۆ هێنا چونکە نەیدەتوانی هەڵسێتەوەو بڕوات.

لە زیندانی ئەمنی سلێمانی و مەنزومەی ئیستخباراتی شەرقی کەرکووک، سەیفەدین هەرچی چالاکی بە تەنیا و هاوبەشی کردبووی هەموویان پێ گوتبوو، بەڵام ئەو نکۆڵی کردبوو، بۆیە لەبری ئەوەی فەوزی مەلا مەحمود ڕووبەڕووی هاوڕێ سەیفەدین بکەنەوە، کەسێکی قەڵەوی کەتە بەناوی بێستون عومەر ڕووبەڕووی ئەو دەکەنەوە کە تەواوی ئەو زانیارییانەی فەوزی لەسەر سەیفەدین دابوویە ئەمن ئەو بێستون ناوە بەناوی خۆی کە گوایە هاوڕێی سەیفەدین بووە و چەندان چالاکیان پێکەوە کردووە، قسەکانی ڕووبەڕوو لە بەرانبەر هاوڕێ سەیفەدین کردووە، لەکاتێکدا کە سەیفەدین نەک لەگەڵ ئەو بێستون عومەرە هاوڕێ نەبووە بەڵکو هەر لە ژیانیشیدا پێشتر نەیبینیوە. سەیفەدین بەهیچ شێوەیەک ئەو بێستون عومەر ناوەی نەناسیوەو نەدیوە، بەڵام تەواوی ئەو زانیاری و نهێنیانەی ئەو باسی کردووە، زانیاری و نهێنی نێوان سەیفەدین و فەوزی بووە، بۆیە سەیفەدین هەروەکو لای هاوڕێیەکی زیندانم کە لە ژووری سێدارەی ئەبوغرێب پێکەوە بووینە و دواتر هاوڕێکەم بە لێبووردنی تایبەت لە ژووری سێدارە ئازادکرا، بۆی گێڕامەوە کە سەیفەدین سەدا سەد دڵنیا بوو لەوەی کە فەوزی مەلا مەحمود بەگرتی داوە.

421837890 .jpg

هاوڕێ سەیفەدین حیسامەدین بایز ناسراو بە دکتۆر هێرش، دوای ئەشکەنجەی سەختی ئەمنی سلێمانی و مەنزومەی ئیستخباراتی شەرقی کەرکووک، لە دادگای سەورەی بەعس بڕیاری لەسێدارە دانی دەدرێ و پاشان لە ڕۆژی (5.1.1988)دا لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارە دەدرێت.

لەدوای دەستگیرکردنی هاوڕێ سەیفەدین، فەوزی مەلا مەحمود لە ساڵی (1987)دا دەچێتە سەرکردایەتی، هاوسەر و منداڵەکانیشی دەبات، گوایە مەترسی دەستگیرکردنی لەسەرە لەدوای گیرانی هاوڕێ سەیفەدین. مام جەلال بە فەوزی دەڵێت: (هەتا ئێستاکە تۆ ئیشت بۆ ئێمە کردووە لە شار، بەڵام ئێستاکە با ئێمە ئیشت بۆ بکەین، چیت دەوێ بۆت بکەین)؟ فەوزی دەڵێ: (مام جەلال، خۆت دەزانی منداڵم وردن، لێرە بمێنین بێبەش دەبن لە خوێندن، بۆیە لەپێناو دواڕۆژی منداڵەکان دەمەوێت بەرەو ئەوروپا بڕۆم)، بۆیە مام جەلال بڕی سێ هەزار دۆلاری دەداتێ و فەوزی و منداڵەکانی بەو پارەیە دەگەنە نەمسا.

لەدوای ڕوخانی ڕژێم لە ساڵی (2003)دا، شیعەکان فایلی محەمەد فەوزی مەحمود ڕەسوڵ ناسراو بە فەوزی مەلا مەحمود دەکەوێتە بەردەستیان، دوای خوێندنەوەی فایلی ناوبراو کە شتی زۆر سەیری تێدایە، شیعەکان کۆپییەک لە فایلەکە دەدەنە مام جەلال، چونکە بەگوێرەی فایلەکە فەوزی زۆر نزیک بووە لە مام جەلال، مام جەلال بە دەیان جار لە نەمسا ماوەتەوە و لە هۆتێل لەگەڵ فەوزی هەر یەکە و لە ژوورێک خەوتوون.

هەموو جارەکانیش فەوزی هۆتێل و شوێنەکەی بۆ مام جەلال هەڵبژاردووە.

هەر بەگوێرەی فایلەکەی فەوزی، کە شیعەکان کۆپیەکیان لێی داوەتە مام جەلال، فەوزی لە ساڵی (1981)ەوە پەیوەندی بە مەنزومەی ئیستخباراتی شیمالی کەرکوک هەبووە، دواتر لە کۆتایی ساڵی (1985) مەنزومەی شیمالی دەگوازرێتەوە هەولێر و مەنزومەی شەرقی دیالە دێتە کەرکوک و فەوزی تا دەرچوونی لە سەرەتای ساڵی (1987) پەیوەندی بە مەنزومەی شەرقی کەرکوک هەبووە. لە فایلەکەی فەوزی دا هاتووە، کە فەوزی لە ساڵی (1985)دا ئەفسەری ئەمنی سەرچناری بەدەستی خۆی کوشتووە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار، یەکەم: تا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر متمانەی پێ بکەن، دووەم: ئەو ئەفسەرەی ئەمنی سەرچنار کەسێکی (غیر مرغوب) بووە و ویستوویانە لەناوی ببەن، بۆیە بەمشێوەیە لەناویان بردووە، تەواوی ئەو وردەکارییانە لە فایلی فەوزی دا نووسراون.

دوای ئەوەی فەوزی مەلا مەحمود دەگاتە نەمسا، لەوێ پەیوەندی بە موخابەراتی ئێراقی دەکات، تەواوی زانیارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەیەنێتە موخابەراتی ئێراقی لە نەمسا و ئەوانیش دەیگەیەننە بەغدا. فەوزی لە ساڵانی (1988-1987)دا چەند جارێک پێشنیاری کوشتنی مام جەلال بە موخابەرات دەگەیەنێت و ئەوانیش دەیگەیەننە بەغدا، بەڵام بەگوێرەی فایلەکە سەدام حوسێن ڕەزامەند نابێت، کە پێی وایە کارێکی لەو جۆرە و کوشتنی جەلال تاڵەبانی لە ئەوروپا بەگران لەسەریان دەوەستێت. بەڵام لە کۆتایی ساڵی (1988) و دوای ئەنفالەکان موخابەرات داوا لە فەوزی مەلا مەحمود دەکات کە جەلال تاڵەبانی بکوژن، فەوزی دوودڵ دەبێ کە ئەو کارە بکات، بۆیە دەڵێت: (دەکرێت نامەیەک بۆ سەدام حوسێن بنووسم و دوای وەرگرتنی بۆچوونی ئەو، گەر گوتی بیکوژن، ئەوکاتە دەیکوژم، بەڵام تا وەڵامی ئەو دێتەوە هیچ نەکەین بەرانبەر بە مام جەلال)؟

موخابەراتی ئێراق لە نەمسا نامەکەی فەوزی بۆ بەغدا دەنێرێت، کە دەقی نامەکەی فەوزی لەناو فایلەکەیدایە و لە کۆپلەیەکی نامەکەدا نووسیوێتی: (کلیلی چارەسەری پرسی کورد هەردەم بەدەست مام جەلال بووە، ئەو بکوژرێت، ئەو کلیلە بزر دەبێت و پرسی کورد زۆر ئاڵۆزتر دەبێت). دوای ماوەیەک، موخابەاتی ئێراقی نامەیەک بۆ موخابەتی بەشی سەفارەتی نەمسا دەنێرن، تیایدا نووسیویانە کە سەدام حوسێن ئەو بۆچوونەی فەوزی بەڕاست دەزانێت، بۆیە دەست لە کوشتنی تاڵەبانی هەڵگرن.

دوای ئەوەی شیعەکان کۆپی فایلی محەمەد فەوزی مەلا مەحمود دەگەیەننە دەست مام جەلال، ئەو لە ساڵی (2003)دا داوای فەوزی دەکات. فەوزی بێئاگا لەوەی کە کۆپی فایلی سیخوڕییەکەی لای تاڵەبانییە، دوای ماوەیەک لە قەڵاچواڵان سەردانی دەکات. مام جەلال، لەو سەردانەی فەوزی کە لەدوای ناوەڕاستی ساڵی (2003)دا بووە، فەوزی دەگرێت و دەیخاتە بەندیخانەی دەزگای زانیاری لە قەڵاچواڵان و بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندان دەیهێلێتەوە، تا دوای پاڕانەوەی کەسانێکی زۆر بۆ فەوزی لای مام جەلال، ئەو لە ساڵی (2004)دا بەو مەرجە ئازادی دەکات، کە فەوزی بڕواتە دەرەوەو تا تاڵەبانی لە ژیاندا مابێ نەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان. فەوزی بەو مەرجەی تاڵەبانی سوپاسگوزار بوو لە بەرانبەر ئازادکردنیدا، ئەوەبوو بەو مەرجە ئازاد کرا، گەڕایەوە نەمسا و تا دوای نەخۆشکەوتن و مردنی تاڵەبانی نەگەڕایەوە باشووری کوردستان.

تێبینی/ ئەوانەی داکۆکی لە فەوزی تاوانبار دەکەن، با بەر لە هەموو شتێک وەڵامی ئەوەم بدەنەوە کە ئایە فەوزی بۆ ماوەی ساڵێک لای مام جەلال گیراوە، یان نا؟ گەر گیراوە (مەگەر لە شەرمان دانی پێدا بنێن، چونکە خەڵکێکی زۆری سلێمانی و کوردانی نەمسا دەزانن کە فەوزی گیرابوو، ئەگینا لەو باوەڕەدام نکۆڵیش لەوە دەکەن کە گیرابێ)، با سەرەتا خۆیان هۆکاری گرتنەکەی فەوزی بنووسن، ئینجا وەڵامی هەڕەشە و کۆمێنتی نالۆژیکانەیان دەدەمەوە. دەزانم فەوزی مامۆستا بووە، بەڵام لای ئێمە بە مامۆستای سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەی دەگوترێت مامۆستا، کە لە ڕاستیدا مودەڕیس بە مامۆستا یان وانەبێژی (ناوەندی و ئامادەیی) دەگوترێت، کە خۆیشم نازانم ئەو مامۆستا بووە، یان مودەڕیس و پرسیاریش ناکەم کە بۆ من گرنگ نییە، گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو بەکرێگیراو و سیزوڕێکی بەعس بووە و خەڵکی بەگرت و بەسێدارە داوە. فەوزی مامۆستا بووە و زۆر جار کە سەردانی گوندەکەی خۆیان (دێلێژە)ی کردووە، هەردەم لەگەڵ (ش. م) چۆتە ڕاو و خاوەنی ئەو وتە بەناوبانگەیە کە بۆ پاساوی ئاسک کوشتن بە پێکەنینەوە گوتویەتی: (ئاسک بەسەر برنجەوە بێت باشترە، یان بەو کێوەوە بێت)؟

دەرسیم پێشەوا

پێنجشەممە (25.01.2024)

دانمارک