ئەحمەد کایا
ئەحمەد کایا (Ahmet Kaya) لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبووە
ئەحمەد کایا گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.
پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.
کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی «مەگری کۆرپەکەم» بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.[ژێدەر پێویستە] ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.
کایا لە مناڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا. لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی. ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت. لە یەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ. دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو
ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بەرلین کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی بازرگانانی کوردەوە رێکخرابوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆنسێرتەکە لەلایەن رۆژنامەی حورییەتەوە، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی ئیستەنبوڵەوە دۆسیەیەکی لەسەر کرایەوە، دادگاکە کایای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "هانی دوژمنایەتی و رقی داوە، دەستی لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ کردووە و هاوکاری کردوون." لەسەر ئەم تۆمەتانە دوو دۆسییەی لەسەر کرایەوە و داوا کرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت.
ھەروەھا سەرەتای دەستپێکردنی کاری مۆسیقای بۆ باوکی دەگەڕێتەوە کاتێک سازێکی بە دیاری بۆ کڕیووە، دوای ئەوە ئەحمەد چەندین کۆنسێرتی بچووکی ئەنجامداوە بۆ کرێکارەکانی ھاوڕێی باوکی و خزمەکانی، ھەروەھا یەکەم کۆنسێرتی فەرمی لە تەمموزی ساڵی ١٩٩٦ـدا بووە لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا، ھەموو بازنەی تەمەنی بە دەوری مۆسیقا و گۆرانییەوە بوو و دوای چەند ساڵێک لە فرۆشگایەکی تۆماری سی دی دەستی بە کارکردن کرد دوای چوون بۆ قوتابخانە.
سەرەتای ژیان
کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتووەتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان. لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.
دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد. ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.
ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن
گولتەن کایا (پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە) دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی "تێکئاڵان بە ئازار" ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کایا.
لە ساڵی ١٩٨٥دا گویلتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک دەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نوسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو دەکاتەوە. لەدوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گویلتەن، کایا دەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.
شەوی خەڵاتەکە
گۆڕی ئەحمەد کایا لە پاریس. بە تورکی نوسراوە: لەلایەن کچەکەی مەلیس و ژنەکەی گولتەنەوە دروست کراوە بەو وزە و شەرەفەی بۆی بەجێ ھێشتن ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا ڕێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆید دەبێت و براوەی خەڵاتەکە دەر دەچێت.
کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا پەخش دەکرێ وەردەگرێ، ڕای دەگەیەنێت: «من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم.
گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە.»دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).
دادگاییکردن و دەرکران لە تورکیا
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە کە ھەڵبەستراو بوو.
دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات. بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا:
"لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردووەتەوە کە چەندان میلیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە."..."لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم. تا تەمەنی چلودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردووەتەوە، بە تورکی گۆرانیم نوسیوە و گوتوە. ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنوردار نەکردوە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا. لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم."... "روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن".
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس «پیرلاشیز» بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانی «ناوی یڵماز»ەی بۆ وتوە. گویلتەنی خێزانی وتویەتی: «تا لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت».
دوای مەرگ
دوای خۆی، «گوڵتەن»ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی «گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم» بڵاوکردەوە. چەن ئەلبومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە «کرانەوەی دیموکراسی» ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.
دیسکۆگرافی
ئەلبومەکان
- مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)
- تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)
- ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)
- کاتێ دێ (١٩٨٦)
- دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)
- سەربەرزدەکەمەوە (١٩٨٨)
- خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)
- گوڵێکی نییەت چاک - کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)
- خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
- دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)
- تووشی بەڵا بووم (١٩٩١)
- بەرم مەکەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)
- ناجێگیر (١٩٩٣)
- گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)
- بمدۆزەوە (١٩٩٥)
- ئەستێرە و مانگاشەو (١٩٩٦)
- بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)
پاشمەرگ:
- خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
- تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
- با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
- فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
- بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)