جان تۆماس جانۆ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هونه‌رمه‌ند جان تۆماس، له‌ ڕێكه‌وتی ( 4/4/1947) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری زه‌حمه‌تكێش له‌شاره‌ شیرینه‌كه‌ی کۆیە له‌دایكبووه‌، ( تۆماس جانۆ ی باوك و ڕۆمێ ی دایك) له‌نێو باوه‌شی پڕ سۆزو خۆشه‌ویستی خۆیان ئه‌م كۆرپه‌له‌ ئازیزه‌یان ده‌لاوێننه‌وه‌و خزمه‌تی ده‌كه‌ن، له‌گه‌رماو سه‌رما ده‌یپارێزن تا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ، ته‌مه‌نی گونجاوه‌ وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی نێو كۆڵان و گه‌ڕه‌كه كه‌‌یان به‌ره‌و ده‌رگای قوتابخانه‌ هه‌نگاو بنێ.

355491948 .jpg

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1953) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌قوتابخانه‌كانی شاری کۆیە و ، قۆناغی ئاماده‌یی له‌شاری هه‌ولێر ته‌واو ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن ، هونه‌رمه‌ند جان تۆماس ڕووده‌كاته‌ ( په‌یمانگای مامۆستایان ) له‌شاری سلێمانی.

717.jpg

سه‌ره‌تای ئاشنابوونی هونه‌رمه‌ند جان تۆماس به‌دنیای هونه‌ر و مۆسیقا..!

دوای ته‌واوكردنی كۆلیژی ( دارالمعلمین عالیه‌ ) به‌شی زمانی ئینگلیزی، له‌ساڵی (1957) هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و فێركار ( ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ _ باكووری) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كۆیه ‌و وه‌ك مامۆستای ئینگلیزی له‌ ناوه‌ندی كوڕانی کۆیە داده‌مه‌زرێت،

یه‌كێك له‌قوتابییه‌كانی مامۆستا هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم) كه‌ به‌( زاهیر مه‌دانه‌) ناسراوه‌، سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌ی مامۆستا مامۆستا باکووری بۆ شاری کۆیە ده‌ڵیت ( كاتێك مامۆستا باکووری له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی بۆ ناوه‌ندی كۆیه‌ هات ، به‌هۆی ئه‌و مامۆستایه‌وه‌ له‌بواری موزیك و ئامێرژه‌نیندا زیاتر ده‌ركه‌وتین ، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك بووین له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین مامۆستا باكووری هه‌وڵیدائێواران له‌قوتابخانه‌ كۆببینه‌وه‌)(1)

626.jpg

مامۆستا باكووری وه‌ك خه‌مخۆرێك بۆشاری كۆیه‌ و دوای هه‌وڵ و تێكۆشانێكی دڵسۆزانه‌، له‌ قوتابیانی ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه‌ تیپێكی مۆسیقا له‌و منداڵه‌ ژیكه‌ڵانه‌و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆ مۆسیقا دروست ده‌كات و ناوی ئه‌و تیپه‌ به‌ ( تیپی مۆسیقای باواجی) ده‌نرێت، ڕۆح و هه‌ستی ئه‌و قوتابیانه‌ به‌ مۆسیقا و ئامێره‌كانی مۆسیقا ئاشنا ده‌كات،

مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر ( وریا ئه‌حمه‌د) له‌نوسینێكیدا ئاماژه‌ به‌و قوتابیانه‌ ده‌دات كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا باكووری بۆیه‌كه‌م جار ئاشنا ده‌بن به‌ئامێره‌كانی مۆسیقا و فێری مۆسیقاده‌بن وه‌ك :

0529.jpg
  • زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم (ڤیۆلۆن)
  • ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا (ڤیۆلۆن)
  • ئه‌كره‌م باقی (عوود)
  • سه‌ردار ئه‌حمه‌د(شمشاڵ)
  • جان تۆماس (ده‌ف)
  • نه‌شئه‌ت حه‌مید (ده‌ف)
  • عه‌ونی عه‌لی مه‌ولود (ته‌پڵ)
  • كاكه‌ مه‌م قادر (عوود)
  • حه‌مید ئیسماعیل (كه‌مان)
  • یوسف باكووری ( ئۆكۆردیۆن) (2)
440.jpg

كه‌واته‌ هونه‌رمه‌ند جان تۆماس له‌سه‌ره‌تای ئاشنابوونی به‌دنیای مۆسیقا، ژه‌نیاری ئامێری (ده‌ف) بووه‌،به‌ڵام كاتێك هونه‌رمه‌ند جان تۆماس ده‌بێته‌ قوتابی په‌یمانگای مامۆستایان له‌شاری سلێمانی و به‌هۆی خزمایه‌تی یان له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و فێركار ( ولیه‌م یوحه‌ننا) له‌ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، مامۆستا ولیه‌م له‌و سه‌ر‌ده‌مه‌دا وه‌ك مامۆستا و فێركارێك سه‌رقاڵی فێركردنی مۆسیقا ده‌بێت، جان تۆماسی هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (2) ساڵ وه‌ك قوتابییه‌ك فێری مۆسیقا و نۆته‌ی مۆسیقای خوێندووه‌ له‌لای مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا، له‌و كاته‌وه‌ خۆی فێری ئامێری ( ڤیۆلۆن) ده‌كات، بۆمه‌به‌ستی زانیاری وه‌رگرتن له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند جان تۆماس و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌له‌شاری سلێمانی بووه‌، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی) یه‌وه‌،

349.jpg

( براو هاوڕێی هونه‌رمه‌ندم جان تۆماس، له‌ساڵی (1962) وه‌ ده‌ناسم و په‌یوه‌ندی برایانه‌و هونه‌ریمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ ، كه‌سێكی جوان و هه‌ست ناسك و هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا له‌بواری ژه‌نینی ئامێری ڤیۆلۆن، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌گه‌ڵماندا كاری هونه‌ری ئه‌نجامدا) (3)

هونه‌رمه‌ند دوای ته‌واو كردنی په‌یمانگای مامۆستایان له‌سلێمانی و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لیوای هه‌ولێر و له‌ شارۆچكه‌ی ( هاودیان ) داده‌مه‌زرێت، هه‌رله‌وێش ژیانی هاوژینی پێك دێنێ.

به‌مه‌به‌ستی دیدارو له‌نزیكه‌وه‌ زانیاری وه‌رگرتن له‌خودی هونه‌رمه‌ند، ڕۆژی (4/1/2022) پێوه‌ندیم پێوه‌كرد، تا ده‌رفه‌تێكم بۆبڕه‌خسێنێ و له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی بۆم بدوێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند جان تۆماس به‌هۆی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ و ناجێگێری باری ته‌ندروستی، پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ زۆر داوای لێبوردن ده‌كه‌م باری ته‌ندروستیم ڕێگه‌م نادات كه‌ ئه‌و دیداره‌ بڕه‌خسێنم.

به‌پێویستم زانی كه‌ هانا به‌رمه‌ به‌ر مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی هونه‌رمه‌ند، سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ( هونه‌رمه‌ند جان تۆماس ، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌ندانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ ، له‌ساڵی 1972 ه‌وه‌یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ كارا و چالاكه‌كانی تیپی باواجی ، راسته‌ ئه‌و وه‌ك شوێنی نیشته‌جێ بوون له‌شاری هه‌ولێر ده‌ژیا ، به‌ڵام له‌هه‌موو كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی باواجی له‌بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كانداو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی بۆ ته‌له‌فزیۆنیش تۆمارمان كرد، هونه‌رمه‌ند جان تۆماس وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین و خۆنه‌ویست ئاماده‌یی هه‌بووه‌)(4)

201077.jpg

له‌باره‌ی قۆناغه‌كانی ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند جان تۆماس، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وریا ئه‌حمه‌د) پێی ڕاگه‌یاندم ( به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌توانایه‌ هاوڕێی ژیانی هونه‌ریم ، ئه‌و پیاوه‌ جوان و قۆزه‌ ئێستا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ دۆخی باش نییه‌، بۆمن جێی شانازییه‌ كه‌ ئه‌و پیاوه‌ هاوڕێی ته‌مه‌ن و ژیانی هونه‌ریمه‌، ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵیم كه‌ كاكه‌ جان تۆماس له‌م قۆناغانه‌دا پێكه‌وه‌ هاوكارو هاوسۆز و ڕێبواری ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بووین، به‌بێ دابڕان و هه‌موو كات ڕه‌چاوی ئه‌وه‌مان كردووه‌ كه‌تێبكۆشین بۆبه‌رزڕاگرتن و پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا له‌ وڵاته‌كه‌مان، شانازییه‌ كه‌له‌م تیپه‌ مۆسیقیانه‌ پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌( تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ ، تیپی هونه‌ری هه‌ولێر و تیپی مۆسیقای خانزاد) (5)

وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند جان تۆماس :

1104.jpg
  • له‌ساڵی 1966 تا 1968 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی كاری هونه‌ری كردووه‌.
  • له‌ساڵی 1972 تا 1974 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ بووه‌.
  • له‌ به‌هاری ساڵی 1974 به‌شداری یه‌كه‌مین میهره‌جانی هونه‌ری كوردی كردووه‌ له‌شاری به‌غداد.
  • له‌ساڵی 1976 تا 1979 له‌گه‌ڵ مامۆستا ( یوسف باكووری) دامه‌زرێنه‌ری تیپی ( جۆزیف تریۆ) بووه‌.
  • له‌ساڵی 1977 تا 1980 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تیپی مۆسیقای هونه‌ری هه‌ولێر بووه‌.
  • له‌ساڵی 1980 تا 1984 سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقای خانزاد بووه‌.
  • له‌هه‌موو چالاكی و میهره‌جانه‌كانی چالاكی قوتابخانه‌كان له‌ كوردستان و عێراق به‌شداری كردووه‌.
  • هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی 1976 له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر دامه‌زراوه‌.
  • ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی ئۆركێسترای كوردستان بووه‌.
  • سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی و له‌ساڵی (1977) بۆته‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی لقی هه‌ولێر و ، له‌ساڵی (2001) بۆته‌ سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان‌.(6)

هونه‌رمه‌ند جان تۆماس وه‌ك مامۆستا و فێركارێك به‌شداری چه‌ندین خولی فێربوونی مۆسیقای كردووه‌،

1136.jpg

هونه‌رمه‌ند خاوه‌ن مێژوویه‌كی جوانی پڕ به‌خششه‌ ‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌ تیپه‌ مۆسیقیه‌كانی وه‌ك ( تیپی باواجی كۆیه‌ ، تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ، تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی خانزاد و تیپی باكووری ڕۆژئاوایی) هه‌روه‌ها خاوه‌ن خامه‌یه‌كی جواننوسییه‌ ده‌رباره‌ی هونه‌ری مۆسیقا بابه‌تی له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌ و ، خاوه‌نی كتێبێكه‌ به‌ناوی ( ڕه‌زمه‌كانی مۆسیقای كوردی ) له‌ساڵی (1998) چاپكراوه‌و كتێبخانه‌ی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند جان تۆماس و زانیاری زێده‌تر له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی پێوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( پایه‌دار به‌رزنجی ) به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند و پێكه‌وه‌ كاركردنیان ده‌كات ( جگە لەوەی کەمانجە ژەنێکی زۆر باش بوو درامەرێکی زۆر باشیش بوو لە یەکەم تیپی رۆژاوایی لەشاری ھەولێر، مامۆستا جان تۆماس ژه‌نیاری درام بوو لەو تیپە لەگەڵ ھونەرمەندان یوسف باکوری ونزار دیلان وخوالێخۆش بوو جه‌لیل ئازید، لە ساڵی ١٩٨٠ تیپێکی رۆژاوایی لە یەکێتی ئافرەتان دامەزراند ئەو کات پەیوەندی بە منەوە کرد وەکو فلوت ژەنێک لەگەڵیان كاربكه‌م، مامۆستا جان شارەزاییەکی زۆرباشی ھەبوو لە موزیکی رۆژاوایی وجۆرەکانی ھەروەھا ریتم وکۆردەکان بۆیە من زۆر سوودم لێ بینی ئەو بەڕاستی ھونەرمەند ومامۆستاو برایەکی گەورەبوو ، زۆر ھێمن ولەسەرخۆ بوو زۆر رێزی لەبەرامبەری ئەگرت ئێستاش من ھەروەکو مامۆستاو پەروەدکار سەیری ئەکەم)(7)

دوای ئه‌و هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ی هونه‌رمه‌ند جان تۆماس، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ساڵی (1978) كاتێك هونه‌رمه‌ندی شه‌هیدی سه‌رنگومكراو ( قادركابان ) به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ڕووده‌كاته‌ شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای هونه‌ری هه‌ولێر (2) دوو به‌رهه‌م به‌ناوی

1010.jpg
  • ( بۆكچێكی شۆخ)
  • ( زۆر قژی زه‌رد سه‌رنجی ڕاكێشاوم ، زۆر چاوی شین داویه‌ پرشنگ له‌چاوم )
  • له‌هۆنراوه‌ی ( گۆران) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان) ئاماده‌كردنی مۆسیقا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( ڕزگار خۆشناو و وریا ئه‌حمه‌د) ،
  • گۆرانی دووه‌م ( چاوه‌ڕوانی بێ هووده‌)
  • ( هه‌موو ڕۆژێ له‌به‌ر سه‌یری بتی ئه‌و به‌ژن و باڵایه‌
  • له‌سه‌ر ڕێ یه‌ ئه‌وه‌ستم هه‌تاكو ئاوی پێم دایه‌ ) ، هۆنراوه‌ی ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی) و له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادركابان، ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند جان تۆماس تۆمارده‌كات.

هونه‌رمه‌ند جان تۆماس له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ئه‌و گۆرانییه‌وه‌ له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بۆمان دووا:

915.jpg

( به‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه‌ مۆسیقاكه‌ی له‌ئاماده‌كردنی منه‌ ، كاتێك هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان هات بۆ تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ، بۆئێمه‌ جێی خۆشحاڵی بوو كه‌ كار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و ده‌نگخۆش بكه‌ین، من و كاك وریائه‌حمه‌د و كاك ڕزگار خۆشناو له‌ماوه‌ی (3) سێ رۆژدا كاره‌ هونه‌رییه‌كانمان بۆته‌واوكردو ، هه‌رله‌ستۆدیۆی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر بۆمان تۆماركرد، دواتر له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووک به‌شێوه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ هه‌ردوو گۆرانی هونه‌رمه‌ندقادر كابان تۆماركراو بڵاوبۆوه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم كاتێك هونه‌رمه‌ند قادر كابان هاته‌ هه‌ولێر و ڕووی له‌ئێمه‌ ناو ئێمه‌ش زۆر خۆشحاڵبووین، هه‌رگیز ئه‌وه‌م له‌یادناچێت هونه‌رمه‌ند كه‌مێك نیگه‌ران بوو، وتی له‌ سلێمانی پێیان وتووم كه‌ ئاوازه‌كانم كاریگه‌ری عه‌ره‌بی یان له‌سه‌ره‌، به‌هه‌رحاڵ بۆ ئێمه‌ جێی خۆشحاڵی بووكه‌ توانیمان ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان تۆماربكه‌ین و ئه‌و مێژووه‌ بۆخۆمان و هونه‌رمه‌ند دروست بكه‌ین) (8)

به‌پێویستی ده‌زانم له‌پاڵ نوسینی كاره‌هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند جان تۆماس دا ئاماژه‌ به‌ڕۆڵ و هه‌ستی به‌رزی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری شاری هه‌ولێربده‌م، كه‌ به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه‌ ئامێزی پڕ خۆشه‌ویستی و هاوكاری و هاوسۆزییان بۆهونه‌رمه‌ندانی شار و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كردۆته‌وه‌، یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییانه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆ تۆماركراوه‌ و بۆته‌ شاكارێك كه‌له‌نێو دنیای مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزو پر چێژی هونه‌ری هه‌یه‌ ، ئه‌ویش ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ( حه‌مه‌ جه‌زا و ناسری ڕه‌زازی) یه‌ ، كه‌ده‌ست و په‌نجه‌ی زێڕێنی كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی شاری هه‌ولێر تۆماركراوه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 18/7/1980) له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ جه‌زا) له‌گه‌ڕه‌كی ( مه‌نتكاوه‌) .

هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین كه‌له‌و به‌رهه‌مه‌دا پشتیوانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندبوون بریتی بوون له‌ هونه‌رمه‌ندان  :

358381027.jpg
  • مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ، ژه‌نينى ئامێری ( عود )
  • هونه‌رمه‌ند سه‌یدئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی ،ژه‌نينى ئامێری ( كه‌مانچه‌ _ ڤیۆلۆن)
  • هونه‌رمه‌ند جان تۆماس ، ژه‌نينى ئامێری ( كه‌مانچه‌ _ ڤیۆلۆن)
  • هونه‌رمه‌ندان ناسری ڕه‌زازی و حه‌مه‌ جه‌زا ( ده‌ف و زه‌رب ) به‌نۆره‌ ژه‌نیویانه‌ ،
  • ده‌نگ هه‌ڵگری ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌، واته‌ تۆماركردنی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌ڕێز كاك ( نه‌وزاد قه‌ساب ) بووه‌ خاوه‌نی تۆمارگای قه‌ساب له‌شه‌قامی (باتا) ی شارى هه‌ولێر، ئێستا له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی،

به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ جه‌زاو ناسری ڕه‌زازی بریتین له:‌

  • هۆله‌یل و له‌یل ( ناسری ره‌زازی )
  • ساقییا ( ناڵه‌ی جودایی )(ناسری ره‌زازی )
  • نازدارو نازدار ( ناسری ڕه‌زازی )
  • نامه‌چۆ ( ناله‌ی جودایی ) ( حه‌مه‌ جه‌زا )
  • كیژی كوردستان ( حه‌مه‌ جه‌زاو ناسری ڕه‌زازی )
  • له‌ماڵ هاته‌ده‌ر ( حه‌مه‌ جه‌زاو ناسری ڕه‌زازی )
  • یالڵا موسافیر ( حه‌مه‌ جه‌زاو ناسری ڕه‌زازی )
  • به‌رهه‌ڵبینه‌ ( حه‌مه‌ جه‌زاو ناسری ڕه‌زازی ).

له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم هونه‌رمه‌ند جان تۆماس، خه‌رمان و تێكۆشانی هونه‌ریتان پڕ به‌ره‌كه‌تر بێت ، سڵاو له‌كه‌سایه‌تی و مێژووی هونه‌ریتان، په‌روه‌ردگاربه‌ره‌كه‌ت خاته‌ ته‌مه‌نتانه‌وه‌به‌ته‌ندروستی باشه‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك 6/1/2022

سه‌رچاوه‌ :

  1. گۆڤاری چلاواز ،،، ژماره‌(39) ئایاری 2009 ،دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم) لاپه‌ڕه‌ (40)
  2. كتێبی(كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم) وریا ئه‌حمه‌د ..باكووری ، لاپه‌ڕه‌ (340)
  3. په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (4/1/2022).
  4. په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم ، ڕۆژی چوار شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (5/1/2022).
  5. پەیوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د ، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (4/1/2022).
  6. كتێبی ( ڕوخسار و ئه‌زموون ،، ئیسماعیل كوێستانی 2007 ،،،لاپه‌ڕه‌ (40)
  7. په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ( پایه‌داربه‌رزنجی ) ڕیكه‌وتی سێ شه‌ممه‌ (4/1/2022)
  8. له‌ڕێكه‌وتی ڕۆژی شه‌ممه‌ (18/9/2021) له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ئه‌و زانیارییانه‌م له‌هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( جان تۆماس ) وه‌رگرتووه‌.[١]
  1. سەرچاوە: کوردستان تیڤی