شكور خه‌یات

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقام زانی کورد شکور خەیات، ناوی تەواوی (شکور محەممەد قادر زۆراب). بەهۆی پیشەکەیەوە هەر بە (شکور خەیات) ناسراوە. یەکێکە لە ئاستبەرزترین مەقام زانەکانی کوردە و شارەزاییەکی تەواوی لە مەقامەکانی: (ئەڵڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و خورشیدی و ئای ئای و سێگا و چوارگا و نەهاوەند و هەماوێن و عەجەم و بەیاتی شوور و بەیاتی کورد و حیجاز و ئەوشار و سەبا... هتد)، هەبوو.

36828360Sh.jpg


1390747139005607.jpg

له‌دایكبوون و ژیانی منداڵیی:

هونەرمەند لە ڕێکەوتی01-07-1940 لە گوندی قەڵخانلووی مەرکەز سەر بە قەزای دووزخورماتوو سەر بە پارێزگای کەرکووک، لە بنەماڵەیەکی هەژار و جووتیار و کوردپەروەر، لەدایکبووە. شکور خەیات لە خوێندنی سەرەتایدا تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە. لە تەمەنی منداڵیدا دەنگی خۆش بووە، بۆیە مامۆستا عەلی مەردان گوێی لە دەنگی دەبێت و دەڵێت ئەم منداڵە دەنگی خۆشە ئارەزووی هەبێت دەتوانێت ببێتە مەقام زان و وەکوو مەقام زان دەربکەوێت.


لادێ و به‌جێ هێشتنی و هاتنه‌ كه‌ركووك:

هونەرمەند شکور خەیات سەرەتا لە گوندەکەی خۆیانەوە دەستی بە گۆرانی و مەقام بێژی کردووە، باوکی کاریگەریی لەسەر بووە و بە هەمان شێوە مەقام زان بووە. ئەو لە نەوجەوانیی و ساڵی 1953 چووەتە ناو دونیای عەشق و جوانی شیعر و دونیای هونەر، گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەنی ناوچەی گەرمیانی چڕیوە. پاشان هەر لەو ساڵە ئاوایی بەجێ هێشتووە چووەتە شاری کەرکووک لەوێ نیشتەجێ بووە لەگەڵ برا گەورەکەی بەناوی عەلی محەممەد قادر.

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات و حاجی مه‌كی.

خه‌یاتی: پاش هاتنی بۆ شاری کەرکووک لەگەڵ برا گەورەکەی، بۆ بژێوی ژیانیان دەست دەکەن بەکاری بەرگ دووری. هاوکات لەگەڵ پیشەی بەرگ دوورییدا بەردەوام بووە لە گۆرانی و مەقام چڕین. ئەو بەرگ دوورێکی کارامە بووە و ژیانی هونەرمەند شکور خەیات لەسەر بەرگ دووری بووە ماوەی نزیکەی 67 ساڵ. هه‌ر به‌و پیشه‌یه‌وه‌ نازناوی (شكور خه‌یات)ی وه‌رگرتووه‌.

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات و نه‌جمه‌دینی غوڵامی.

گۆرانی گووتن:

هونەرمەند لە تەمەنی 18 ساڵییەوە گوێگر و خولیای دەنگی مامۆستا عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بووە. هەروەها مامۆستا عەلی مەردان زۆر کاریگەری لەسەر بووە هاوکاری و ڕێنمایی کردووە. ئەو لە ساڵی 1956 وەکوو مەقام بێژ ناسراوە و دەرکەوتووە. لە ژیانی هونەریدا نزیکەی (44) مەقامی ڕەسەنی کوردی چڕیوە تۆماریانی کردووە لە شاشە و تەلەڤزیۆنەکانەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەرکەوتووە ناسراوە وەکوو مەقام ناس و مەقام زان. هەروەها لە ژیانیدا زیاتر لە 100 بەرهەمی تۆمار کردووە و دواتر چەند سروودێکی نیشتمانیی بۆ پێشمەرگە و کوردستان چڕیوە تۆماریانی کردووە. زیاتر لە 200 خەڵات و ڕێزلێنانی هونەری و کەسایەتی پێ بەخشراوە لەلایەن حکومەتی کوردستان و سەندیکای هونەرمەندان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و کەناڵە ئاسمانییەکان و ناوخۆیییەکان بە بەخشینی خەڵات و ڕێزلێنان لە ڕێوڕەسمی تایبەت و جەماوەریدا پێشکەشی کراوە. جگە لەوەش لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان دانیشتنی کردووە کاری هونەریان هەبووە وەکوو هونەرمەندان: (خەیروڵڵا خەیات، ئەحمەد شەماڵ، کەریم بنگردی، سابیر کوردستانی، سەڵاح داودە، حوسێن عەلی، چەندین هونەرمەندی تر..

44454540.jpg
35634705.jpg


نه‌فی كردن بۆ باشووری عێراق و ژیانی ئاواره‌یی:

هونەرمەند شکور خەیات لە ژیانی خۆیدا بەهۆی کورد بوون و کەرکووکی بوونی هەموو ژیانی لە ئاوارەی و دەربەدەری بردووەتە سەر. هونەرمەند شکور خەیات لە ساڵی 1972 لە شاری کەرکووک فه‌رمانی گرتنی بۆ دەردەچێت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەهۆی ئەوەی کەسێکی دیاری کورد بووە و بەرپرسی ڕێکخستن و تەنزیماتی ناو شاری کەرکووک بووە، بۆیە شکور خەیات کەرکووک بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە دەرەوە دەبێت بە پێشمەرگە. لە ساڵی 1974 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول شکور خەیات بەهۆی کورد بوونی و پێشمەرگایەتی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت ماوەی دوو ساڵ لە ئاوارەی و غەریبی ژیان بەسەر دەبات دواتر دەگەڕێتەوە بۆ عێراق. دوای هاتنەوەی لەلایەن ڕژێمی ئەو کاتەوە دەستگیر دەکرێت و دەستبەسەر دەکرێن پاشان بۆ خوارووی عێراق نەفی دەکرێن، ماوەی دوو ساڵ دەستبەسەر دەبن. هەر لە ئاوارەی و غەریبیدا منداڵێکی کۆچی دوای دەکات لە شاری ڕومادییە بە خاک دەسپێررێت. لەدوای دوو ساڵ دەست بە سەر بوونیان، ڕژێمی به‌عس لێبوردنی گشتی دەرکرد (عفو العام) و شکور خەیات دەگەڕێتەوە بۆ شاری کەرکووک بەڵام هەر ئەو کات ڕژێم بڕیاری دەرکرد نابێت هونەرمەند شکور خه‌یات و هاوڕێکانی لە شاری کەرکووک دانیشن و نیشتەجێ بن بۆیە چوونە قەزای چەمچەماڵ و له‌وێ نیشتەجێ بوون. ماوەی (18) ساڵ لە شاری چەمچەماڵ ژیانیان بەسەر برد، چونکە نزیک ترین جێگا بوو لە شاری کەرکووکەوە هەر چاوەڕێ بوو ڕۆژێک بێت بگەڕێتەوە شاری کەرکووک. دواتر بەهۆی شەڕی نەگریسی ناو خۆی کوردستان لە ساڵی 1994 دەچێتە شاری هەولێر له‌وێ ژیان بەسەر دەبات. تاوەکوو پرۆسەی ئازادی عێراق دواتر گەرایەوە بۆ شاری کەرکووک ماوەی نزیکەی 13 ساڵ ژیانی لە شاری کەرکووک بەسەر برد. لە كاره‌ساتی 16ی ئۆکتۆبەر جارێکی تر ئاوارە دەبێت و دەگەڕێتەوە شاری هەولێر، تا کۆچی دوایی هەر لە هەولێر و لە شارۆچکەی بنەسڵاوە دەمێنێتەوە.


پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی:

هونەرمەند جگە لە کاری هونەریی. بەهۆی بەرزی کەسایەتیی و ئاستی کۆمەڵایەتییەکەی هەمیشە وەکوو کەسایەتی و پیاو ماقووڵ لە ناوچەکەی و کوردستان و عێراق دەست نیشان کراوە و خەڵاتی کەسایەتی ساڵی پێ بەخشراوە. هەروەها لەلایەن پارێزگاری کەرکووک وەکوو (مجلس شیوخ و شخسیات العراق) وەکوو کەسایەتی و پیاو ماقووڵ دەست نیشان کراوە ناسراوە.


ژیانی خێزانیی و خانه‌واده‌ی:

هونەرمەند لە ژیانیدا دوو جار ژیانی هاوسەری پێک هێناوە لە کۆتایی تەمەنیدا یەک خێزانی هەبووە و خێزانی یەکەمی وەفاتی کردووە خاوەنی (3) کوڕ بە ناوەکانی (محەممەد، فارووق، سەرخێڵ)، و 5 کچ بە ناوەکانی (لیمۆ، سەیران، دیمەن، کوێستان، بێخاڵ).


كۆچی دوایی:

هونەرمەند شکور خەیات، پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، شەوی 18-08-2023 لە تەمەنی (83) ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی دەکات و لە کەرکووک دەنێژرێت.














ئاماده‌كردنی: دلێر ڕەفیق