عەبدولخالق مەعروف... بیرمەندێک لەناو کۆمەڵی کوردەوارییەوە

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٤:١٤، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان) (پەڕەی دروست کرد بە « بە بیروباوەڕێکی جیاواز و دژەباوەوە بەرگریی لە مرۆڤ دەکرد، دەیەویست جۆرێکی تری تێگەیشتن و گفتوگۆ لەسەر مرۆڤ و لەگەڵ مرۆڤ بکرێت، بەڵام بیرتاریک و تووندڕەوەکان نەیانهێشت، ئەوان لەسەر کتێبی "ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا" لە شاری هەولێر بە دەستڕێ...»ەوە)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

بە بیروباوەڕێکی جیاواز و دژەباوەوە بەرگریی لە مرۆڤ دەکرد، دەیەویست جۆرێکی تری تێگەیشتن و گفتوگۆ لەسەر مرۆڤ و لەگەڵ مرۆڤ بکرێت، بەڵام بیرتاریک و تووندڕەوەکان نەیانهێشت، ئەوان لەسەر کتێبی "ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا" لە شاری هەولێر بە دەستڕێژی گوللە سەهیدیان کرد.

141042022.jpg

٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا، عەبدولخالق مەعروف، دوای نووسینی پێنج کتێب بەر دەستڕێژی گوللە درا و بووە سیمبوولی ئازادیی بیر و فکر و قەڵەم.

عەبدولخالق مەعروف کێیە؟

عه‌بدولخالق مه‌عروف، ساڵی ١٩٣٥ له‌ گوندی سه‌یدعوبێد له‌ شارەدێی كه‌ندێناوه‌ "دیبه‌گە"ـی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی مه‌خموور له‌ دایك بووه‌. باوكی مه‌لایه‌كی دیاری ناوچه‌كه‌ بوو، هەر لە ناوچەکەی خۆیان دەستی بە خوێندن کردووە و تا پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی خوێندووه.

لەسەر خواستی باوکی، وازی لە خوێندن هێناوە و چووەتە بەر خوێندنی ئایینی، له‌ حوجره‌ و لای مه‌لاكان به‌شه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خوێندنی ئایینی له‌ كه‌ندێناوه ‌و ده‌وروبه‌ری ته‌واو ده‌كات. لە دوای تەواوکردنی زانسته‌ ئایینییه‌كان، بڕیاری دا بچێته‌ وڵاتی میسر.

لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا داواکاریی پێشکەشی زانکۆی ئەزهەر دەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی باوەڕپێکراو داواکەی ڕەت دەکرێتەوە. بۆیە ڕوو دەکاتە بەغدا و لە لای مامۆستایان محەمەد قزڵجی و عەلادین سەجادی دووبارە دەست دەکاتەوە بە خوێندن، ساڵی ١٩٥٦ دەبێتە ئیمام تابوور له‌ سوپای عێراق، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و خەباتی کوردایەتی دەبێت.

عەبدولخالق مەعروف، خولیایەکی زۆری بۆ زانست و تەکنیک هەبوو، ئەو کاتەی لە بەغدا دەبێت دەست دەکات بە درووستکردنی ئێزگەی ڕادیۆ و لە ساڵی ١٩٦٠ دەتوانێت بە سەرکەوتوویی دروستی بکات. ساڵی ١٩٦٣ لە کۆیە پەیوەندیی دەکات بە شۆڕشی کوردەوە و دەتوانن سوود لە تواناکانی وەربگرن بۆ دروستکردنی ئێزگەی شۆڕش، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌شكه‌وتی ڕه‌ش له‌ ناوچه‌ی ژاژه‌ڵه‌ ئه‌و ئێزگه‌یه‌ دانرا، شه‌هید عه‌بدولخالق مه‌عروف خۆی به‌رپرس‌ و سه‌رپه‌رشتیاری كاروباری ته‌كنیكی‌ و هونه‌ریی ئه‌و ئێزگه‌یه‌ بوو.

ساڵی ١٩٧١ ڕەوانەی دەرەوەی کوردستان دەکرێت و لە وڵاتی چیکۆسلۆفاکیای ئەوکات بڕوانامەی دیبلۆم لە بواری ئامێر و ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان بە دەست دەهێنێت. لە دوای نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ دەگەڕێتەوە هەولێر و دووكانێكی بۆ كاروباری ته‌كنیكی كرده‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ كارەکەی، دوكانه‌كه‌ی كردبووە شوێنێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیران‌ و نووسه‌ران. ئەوەی تایبەتمەندی دەدات بە شەهید عەبدولخالق و جیای دەکاتەوە؛ كاركردنی بوو له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه‌ ڕوانینێكی وردی هه‌بوو، به‌ ئاشكرا جیاوازی‌ و نایه‌كسانیی نێوان توێژه‌كان‌ و نێوان ژن‌ و پیاوی ده‌بینی. شاره‌زابوونی له‌ بواری شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا یارمه‌تیی دابوو بۆ لێكدانه‌وه‌ و شرۆڤه‌كردنی ئایه‌ته‌كانی قورئان، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌سه‌له‌ی ژنانەوە هه‌بوو، ئەمەش لە چاوی زۆرێک لە ئیسلامییە تووندەکان کردبوویە کەسێکی لادەر و لەدیندەرچوو.

عه‌بدولخالق مه‌عروف له‌ پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی ١٠ـی نیسانی ١٩٨٥، له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادیی شاری هه‌ولێر، شه‌هید كرا.

سیناریۆکانی شەهیدکردنی

عەبدلخالق مەعروف، بە بۆچوونە جیاوازەكانی سەبارەت بە ئایین و ژن دەناسرا. لە سەروبەندی نووسین و بڵاوكردنەوەی كتێبی "ژن لە كۆمەڵی كوردەواریدا" كە بەر لە چاپكردنی، بەهۆی یاسا و ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە چاپەمەنییەوە، ناوەكەی بۆ "ئادەمیزاد لە كۆمەڵی كوردەواریدا" گۆڕدرابوو، لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، لە لایەن چەندین مەلا و بانگخوازی ئیسلامییەوە، ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و لە مینبەری مزگەوتەكانەوە سەرباری تەكفیركردن و سوكایەتیپێكردنی، هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكرا.

بە گوێرەی وتەی هاوڕێكانی، دوای سەرهەڵدانی ئەو بارگرژی و ناكۆكییانە، عەبدولخالق مەعروف هەوڵ دەدات لەگەڵ ژمارەیەك مەلادا كۆببێتەوە و جۆرێك لە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و ئاشتەوایی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام "مەلاكان ڕەتیان كردووەتەوە" و ئامادە نەبوون لەگەڵیدا دابنیشن.

بەشێك لە هاوڕێكانی عەبدولخالق مەعروف و نووسەران و چاودێرانی ئەوكاتی بارودۆخەكە، هۆكاری كوشتنەكەی عەبدولخالق مەعروف بۆ لایەنی ئایینی دەگەڕێننەوە و پێیان وایە توندڕەویی ئایینی بووەتە هۆی كوشتنی. هەندێكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە كوشتنی ناوبراو، هۆكارێكی سیاسی لە پشت بووە. بۆچوونێكی تر جەخت لەوە دەكاتەوە، كە حكومەتی ئەوكاتی عێراق، ناكۆكییە ئایینییەكانی نێوان عەبدولخالق مەعروف و مەلاكانی كردووە بە بیانوویەك بۆ كوشتنی ناوبراو.

شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە دەیگێڕێتەوە: لە لایەن مەلایەكی كوردەوە ڕاپۆرتێك نووسرابوو بۆ لەناوبردنی عەبدولخالق مەعروف و گەیشتبووە دەستی خەیروڵڵا تڵفاح. تیایدا باس لەوە كرابوو؛ كە عەبدولخالق مەعروف سووكایەتیی بە ئایینی ئیسلام و مرۆڤی موسوڵمان دەكات و پێویستە لەناو ببرێت. هاوکات جەمال خەزنەدار، هاوڕێی عەبدولخالق مەعروف ڕایدەگەیەنێت، بە فیتی کورد و مەلا کوردەکان عەبدولخالق تیرۆر کرا.

مام جەلال وەسفی دەکات

لە شۆڕشی نوێدا، عەبدولخالق مەعروف بە نهێنی ئەركی دانانی ئێزگەیه‌كی شۆڕشی نوێی گرتووەتە ئەستۆ و پێداویستییەكانی بۆ دابین كردووە. مام جەلال، لای کاکەمین بۆتانی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕایدەگەیەنێت، باسی لەوە کردووە کە کوڕێکی بەتوانا هاتووە و ئێزگە دروست دەکات و باسی عەبدولخاق مەعرووفی بۆ کردووە، کە دەتوانن چەند سوود ببینن لە تواناکانی.

بەرهەمەکانی

  • ئه‌نتینا، ١٩٧٧
  • اجهزه‌ الارسال، به‌ زمانی عه‌ره‌بی، ١٩٧٩
  • ته‌كنیكار، ١٩٨١
  • دیوانی نالی‌ و كێ ڕاسته‌، لێكۆلینه‌وه‌، ١٩٨٤
  • ئاده‌میزاد له‌ كۆمه‌ڵی كوردەوارییدا، لێكۆڵینه‌وه‌، ١٩٨٤

چاودێر - ڕاپۆرت