گیوی موكریانی
گیوی موکریانی (لەدایکبووی ١٩٠٤ مەهاباد –مردن ١٩٧٧ هەولێر) فەرھەنگنووس و ڕۆژنامەنووسێکی کورد بوو. ناوی عەبدوڕەحمانە و کوڕی سەید عەبدولەتیف و برا گچکەی حوسێن حوزنیی موکریانی و باوکی دوکتۆر کوردستان موکریانییە. نازناوی «گیو»، کە ناوی پاڵەوانێکە، حوسێنی برای پێی بەخشیوە.
ژیان ساڵی ١٩٠٣ لە مەھاباد لە دایک دەبێ. لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەچێ بۆ حەلەب بۆ لای حوسێن حوزنیی برای و لەوێ و لە بەیرووت دەخوێنێ و خۆی شارەزای زمانی عەرەبی و فەڕەنسی دەکا.
دوایی لەگەڵ کاکی دێنەوە بەغدا و چاپخانەیەک لە حەلەبەوە دێنن و ساڵی ١٩٢٦ لە ڕەواندز دای دەمەزرێنن و کۆواری زاری کرمانجی و چەن نامیلکەیەکی تری پێ چاپ دەکەن.
ساڵی ١٩٣٤ دەچنە هەولێر و لەوێش چاپخانە دادەنێن و کۆواری ڕووناکیی پێ چاپ دەکەن. ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ مەھاباد و لەوێ بە کاری وێنەگرتنەوە خەریک دەبێ و وانەی زمانی فەڕەنسیش دەڵێتەوە.
بە ھۆی ئەوەی کە باسی بیر و باوەڕی کوردایەتی بۆ قوتابیانی دەکات، دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە. پاش بەربوونی لە زیندان، ھەر لە مەھاباد ژن ئەخوازێ و دوو کچی دەبێ بە ناوەکانی خونچە و کاڵێ (کوردستان دواتر لە ھەولێر لە دایک دەبێ). جارێکی تریش زیندانی دەکرێ و ئەم جارە قازی محەمەد، کە دەستی دەڕوات، ڕزگاری دەکا و دەینێرێتەوە بۆ ڕواندز.
دوای مردنی کاکی لە ١٩٤٧دا، ئەرکی ھەڵسووڕاندنی چاپخانەی دەکەوێتە ئەستۆ، کە جگە لە بەرھەمەکانی خۆی چەندین دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردیش چاپ دەکات. ناوی چاپخانەکەش دەنێ «چاپخانەی کوردستان».
جگە لە ڕۆژنامەوانی و زمانەوانی، دەکرێ بڵێین گیوی موکریانی وێنەگریش بووە. وێنەی زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانی ھاوسەردەمی خۆی، وەکوو پیرەمێرد و قانع و فایەق بێکەس و زۆرێکی تر کە ئەمڕۆ لەبەردەستە کاری ئەوە.
لە ١٩٧٧دا بە ھۆی نەخۆشیی دڵەوە لە نەخۆشخانەی مووسڵ دەمرێت.
بەرھەمەکان
کۆوارەکان
موکریانی وەکوو ڕۆژنامەنووسێک لە دەرچوونی چەندین کۆواردا ھاوبەشیی کردووە کە ڕۆڵێکی گەورەیان بووە لە بووژاندنەوەی ئەدەب و زمانی کوردیدا:
زاری کرمانجی، کە خۆی بەڕێوەبەری و حوسێنی برای سەرنووسەری بوو. لە ١٩٢٦ەوە ھەتا ١٩٣٢، ٢٤ ژمارەی لی دەرچوو و دوایی پێ ھات.
ڕووناکی، کە یەکەمین ژمارەی لە ١٩٣٥/١٠/٢٤ و دوا ژمارەی لە ١٩٣٦/٥/٢٦دا چاپ کراوە و ھەمووی یازدە ژمارەی لێ دەرچووە.
ھەتاو، حەوتەنامەیەکی ئەدەبی بوو کە خۆی خاوەن ئیمتیاز و ھەڵسووڕێنەری بوو. لە ١٩٥٤ەوە تا ١٩٦٠ بڵاو کرایەوە و ١٨٨ ژمارە بوو.
فەرھەنگەکان
فەرھەنگی ڕابەر فەرھەنگێکی عەرەبی کوردییە کە نزیکەی ١٥٠٠٠ وشە دەبێ و ساڵی ١٩٥٠ لە ھەولێر لە چاپخانەکەی خۆی یانی چاپخانەی کوردستان چاپ بووە.
فەرھەنگی کۆڵکەزێڕینە فەرھەنگێکی چەندزمانەیە (کوردی، فارسی، عەرەبی، فەڕەنسی و، ئینگلیزی) کە جاری یەکەم لە ١٩٥٥ و جاری دووەم لە ١٩٦٦ چاپ کراوە.
فەرھەنگی مەھاباد فەرھەنگێکی کوردی عەرەبییە و نزیکەی ٣٠٠٠٠ وشەیە. یەکەم جار ساڵی ١٩٦١ چاپ کراوە.
فەرھەنگی نۆبەرە کە عەرەبی کوردییە.